دەمانهەوێ لهم وتارهدا ئەوە ڕوون بکەینەوە کە ئایا ئەو شێوە سەرەخۆشیدانان و کردنە لایەنی دینی و عیبادەتی هەیە یان هەر عادەتێکە وردە وردە لەناو کۆمەڵدا سەری هەڵداوە، بۆ ئەو کارەشمان پەنا دەبەینە بەر دەقە دینییەکان و کتێبە شەرعییەکان.
لەم سەرچاوانە دەردەکەوێ کە بۆ هەر دوو، شوشتن و کفن و نوێژ و ناشتن واجبن و ئەگەر نەکرێن، هەرکەس بەپێی بەرپرسایەتێک کە هەیەتی گوناهبار دەبێ.
دواناشتنی مردوو لەسەر کەسوکارەکانی واجبە وێڕای خۆڕاگری و دووری لە ناشکوری و گریانی بە دەنگ، ئەگەر ماڵی لەپاش بەجێی مابوو قەرزەکانی بدەنەوە، هەقی خوای وەک زەکات، نەزر، کەفارەت، ڕۆژوو، حەج و ئەوانەی لێ دەرکەن، وەسییەتەکانی جێبەجێ بکەن و پاشان ئەوەی مایەوە بەو پێیە شارع دایناوە لەناو میراتگرەکاندا دابەشی بکەن.
بۆ خەلکی دەورووبەر و ناسیاویش سوننەتە سەرەخۆشییان لێ بکەن، بەڵام نەک بەو شێوەی ئەمڕۆ بووەتە عادەت وەک پێکهێنانی کۆڕی مەجلیسی ڕازاوە و خەرجکردنی ماڵێکی زۆر لەلایەن ماڵی مردوو یان خەڵکەوە، لەکاری بوونی چەند ڕۆژە، سەفەرکردن بۆ دوور و بە فیڕۆدانی مال و کات و ئەو هەموو زەرەر و زیانەی کە لەم بابەتەوە دەکەوێتەوە. دەستووری دین لەبارەی یارمەتی ماڵییەوە ئەوەیە کە بۆ ماوەی شەو و ڕۆژێک واتە بۆ سێ جەم، دەروجیرانەکان بۆ ماڵی مردوو خواردەمەنی بنێرن، چونکە لەبەر تازیەباری و ناڕەحەتی دەستیان ناڕواتە چێشتلێنان، ئەوەش لەو حەدیسەی پێغەمبەر(د.خ) وەرگیراوە کە کاتێک جەعفەری کوڕی ئەبووتالیب لە شەڕی موتە لە جیهاد لەگەڵ ڕۆما شەهید کرا، پێغەمبەر فەرمووی «واتە ماڵی جەعفەر لەوەیکە خواردەمەنییان بۆ سازکەن، لەبیر مەکەن؛ چونکە ئەوان خەریکی کاروباری مردووەکەیانن».
لە کتێبە شەرعییهکاندا هاتووە کە ئەو یارمەتی بۆ شەو و ڕۆژیکان واتە بۆ سێ ژەمانە و لەوە هیچ کەس بە بۆنەی سەرەخۆشیوە هیچ نادا بە کەس و بەپێی شەرع ئەو مەسرەفەی ئەمڕۆ دەکرێت چ هی ماڵی مردوو چ هی خەڵک بۆ هەرکەس بێ، بێ جێیە و بەفیڕۆ دەڕوات. تەنانەت ئەگەر مردووش وەسییەت بکات لە ماڵی ئەو میوانداری بکرێت بێ جێیە و نابێ ڕەفتاری پێ بکرێت.
هەر بەڕاستی ئەگەر ئەو فەرهەنگە غەڵەتە هەڵبگیردرێ و ئەو پوڵ و ماڵەی کە ساڵانە خەرجی سەرەخۆشییەکان دەکرێ، خڕ بکرێتەوە سەریەک، چ پڕۆژە گەلێکی گەورەی پێ دەچێت و ئەگەر تەواوی ماڵ و کات و هەزینەکانی تری سەرە خۆشی لێک بدرێتەوە، پێتان وایە کە چ زیانێکی گەورەی ئابووری بەرۆکی خەڵکی گرتووە و بەرەو پاشی دەگێڕێتەوە.
سەبارەت بە دڵدانەوەش پێغەمبەر(د.خ) فەرموویەتی: «واتا هەرکەس لەکاتی موسیبەتدا دڵی خوشک و برای بداتەوە خوای گەورە لە ڕۆژی قیامەتدا لیباسی ڕێز و حورمەتی دەبەر دەکا».
لەو فەرموودە و فەرموودە گەلێکی ترەوە دەردەکەوێ کە دڵدانەوەی هەر کەسێک کە تووشی بەڵا و موسیبەتی مەرگ و یان موسیبەتێکی تر هاتبێت، زۆر خێرە و هۆی پاداشی پاشەڕۆژە.
بەڵام نەک بەشێوەی ئێستا، کە دەبێ خاوەن مردوو مەجلیس بگرێ و بۆ ماوەی پتر لە حەوتوویەک پیر و لاوی، ژن و پیاوی بەپێوە بوەستێ و خەڵک بەخێر بێنێ و لەباتی دڵخۆشبوون، خەم و خەفەتی زیاتر بێ و مەرگی خۆشی بە ئاوات بخوازێ!
لەبارەی سەرەخۆشییەک لە ماوەی دو-سێ کاتژمێردا سەدان کەس لە ناسیاو و نەناسیاو دێن و دەڕۆن و تەنانەت هاتنی هەندێکیان لەبەر ورۆژمی وێکڕای جەماوەر بۆ خاوەنی مردوو مەعلووم هەرنابن. زۆر کەس هەیە دووجار و سێ جار دەچێتە سەرەخۆشی لە کاتێک دا کە بە پێی لێک دانەوەی زانایانی دینی و کتێبە شەرعیەکان نابێ بە ئەنقەست بچی بۆ سەرەخۆشی بەڵکو ئەگەر لە ماوەی سێ ڕۆژ پاش ناشتنی مردوویان پێ زانینی مردنەکە، واهەڵکەوت تووشی کەس و کاری مردوو بووی خێرت دەگاتی دڵخۆشی بدەیتەوە و دوعای خێر بۆ خۆی مردوەکە بکەی. دیسان هەر ئەم سەرچاوانە دەڵێن دووپات کردنەوەی سەرەخۆشی مەکروهـ و ناپەسەندە. لە هەموان سەیرتر و حەرامتر ئەوەیە کە خاوەنی مردوو لە خەڵک دەگێڕێتەوە و خەڵکیش بە جوابی دەعوەتەکەوە دەچن و بۆ هیچ یارمەتیەکی ماڵیش تێدانین!
لێرەدا بهۆ متمانەی زیاتر و پرسیار و وەڵامێک لە کتێبی «إعانة الطالبین» کە کتێبێکی شەرعی مەزهەبی شافیعییە نەقڵ دەکەین کە بەم شێوەیە:
«پرسیار: بیرو ڕای موفتییەکانی بەلەدولحەرام (مەککە) چییە سەبارەت بەوەی کە لە هەندێک شوێنان دەگەڵ مردنی کەسێک جیران و ناسیاو خڕدەبنەوە و ئەهلی مردووەکەش لە ڕووی لەڕوودامانەوە خۆیان تووشی کوێرەوەری دەکەن و خۆراکیان بۆ ئامادە دەکەن. ئایا ئەگەر دەسەڵاتداری ڕۆژ وەک بەزەیی هاتنی بە ئەهلی مردوو لەو کارەش بگرێ و خەڵک بگەڕێتەوە سەر سوننەتی پیغەمبەر(د.خ) کە فەرموویەتی: «دەبێ خەڵک نان بدەن بە موسیبەتلێدراو» نەک بە پێچەوانە، چۆنە؟ تکایە وەڵاممان بدەنەوە؟»
«وڵام: سپاس بۆ خوای تاک و تەنیا سەڵات و سەلامی خوا لەسەر گەورەمان موحهممهد و ئال و یارانی و هەرکەس شوێن ئەوان کەوتووە. خوایە داوات لێ دەکەم یارمەتیم بدەی بۆ دانەوەی وەڵامی ڕاست. بەڵێ، ئەوەی خەڵک دەیکا کە دێن لە ماڵی مردوو کۆ دەبنەوە و خواردەمەنیان بۆ سازدەکرێ بیدعەت واتە شتێکی داهێنراوی ناحەزە و ئەگەر دەسەڵاتدار مەنعی بکا خێری دەگاتێ. زانای گەورە «احمدبن الحجر» لە کتێبی «تحفة المحتاج بشرح المنهاج»دا گوتویە: سوننەت وایە جیرانەکەکانی ئەهلی مردوو بۆ شەوو ڕۆژێک لە قەدەر تێرکردن خواردەمەنی بۆ ئەهلی مردوو ساز بکەن بە دەلیلی حەدیسی سەحیح کە پێغەمبەر(د.خ) فەرمووی: بۆ ماڵی جەعفەر خواردەمەنی سازبکەن چونکە ئەوان خەریکی کاری مردووەکەیانن چاک وایە زۆریشیان لێ بکرێ بۆ خواردن. لەبەر ئەوەی پێیان عەیبە بخۆن یان ئەوەنا نارەحەتن. سازکردنی خواردەمەنی بو "نائحات" واتە ئەو ژنانەی بە مردوو هەڵدەڵێن حەرامە. چونکە یارمەتی دانە لەسەر گوناە. ئەوە کە بۆتە عادەت کە ئەهلی مردوو خواردەمەنی سازدەکەن و خەڵکی بۆ بانگ هێشتن دەکەن بیدعەتێکی مەکرووهە هەروە وڵام دانەوەی ئەو دەعوەتە مەکرووە و ناپەسەندە. چوونکی جەریر خوا لێی ڕازی بێ دەڵێ ئێمە کۆ بوونەوەی ماڵی مردوو و سازکردنی تەعاممان دوای ناشتنی، بە بەشێک لە«نیاحة» (پێهەڵگوتنی مردوو لەلایەن ژنانەوە)دەزانێ چونکی وەک ئەو نیشنانەی گرینگی لەڕادە بەدەر دانە بە ناراحەتی و خەم داگرتن بۆ مردووەکە. بەوەڕا دیارە کە کۆ بوونەوەی ئەهلی مردووش لە جێگایەک بۆ ئەوە خەڵک بێت سەرەخۆشیان لێ بکات مەکرووە و ناپەسەندە. بەڵکوو دەبێ پاش ناشتنی مردووەکە بە دوای کارو باری خۆیان دابڕۆن جا ئەگەر کەسێک (بەهەڵکەوت) توشیان هات سەرە خۆشیان لێ بکات...» شایانی باسە کە هەروەک پێک هێنانی کۆر و مەجلیس بیدعەت و ناڕەوایە فاتیحەدادانیش بۆ کاتی سەرەخۆشی هەر بیدعەت و دروست کراوەو ئەو کارە لە چاخی پێغەمبرە –د- و ئەسحابەکان دانەبووە بە تایبەت ئەوە کە هەر مەلای مزگەوت بۆ خەڵک فاتیحە دادات شتێکی بێ جێ و ناڕەوایە.
هەندێک لە بیدعەت و کارە ناشەرعیەکانی مردوو ناشتن و سەرەخۆشی بێجگە لە دانەی گونران بریتین لە:
1.مردوو بەڕێ کردن بە سواری (مەگەر ئەوە قەبرستان دوور بێت) و هات و هاوارو دەنگ بەرز کردنەوەی دەگەڵی با بە سڵاوەت و زیکر و ئەوانەش بێت.
2. هەڵگرتنی تاجە گوڵ و عەکسی مردوو دەگەڵ جەنازەیان دانانیان لە مەجلیسی سەرەخۆشی.
3. هەڵاوەسینی پارچەی ڕەشی نووسراو بۆ سەرەخۆشی لە سەر دارو دیوار.
4. هەڵکەندنی قەبر بە شێوەی ناشەرعی و زۆر بەرز کردنەوەی و دانانی بەو کەل و پەلەی لە ساز کردنیان دا ئاگر بەکار براوە وەکی سمیت، گێچ، خشتی سوور...
5. سازکردنی بینا و گومبەز و نەردەکێشانی بەتایبەت ئەگەر پتر لە جێی قەبرەکە دابگرێ و هەروەها دانانی سەنگی قیمەتی بۆ کێل و نوسینیان بە ئایەت و شێعر و... مەگەر نێو نوسین بۆ ناسینەوە.
6. بردنی مردوو بۆ جێگای دوور با وەسیەتیشی کردبێ و گرتنی سێ ڕۆژانە، چللە، ساڵهات و...
7. ئاو ڕژێن بەدوا مردوودا و چوونەوەی بەردەرکی ماڵی مردوو لە سەرقەبران ڕا یان دوا تەواوبوونی مەجلیس.
8. قورئان خوێندن لەسەر قەبران یان لە مەجلیسی سەرەخۆشی چ کەسێک بیخوێنێ و چ بە هۆی دەزگا و بڵیندگۆو شتی واوە.
9. نوسینی دەعوەتنامەی سەرهخۆشی (اطلاعیهی مجلس ترحیم) و بڵاو کردنەوەی.
بەو پێیە ڕوون بۆوە کە ئەمجۆرە پرسە و سەرهخۆشییە پێوەندی بە دین و عیبادەتەوە نییە و لەسەر بنەڕەت و ئادابی سەرەخۆشی لە دین دا زۆر شت زیاد کراوە و بەڵام بەم شێوە بۆتە گرفتێکی گەورەی کۆمەڵایەتی کە ئەمڕۆ هەموومان بەدەستیەوە گرفتار و وەڕەزین و پێویستە بە هەموو لایەکمان وردە وردە لێی کەم کەینەوە و بیهێنینەوە ستارانەر بنەڕەتی خۆی و لەو پێناوەدا یارمەتی مامۆستایانی ئایینی بدەین.
بۆچوونهکان