هيوادارم له‌درێژيى بابه‌ته‌كه بێزار نه‌بن. چونكه له‌وه‌كه‌متر حه‌قى نادرێت) 1- به‌پێى ديراسهيهكى وردم بۆ قورئان و ژياننامه‌ى پێغه‌مبه‌ران (درودى خوايان له‌سه‌ر بێت), به‌درێژايى 25 ساڵ, دڵنيا بومه‌ته‌وه كه مه‌ترسيدارترين هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاين, خودى ڕؤچوون و زيادهڕهوييه له ئايندا. بۆيه قورئانى پيرؤز پێغه‌مبه‌رى ئيسلاميى ئاگادار كردۆته‌وه كه خاوه‌ن ئاينه‌كان ئاگادار بكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى زياده‌ڕۆيى و توندڕه‌وى له ئايندا نه‌كه‌ن. ده‌فه‌رموێ: (قل يا أهل الكتاب لا تغلوا في دينكم). واته: ئه‌ى خاوه‌ن كتێبه‌كان! زۆر ڕۆ مه‌چن له ئايندا. 2- ئه‌و ديارده‌يه له قورئاندا پێى ده‌گوترێت (الغلو في الدين) واته: زيادهڕۆچوون له ئايندا. وهصفهكهى قورئان زۆر ورد‌و به مه‌به‌سته, چونكه ئه‌وانه‌ى تووشى ئه‌و ده‌رده ده‌بن, وا ده‌زانن كه له خه‌ڵكى زياتر ديندارن, واته: له بازنه‌ى ئايندا ده‌سوڕێنه‌وه, بۆيه نهيفهرمووه: ده‌رمه‌چن له ئاين, چونكه ئه‌و ده‌سته‌و تاقمانه نه‌ك خۆيان به ده‌رچوو نازانن, به‌ڵكو خه‌ڵكانێك كه له‌گه‌ڵيان نين, به ده‌رچوو له ئاين ده‌زانن. 3- ئه‌م ده‌سته‌و تاقمانه له سه‌ده‌ى يه‌كه‌مى ئيسلامه‌وه په‌يدا بوون و, پێغه‌مبه‌رى ئيسلام ياوهرانى لێ ئاگاداركردنه‌وه‌و, پێشبينى كرد بۆيان كه دواى خۆى سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. بۆيه وهصفهكانى بۆ وتن. له وهصفيانا فه‌رمويه‌تى: (( قورئان ده‌خوێنن, به‌ڵام له قوڕگيانهوه ده‌رده‌چێ. (واته له دڵيانه‌وه نايه‌ت). هه‌رزه‌كارن. كاڵفامن. چه‌ك هه‌ڵئه‌گرن, بێ وه‌عدو به‌ڵێنن. سه‌ركرده‌كانيان نه‌فام و نه‌زانن. خراپترينى خه‌ڵكن. هه‌ر له‌ناو موسڵماناندان. دڵيان دڵى شه‌يتانه, له لاشه‌ى مرۆڤدا. ئيمارهتيان ئيماره‌تى منداڵانه. شهوبێداريى ده‌كه‌ن. به‌ڕۆژ به‌ڕۆژوو ده‌بن. په‌رستشى زۆر ده‌كه‌ن, به ڕاده‌يه‌ك ئێوه په‌رستشى خۆتان له‌چاو ئه‌وان به كههم ده‌زانن. له ده‌م وچاويان ئاسهواى سوجده دياره!!. (به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌و وهصفانه ده‌فه‌رموێ): ده‌رئه‌چن له ئاين, هه‌روه‌ك تير له كه‌مان ده‌رده‌چێت!!! ئه‌مه‌ش ده‌قى ئه‌و وهصفانهيه له پێغه‌مبه‌ره‌وه كه ده‌قاو ده‌ق له ده‌يان فه‌رموده‌وه ده‌رم هێناون و, فهصلێكن له ديراسهكهم كه له‌نامه‌ى ماستهرهكهمدا له‌سه‌ر ئاكارهكانيان كردوومه. ئه‌وه‌ش ده‌قى وهصفهكانه له فهرمودهكانهوه به‌بێ دهسكاريى: (غِلْمة)، (أحداث الأعمار)، (أحداث الأسنان)، (سفهاء الأحلام)، (سيماهم التحليق)، (يحملون السلاح)، (دعاة على أبواب جهنم)، (مشوا- بعد- رسول الله على القهقري). بۆ سهرۆكهكانيشيان ده‌فه‌رموێ: (رؤوس جهاّل)، (شِرار الناس)، (مرجت عهودهم وأماناتهم)، (من بني جلدة المسلمين)، (قلوبهم قلوب شياطين في جثمان إنسان). بۆ ئيمارهتهكهشيان ده‌فه‌رموێ: (إمارة الصبيان)، (يقرءون القرآ‌ن، لا يجاوز حلاقيمهم) أو(حناجرهم)، (يقولون من قول خير البرية)، ويحقّر المؤمنون (صلاتهم عند صلاتهم، وصيامهم عند صيامهم، وأعمالهم عند أعمالهم)، (يصومون النهار)، (يقومون الليل)، (يتعبدون)، (وجوههم معلمة من آثار السجود).. به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌مانه: (يمرقون من الدين كما يمرق السهم من الرمية)!. به‌ڕاستى من ده‌ڵێم: ده‌بوايه ئه‌و فه‌رمودانه بكرانايه به يه‌كێ له نيشانه‌كانى پێغه‌مبه‌رايه‌تى ئه‌و پێغه‌مبه‌ره (درودى خواى له‌سه‌ر بێت), كه هێنده به ورديى وێناى ئه‌و ده‌سته‌و تاقمانه‌ى پێش 1400 ساڵ زياتر كردووه. ده‌ڵێى ئه‌مڕؤ بهرامبهريان وه‌ستاوه.!! 4- ئه‌م تايبهتمهندييانه هه‌موو پێچه‌وانه‌ى پهيامه سه‌ره‌كييه‌كه‌ى ئيسلامن, كه په‌يامى هيدايه‌ت و ڕه‌حمه‌ت و ميهربانى و مرۆڤدۆستى و سه‌ماحه‌ت و لێبوردن و خۆشهويستييه. پێچه‌وانه‌ى پێناسه‌ى ئوممه‌تى ئيسلاميشن كه خوا ناساندويهتى به ئوممه‌تى ميانهڕهوو, داواشى له بانگخوازانى كردووه كه به حيكمه‌ت و ئامۆژگارى جوان پهيامهكهى بگه‌يه‌نن و, دوور بن له توند‌و تيژيى. خواى گه‌وره ڕوو به پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ى ده‌فه‌رموێ: (فبما رحمه من الله لنت له‌م ولو كنت فظا غليظ القلب لانفضوا من حولك)!. 5- هه‌رگيز ڕاست و ڕه‌وا نيه ناحه‌زانى ئاين هه‌ڵه‌كانى ئه‌وانه بقۆزنه‌وه‌و بۆ دژايهتى ئاينى ئيسلام. چونكه له ناو پهيڕهوانى هه‌موو ئاينه ئاسمانى و زهمينييهكاندا, لادان و توندڕه‌ويى به‌ناوى خوا‌و پێغه‌مبه‌ران و ئاينه‌كان و دامه‌زرێنه‌رانى حزب و ڕه‌وته‌كانه‌وه كراوه‌و ده‌كرێت. مه‌گه‌ر ئه‌وروپاى مه‌سيحى كه - مه‌شهوره به ئاينى سه‌ماحه‌ت- چيان نه‌كرد به مرۆڤايه‌تى؟ مه‌گه‌ر هه‌زراران حزبى ليبرال و ديموكرات و ڕاستڕه‌وو چه‌پڕه‌و له دونيادا بهرنهبونهته گيانى يهكترو, ميللهتان به ئيدديعاى هه‌مان ئايديۆلۆژياو بيرو باوه‌ڕى يه‌كتر. مه‌گه‌ر ده‌يان حزبى كۆمۆنيستى دونيا نه‌فره‌تيان نه‌كرد له (پۆل پۆت) ى سه‌ركرده‌ى حزبى شيوعى كه‌مبۆديا, كه به‌ناوى كۆمۆنيستييهوه سێ مليۆن كه‌سى كوشت, له پێناوى جێبه‌جێكردنى مهبادئى كۆمۆنيستيدا.. 6- كه‌واته ئه‌و بۆچوونانه زۆر هه‌ڵه‌ن كه ده‌ڵێن: له بازنه‌ى هه‌ر ئاين يان هه‌ر ئايدياو بيركردنهوهيهكدا تونڕهويى دروست بوو, ئه‌و ئاينه يان ئه‌و ئايديۆلۆژيايه هۆكارو به‌رپرسه. نه‌خێر, به پێچه‌وانه‌وه لادان له پرهنسيبهكانى و, شێواندنى واتا‌و مهدلولهكانى, هۆكارن, نه‌ك خودى ده‌قه‌كان. له‌مه‌دا ئاين و حزب و ڕه‌وته‌كان فهرقيان نيه. 7- من لێره‌دا ڕاستييه‌كى تاڵ ده‌ڵێم: به حوكمى ئيختيصاصهكهم و موتاڵا كردنم بۆ هه‌زاران لاپه‌ڕه له كتێبه‌كانى توراسى ئيسلاميى, ناتوانم بيشارمهوهو نهيڵێم: دڵنيابوومهتهوه كه هۆكارى سه‌ره‌كيى سه‌رهه‌ڵدانى ديارده‌ى توندڕه‌ويى له ئاينى ئيسلام‌دا, ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زۆرێك له‌و بابه‌تانه‌ى كه له‌و كتێبانه‌دا هه‌ن كه له سه‌ده‌كانى ڕوبهڕبونهوهى موسلمانان له‌گه‌ڵ دوژمنانى داگيركهردا نوسراون, وه‌ك ئه‌وانه‌ى له كاتى په‌لاماره‌كانى ڕۆم و فهرهنگييهكان بۆ سه‌ر شام و سه‌روى ئه‌فريقيا, نوسراون. يان ئه‌وانه‌ى دواتر له سه‌رده‌مى په‌لاماره‌كانى ته‌ته‌رو مه‌غۆلدا بۆ سه‌ر عيراق و دورگه‌ى عه‌ره‌بيى نوسراون. ئه‌م تاقم و گروپه هاوچه‌رخانه دێن ده‌ق و فتواكاى ئه‌و كاته, داده‌به‌زێننه سه‌ر ئه‌م سه‌رده‌مه هاوچه‌رخه, به‌بێ ئه‌وه‌ى كه‌مترين خاڵى هاوبه‌ش و كۆكهره له نێوانياندا هه‌بێت. بۆيه تۆ ئايهت و فه‌رموده‌ى بۆ دێنيته‌وه, ئه‌و ده‌ڵێت: (ابن تيميه) واى فه‌رموو! يان له (الاحكام السلگانيه)دا‌و ا هاتووه. له كاتێكدا (ابن تيميه) كه باسى موبته‌ديع ده‌كات باسى ئه‌و ته‌ته‌ره داگيركهرانه ده‌گات كه پاش جه‌نگه‌كان له‌ناو موسڵماناندا مانه‌وه‌و, زۆرێكيان به درۆوه ئيسلامهتى خۆيان ڕاگه‌ياند. به‌ڵام ئه‌م تاقمانه دێن بانگخوازان و خه‌ڵكى موسوڵمانى ئه‌مڕؤ ده‌به‌نه ڕيزى ئه‌وان. به‌بێ ئه‌وه‌ى ئه‌و ڕاستييه ڕه‌چاو كه‌ن كه حوكمه‌كان و فتواكان به گۆڕ‌انى شوێن و كات و حاڵه‌ت و ژينگه دهگؤرێت, چ جاى تێپه‌ڕينى زياتر له هه‌زار ساڵ. 8- بۆيه خۆزگه‌و خوليايه‌كى زانستيى به‌نده‌يه كه هه‌ڵمه‌تێكى خاوێنكردنه‌وه ده‌ستى پێ بكردايه له دوو جه‌مسه‌ره‌وه: له لايه‌كه‌وه خورافات و ريواياتى بێ بنه‌ماو پێچه‌وانه‌ى قورئان و ژياننامه‌ى پێغه‌مبه‌رى ئيسلاميان تێدا بۆ هه‌ميشه دهربهێنرايه. له سه‌رێكى تره‌وه ئه‌و فتواو بۆچونه فيقهييانه كه كاتيان به‌سه‌ر چووه‌و بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه ناشێن ديارى بكرانايهو, خهڵكييان لێ ئاگادار بكرايهتهوه. 9- من ئه‌زانم ئه‌م بابه‌ته ئاوكێشهو, بگره‌و به‌رده‌ى زۆريشى تێدايه, به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوێنه‌ران لێم قبوڵ كه‌ن له تێزى ماستهرهكهمدا به‌ناوى (الغلو والتطرف في الدين) كه‌مێك حه‌قم به‌م باسه داوه, چونكه جگه له توێژينه‌وه‌يه‌كى وردى قورئان و فه‌رموده‌و ژياننامه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا, ده‌يان سه‌رچاوه‌شم بۆ موتاڵا كردووه. 10- به‌هه‌رحاڵ, له‌م بۆنه‌يه‌دا كه توندڕه‌ويى له ئايندا بۆته ديارده, به پێويستم بينى كه ئه‌م بابه‌ته بنوسم. مژده به‌و به‌ڕێزانه‌ش ده‌ده‌م كه تامه‌زرۆى درێژه‌ى باسهكهن, كه ئه‌و نامهيهى ماسته‌رى به‌نده زياتر له 500 لاپهڕهيهو به سوپاسه‌وه براى به‌تواناو پارێزه‌رى سه‌ركه‌وتوو كاك (به‌كر حمهمه صديق) په‌رله‌مانتار خانه‌نشين, خه‌ريكى وهرگێڕانيهتى بۆ كورديى, به‌ناوى: (توندڕه‌ويى له ئايندا. هۆكاره‌كانى. نيشانه‌كانى. ڕێگاكانى چاره‌سه‌رى). هيوادارم به‌زوترين كات ته‌واوى بكات و, چاپى بكه‌ين.
بۆچوونه‌کان