ئاگركەوتنە لەسەر سنووری «بوزین مرخیل» و «سیماھەڵ» لە شاری پاوە و پەسەخۆر و کۆڵسە لە بەشی کڵاشی جوانڕۆ، بووە ھۆی لەناوچوونی 600 ھێکتار لە دارستان و دەشتەکانی ئەو ناوچەیە کە پاش چوار ڕۆژ، ئاگرەکە کوژایەوە
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵنێری ئیسلاح لە جوانرۆ، ئاگرکەوتنەوەی بەم جۆرە تا ئێستا ڕووی نەداوە. ئەم ئاگرتێبەربوونە ڕۆژی شەممە 7ی گەلاوێژ لە دەشتەکانی «بۆزین مرخیل»ەوە دەستی پێکرد و بەماوەی دوو ڕۆژ درێژەی بوو. لەم ماوەدا بە تێکۆشانی خەڵکی ناوچەکە و ئەنجومەنی ژینگەپارێزی «ژیوا» تێکۆشانێکی زۆر بۆ داکوژانی ئاگرە بەڕێوە چوو.
خاتوو بەھرامی، ئەندامی لێژنەی بەڕێوبەرایەتی «ژیوا»ی پاوە لەم بارەوە وتی: «پاش ئەوەی کە لەلایەن دەستەگەلی دامەزراو لە ناوچەی دارستانەکانی شاری پاوەدا ئاگرەکە کوژایەوە، بەڵام ڕۆژی یەکشەممە لە بەشێکی دیکەدا ئاگرەکە کەوتەوە و بە ئاگادارکردنەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی ژیوار و خەڵکی ناوچەکە، ڕۆژی چوارشەممە ئاگرە بە تێکڕا دەکوژرا».
بە گوێرەی قسەکانی ڕێزدار فەخری، یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی «ماپریس»ی جوانڕۆ، بە بۆنەی گەورەیی ئەم ئاگرکەوتنەوە، و دژواری ھاتوچۆ لەم ناوچەدا، نزیک بە 600 ھێکتار لە دەشت و جەنگەڵەکانی ناوچە و ھەروەھا زۆرێک لە گیانلەبەران لە ناو چوون.
ئەم چالاکی ژینگەپارێزە، وێڕای جەختکردن لە سەر بوونی ئەو کۆپتەرانی کە بۆ داکوژانی ئاگر ئاو ھەڵدەگرن، ڕایگەیاند کە تێکۆشانی ڕێزدار «کازمی» بەرپرسی سەرچاوە سروشتیەکانی پارێزگا، بۆ ناردنی کۆپتەر، بە جێگایێک نەگەیشت. لەم عەمەلیاتەدا، ئیدارە ژینگەپارێزی و سەرچاوە سروشتیەکانی جوانڕۆ، پاوه، بایەنگان، ڕوانسەر، سەلاسی باوەجانی و ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی «ژیوا»ی پاوە، «ماپرێس»ی جوانڕۆ، «لایەنگرانی ژینگە»ی سەلاسی باوەجانی، «چڕ»ی ڕوانسەر و «زاگرۆس»ی گیلانی غەرب بەشداریان کرد.
جێگای ئاماژەیە کە لەم عەمەلیاتەدا، یەکێ لە ئەندامانی ئەنجومەنی «ژیوای» لە کاتی یارمەتیداندا تووشی خەسار ھات و دەستی شکا. بەم بۆنەوە بۆ نەخۆشخانە نێردرا و عەمەلیەیان بۆ کرد.
بۆچوونهکان