مامۆستا موحه‌ممه‌د ئه‌مین واژی:
شەو‌خوانێکی فەرهەنگی_ئەدەبی: لە کەسایەتی‌ناسییەوە تا فەرهەنگ‌نووسی
✍سەیید موحەممەدئەمین واژی

چوارشەممە، (۱۲ی بەفرانباری ۱۴۰۳ی هەتاوی) بەڕێز کاک موحەممەد ئەحمەدیان، دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان دوو یادگادری حاجی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان و دۆست و مامۆستای زۆر بەڕێزم دوکتۆر موحەممەد فڕوهەندە بۆ شام میوانم بوون. زەنگم بۆ دوکتۆر موحەممەد عەبدولی لێدا بۆی نەکرا و زەنگم بۆ دوکتۆر سەلاحەدین خەدیو لێدا بۆیان نەکرا.
نوێژی خەوتنان کە لە مزگوەتێ (عەباساغا) بووین. کاک موحەممەد؛ فەرمووی: ساڵی ۱۳۵۴ی هەتاوی کاک ئەحمەد موفتی‌زادە لەو میحڕابە، لە پرسە و سەرەخۆشیی کاک سوارە ئێلخانی‌زادە کە دەبووە خزمی، وتاری‌دا و ئەم ئایەتەی مانا کردەوە ” فلا تدعوا مع الله احدا” مامۆستایەک تووڕە بوو گوتی"تدعوا" بە مانای "لا تعبدوا"‌ـیە، دوایە کاک ئەحمەد فەرمووی: من قسە بۆ عالمان دەکەم.
لەم شەو نشینیە زۆر شت باس‌کرا هەر لە فەرهەنگ نووسی‌ڕا تا قسەی خۆش و نەستەق، باس لە فەرهەنگ و فەرهەنگ نووسی لە کوردستان کرا و بە تایبەتی فەرهەنگەکەی مامۆستا هەژار لە لایان کاک ئەحمەد تاو توێ کرا. دوایی ئاماژەی بە فەرهەنگی 9 بەرگی ڕەنگەکان لە لایان خاتوون سەحەر موعیزی سنەیی کرا کە دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان پێشەکییەکی 40 لاپەڕەیی  بۆ ئەم فەرهەنگە نووسیوە.
سەفەرنامە نووسین بەشێکی‌تر لەم ئاخاوتنە بوو. کاک موحەممەد ئەحمەدیان؛ گوتی: سەفەرنامە‌یەکم لەم‌ دوایانەدا نووسیوە بۆ سەردەشت کە دوومانگی پێوە بووم و پەنجا لاپەڕەیە، هەر لێرە کە وەڕێ‌کەوتووم تا دەگەمە مەنگوڕایەتی و گەورک کە لە کوێ‌ڕا هاتوون؛ مامۆستا تۆش لە سەفەرنامەکان‌دا بچۆ نێو کاکڵی سەفەرەکەوە.
دوکتۆر ئەحمەدیان گوتی: باوکم (مامۆستا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان)، حەوت سەفەرنامەی هەیە کە له دووتوێی کتێبی"خەزێنە"دا چاپ بوون، کە ئەو سەفەرنامانەی تۆ و مەلا غەفوور کەس‌نەزانی و خواڵێخۆشبوو مەلا مستەفا ڕەشیدی زاواکێو بە جۆرێ شوێن‌کەوتووی ئەم سەفەرنامانەن؛ دەبێ زیاتر سەرنج بدەنە ئەم حەوت سەفەرنامانە لە باری شێواز و داڕشت و پێکهاتە و کاکڵ و توێکڵەوە؛  هەوڵ بدە لە سەفەرنامە نووسینەکانت درێژداڕی(حشو) کەم کەیەوە، حەشوییات و زێدەکان بسڕەوە، ڕەنگە بەلای تۆوە خۆش بێ بەڵام بۆ خوێنەر خۆش نییە، مەیکە ژیاننامە.
دووکتۆر موحەممەد فروهەندە کاری سەفەرنامە نووسینی بەرز نرخاند.
سامیە ڕاوەندی نەوەم هات و گوتی: شێعر دەخوێنمەوە؛ کورتەیەکی لە ژیانی خۆشەویست خوێندەوە کە تەمەنی حەوت ساڵە و نەوەکەی‌ترم پارسا کە پێنج ساڵە سووڕەتی فاتیحای خوێندەوە و لە لایان ئەم بەڕێزانە تەشویق کران.
ـ باسێ لە کەسایەتێکان: باسی ئاستی بەرزی شێعرەکانی م.کرێکار کرا؛ کە مامۆستا عەبدوڵڵا پەشێو پێی موعجیب بووە و بە مامۆستا کرێکار دەڵێ: شێعرەکەت لە ئاستێکی زۆر بەرز دایە، بەڕای من واز لە هەموو شتێک بێنە و هەر بەردەوام‌ بە لە شێعر گوتن.
ـ باس لە شاعیری ناوداری کورد، لەتیف هەڵمەت کرا؛ دوکتۆر ئەحمەد گوتی: جیا لە شێعری نوێ کە بەڕاستی شاعیرێکی کەم‌وێنە و خاوەن‌شێواز و هەڵکەوتەیە، هەروەها لە شێعری مناڵان‌دا لە هەموو شاعیرانی کورد بەرزترە. چون سەربەخۆیە و سەر بە هیچ لایەنێکی وەک پارتی و یەکێتی نییە، ئەم کەڵە شاعیرە وەک پێویست نەناسراواە و غەدری لێ‌کراوە. دەڵێن لە بارەی لەتیف هەڵمەت لە “مام جەلال”یان پرسی گوتی: “شێرکۆ بێ‌کەس” پەنجا لە سەد ئێمە گەورەمان کردەوە. لەتیف هەڵمەت جیا لە شێعری سیاسی_ کۆمەڵایەتی، شێعری عیرفانی‌‌ـشی هەیە.
لەتیف هەڵمەت دەڵێ: من شانازی بە ناسنامەی ئیسلامەتیمەوە دەکەم. 
مامۆستا لەتیف هەڵمەت: لە گرتە ویدیۆیەک‌دا دەڵێ: زۆربەى نووسەرە عەلمانی و مارکسییەکان کاریگەرى ئیسلام و کەسایەتى پێغەمبەرى خوایان ﷺ لەسەرە ! بۆ وێنە باسى چەند کەسایەتییەکى کاریگەرى جیهانى عەلمانییەت دەکات.
باس لە کەش و هەوای ئەدەبی و کەلتووریی شارەکانی موکریان کرا؛ کاک ئەحمەد ئەحمەدیان گوتی: کانگای شێعری مناڵان و غەزەل و چێڕۆک و ڕۆمان‌نووسی بۆکانە؛ کانگای فارسی‌زانی و شێعری نوێترخواز و شانۆ و خۆشنووسی سەقزە؛ کانگای ڕۆژنامەنووسی، فەرهەنگ نووسی و شێعری کلاسیک و ڕووناکبیریی ئایینی و وەرگێڕانی ئەدەبی مەهابادە؛ کانگای هەڵسەنگاندنی ئەدەبی خانێ و شنۆیە و کانگای ئەدەبی زارەکی و فۆلکلۆریک سەردەشتە.
ـ لە هەمبەر وەرگێڕانەکەی خۆم لە کتێبی “کوردستان لە بەردەم فتووحاتی ئیسلامی‌دا”، دوکتۆر ئەحمەد گوتی: توانیوتە دەقەکە تەواو ڕاگوێزی بەڵام باری ویراستاری کاری دەبی بۆ بکرێ.
کاک ئەحمەد، لە بابەت کەسایەتییەکانی موکریان دا، بەتایبەتی باسی عەللامە مەلا محەممەدی قزڵجی کرد و گوتی هاوکات: باوکی ڕۆژنامەگەریی کوردی و باوکی ڕووناکبیری ئایینی بووە له ڕۆژهەڵات.

قسەی خۆش:
کاک موحەممەد ئەحمەدیان گێڕایەوە: مەلا عەبدوڵڵای پیرەباب مەلای مزگەوتی عەباساغا دەبێ کاتێ پەراوێزێ لە سەر کتێبەکان دەنووسێ؛ لە ژێرەوە دەنووسێ: إِنِّي عَبۡدُ ٱللَّهِ، من بەندەی خوام. مەلایەکی بێسەوادیش بە نێوی مەلا ڕەسوول دەبێ ڕقی لێی دەبێ، شت دنووسێ و لە بنەوە دەنووسێ:  إِنِّي رَسُولُ اللەِ، واتە من پێغەمبەری خوام!!
کاک موحەممەد فروهەندە پیاوێکی مەند و قووڵە و هاوینی ئەوساڵ، لە پێنج وانە_وتاری"وشەناسی لە زمانی کوردی‌‌دا"، لە ناوەندی جامی، نووسینگەی گۆڤاری مەهاباد، لە خزمەتی دابووین.
دیارە کاک تاهیر ڕاوەندی و سەیید موبین واژی‌یش لەم کۆڕە بەشدار بوون.

لە کۆتایی‌دا دوای کێشانی وێنەیەک ماڵاواییمان لەیەکتر کرد.