پەیکەرەی شاعێری گەورەی کورد، میرزا عەبدوڕڕەحیم سابڵاغی ناسراو بە «وەفایی» ڕۆژی چوارشەممە، 30ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لە شاری مەھاباد پەردەی لەسەر لا درا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیسلاح وێب، ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەم پەیکەرە، بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزیری فەرھەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی، جێگری پارێزگا و فەرمانداری مەھاباد، ئەندامانی شۆڕای شار و شارەدار، بەرپرسی فەرھەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی و دەسته‌یەک لە شاعیران و نووسەران، لە سێ‌ڕێيانەی «وەفایی» شاری مەھاباد بەڕێوە چوو. 

شارەداری مەھاباد ڕایگەیاند، سازکردنی ئەم پەیکەرە 75 ملوێنی تێچووە و بە دەستی «ڕێبین حەیدەری» پەیکەرتاشی بۆکانی سازکراوە.

وەفایی

میرزا عەبدوڕڕەحیم سابڵاخی، کوڕی مەلا غەفوور، ساڵی 1264ی کۆچی (بەرامبەر 1223ی ھەتاوی و 1844ی زایینی) لە شاری مەھاباد چاوی بە دنیا ھەڵێناوە و خوێندنی لەوێ دەس پێ کردووە و پاش خوێندنی سەرەتایی، چووەتە قوتابخانەی مزگەوتی سووری مەھاباد و لە خزمەت مامۆستایانی ئەو قوتابخانە، ئیجازەی وەرگرتووە.

بێجگە لە زمانی فارسی، عەربی و تورکیشی زانیوە، بەڵام زۆربه‌ی شێعرەکانی بە زمانی کوردی ھۆنیوەتەوە. لە مەھاباد نووسینگەی بووە و لەم ڕێگاوە بژیوی ژیانی بەدەس ھێناوە.

وەفایی لە تەمەنی 20 ساڵیدا بەرەو ئەستەنبۆڵ، مەھاباد بەجێ دێڵێ بەڵام کاتێ لە «نەھریە» دەگاتە خزمەتی «شێخ عوبەیدیللای شمزێنان»ی، درێژە لە بە سەفەرەی نادا و لەوێ دەمێنێتەوە و دەبێتە سۆفی تەریقەی نەقشبەندی. ساڵێک پاش ئەوەی کە شێخ دەچێتە حەج و دەگەڕێتەوه‌، وەفایی دەگەڕێتەوە مەھاباد و ژن دەخوازێ. وەفایی لە ژیانی خۆیدا دوو جار چووتە حەج. لە موریدانی شێخ عوبەیدیللای نەھریە و شێعری زۆری بۆ شێخ ھۆنیوەتەوە.

وەفایی بە زمانی کوردی، فارسی و عەرەبی شێعری گوتووە. زۆربەی شێعرەکانیشی لەسەر شێوازی غەزەل (جووت سەروا)ە.

ساڵی 1318ی کۆچی لە سەفەری دووھەمیدا بۆ حەج، لەگەڵ کەسانێکی وەک شێخ سەعید بەرزەنجی، حاجی تۆفێق بەگ (پیرەمێر) و سەید ئەحمەدی خانەقای کەرکووکی دەبێتەوە ھاوسەفەر. بەڵام لەکاتی گەڕانەوە، کۆچی دوایی کردوە ھەر لە عەرەبستان ئەسپەردەی خاک کراوە.