31 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له رۆژی ٢9ی خاكه‌لێوه‌ی ساڵی ١٣٦٥ی هه‌تاویدا شاعیری ناوداری گه‌له‌که‌مان مامۆستا هێمن (سه‌یید محه‌ممه‌دئه‌مینی شێخولئیسلامی) كۆچی دوایی كرد.
بێگومان له دونیادا هیچ گه‌لێک نییه که ڕێز له که‌ڵه پیاوان، پاڵه‌وانان، شاعیران، زانایان‌و .. ی خۆی نه‌گرێ، ئێمه‌ی کوردیش له مێژووی پڕ له سه‌روه‌ریی خۆماندا، به دهیانو سه‌دان ئهدیبو شاعیر‌و کهڵهپیاومان هه‌بووه‌و هه‌مانه که ئه‌رکی نیشتمانی سه‌رشانی هه‌مووانه یادیان به‌رز رابگرن‌و وه‌کوو مه‌شخه‌ڵێک له ئه‌زموونه‌کان‌و به‌هره‌کانیان بۆ رووناک کردنه‌وه‌ی داهاتوو که‌ڵك وه‌ربگرن.
نازانم ده‌قیقه‌ن له چ کاتێکهوهو له‌کوێ ناوی هێمنم بیستووه؛ به‌ڵام باش ده‌زانم مێرمنداڵێکی ۱۱-۱۲ ساڵانه بووم و له گۆڤاره تاقانه خنجیلانه‌که‌ی«سروه»دا له‌گه‌ڵ نووسینهکانو شێعره‌کانی ناوبراو ئاشنا بووم، هه‌ر له‌و کاتانه دا بوو که گوێم له ناوی «تاریک و ڕوون» واته دیوانه شیعره به‌ناوبانگه‌که‌ی مامۆستا بوو؛ به‌ڵام مخابن ئه‌وکات ئه‌م کتێبه به‌نرخه که به‌رهه‌می ساڵانێک هیواو هومێدو رهنجهڕوویی، خهمو مهینهتو ته‌نیایی، شکست و ژیانی ئاوارهییو... ئه‌و شاعیره هه‌ست ناسکه بوو، نایاب بوو و وه‌ده‌ست نه‌ده‌که‌وت. باشم له‌بیره به‌هه‌ر جۆرێک بێ له کتێبفرۆشییه‌کی شاری مه‌هاباد که ئه‌وکات(کوتایی ده‌یه‌ی شێست) له‌وێ قوتابی بووم به نرخێکی زۆر گران وه‌ده‌ستم که‌وت؛ به‌ڵام ده‌تگووت خودا خه‌نی کردوومه‌و وونبوویهکی زۆر ئازیزم دیتۆته‌وه‌و هه‌ر به‌ڕێوه ده‌ستم کرد به خوێندنه‌وه‌و ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم هه‌ر له یه‌که‌م شه‌ودا، پێشهکییهکهو چه‌ندین شێعری دیکه‌شم لێ خوێنده‌وه.
دواتر به خوێندنه‌وه‌ی «ناڵه‌ی جودایی» زیاتر له‌گه‌ڵ هێمن ئاشنا بووم‌و زانیم چه‌نده ژیانی دهربهدهریو بێکه‌سی له کوردستانی گه‌رمین ئازاری داوه‌و وای لێکردوه وا هه‌ست ده‌کاو پێیوایه له‌کاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ زێدی خۆی، تۆ بڵێی هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که خۆشی ویستوون، ئه‌گه‌ر بیبینن بیناسنه‌وه!
له «پاشه‌رۆک»دا له‌گه‌ڵ هه‌ستی ناسک‌و پڕ له خۆشه‌ویستیی مام هێمنی ئاشقدا زیاتر ڕۆچوومه خوارێ‌و به ده‌نگه دڵڕفێنه‌که‌ی مامۆستای خوالیخۆشبوو «محه‌ممه‌دی ماملێ»دا که‌وتینه «هه‌واری خاڵی» و له‌گه‌ڵ مامۆستای هێمنی وه‌رگێڕو ئه‌دیبدا سه‌رێکمان له گه‌نجی سه‌ربه‌مۆری فولکلۆری ده‌وڵه‌مه‌ندی کوردی که گه‌ڕیده‌ی بیانی ئۆسکارمان له «توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه»دا کۆی کردبووه، دا‌و له سه‌ره‌نجامی ئه‌م گه‌شته سهرپێیهدا به ئاشکرا بۆم ده‌رکه‌وت، مامۆستا هێمن، ئاشقی نه‌ته‌وه‌که‌ی، هۆگری ئازادی‌و یه‌کسانی (نهتهوهییو ڕه‌گه‌زیی)و دڵه وه‌کوو شووشه‌که‌شی بۆ ژن پڕ له خۆشهویستیو ڕێز بوو. به‌ڵام مامۆستا حه‌زی له ته‌شیڕێسێکی وه‌کوو شیرنی وه‌فایی نه‌بوو و کیژی وریای چاوکراوه‌ی فێرهزانینی ده‌ویست.
به‌خوێندنه‌وه‌ی پێشه‌کییه‌که‌ی «تاریک‌و ڕوون»، سۆز‌و ڕێز‌و مرۆڤدۆستی هێمنی لاوم بۆ ئه‌و کچه نه‌شمیله بێنازه ئازه‌رییه‌ی له گونده‌که‌ی خۆیاندا، له ڕۆژانی سه‌ختی قاتی‌و قڕیدا، که باوکی بێئهنوای حازر بوو له‌باتی نه‌ختاڵێ ئارد بیدا به کوێخای چلێسی نائینسان، بۆ ئه‌وه‌ی جگه له کچه‌که، خۆی‌و مناڵه‌کانی دیکه‌ی له برسان تێدا نهچنو کچه‌که‌ش له‌به‌ر خوشک‌و برا بێدایکه بێنازه‌کانی، جگه له ئاهێکی سارد‌و سڕ‌و و بێده‌نگێکی به‌سام، چى له‌ده‌ست نه‌ده‌هات، زیاتر بۆم ئاشکرا بوو و تێگه‌یشتم چۆن ئه‌م سیما دزێوه ناشیرنه، ده‌روونی پڕ له سۆزی مامۆستا هێمنی شۆڕشگێری هه‌ژاندوه‌و چۆن هێمنی ئینساندۆست، ڕیسی کوێخای خوێڕی ده‌کاته‌وه خوری‌و ئه‌م شێعره‌ی که له په‌سنی پێشه‌وادا ووتبووی، خۆیشی یه‌کێکه له میسداقه هه‌ره به‌رچاوه‌کانی شێعره‌که؛
هه‌ر کورد نه‌بوو به‌شه‌ر بوو
خه‌می خه‌ڵکی له‌به‌ر بوو
به‌ڵێ خۆشه‌ویستانم له کۆتایی ئه‌م چه‌ند دێره‌دا حه‌ز ده‌که‌م پڕ به‌دڵ به ده‌نگێکی به‌رز، ڕوو له بوداغ سوڵتان، هاوار بکهمو خیتاب به ڕۆحی مامۆستای نه‌مر بێژم: هۆ مامۆستا هێمن! هۆ ئازیزه‌که‌ی پێشه‌وا! له ساڵڕۆژی کۆچتدا هه‌زاران درودو سڵاو ده‌نێرین بۆ گیانی بێحهسانهوهتو پڕ به ده‌م هاوار دهکهینو ده‌ڵێین؛ فکرت لای ئێمه هه‌ر ماوه‌و وه‌کوو جاران هه‌ر به‌تاوه، دیسانه‌که‌ش هه‌ر وه‌ک جاران هه‌ر ده‌ڕۆین به‌ره‌و ئاسۆ، ده‌ڕۆین ده‌ڕۆین هه‌تا ترۆپکی ڕزگاربوون ....
به‌ڕێز بێ یادو بیره‌وه‌ری شاعیری نه‌ته‌وه‌ییی کورد مامۆستا هێمنی موکریانی
بۆچوونه‌کان