۸ی خه‌رمانان ساڵڕۆژی کۆچی دوایی زانای گه‌وره‌ی کورد مامۆستا مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕڕه‌سه که به شاهیدی هه‌موو ئه‌دیب و مێژووناس و زانایانی ئایینی خزمه‌تێکی بێ وێنه‌ی به ئایینی پیرۆزی ئیسلام و زمان و شێعر و ئه‌ده‌بی کوردی کردووه که مێژووی ئه‌ده‌بی کوردیش به شانازییه‌وه خزمه‌ته‌کانی تۆمار کردووه، یه‌کێک له‌و شاعیر و ئه‌دیبه نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ی که زیاتر له هه‌موو گه‌وره‌پیاوانی کورد به شانازییه‌وه که‌وتۆته ژێرکاریگه‌ری خزمه‌ته‌کانی مامۆستا مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕڕه‌س، سه‌ید محه‌ممه‌دئه‌مینی شێخه‌لئیسلامی موکری ناسراو به هێمنی موکریانییه که له سه‌ره‌تای دیوانی ناڵی به‌م شێوه‌یه باسی خزمه‌ته‌کانی ناوبراو و کوڕه‌کانی به ئایین و فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌کا: هه‌موو کوردێکی پاک، چاک، دیندار، دڵسۆز و ئه‌ده‌ب دۆست ئه‌گه‌ر به دڵ و گیان خۆی به منه‌تبار و قه‌رزداری مامۆستای هێژا و زانای کورد مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی مدرس نه‌زانێ، ناهه‌قی ده‌کا. چوونکه مامۆستا و کوڕه کارامه و لێزانه‌کانی به هه‌موو هێز و توانای خۆیانه‌وه به هیچ بارێک له خزمه‌تی کوردی چاره‌ڕه‌شی، دووره‌به‌شی هه‌ژار، درێغیان نه‌کردووه. به‌ڕاستی ئه‌م خزمه‌ته به‌نرخانه‌ی ئه‌م بنه‌ماڵه چاکه به دین، به فه‌رهه‌نگ، به زمان، به ئه‌ده‌ب وئاکاری کوردیان کردووه شایانی ئه‌و په‌ڕی ڕێز و سوپاسه. یاخوا له‌م لایه له به‌ڵای لابه‌لا دووربن، به‌ردی سارد و گه‌رمیان وه به‌ر پێ نه‌یه و له‌و لاش له به‌ر ئاڵای پێغه‌مبه‌ر که‌ون و حه‌شریان ده‌گه‌ڵ حه‌شری پیاوچاکان بێ! پێموایه خزمه‌ت به کوردی زۆرلێکراو چاکه‌یه‌که که له پێش چاوی بینایی چاوان بزر نابێ و پاداشی دونیا و قیامه‌تی ده‌بێ. گه‌ڕیده‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری ئه‌و سووده‌ی بۆ من هه‌بووه که له نزیکه‌وه به خزمه‌ت مامۆستا بگه‌م و ده‌ستی موباره‌کی ماچ بکه‌م و بزانم کۆگای نوور و ده‌ریای بێ سنووره. جارێک ده‌گه‌ڵ چه‌ند مامۆستای گه‌وره و ماقووڵ له باره‌گای حه‌زره‌تی غه‌وس له حوجره ته‌نگ و چکۆڵهکهیدا له خزمه‌تی مامۆستا دانیشتبووین، من ئه‌م بیره‌م به مێشک‌دا هات ئه‌گه‌ر هه‌موو نووسینه به نرخه‌کانی ئه‌و مامۆستا کورته‌باڵا، ڕه‌زاسووکه، خوێن شیرن و قسه‌خۆشه بێنی و له تایه‌کی ته‌رازووی باوی و جه‌سته‌ی لاوازی خۆشی له تایه‌کی دیکه بخه‌ی، سه‌ری وه میچی حوجره‌که‌ی ناکه‌وێ؟ دیاره ئه‌وینێکی پڕسۆز، ئیمانێکی پیرۆز و ئیراده‌یه‌کی قه‌وی و پته‌و ئه‌م پیره خاوێنه و ئه‌م زانا که‌م وێنه‌یه هانداوه که له‌و ته‌مه‌نه‌دا له خزمه‌ت به زانست، به ئه‌ده‌ب، به ئیسلامییه‌ت و ئینسانییه‌ت خافڵ و بێ ئاگا و شه‌که‌ت و ماندوو نه‌بێ. باسی یه‌ک یه‌ک نووسراوه‌کانی مامۆستا وه‌ک ته‌فسیری قورئانی پیرۆز و شه‌ریعه‌تی ئیسلام و... نه به‌منی بێ ده‌سه‌ڵات ده‌کرێ و نه له‌و کورته‌باسه‌دا ده‌گونجێ، ئه‌م ئه‌رکه له ئه‌ستۆی مامۆستایانی ئایینی و شاره‌زایانی ئه‌ده‌ب و پسپۆرانی زانسته که هیوادارم که‌مترخه‌می نه‌که‌ن و شوێنه‌واره به که‌ڵک و باشه‌کانی مامۆستا پتر به خه‌ڵک بناسێنین. له باره‌ی " شه‌ریعه‌تی ئیسلام"ی دا ڕای مامۆستایه‌کی شارهزام پرسی، فه‌رمووی: هه‌ر که‌سه بۆ خۆی بۆچوونێکی هه‌یه. من به ڕاشکاوی ده‌ڵێم تا ئێستا کتێبی وا ته‌واو له باره‌ی فیقهی شافعی‌دا نه‌نووسراوه. من لێره‌دا ده‌مه‌وێ به کورتی له باره‌ی ئه‌م دیوانه‌دا شتێک بنووسم به بڕوای شاره‌زایانی شێعر و ئه‌ده‌ب "ناڵی" یه‌کێکه له گه‌شترین و پڕشنگدارترین ئه‌ستێره به‌رزه‌کانی ئاسمانی ئه‌ده‌بی کوردی؛ ته‌نیا ڕه‌خنه یا به ئهدهبتر بڵێم ده‌ردی دڵێکی له شێعره ناسک و ورد و جوان و ڕازاوه‌کانی زۆر هاسان نه‌بوو، پێویستی به شیکردنه‌وه، لێ توێژینه‌وه و وردبوونه‌وه‌ی ته‌واو بوو؛ که‌سێک سێ زمانی عه‌ڕه‌بی، فارسی و کوردی نه‌زانی بایه، چاک له شێعری ناڵی نه‌ده‌گه‌یشت. مامۆستای مه‌زن هه‌ستی به‌و که‌م و کوڕییه‌وه کردووه بۆیه به خۆی و کوڕانییهوه، هه‌ستاون، تێکۆشان و ڕه‌نجیان کێشاوه و به هه‌زاران زه‌حمه‌ت نوسخه‌ی ده‌ستنووسیان په‌یدا کردوون له به‌ریه‌کیان ڕاناون، ئه‌م دیوانه به نرخه‌یان شه‌رح کردووه له هه‌وه‌ڵه‌وه پێشه‌کییه‌کی زانایانه‌یان بۆ نووسیوه که خۆی کتێبێکی سه‌ربه‌خۆیه و خوێندنه‌وه‌ی بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی سه‌ریان له شێعر و ئه‌ده‌ب ده‌خورێ پێویسته؛ له دوایه شێعره‌کانیان ڕاست کردوه‌ته‌وه، مانای لێ داوه‌ته‌وه، هه‌ڵسه‌نگاندووه و له پێش خوێنه‌ریان داناوه. تا ئێستا کاری وا له نێو کوردان‌دا نه‌کراوه، زۆر که‌س له سه‌ر "ناڵی"یان نووسیوه به‌ڵام که‌س ئه‌وه‌نده‌ی خۆ پێوه‌ماندوو نه‌کردووه؛ ئه‌وانی باش بوون، ناته‌واوبوون ئه‌وانه‌ی نه‌زانانه نووسرا بوون هه‌ر نه‌بان باشتربوو. هیچ کارێک ئه‌ویش کاری وا ئه‌سته‌م و گران بێ که‌م کوڕی نابێ، ڕه‌نگه ئه‌و کاره گه‌وره‌یه‌ش نه‌خته نه‌قسێکی هه‌بێ، به‌ڵام بێ گومان هاوتا و وێنه‌ی نییه.....
بۆچوونه‌کان