لەکۆتاییەکانى سەدەى نۆزدەهەم و سەرەتاکانى سەدەى بیستەم بەدواوە، پرسى دواکەوتنى گەلانى موسڵمان و پێشکەوتنى گەلانى غەیرە موسڵمان بەتایبەتى گەلانى ڕۆژئاوا، گەورە ترین تەحەدایە ڕوى کردۆتە گەلانى موسڵمان. لەومیانەدا ڕێبەرانى بزافى چاکسازیخوازى ئیسلامى لەکۆن ونوێدا هەرکام بۆخۆى لەگۆشەنیگاى جیاجیاوە ڕاوبۆچون و توێژینەوەیان بۆئەم پرسە گرنگە پێشکەشکردووە. یەکێک لەوهۆکارە سەرەکى و گرنگانەى کەلەم بوارەدا کاریگەریى قووڵ و بەهێزى هەیە، پەیوەستە بەچۆنێتى تێڕوانینى موسڵمانان بەشێوەیەکى گشتى بۆ مێژووى قۆناغەکانى سەردەمى دەوڵەت ئیسلامى، بەتایبەتى سەدەکانى سەرەتاو ناوەڕاست سەردەمى خەلافەتى ئیسلامى. نکولى لەوڕاستیەش ناکرێ کەمێژوو وەک گەنجینەى سەروەرى و بیرەوەریەکان و هەوێنى دروستبوونى کەسایەتى و شوناسى هەر گەل و نەتەوەیەک، بەشێوەیەک لەشێوەکان کاریگەرى دەبێ لەسەر ئاستى دواکەوتن یان پێشکەوتنیان لەقۆناغە جیاجیاکانى مێژوودا. حاڵەتێکى سروشتیشە کەهەرگەل و نەتەوەیەک لەبنیاتنانەوەى ئێستاو ئایندەى خۆیدا سود لەمێژووى خۆى وەربگرێت. بەڵام بۆ گەلانى موسڵمان هەربەوەندەڕاناوەستێ، بەڵکو مێژوو تایبەتمەندیەکى زۆرجیاوازى هەیە و کاریگەریەکى زۆر گەورە و قووڵى لەڕادەبەدەرى هەیە، چونکە ڕابووردوو حاکمە بەسەر ئێستاى موسڵمانانداو ئەوەمردووەکان و پێشینانە کەبەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەردەوام ڕێبەرایەتى و ڕێنمایى زیندووەکان دەکەن. ڕاستە کە لەسەرەتاى هاتنى ئاینى ئیسلامدا، بەتایبەتى لەڕیزى هاوەڵەکانى پێغەمبەرى ئیسلام و شاگردەکانیشیان لەقۆناغەکانى دواى خۆیان، نمونەى زۆربەرزو گەورەیان پێشکەشکردووە لەپلەى دڵسۆزى و ڕەوشتى جوان و دونیانەویستى وئامادەیى بۆخۆبەختکردن و قوربانیدان و گەیشتن بەئاستى پێشکەوتوو لەبوارى زانستەکاندا بەگشتى و زانستە شەرعیەکاندا بەتایبەتى، کەمایەى شانازى و سودلێوەرگرتنن نەک تەنها بۆموسڵمانان، بەڵکو بۆسەرجەم مرۆڤایەتى. بەڵام ئەوە بەومانایە نیە کەهەمو شتێکى ڕابوردوو بەهەمان پێوەروبەهەمان چاوسەیر بکرێت و بکرێتە نموونە و چڵەپۆپەى پێشکەوتنى هەتاهەتایى و هەوڵى دووبارە کردنەوەو کۆپیکردنى ببێتە ئەرکێکى سەرەکى ئایینى وشەرعى موسڵمانان لەگشت سەردەمەکاندا. چونکە لەهەمو حاڵەتێکدا خەڵکى ئەوڕابووردووەش هەرمرۆڤ بوون و کەم و کورتى و ناتەواویەکانى مرۆڤ ڕووى تێکردوون، جگەلە پێغەمبەرى خوا هیچ کەسێک پارێزراو نەبووە، نابێ لەهەڵەو گوناه و نابێتە سەرمەشقى ڕەها بۆموسڵمانان. لەلایەکى ترەوەڕاستە قورئانى پیرۆز بایەخى زۆرى داوە بەمێژوو، چیرۆک و بەسەرهاتى گەل و نەتەوەکانى ڕابوردوو دەگێڕێتەوە بەمەبەستى پەند لێوەرگرتن و ئاگاداربوون لە هۆکارەکانى شکست و سەرکەوتن یان چۆنێتى کارکردن بە یاسا و ڕێساکانى پەروەردگار لەحەرەکەتى ژیانى کۆمەڵگەو نەتەوەکاندا.، بەڵام ئەوە بەومانایە نیە کەڕابووردوو بەپیرۆز سەیر بکرێت و بەهەمو شێوەیەک هەوڵى دووبارە کردنەوەى بدرێت. خاڵێکى ترى نەخوازراو لەتێڕوانینى موسڵماناندا بۆ مێژووى خۆیان، ئەوەیە کەحەرەکەتى مێژوو حەرەکەتێکى تەواو خوازى و بەرەوپێشەوەچوون نیە، بەڵکو حەرەکەتێکى بەرەو خواربوونەوەیە. چڵەپۆپەکەى بەسەردەمى یەکەمى هاتنى ئاینى ئیسلام دەست پێدەکات، لەوەبەدواوە کەم کەم بەرەو خراپ بوون و دابەزین دەڕوات تادەگاتە سەردەمى هاتنى ((مەهدى چاوەڕوانکراو)، دوابەدواى ئەوە ئیتر تێکچوونى ئەم دنیایەو هاتنى ڕۆژى قیامەتى بەدوادادێت. ئەم تێڕوانینە نادروستە لەسەدەکانى سەرەتاى مێژووى ئیسلامیدا بەڕادەیەک کاریگەریى و ئامادەیى هەبووە کەموسڵمانان وایانزانیوە تەمەنى ئەم دونیایە چەند سەدەیەک زیاترناخایەنێت و قیامەت هەڵدەسێت. بۆیە زۆر پێویست بەوە ناکات موسڵمانان گرنگیەکى زیاد لەپێویست بەم ژیانە بدەن، باش وایە خۆیان یەکلا بکەنەوە بۆدواى مردن و ژیانى ڕۆژى دوایى. بەهۆى ئەم تێروانینە نادروستەوە بۆڕابووردوو، شێوەیەک لەشێوەکانى پیرۆزى دراوە بەمێژووى سەدەکانى سەرەتاى هاتنى ئاینى ئیسلام. ئەومەسەلەیە لەبیرو هۆش و زیهنیەتى زۆربەى موسڵماناندا وەک ڕاستیەکى گەورە چەسپیوەو پێیان وایە پێشینان گەیشتوون بەچڵەپۆپەى زانست و پێشکەوتن، بەتایبەتى لەبوارى زانستە ئاینیەکاندا شتێک نەماوە قسەیان لەبارەوە نەکردبێ و هیچ شتێکیان بۆ دواى خۆیان بەجێنەهێشتووە. موسڵمانانى سەردەمەکانى تر بەم سەردەمەى ئێستاشەوە، پێویست ناکات زۆر خۆیان ماندوو بکەن، بەڵکو هەر ئەوەندەیان لەسەرە تەقلیدى ئەو ڕٍابوردووە بکەن و هەوڵى دووبارەکردنەوەى بدەن. چونکە بڕوایان وایەکە دەرمانى هەمو دەردەکان و ڕێگاچارەى گشت گرفتاریەکانى ئەم ڕۆژگارە تاڕۆژى قیامەت لەکردارو گوفتار نوسینەکانى پێشینانى ئەم ئوممەتەدا هەیە. بۆیە دەبینین گوتارى ئاینى سەردەم بەشێوەیەکى گشتى پشت بەستووە بەوڕابوردووەو ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاربۆدوبارە بەرهەم هێنانەوەى دەکات. لەوسۆنگەیەوە دەتوانین ڕاشکاوانە دان بەوڕاستیەتاڵەدا بنێین کەهۆکارێکى سەرەکى دواکەوتنى گەلانى موسڵمان و بەشێکى زۆر لەکێشەو گرفتە قووڵ و ئاڵۆزەکانى ئەم سەردەمەى جیهانى ئیسلامى، دەگەڕێتەوە بۆ ئەم تێڕوانینە نادروستە بۆ مێژووى موسڵمانان و هاوکات نەبوونى جورئەت و تواناى فیکرى پێویست بۆوەرگرتنى هەڵوێستى لۆژیکى و زانستیانە لەمەڕ کەلەپورو بەرهەمەکانى مێژوو لەڕوى فیکرى و فیقهى و سیاسیەوە، لەگەڵ نەبونى ئامادەیى بۆ تێپەڕاندنى خاڵە لاوازو نەخوازراوەکانى ئەو ڕابوردووە و جیاکردنەوەى ڕاست و ناڕاست یان دروست و نادروست وەیان شیاو و نەشیاو لەگەڵ ڕۆحى سەردەم. بەپێچەوانەى گەلانى پێشکەوتوو بەتایبەتى ڕۆژئاوا کەهەرلەسەردەمى ڕێنیسانسەوە توانیان(تجاوز)ى ڕابووردوى نەخوازراوى خۆیان بکەن و هەڵە کوشندە کان ڕاست بکەنەوە و ئێستا و ئایندەى نوێ و پێشکەوتوو بۆ خۆیان بهێننە دى. بۆیە گرنگە لەهەر پرۆسەیەکى چاکسازى ئیسلامى ڕاستەقینەدا، خوێندنەوەى نوێ و ڕەخنەکارى زانستیانە بکرێت بۆ مێژووى ئیسلامى و لەومیانەدا پێویستە کەلەپوور و ڕوداوەکانى مێژووى ئیسلامى بەشێوەیەکى گشتى بکرێت بەسێ بەشەوە: - بەشێکى دیارە کەبۆ سەردەمى خۆى پێویست بووە، لەسەردەمەکانى تریشدا و لەم سەردەمەشدا موسڵمانان دەتوانن سودى لێ وەربگرن. - بەشێکى ترى بۆسەردەمى خۆى گونجاو بووە، بەڵام بۆسەردەمەکانى دواى خۆى بەتایبەتى بۆئەم سەردەمە گونجاو نیە. - بەشى سێ یەمى بۆسەردەمى خۆیشى نادروست و نەشیاو بوووە، چونکە هەڵە وتاوان و کارى نادروستى بکەرەکانى بووە وەک مرۆڤ. بەڵام بەداخەوە ئەگەر سەرنجێکى خێراى ئەمڕۆى وڵاتانى موسڵمان بدەین، دەبینین زۆربەى ئەو کێشە و قەیرانەئاڵۆزانەى پێوەى دەناڵێنن، لەبەشێکى زۆریدا دەگەڕێتەوە بۆئەوتێڕوانینە نادروستە و مامەڵەى ناواقیعیانە لەگەڵ ڕابوردوو، بۆنمونە: • دیاردەى توندڕەوى ئیسلامى- وێڕاى هۆکارە بابەتیەکانى ئەم سەردەمە-هۆکارە سەرەکیەکەى لەڕوى ئاینیەوە دەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتنى نادروست و نامەنتیقى لەژمارەیەک لەئایەتەکانى قورئان و ڕووداوەکانى مێژووى موسڵمانان، بەتایبەتى ئەوبەشەى کەپەیوەستە بەچۆنێتى جێ بەجێکردنى ئەحکامى جیهاد و فۆرمە مێژووییەکەى دەوڵەتى خەلافەت، کەلەڕاستیدا ئەزمونێکى تەاو بەشەریە، بەڵام لەتێگەیشتنى زۆربەى موسڵماناندا وەک بەشێک لەئیسلام سەیر دەکرێت و ئەوەتا گروپى داعش بەعەقڵیەتى نادروستى خۆیان هەوڵى دووبارەکردنەوەى دەدەن و بوونەتەسەرچاوەو هۆکارى گەورەترین مەترسى و هەڕەشە بۆوڵاتانى ئیسلامى . • هەروەها کێشە و ئاڵۆزیە تائیفیەکانى نێوان شیعە وسوننە، لەبنەڕەتدا کێشە و شەڕى ڕابوردووە، بەڵام مەخابن ئەوەتا ئێستا بووەتە هۆکارێکى سەرەکى ئەو ئاژاوە و قەیرانە ترسناکەى ڕوى کردۆتە چەند ناوچەیەک، بەتایبەتى عێراق و سوریا. قورئانى پیرۆز ڕاشکاوانە ئاماژە بەم ڕاستیە نەخوازراوە دەکات و موسڵمانان ئاگادرا دەکاتەوە کەئەوان بەرپرسیار نین لەڕابوردوو پێشینان و نابێ ڕووداوو کردەوەکانى پێشینان بکەنە هۆکارى کێشە و ئاڵۆزى بۆ خۆیان بەڵکو زیاتر لەوەش ڕاشکاوانە هەمو جۆرە تەقلید و شوێنکەوتنێکى کوێرانەى باب وباپیران ڕەتدەکاتەوە. • هەرلەو میانەدا کولتورى ئیستبدادى سیاسى و تاکڕەوى لەسیستمى حوکمڕانێتیدا کەچەند سەدەیەکە گەلانى موسڵمان تائێستاشى لەگەڵ دابێت پێوەى دەتلێنەوە، درێژکراوەى مێژووى سیاسى دەوڵەتەکانى ئەمەوى و عەبباسی و عوسمانیە و بەمیراتى بۆمان ماوەتەوە. چونکە بەداخەوە فیقهى سیاسى ئیسلامى لەکۆنەوە شەرعیەتى داوە بەشێوازى دەستبەسەردا گرتن بەزۆر، کەهاوشێوەى کودەتا سەربازیەکانى ئەم سەردەمەیە. بۆیە بیرمەندى گەورەى موسڵمان(ئیقباڵ لاهورى) دەڵێت: ئەو ئەوبەها و بنەما سیاسیانەى ئیسلام هێنانى بۆڕێکخستنى کاروبارى حوکمڕانێتى لە مێژووى سیاسى موسڵماناندا هەربە(دەڵەمە-ڕجنە)یى مانەوەو نەخرانە دۆخى بەرجەستە بوون و دامەراوەییەوە. دیارە هەرلەبەر هەمان هۆکاریشە کەبیرمەندى ناودارى جەزائیرى(مالک بن نەبى) ڕاى وایە شارستانێتى موسڵمانەکان لەڕوى سیاسیەوە شارستانێتیەکى نەخۆشە. چونکە مێژووى سیاسى موسڵمانان لەگەڵ ئەوەشدا کەچەندین نمونە و وێستگەى درەوشاوەى تێدایە، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى و لەئاراستە بەردەوامەکەیدا، ڕێڕەوێکى نادروستى هەبووە و ئیستیبدادى سیاسى مۆرکى سیستەمى حوکمڕانێتى دەوڵەتى خەلافەت بووەو شەخسى خەلیفە یان سوڵتان خۆى بەتەنها خاوەنى گشت دەسەڵاتەکان بووە. هەرئەوەش هۆکارێکى بنەڕەتیە بۆ زوو ڕاوەستانى شارستانێتى ئیسلامى لەگەشەکردن و بەرەوپێشچوون، پاشان چەقبەستن و دواکەوتن و سەرەنجام داڕوخانى سیاسى و سەربازى لەجەنگى جیهانى یەکەمدا. لەوڕوانگەیەوە تێکڕاى بیرمەندان و ڕێبەرانى بزافى چاکسازى ئیسلامى کۆکن لەسەر زەرورەتى ئەنجامدانى پرۆسەى چاکسازى و نوێکردنەوە بەشێوەیەکى ڕیشەیى و خاوێنکردنەوەى کەلەپورى مێژوویى لەباس و بابەتە نادروست و نەخوازراوەکانى سەدەکانى چەقبەستن و دواکەوتن لەڕوى فیکرى و فیقهى و فەرهەنگیەوە، وێڕاى زەرورەتى گەڕاندنەوەى ڕۆڵ و پێگەى عەقڵ لەپرۆسەى بننیاتنانەوەى ئێستاو ئایندەى گەلانى موسڵماندا بەدۆزینەوەو داهێنانى ڕێگاچارەى گونجاو و سەردەمیانە بۆکێشە و قەیرانە ئاڵۆزەکانى جیهانى ئیسلامى. چونکە بۆهەر سەردەم و قۆناغێکى مێژوویى، کێشە و گرفت و ڕێگاچارەى تایبەت بەخۆى پێویستە. هەرلەبەر ئەوەیە شێخ سەعیدى نورسى کە وەک یەکێک لەگەورەترین زانا نوێکەرەوەکانى ئەم سەردەمە ئەژمار دەکرێ، لەم بارەیەوە دەڵێت، ئەگەر ئەو لەسەردەمى مەولاناى ڕۆمیدا بژیایە، ئەوا دەبوو(مەسنەوى) بەرهەم بهێنایە، هەروەک ئەگەر مەولاناى ڕۆمیش لەم سەردەمەدا بژیایە، ئەوا بێگومان( پیامەکانى نور)ى دەنوسى. جێى ئاماژە پێکردنە قورئانى پیرۆز بەم شێوەیەى کەئێستا لەبەردەست موسڵماناندایە، خۆى ڕەچاوى ئەم ڕاستیەى کردووە، چونکە لەڕێکخستنەوەى ئایەت و سورەتەکاندا بەپێى بەروار و ڕیزبەندى دابەزینیان ڕێک نەخراوەتەوە. ئەوەبۆخۆى ئاماژەیەکى بەهێزە کەبۆ هەرسەردەمێک ڕوداوو کێشە و ڕێگا چارەى تایبەت بەخۆى هەیە، بۆیە پێویستە لەسەر بیرمەندان و زانایانى موسڵمان ڕاستەو خۆ ئیلهام لەقورئان وەربگرن بۆدۆزینەوەو لێدەر هێنانى ڕیچگاچارەى سەردەمیانە، نەک ڕابوردوو کۆپى بکەنەوە. د. هادى عەلى