لەکۆمەڵگە نوێیەکاندا کارى ئافرەتان هاوشان لەگەڵ پیاواندا لەچوارچێوەى کارى گەشەى کۆمەڵگەدایە، کەگشت ڕەهەندەکانى ژیانى مرۆڤایەتى دەگرێتەخۆ لەگرنگترینی ئەو ڕەهەندانەش بوارەکانى بەشدارییە لەپرۆسەى سیاسیدا کەپەیوەندى بەژیانى گشتى و تاکەکەسیەوە هەیەو ئاراستەى ژیانى کۆمەڵگە دەکات، هەربۆیە گشت ئەو بوارانە دەخوازێت ئافرەت ڕۆڵ و بەشدارى کاراو کاریگەرى هەبێت، تاکۆمەڵگە هاوسەنگانە ڕیگەى پێشکەوتن و گەشەى خۆى ببڕێت و ئافرەتان بتوانن خۆیان سوودمەندبن لەو بەشدارییە. زۆرکات دەوترێت ئافرەتان کراونەتە ئامرازى ئەو لایەنانەى بەشدارن لەپرۆسەى سیاسیدا بۆ بەدەستهێنانى بەرژەوەندى تایبەت و ڕەواجدان بەکارەکانیان، لەخودى ئەم ڕەخنەیەدا ئاماژەیەکى گرنگ هەیە، ئەویش گرنگى بوونى ئافرەتانەو کاریگەرى ڕۆڵیانە کەبەبێ ئەوان زۆر هەنگاو هەیە ناتوانرێت ئاراستەیەکى ئەرێنى وەربگرێت، لەهەمانکاتدا ئافرەتان بەبەشدارییەکى هۆشیارانە دەتوانن لەلایەک کاریگەریان هەبێت و سوودبگەێنن لەلایەکى دى سوودمەند ببن بەبەشدارى کارایان لە بوارە جۆراوجۆرەکانى پرۆسەى سیاسیدا. لێرەوە دەخوازێت ئافرەتان ڕۆڵى ڕاستەوخۆیان هەبێت لەهەڵگرتنى بەرپرسیارییەتی گەشەى کۆمەڵگەداو پێویستە بەشدارى سیاسیان فراوان بکەن و سەرجەم بوارەکان بگرێتەوە نەک تەنها چەند بوارێکى لاوەکى و بەر تەسک بە تایبەتى ئەو بوارانەى کەکاریگەرى ڕاستەوخۆیان هەیە لەپرۆسەى سیاسیدا وەک: یەکەم/ ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى: کۆمەڵگەى مەدەنى بریتییە لە بۆشایى نێوان دەوڵەت و تاک، لەم ڕوانگەیەوە هەر کۆمەڵگایەک لەسێ چینى گشتیدا وێنادەکرێت، لەچینى سەرەوەدا دەوڵەت و لە چینى خوارەوەدا هاوڵاتیان و خێزان و خەڵکى ناڕێکخراو لەنێوەندى ئەو دوانەشدا کە نەدەوڵەتیەو نەتایبەتى بەو چینەدەوترێت کۆمەڵگاى مەدەنى. واتە کومەڵگەى مەدەنى و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ڕۆڵى ئەڵقەى نێوان تاکەکەس و دەوڵەت دەبینن، تاکەکەس دەپارێزن لەبیرۆکراتیەت و جەبەروت و خەمساردى دەزگا گەورە و ترسناکەکانى دەوڵەت، لە بەرامبەریشدا دامودەزگا گشتیەکانى دەوڵەت دەپارێزن لەهەر ئاژاوەو پاشاگەردانى و یاخیبونێک کە لەکاتى ناڕەزایى دەربڕیندا بەرپادەبێت، واتە کۆمەڵگەى مەدەنى ڕێ لە زەبرو زەنگى دەوڵەت دەگرێت بەرامبەر تاکەکان، هەروەک چۆن دەبێتە فلتەرێک بۆ بەتاڵکرنەوەى شەڕانگێزى و ناڕەزایى ناخى تاکەکان و تەرجەمەکردنى بۆ دیالۆگ و خەباتى ئاشتیخوازانە. شایانى باسە هەر ڕێکخراوێک داکۆکى لەچینێک یان گروپێک یان ڕەگەزێکى دیاریکراو دەکات کەبەرژەوەندى هاوبەشیان هەیە، لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستیە کەبەشدارى ئافرەتان لەڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنیدا هۆکارێکە بۆ بەدەستهێنانى مافەکانیان وە دەتوانن بەشدارییەکى ڕاستەقینە بکەن لەسیاسەت و ئاراستەى وڵاتدا بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە تایبەتمەندەکانیان. دووەم/ پارتە سیاسیەکان: لەو ڕۆژەوە کۆمەڵگەى مرۆڤایەتى هاتۆتە کایەوە، بۆ چوون و بیروڕاى جیاوازیش هاتۆتە کایەوە، هەروەها لەهەر کۆمەڵگەیەکدا کۆمەڵێک جیاوازى و جیاکارى دروست دەبێت لە نێوان تاکەکانى کۆمەڵدا یان لەنێوان چین و توێژەکاندا، جگەلەوەى بە حوکمى سروشت هەموو شتەکان کەم یان زۆر جیاوازییان تێدایە، نەسروشتى شوێنە جیاجیاکان لەسەر ئەم گۆى زەوییە وەکو یەکن و نەمرۆڤەکانى ئەم سەر زەمینە وەکو یەکن، جییاوازیان هەیە لەزمان و ئاین و پێکهاتەى بەدەنى و نەریت و خوو...هتد ئەم جیاوازیانەش هەموو سەرچاوەى ململانێن لە نێوان بەرژەوندییە جۆراو جۆرەکاندا، هەر کۆمەڵێک یان چینێک یان توێژێک دەیەوێت بەرژەوەندییەکانى خۆى مسۆگەر بکات و درێژە بەو بەرژەوەندییانە بدات و بیپارێزێت، ئەم شتانەش لەگەڵ کۆمەڵێک فاکتەرى تردا پێشکەوتنیان بەخۆیانەوە بینیوە و کۆمەڵگەى سیاسى نوێیان لێبۆتەوە بەشێوەیەک ئەو بەرژەوندییە جیاجیایانە بچنە چوار چێوەى نوێوە و قاڵبێکى زیاتر ڕێک وپێک و کاریگەرتر لەخۆبگرن، ئەو چوارچێوەیەش پارتە سیاسییەکانە. کاتێک پارتى سیاسى ڕێکخەرى چوارچێوەى ئەو ململانێ و جیاوازییانە بێت ناکرێت ڕەگەزێکى گرنگى کۆمەڵگا کەڕەگەزى مێیە بەشدارى و ڕۆڵى هاوسەنگانەى نەبێت لەگەڵ ڕەگەزى نێردا تاچوارچێوە و قاڵبى ڕێکخستنەکانى کۆمەڵگە هاوسەنگانە بنیات بنرێت. پارتی سیاسى سێَ کارى گرنگ لەبوارى سیاسی ئەنجامدەدات لەگشت کۆمەڵگەکاندا، گەر ئافرەتان بتوانن بەشدارییەکى سەرەکیان هەبێت لە پارتە سیاسیەکاندا ئەوا دەتوانن لەو بوارانەدا ڕۆڵى سەرەکیان هەبێت شانبەشانى پیاوان و خۆیان سووندمەندبن لەو بەشدارییە، ئەو سێ کارە سەرەکیەش ئەمانەن: 1ـ کارکردن لەڕاى گشتى: پارتە سیاسییەکان تواناى بزواندن و کارکردنیان هەیە لەسەر ڕاى گشتى و دەتوانێت بیان بزوێنێت بۆ هەر بابەتێک بیانەوێت، لەبەر ئەوەى هەر پارتێکى سیاسى لە دام و دەزگا تایبەتیەکانیدا تاوتوێى هەموو یان زۆربەى پرسەکانى کۆمەڵگە دەکات و چارەسەریان بۆ دەدۆزێتەوە، پارتى سیاسى ئەم ئەرکە لەڕێى کەناڵە جیاجیاکانیەوە ئەنجامدەدات، وەک کەناڵەکانى ڕاگەیاندن بەهەموو جۆرەکانیەوە یان لەڕێگەى کارەکانیەوە کەپەیوەندى ڕاستەوخۆیان لەگەڵ خەڵکیدا هەیە، ئەگەر ئافرەتان شانبەشانی پیاوان ئەم ئەرکە جێبەجێ بکەن دەتوانن بەسوودمەندبوون لەپارتەکان ڕای گشتی بۆ پرس و داخوازییەکانى خۆیان دروستبکەن. 2ـ پێگەیاندنى کادرو ئامادەکردنیان: لەبەرئەوەى کارى پارتى سیاسى بەپلەى یەکەم سیاسیەو پەیوەندى ڕاستەوخۆى بەدەوڵەتدارى و کاروبارى دەوڵەتەوە هەیە، بەڕێوەبردنى دەوڵەتیش هەموو بوارەکانى ڕامیارى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى و...هتد دەگرێتەوە، لەهەر پارتێکى سیاسیدا تاووتوێیى هەموو ئەو بوارانە دەکرێت، ئەوەش وادەکات کادرى پارت شارەزایی پەیدابکات لەزانستى بەڕێوەبردنى دەوڵەت و دەستنیشانکردنی کەموکورتیەکان و هەروەها لەخاڵە بەهێزەکانی بەرەوپێشبردنى کاروبارى دەوڵەت، کۆڕو کۆبوونەوەو خولەکانى فێرکردنى پارت و کەناڵەکانى دیکەى پێگەیاندنیش، کادرى شارەزاو کارامە بەرهەمدێنێت. هەربۆیە بوونى ئافرەتان لەنێو پارتەسیاسیەکاندا بەهۆشیارییەوە سوودمەندبوون و پێگەیاندنى خۆیانى لێدەکەوێتەوە، بەدروستبوونى کادرى کاراو کارامە لەبوارى سیاسى و شارەزا لەئەرکى دەوڵەت. 3ـ بەشداریکردن لەپرۆسەى هەڵبژاردن و دیاریکردنى پاڵێوراوەکانى پارت بۆ هەڵبژاردن : پارتە سیاسیەکان لەڕێگەى هەڵبژاردنەوە ململانێکانیان یەکلادەکەنەوە و هەر پارتێکى سیاسى هەڵدەستێت بەدیاریکردنى پاڵێوراوەکانى بۆ هەڵبژاردن، ئەگەر پارتى سیاسى لەهەڵبژاردندا سەرکەوت ئەوا ئەو پاڵێوراوانەى دیاریکردووە پلەو پایەکانى دەسەڵات بەدەستدەهێَنن و حکومەت رێکدەخەن. لێرەوە داخوازى و گرنگى بەشدارى ئافرەت لەپارتە سیاسیەکاندا سەر هەڵدەدات کە چەندە گرنگە ڕەگەزى مێ شانبەشانى پیاوان بەشدارى بکەن تابتوانن بگەنە ئاستە باڵاکانى بڕیارو ڕۆڵى گرنگ بگێڕن بۆ بەدەست هێنانى بەرژەوەندییە گشتیەکانى کۆمەڵگەو پەیداکردنى ئەزموون لەو بوارەدا. سێهەم/ بەشدارى سیاسى ئازاد: کاتێک سیاسەت ئامرازێکى کۆمەڵایەتى بێت بۆ باشترکردنى ژیانى کۆمەڵگا ئەوا مەرج نییە بەشدارى سیاسى تەنها لەڕێی حیزب یان حکومەت یان ڕێکخراوەکان بێت، بەڵکو زۆر بوارى تر هەن کەدەچنە خانەى بەشدارى سیاسى، واتە هەر هەوڵێک کەبدرێت بۆ بەرەو باشتربردنى ژیانى کۆمەڵایەتى دەچێتە خانەى بەشدارى سیاسى. کەواتە ئافرەتان هەر هەوڵێک کەدەخەنە گەڕ لەخزمەتى پێشکەوتنى کۆمەڵگەدا بێت لەبەشدارى سیاسى ئەژمار دەکرێت، وەک برەودان بەخوێندن و خوێندەوارى، کارکردن لەکایە جۆراو جۆرەکانى ژیاندا، هەوڵدان بۆ گۆرینى واقعى سیاسى وکۆمەڵایەتى کۆمەڵگا، خوێندنەوەى کتێب و ڕۆژنامەو گۆڤارەکان و سایتەکان و گوێگرتن لەڕادێوو تەلەفزێنەکان و ئەو ئاژانسانەى کەهەواڵ بڵاودەکەنەوە، بەتایبەتى ئەو بابەتانەى کەپەیوەندى بەژیانى سیاسى کۆمەڵگاوە هەیە. هەروەها نوسینى کتێب و بابەت و بڵاوکردنەوەیان لەڕۆژنامەو گۆڤارو سایتەکان کە تایبەتن بەو بابەتانەى کەپەیوەندیان بەژیانى گشتى خەڵکەوە هەیە، تەنانەت هەندێ لەبیرمەندان پێیان وایە گۆشەگیرى ئەگەر بریتى بێت لە ڕەتکردنەوەى واقعى سیاسى کۆمەڵگا ئەوا دەگونجێت پێى بگوترێت بەشداریی سیاسى، بەشدارى ئافرەتان لەم بوارانەدا گرنگە تا بتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر ڕەوتى کۆمەڵگەکان. ئەم بوارەى بەشدارى سیاسى گشت کۆمەڵگە دەگرێتەخۆ و ئافرەتان دەتوانن جێکەوتەو کاریگەى فراوانیان هەبێت، لەبەرئەوەى ئەگەر بوارەکانى دى جۆرێک پابەندبوون و سەرقاڵى بخوازێت ئەوا ئەم بوارە کراوەترو فراوانتر دەتوانرێت بەشدارى تێدا بکرێت.
بۆچوونهکان