سەیرێکی ژیانی (ئاسیە)ی خێزانی فیرعەون بکەن و ئەوکات بڕیار بدەن!
هەندێك لەخوشکانی بەڕێزم بەهۆی ئەوەی هاوسەریان نەماوە یان جیا بونەتەوە یان تا ئێستا شویان نەکردووەو تەمەنیان بەرەو سەر دەچێت، وە بەهۆی تێڕوانینیان بۆ ژیانی هەندێك لەو کوڕو کچانەی کە ژیانی هاوسەریان پێك هێناوە و،یان کاریگەری کەسە نزیکەکانیانەوە یان هاوڕێ و خزم و کەسوکارەوە کەسەزەنشتیان دەکەن و، لەڕوی دەرونیەوە ئازار دەچێژن و بەو هۆیەوە بێتاقەتی یەکی زۆر ڕویان تێدەکات و، شەیتان لەڕێی بیری خراپەوە وایان حاڵی دەکات کە ژیان بۆیان هیچ مانایەکی نیەو ، زۆربەیان ئاوات بە مەرگ دەخوازن و ئاواتە خوازن ڕۆژێك زوتر ڕزگاریان ببێت لەو ژیانە سەختەی کە بەسەری دەبەن!.
ئیتر بیریان لای ئەوە نامێنێت کەوا خوای گەورە ژیان و مردنی دروست کردووە، تاوەکو تاقیمان بکاتەوە یان بەڵاو موسیبەت و ناڕەحەتیمان بۆ دەنێرێت تاوەکو پاك و پیس لەیەك جیا بکاتەوەو ڕاستگۆو درۆزن بپاڵێوێت و،ئێمەش دەبێت ئارام بگرین و مل کەچی و بەندایەتی بۆ خوا زیاتر دەربڕین و ئەنجام بدەین و کۆڵی قورسمان تەنها بە دوونیاوە هەڵ نەگرین و ، هەموو ئاوات و ئامانجێکمان لە خۆشیەکی کاتی دوونیا بۆ دواڕۆژێکی هەمیشەیی و ژیانێکی راستەقینە بێت کەبمان گەیەنێتە ڕادەی دڵنیایی یەقین!.
بۆیە دەبینین لەقورئانی پیرۆزدا ، بۆ دڵ دانەوەی دڵی ئەو بەندانەی کەوا بە چیرۆك و پەندوو ئامۆژگاریەکانی قورئان دڵیان ڕادەچڵەکێت و وەك شیفایەك وایە بۆ دەردو خەمەکانیان باسی ژیانی ، ئافرەتێکی وەك (ئاسیە)ی کچی(مزاحم) مان بۆ دەکات کە ژنی گەورەترین و بەناوبانگترین کەسی سەر زەوی بووە لە کاتی خۆی دا، کە ئەویش( فیرعەون) بووە، کە خۆی بەخوا ناساندوەو ، تاجی شاژنیەتیشی خستۆتە سەر خێزانە خۆشەویستەکەی، کە زۆری خۆش دەویست ، لەگەڵ ئەوەی منداڵیشی نەدەبوو ئامادە بوو لەبەر دڵی خاتو(ئاسیە) ئەو منداڵەی کە دەبووە هۆکاری لەناوبردنی(فیرعەون) و دەسەڵاتەکەیشی کە پێغەمبەری پایە بەرز(موسا) بوو علیە السلام ،لای خۆی گەورە بکات!.
ئەگەر ئەم حاڵەتە بۆ هەر ئافرەتێك ڕوبدات لە ئێستادا پێی دەوترێت شاژنی ناو ژنانی سەر زەوی و ، بە بەختەوەرترین ئافرەت ناوی دەبرێت لە لایەن ڕاگەیاندنەکان و خەڵکیەوە!.
بەڵام خاتو(ئاسیە) بە پێچەوانەوە ، ژیانی دوونیاو شاژنێتی و خۆشیە کاتیەکانی دوونیای واز لێ هێناو ژیانێکی ڕاستەقینەو دڵنیایی هەمیشەیی هەڵبژاردو ، تاجی شاژنێتی دوونیای فڕێدا بۆ هاوسەریەتی خۆشەویسترین کەسی خوا لەناو بەهەشتی پان و بەریندا کە هەندێك لەزانایان دەفەرموون: دەبێتە خێزانی پێغەمبەری ئیسلام (محمد) صلی الله علیە وسلم لە ناو بەهەشتداو، لەجیاتی ناوبانگی شاجوانی دوونیا ، بوو بەیەکێك لە ئافرەتە ناودارو گەورەکانی ناو بەهەشتی پان و بەرین.
سەبارەت بە سەرگوزەشتەی ئەم خاتونە سەنگین و بەشەرمە خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَضَرَبَ ٱللَّهُ مَثَلٗا لِّلَّذِينَ ءَامَنُواْ ٱمۡرَأَتَ فِرۡعَوۡنَ إِذۡ قَالَتۡ رَبِّ ٱبۡنِ لِي عِندَكَ بَيۡتٗا فِي ٱلۡجَنَّةِ وَنَجِّنِي مِن فِرۡعَوۡنَ وَعَمَلِهِۦ وَنَجِّنِي مِنَ ٱلۡقَوۡمِ ٱلظَّٰلِمِينَ) (التحريم :١١)
كوفری كافر زیان نادا له ئیمانی ئیماندار:ههروهها خوا نموونهیهك به ژنهكهی فیرعهون (ئاسیه)ی كچی (مزاحم) دێنێتهوه بۆ ئهوانهی باوهڕیان هێناوه، ئهو ژنه ئیمانداره ههرچهنده نزیكی فیرعهون بوو، بهڵام فیرعهون هیچ سوودو كهڵكێكی له باوهڕهكهی وهرنهگرت و، ئهمیش چونكه ناچاربوو كوفری فیرعهون زیانی به ئیمانهكهی نهگهیاند ، كاتێ وتی: پهروهردگارهكهم ! لای خۆت له بهههشتدا ماڵێكم بۆ دروست بكه ،وه له دهست فیرعهون و كردهوهكانی ڕزگارم بكه ، وه له دهست ئهو هۆزه ستهمكارانهش رزگارم بكه. (تهفسیری ڕامان).
کەوابوو خوشکی بەڕێزم ،شەرت نییە هاوسەرو ماڵی دوونیا و خۆشی و ڕابواردنە کاتیەکانی دوونیا بەختەوەرت بکات ، وەك چۆن خاتو(ئاسیە)ی بەختەوەر نەکردوو، سەرەنجام گەشت بە پلەی بەرزی خوا ویستی خۆی و کە سەرجەم ئاواتەکانی لەژیانێکی هەمیشەیی دا بۆ فەراهەم هێنراوە بە ویستی خوا،وە بیرو باوەڕی ئەم خاتونە زۆر بەهێز بوو، وە ئارامیشی گرت لەسەر ناڕەحەتیەکانی دوونیاو تا گەڕانەوەشی بۆ لای خوای گەورە، بۆیە لە پێش مردنی داوای ماڵێکی خۆش دەکات لە بەهەشتدا لە نزیك خوای گەورەداو، ئێستاش وا مۆ ماوەی چەند هەزار ساڵێکە ئەو خاتونەش گەڕاوەتەوە بۆ لای خواو ، ئەو خۆشەویستەشی کە داوای کرد ببێتە هاوسەری هەر گەڕاوەتەوە بۆ لای خوا!.
من و تۆش ڕۆژێك دەبێت ئەم دوونیا کاتی یە بە جێ بهێڵین ئەگەرچی ژیانی هاوسەریش پێك بهێنین لە دوونیادا، لەبەر ئەوەی ئێرە تەختی شانۆیەکەو دوای تەواوبونی دەورمان دەبێت جێی بهێڵین!.
گرنگ ئەوەیە بەڵاو ناڕەحەتیەکانی دوونیا تێکمان نەشکێنێت و دوورمان نەخاتەوە لە پەرستنی خوای تاك و تەنهاو بێ هاوتاو ،ئاراممان نەمێنێت و هەوڵ دەین بەڕێگەیەکی ناشەرعی بگەین بە ئاواتەکانمان و خۆشیەکی هەمیشەیی لەدەست بدەین!.
هیوادارم ئەم کورتە باسە کەمێك زاخاوی دڵی ئەو خوشکانەم بداتەوە کەوا بە ئاواتەوەن ژیانی هاوسەری پێك بهێنن لە دوونیادا، بەڵام تا ئێستا خوای گەورە خستونێتیە ژێر تاقی کردنەوەوە، دڵنیابن گەر لەم دوونیاش نەگەن بە ئاواتی خۆتان ئەوە لە ناو بەهەشتی خوای گەورەدا دەگەن بە کوڕێکی گەنجی جوانی ڕەبەنی دوونیا کە بە ئارەزوو ویستی خۆتان هەڵی بژێرن!.
وەك پێشینانیش فەرموویانە سەبر تاڵە بەس بەرەکەی شیرینە!.
لەکۆتایی دا پێت دەڵێم: نائومێد مەبە لە ڕەحم و بەزەیی خوای گەورە چونکە دڵنیابە گەر لە لایەکەوە تاقیت بکاتەوەو دەرگات لێ دابخات ئەوە لەلایەکی ترەوە دەرگای خێرو خۆشیت بۆ دەخاتە سەرپشت و ، ژیانی دوونیاش هەموو شتێکی تێدا بەدەست ناهێنرێت و گەر خوا نیعمەتێکی پێ بەخشین ئەوە دڵنیابن نیعمەتێکی دیکەمان لێ وەردەگرێتەوە، بۆ ئەوەی هەموو هیواو خولیایەکمان نەبەستینەوە بە ژیانی دوونیاوە!.
بۆچوونهکان