موسڵمانانی جیهان (بیت المقدس) یان(ئورشەلیم) بە ڕووگەی یەکەم و شوێنی میعراجی پێغەمبەری موسڵمانان لەقەڵەم دەدەن.

بەپێی گێڕانەوەیەک لە پێغەمبەری مەزن، خوای گەورە لە نێوان تێکڕایی شارەکانی جیهان تەنیا چوار شار بە بەرز و پیرۆز لە قەڵەمداوە، ئەو چوار شارە برتیتین لە:

1ـ مەککە یا البلدە

2ـ مەدینە یا النخلە

3ـ دمشق یا التین

4ـ بیت المقدس یا الزیتون

و لەنێو ئەو شارانە بیت المقدس (ئورشەلیم) لە نێو سێ ئایینی گەورەی جیهان وەکوو مەسیح وجولەکە و موسڵمانەکان گرینگی و بایەخی تایبەت بەخۆی هەیە و وەکوو شوێنێکی هەستیار سەیری دەکرێ. پێڕەوانی ئەو ئایینانە بە درێژایی مێژوو بەمەبەستی زیارەتی شوێنەپیرۆزەکەیان لە هاتووچۆی ئەو شارەدا بوونە. ئەگەرچی هەست و بیروباوەڕی شوێنکەوتووانی ئەو ئایینانە لە نێوەڕۆکدا دژوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ یەکتر نییە، بەڵام ڕق و کین و دونیاپەرستی سەرۆک و دەمڕاستەکانی بەرژەوەندیخواز هۆکارێک بووە بۆ هاندان و کەڵکی خراپ وەرگرتن و لەئاکامدا قوربانی کردنی هەزاران کەسی بێ تاوان لە هەردوولا. شەڕ و ململانێی درێژخایەن و خوێناوی بۆ دەست بەسەرداگرتنی ئەو شارە پیرۆزە بەدرێژایی مێژوو شتێکی نوێ نەبووە، بەڵام شەڕەکانی خاچ پەرستی لەلاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بە خوێناوی ترینی ئەو شەڕانە ناوبانگی دەرکردووە.

هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شەڕەکانی خاچ پەرستی

1ـ بارودۆخی نالەباری ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی: لە سەدەی دوازدەی زایینیدا دوو زلهێزی گەورە دەستیان بە سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست داگرتبوو، یەکەمیان مەسیحییەکان کە بیزانسییەکانن، و دووهەم فاتمییەکان کە شیعە بوون، لە نێوان ئەو دوو هێزەدا دەوڵەتی عەبباسی لە بەغدا کە سلجوقییەکان دەستیان بە سەرداگرتبوو لاواز ببوو. سلجوقییەکان ناوچەکانی خۆیان پەرەپێدا و لە (ماوراالنهر) ەوە تا ئەرزروم و شام. لە ساڵی ( ٤٨٥ک١٠٩٢ز) دەوڵەتی سڵجوقیش لە ئاکامی شەڕ و ململانێی نێوان میرەکانیدا پارچەپارچە بوو، ئەوەش باشترین دەرفەت بوو بۆ هێرشی خاچییەکان بۆ ناوچەی شام، فاتمییەکانیش لە ساڵی (٢٩٧ ک/٩٠٩ز) لە باکووری ئافریقا و لە وڵاتی تونس دەوڵەتی فاتمییان دامەزراند و لە ساڵی (٣٦٢ ک/ ٩٧٢ز) میسریان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە، لە ساڵی(٤٧٨ ک/ ١٠٥٨ز) وڵاتی شامیان داگیرکرد و کردیانە بنکەی بانگەشەی مەزهەبی خۆیان، هەر لەهەمان ساڵدا بانگەشەی مەزهەبیی فاتمییەکان لە بەغدا دەستی پێکرد، بەڵام هەر لە سەرەتای سەدەی یازدەی زایینی لە وڵاتی شام خاچییەکان سەریانهەڵدا و حەولی ئەوەیان دەدا ناوچەکانی فەلەستین بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە. لە بارودۆخێکی وادابوو کە وڵاتی شام تووشی پەرش و بڵاوی هاتبوو، گەلێک میرنشین لە لایان سەردارانی عەڕەبەوە دامەزرابوون. سڵجوقییەکان ناوچەی باکووری شامیان بەڕێوە دەبرد، فاتمییەکانیش دەستیان بە سەر بەشی باشوور داگرتبوو. بە دڵنیاییەوە ئەو دابەشبوونە کاریگەری بە هێزی لە سەر هێرشی خاچ پەرستان بۆ ناوچە کەنارەکانی وڵاتی شام هەبوو. هەر لە سەرەتای سەدەی ٥ی کۆچی ١١ی زایینی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی هەر بە هۆی ئەو پەرتەوازی و لەت و پەتبوونە دەسەڵاتی خەلافەتی عەبباسیی تووشی ئەوپەڕی لاوازی کرد. چوونکە بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە دەستدا بوو. ئەو دۆخە بە هاتنی داگیرکاری بوەیهییە شیعەکان زیاتر زەق بۆوە، چوونکە هەموو دەسەڵاتی خەلیفەیان هێنابووە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، بەم جۆرە دەسەڵاتی خەلیفە نەما و پێگە و جێگە و ڕێزی کەم بۆوە و تێکڕایی ئەو دۆخە نالەبارەی جیهانی ئیسلام دەرفەتی پەلاماری خاچ پەرستەکان بۆ وڵاتی شام و داگیرکردنی قودس ڕەخساند.

1- هۆکاری ئایینی: بەشێکی زۆر لە مێژوونووسان هۆکاری ئایینی بە سەرهەڵدانی شەڕی خاچ پەرستی بە ئامانجی ڕزگارکردنی گۆڕی مەسیح لە قەڵەم دەدەن، چوونکە مەسیحییە تووندڕەوەکانی ئوروپا هۆکاری ئایینیان کردە بەڵگەیەک بۆ هێرشیان بۆ وڵاتی شام، کە هێندێ جار لە کاتی هێرشەکانیاندا هۆکاری ئایینی لاواز بوو بە ڕادەیەک لە نێوان ئاراستەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری کۆمەڵگای نوێدا وون دەبوو. مەسیحییەکانی ئوروپا دەنگۆی ئەوەیان بڵاودەکردەوە کە مەسیحییەکانی وڵاتی ئیسلامی بە دەستی فەرمانڕەوایانی ئیسلامی تووشی ئازار و شکەنجەی زۆر هاتوون. هاوکات پاپ ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە وروژاندنی هەست و سۆزی خەڵکی کۆمەڵگای ئوروپا. هەروەها پرسی حەج کردنی کاریگەری هەبووە لە سەر جوڵاندنی هەست و سۆزی مەسیحییەکانی ئوروپا بە هۆی خراپی ڕەفتاری موسڵمانەکان بەرامبەر حاجییە مەسیحییەکان کە لەو نێوەدا دەسەڵاتدارانی شیعەی فاتمی و تورکانی سڵجوقی لەو شێوە ئاکارە ناڕەوایەدا دەوری سەرەکیان گێڕاوە، چوونکە بۆ ماوەی چوار سەدە تا ئێستا هەلسوکەوتی موسڵمانانەکان لە گەڵ جولەکە و مەسیحییەکان لەو پەڕی هێمنیدا بوو. بەڵام سەرەڕای ئەوە مێژوونووسانی ئوروپایی دان بەوە دادەنێن کە ژیانی مەسیحییەکانی ژێردەسەڵاتی موسڵمانەکان زۆر باشتر بووە لە ژیانی مەسیحییەکانی ژێر دەسەڵاتی بیزانس.

2- هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی: سیستمی دەرەبەگایەتی کاریگەری بەرچاوی هەبووە لە ستەم و چەوسانەوەی خەڵکی هەژار. لە هەمانکاتیشدا مەترسییەکی گەورە بوو لە سەر لاوازی دەسەڵاتی ناوەندیی و ئەو شێوە سیستمەی بە تەواوی لە ئوروپا داماڵیبوو. ئەو سیستمە لەو پەڕی گەشەسەندنی خۆیدا بوو کاتێک کە شاڕلمان زەوی دەدا بەو کەسانەی کە خزمەتی سەربازی سپای شارلمان دەکەن، هاوکات شەڕی ناوخۆ و هێزەکانی" فێکنج" لە فەڕانسە وایان کرد لە هێندێ خاوەن زەوی کە توانای بەرگریان نەمابوو داوای یارمەتی لە دەرەبەگەکان بکەن کە هێزی سەربازیان هەبوو بەرامبەر بەوەی لە خزمەت ئەواندا بن بە مەبەستی پارێزگاری کردنی زەوییەکانیان (اقطاعیات) ماوەی خزمەتی سەربازی ٤٠ ڕۆژ بوو جگە لەوەی کە دەرەبەگەکان زەویان دەدا بەو بنەماڵانەی کە لە زەوییەکانیاندا کاریان دەکرد هەروەها لە پێناوی زیادکردنی بەرهەمدا دەستیان کرد بە کێڵانی باخەکان و ئامادەکردنیان بۆ کشتوکاڵ.

بێ گومان جوتیاران بە هۆی چەوسانەوەی دەرەبەگەکان لە هەموو مافە سەرەتاییەکان بێ بەش بوون بۆیە جوتیاران و کۆیلەکان بە دوای ڕێگایەک دەگەڕان بۆ ڕزگاربوون لە سیستمی دەرەبەگایەتی، چوونکە لە سایەی ئەو سیستمەدا کە بچووکترین ئاسەواری ژیانی مرۆڤایەتیی تێدا نەبوو، لە دۆخێکی زۆر سەخت و دژواردا دەژیان و بێ بەش بوون لە بەرهەمی کێڵگەکانیان. بۆیە سەرهەڵدانی هێرشی خاچییەکان باشترین هەل بوو بۆ ڕزگاربوون لە دەرەبەگەکان، سەرەڕای مەترسییەکانی ئەو هێرشە، بەڵام لە ڕوانگەی ئەوانەوە زۆر لە ژیانی جوتیاری و کویلەتی باشتر بوو. بەڵام کاریگەری خراپی سیستمی دەرەبەگایەتی تەنیا پێوەندی بە چینی جوتیار و کویلە نەبوو بەڵکوو شوێنەواری لە سەر چینی دەرەبەگیش جێهێشت. چوونکە سیستمی دەرەبەگایەتی لە میراتدا پشتاوپشت بوو، تەنیا کوڕی گەورە مافی وەرگرتنی میراتی هەبوو ئەوانی تر کوڕ و کچ لەو مافە بێ بەش دەبوون و ناچار بەدوای شوێنی تر دەگەڕان بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان و دەسکەوتی زەوی کشتوکاڵی چاکتر لە ڕۆژهەڵات. لە سەرەتای سەدەی ١١ی زایینیدا لە کۆمەڵگای ئوروپاییدا هێزێکی نوێ سەریهەڵدا، ئەویش نۆرماندییەکان بوو کە لە ساڵی ٢٩٩ ک/ ٩١١ز، لە دۆڵی "ڕووباری سین" نیشتەجێ بوون و دواتر ئەو شوێنە بە نۆرماندیا ناسرا. نۆرماندییەکان لە کاروباری دەریاوانی و بازرگانی و چەتەیی و کۆنتڕۆڵکردنی دەریای سپی نێوەڕاست و دەست پێکردنی پێوەندی بە شارەکانی ئیتالیا و دوڕگەکانی بریتانیا و دەریای نێوەڕاست و ڕۆژهەڵات ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو. هاوکات لە ڕۆم ململانێ لە سەر دەسەڵات نێوان بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان دەستی پێکرد بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و فەرامۆش کردنی گەل و نیشتمان و بەرێوەبردنی کاروباری وڵات و لە پێناو بەدەستهێنانی دەسکەوتی زیاتر بیریان لە زەوی بەپیت و بەرەکەتی زیاتر دەکردەوە، بۆیە دەبینین ژمارەیەکی بەرچاو لە میر و پاشاکانی ئوروپا وەکوو: " فردریک باربارۆسا، ریچارد شێردڵ، فیلیپ ئۆگستس، فردریکی دووهەم و لۆیسی نۆهەم بەشداری شەڕی خاچییەکانیان کرد لە ترسی دەرکردنیان لە کڵێسا و دوورخستنەوەیان لە دەسەڵات وڵاتەکەیان لە لایان پاپەوە، گەلێک میرەکان بە مەبەستی فراوانکردنی ناوچە دەرەکەکانیان بەشداری ئەو شەڕەیان کرد. بێ گومان ئەو هۆکارە سیاسییەش کاریگەری بەرچاوی هەیە لە بەشداری میر و پاشاکانی ئوروپا بۆ شەڕی خاچ پەرستی بە مەبەستی دابینکردنی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان، هەروەک جوتیار و کویلەکان بە مەبەستی ڕزگار بوون لە چەوسانەوەی دەرەبەگایەتی و بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بەشداری ئەو شەڕانەیان کرد.

3- هۆکاری ئابووری: هۆکاری ئابووری لە هۆکارە هەرە گرینگەکانی هێرشی خاچییەکان بۆ ڕۆژهەڵات بوو، بە تایبەت کە کۆمەڵگای ئوروپایی لەو کاتەدا لە سایەی دڕندەترین سیستمی دەرەبەگایەتیدا دەژیان، بەشداربووانی شەڕی خاچ پەرستی لە ساڵی ٤٨٧ ک/ ١٠٩٤ز، ئوروپا تووشی نەهامەتی لافاو و نەخۆشی و برسییەتی بوو کە هاندەر بوو بۆ کۆچکردنی خەڵک لە زەوییەکانیان، خراپ بوونی باری گوزەرانی خەڵک و تێکچوونی ژێرخانی ئابووری ئوروپا بە گشتیی و فەڕانسە بە تایبەتی بووە هۆی ئەوەی کە مەسیحییەکان ڕوو بکەنە وڵاتی شام بۆ ئەوەی کە لە برسییەتی و ڕەش و ڕووتی ڕزگاریان بێت و سەرچاوەی ژیانی باشتریان دەسکەوێت. هاوکات درووستبوونی بیری خورافە لە لای ئوروپاییەکان بەرامبەر بە داهاتە کانزاییەکان ڕۆژهەڵات بۆ نموونە "جوانفیل" دەڵێ: دانیشتووانی دەوروبەری ڕووباری نیل ئێواران تۆڕ دەخەنە ڕووبارەکە ڕۆژی دواتر پڕ بووە لە شتی بەنرخ و گرانبەها کە هەمووی لە بەهەشتی زەوییەوە هەڵقوڵیوە. ئەوەش بۆ خۆی کاریگەری هەبووە لە سەر عەقڵییەتی کۆمەڵگای ئوروپایی. یان پاپ ئوریانی دووهەم لە وەسفی شام دا دەڵێ: ماست و هەنگوێنی تێدا هەڵدەقوڵێ. بەمجۆرە شەڕەکانی خاچ پەرستی بە دەستپێشخەری مەسیحییەکانی ئوروپایی دەستی پێکرد. ئەو شەڕانە لە هەشت قۆناغدا و لە نێوان سەدەکانی ١١ و ١٣ی زایینی بە ڕشتنی خوێنی هەزاران مەسیحی و موسڵمان دەستی پێکرد.

یەکەمین قۆناغی ئەو شەڕە لە ساڵی ١٠٩٥ی زایینی بەهاندان و کۆکردنەوەی مەسیحییەکانی ئوروپا لە لایان پاپ ئوربانی دووهەم بە دژی موسڵمانانی تورکی سلجوقی دەستی پێکرد و بە دامەزراندنی دەوڵەتی مەسیحی لە قودسی داگیرکراو لە ساڵی ١٠٩٩ی زایینی کۆتایی پێهات. یەکێک لە نووسەرانی شەڕەکانی خاچ پەرستی بەو شێوەیە ئاماژە بە خاڵی لاوازی موسڵمانەکانی ئەو سەردەم دەکا: "... گەورەترین خاڵی بەهێزی فەرەنگییەکان، پەرش و بڵاوی موسڵمانەکان بوو. بە هۆی ناتەبایی ڕێبەرانی موسڵمان و یارمەتی نەدانی یەکتر، بووە هۆی ئەوەی کە گیانبازانی مەسیح بە ئامانجی خۆیان بگەن. شیعەکان کە خەلیفەکانی فاتمی ڕابەر و پێشەنگیان بوون، بە ڕادەیەک لە خەلیفەی بەغدا و تورکانی سووننی مەزەب بێزار ببوون، لە مەسیحییەکانی سەردەمی تورکەکان تا ئەو ڕادە بەنەفرەت نەبوون....." پاپ بەڵێنی پێدان کە هەر کەسێک بەشداری ئەو شەڕە پیرۆزە بکات، گشت تاوانەکانی وەبەر لێبوردن دەکەوێت و لەدانی باج عافوو دەکرێ و دەتوانێ دەست بەسەر گشت سامانی وڵاتی موسڵمانان بگرێت. ئامانجی پاپ ئوربانی دووهەم دوو مەبەستی گشتیی بوون:

1ـ وەڵامی ئەرێنی بە داوای یارمەتی لە لایان ئیمپراتۆری ڕۆمی ڕۆژهەڵات لە بیزانس کە لە ڕوانگەی پاپ و مەسیحییەکان کۆسپێکی گەورە بوو لە بەردەم موسڵمانەکان.

2ـ ڕزگارکردنی خاکی پیرۆزی ئورشەلیم لە ژێر دەسەڵاتی موسڵمانەکان یان بە واتای پاپ کافرەکان.

بە فەرمانی پاپ ڕۆژی ١٥ی ئوتی ساڵی ١٠٩٥ی زایینی بەرەو وڵاتی پیرۆز کەوتنە ڕێ. سێ لەشکری خاچییەکان لە سێ ڕێگای جیاوازەوە بە هێزێکی گەورەوە کەوتنە ڕێ و بڕیاریاندا کە لە قەستەنتینە بەیەک بگەن. گەیشتنی خاچییەکان بۆ ئورشەلیم سێ ساڵ و ... لە گەڵ گیرو گرفت و تێکەڵچوونێکی زۆر درێژەی کێشا. بەڵام سەرەنجام لە ١٥ی ژوئیەی ساڵی ١٠٩٩ی زایینی شاری بیت المقدس لە ئاست هێرشی بەردەوام و بێ بەزییانەی ئەواندا بەچۆکدا هات و کوشت و بڕێکی خوێناوی سەریهەڵدا کە دواتر بەرۆکی مەسیحی و جولەکەکانی خۆجێیشی گرتەوە.

سەرهەڵدانی سەلاحەددین

لە هەلومەرجێکی وەها ناسک و هەستیاردا بوو کە سەلاحەددینی ئەییبووبی چاوی بە دونیا هەڵێنا. سەلاحەددین کوڕی یووسف کوڕی ئەییبووبی کوڕی شادییە. ابن خلکان دەڵێ بەشێکی زۆر لە مێژوونووسان لە سەر ئەو باوەڕەن کە باوک و کەس و کاری سەلاحەددین لە (دوین) وە هاتوون کە شارێکە لەو پەڕی ئازەربایجان، ئەوان ڕوادین و ڕوادیش تیرەیەکە لە هەزبانی کە هۆزێکی گەورەی کوردانە. شادی باپیرەگەورەی سەلاحەددین لەو گوندی دوین ڕا وێڕای دوو کوڕەکانی نەجمەددین ئەییووب و ئەسەدەددین شێرکۆ دێتە بەغدا ودواتر بۆ تکریت کۆچ دەکەن. سەلاحەددین هەڕەتی مناڵی و خوێندن لە شاری دێمێشق لەو پەڕی ئاسایش و هێمنییەوە دەباتە سەر و پێش ئەوەی کە بچێتە ناو هێزی چەکداری، سەرقاڵی خوێندن و زانست دەبێ.

باوکی سەلاحەددین ئەوکات دەسەڵاتداری تکریت بوو و باوک و مامی سەلاحەددین کاربەدەستی حکوومەتی نوورەددین مەحموود بوون. ئەسەدەددین شێرکۆ مامی سەلاحەددین لە سێ هێرشی نوورەددین بۆ میسر بەشداری کرد و لەهێندێکیان ناوبراوی هاوڕێی خۆی کرد تا ئەوەی کە سەرەنجام بە هاندانی شێرکۆ چووە ناو سپایەک کە دواتر بووە بە فەرماندەی ئەو.

سەلاحەددین وێڕای سپای شێرکۆ بەمەبەستی فەتحی میسر کە لە ژێر دەسەڵاتی فاتمییەکاندا بوو، کەوتەڕێ. دوای شەڕ و ململانێی زۆر لە ئاکامدا لە تەمەنی ٣٥ساڵیدا و لەساڵی ١١٧٣ی زایینی فەرمانڕەوایەتی گرتەدەست و بناغەی دەوڵەتی ئەیووبی کوردی دامەزراند. سەردەمی دەسەڵاتداری سەلاحەددین بۆ میسرییەکان چاخێکی زێڕین و پڕپیت و بەرەکەت بوو، چوونکە بێجگە لە ئاسایش و هێمنی، گەشەی ئابووریشی بەدواوە بوو. سەرەڕای گەمارۆی ئابووری حکوومەتی سەلاحەددین لە لایان پاپەوە، سەوداچیی زۆر لە وڵاتان و شارەگرینگەکانی ئوروپایی بەشێکی زۆر لە بەرهەمەکانی چەک و چۆڵیان دەگەیاندە ئەو وڵاتە. لەسەردەمی سەلاحەددین بەهۆی ئۆگری زۆری ناوبراو بە زانستەکانی ئایینی و فقهی و عیرفان، ناوەندەکانی زانست و فەرهەنگی وەکوو زانکۆی ئەزهەر زۆر لە ڕادەبەدەر گەشەی سەند.

یەکەمین هێرشی خاچ پەرستەکان بۆ ناوچەی ژێردەسەڵاتی سەلاحەددین

پادشای بیت المقدسی داگیرکراو چاوی تەماعی بڕیبووە وڵاتی میسر، بەمجۆرە بوو کە هێرشیان کردە لەنگەرگای ئەسکەندرییە، کەچی سەلاحەددین لەو پەڕی ئازایەتی و بوێرییەوە ئەو هێرشەی ئەوانی پووچەڵ کردەوە. سەلاحەددین لە پاییزی ١١٧٦ دوای ئەوەی کە سووریای هێنایەژێر دەسەڵاتی خۆی، تورانشای برای کردە پارێزگاری ئەو وڵاتە و خۆی بۆ میسر گەڕاوە. هاوکات لە گەڵ ئەو ئاڵۆگۆرانە، سەلاحەددین بڕیاری لێدانی پارە بەناوی خۆی بوو کە ئەوپەڕی دەسەڵاتی ناوبراوی دەسەلماند.

فەتحی بیت المقدس بە دەستی سەلاحەددین

لە ڕۆژی هەینی ٢٧ی ڕەجەبی ٥٨٣ی کۆچی شەوی ئیسرا و میعراج واتە دوومانگ و نیو دوای گرتنەوەی (حطین) شاری پیرۆزی قودس بە بێ ڕژانە دڵۆپە خوێنێک خۆی بەدستەوەدا، تەواو بە پێچەوانەی ئەوەی کە پێش ٨٥ ساڵ ڕوویدا، کاتێک کە خاچ پەرستەکان قودسیان گرت و پێی وڵاخەکانیان لە ناو خوێنی موسڵماناندا دەچەقی. بەڵام سەرەڕای ئەوە سەلاحەددین فەرمانیدا کە ماڵی کەس تاڵان نەکەن، پیاوەکانیان لە نێوشاردا دەگەڕان نەیاندەهێشت کەس دەست بۆ قەشە و کریستانییە ئوروپاییەکان درێژ بکات، هەروەها لە سەر داوای سەلاحەددین، ئەبووبەکری برای ١٠٠٠ دیلی خاچ پەرستی ئازاد کرد و هەر لە ڕیی خوادا ٧٠٠ دیلی تریش ئازاد کران و بڕیاریدا پیرەمێرد و ئەو ژنانەی کە بێ خاوەنن، ئازاد بکرێن.

پێشتریش ئەو ژنە دیلانە ئازاد کران کە جاران بە دیل گیرابوون و لە گەنجینەی خۆی پووڵ وپارەی بە سەر بێوەژن و هەتیواندا بڵاو دەکردەوە. ڕانیسمان دەڵێ: بە ڕاستی دڵ نەرمی و بەزەیی سەلاحەددین تەواو پێچەوانەی کرداری داگیرکەری خاچ پەرستەکانی هەڵمەتی یەکەمی سەلیبی بوو. ئەو سەرکردەیە بە تووندی سزای ئەو کەسەی دەدا کە ئازاری دیلە مەسیحییەکانی دەدا. ڕۆژی هەینی سەلاحەددین و کۆمەڵێک لە نوێژکەران نوێژی هەینی و نوێژی شوکرانەبژێریان لە (مسجدالاقصی) کرد و قازی قوزاتی حەڵەبی ناسراو بە زەکییەددینی دێمشقی بەو بۆنەوە وتارێکی خوێندەوە.

ڕیچارد شێردڵ ئەوەی بەس بوو کاتێک کە کارێک بکات کە ئەو پەڕی قین و نامەردی و ترسەنۆکی بنوێنێت، کاتێک فەرمانیدا ئەو موسڵمانانەی کە دەهاتنەوە دەرەوە و ژمارەیان نزیک بە ٣٠٠٠ کەس دەبوو، بیانهێنێتە سەرگردێک و لەوێ بە گوریسی بەستیاننەوە و خاچ پەرستەکان تێكرا پەلاماریاندان و هەموویان کوشتن هەروەک مێژوونووسێکی ڕۆژئاوایی دەڵێ: سەربازەکانی ڕیچارد ئەوەندە سەرقاڵ و تامەزرۆی ئەو کوشتارە بوون، زۆر بە دڵێکی خۆشەوە سپاسی خودایان کرد کە ئەو هەلەی بۆ ڕەخساندوون. ئەو کارە نامرۆڤانەی ریچارد و هەڤاڵانی دژی دیلە موسڵمانەکان، گەلێ لە ڕەوشتی بەرزی سەلاحەددینی سەرکردە دوور بوو، کە چۆن لە گەڵ دوژمنی داگیرکەر جوڵاوە؟ چی بە دیلەکان کرد؟

دوای سەرکەوتنی حتین، پاشان دوای ڕزگاری قودس و شارەکانی فەلەستین و شام. ئەو کارەی ڕیچارد کردی، کردەوەیەکی شوورەیی، پێچەوانەی ڕەفتاری سەلاحەددین بوو لە گەڵ مەسیحییەکان. لەگەڵ ئازادبوونی بیت المقدس بە دەستی موسڵمانەکان، بە وتەی( یهودالحزیری مێژووانی جولەکە) جولەکەکان کە پێشتر و لە سەردەمی داگیرکاری مەسیحییەکان زیارەتی شوێنەپیرۆزەکانی خۆیان لێ قەدەغەکرابوو، ڕێگای هاتووچۆی ئەو شارەیان پێدرا تا زیارەتی شوێنەپیرۆزەکانیان بکەن. سەلاحەددین بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە پێڕەوانی ئایینەکانی ئیبڕاهیمی لە هەر شوێنێکی ئەو جیهانە بە باوەشی ئاوەڵا وەردەگرێت.

بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئازادکردنی بیت المقدس بە دەستی سەلاحەددینی ئەیوبی لە ساڵی ١١٩٠ی زایینی پاپ و پێڕەوانی بڕیاری گرتنەوەی سەر لە نوێی ئەو شارەیاندا. ئەمجارەیان مەسەلەکە ئاڵۆزتر ببوو، بەجۆرێک کە ڕیچاردی یەکەم پادشای بریتانیا ناسراو بە ریچارد شیردل و فلیپ ئاگوست پادشای فەڕانسە بەشداری شەڕیان دەکرد، ساڵێک دواتر لە شەڕی عکا پێکەوە گەیشتن.

ساڵ و نیوێک لە تێکەڵچوونی نێوان هێزەکانی خاچ پەرستی و موسڵمانەکان بێ هیچ ئەنجامێکی بەرایی درێژەی هەبوو، دووسپای پادشاکانی ئوروپایی لەو شەڕانەدا تووشی زیانێکی قورس هاتن، بۆیە ناچار بڕیاری ئاشتیان لە گەڵ سەلاحەددینی ئەییووبیدا. ئەوان متمانەیان بە ئازایەتی و بوێریی سەلاحەددین نەبوو، کەچی سوڵتان بە تەنیایی لە ئاست هێزەکانی خاچ پەرستی و ناردنی پەیتاپەیتای هێزەکانی تازە نەفەسی ئوروپایی لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات خۆڕاگرییەکی وەهای نیشاندا کە مێژوو بە شانازییەوە تۆماری دەکات. بڕیاری واژۆکراوی نێوان هەردوو هێز بە ماوەی پێنج ساڵ درێژەی هەبوو. بە باوەڕی زانایان و مێژوونووسانی ڕۆژئاوایی شەڕەکانی خاچ پەرستی لە بنەڕەتدا شوێنەواری باش و ئەرێنی بۆ کۆمەڵگای ئوروپایی بە دواوە بووە کە ئەوانی شارەزای زانست و پێشکەوتنەکانی زانستی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات کرد.

ئاکار و ڕەوشت و باوەڕی دینی سەلاحەددین

نووسەر و لێکۆڵەڕی ڕۆژئاوایی (استیون رانیسمان) لە کتێبی بەنرخەکەی مێژووی شەڕەکانی خاچ پەرستی لە پێوەندیی لە مەڕ ئەو کەسایەتیە بەو شێوەیە دەنووسێت: سەلاحەددین ئەندامێکی کز و لاوازی هەبوو، سیمایەکی خەمخۆر و هێمن، خاوەنی ئاکار و ڕەوشتی بەرز، پەسندی سادەیی دەکرد و لە خۆنواندن و لەخۆبایی بوون بێزار بوو. ئۆگری سرووشت دەشت و چیا بوو، سەرەڕای ئەوانە لە خوێندن و موتالاکردن خۆی نەدەبوارد.... هەمان ئەو نووسەرە لە بارەی دوژمن و نەیاری سوڵتان واتە ریچارد شیردل بەو شێوە هەڵسەنگاندنی کردووە: ئەو کەسێکی ناڕەسەن و ناجسن، بێ ئەمەگ و نالێهاتوو بوو، بەڵام لە گۆڕەپانی شەڕدا زۆر ئازا و بوێر و ناوبانگ بوو. سەلاحەددین کە بەنازناوی (المظفر) و (سیف الدین) ناوبانگی دەرکردبوو، زۆر پارێزگار بوو و ڕۆژگاری ژیانی وێڕای بوێریی، بە یادی خوا ڕادەبوارد و ئۆگرییەکی زۆری بە قورئانی پیرۆز و گێڕانەوەکانی پێغەمبەری مەزن(د-خ) هەبوو.

ناوبراو ڕێزی درووشم و هێماکانی دینی دەگرت و مرۆڤێکی ڕێک و پێک و بەدیسیپلین بوو. سەلاحەددین فەرمانڕەایەکی بەسۆز و بەزە و هاورێی چەوساوان و جوامێر و دڵاوا بوو. لە هەڵسوکەوتدا ڕەوشتێکی جوانی هەبوو، ڕەچاوی گشت تایبەتمەندییەکانی ڕەوشت و ئەخلاقی دەکرد. لە کۆڕ و دانیشتنەکانی ناوبراو کەس ئێرەیی بە کەس نەدەبرد. پێگەیەکی قووڵی جەماوەری لە ناو خەڵکدا هەبوو و گشت خەڵک بە تێکڕایی خۆشیان دەویست..... سەلاحەددین کەسایەتییەکی دێموکڕات بووە بە چەمکی ئەمڕۆ، بەردەوام حەولی داوە دڵی خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، هاوکات ڕێزی زۆری سەرباز و فەرماندەکانی گرتووە، نانی لە گەڵ خواردوون و لە خێوەت لە گەڵیان نوستووە، زۆری ڕێز لە ڕاوبۆچوونەکان و ڕای دێموکڕاتی ئەنجومەنەکەی گرتووە. پێش بڕیاردان لە هەرشتێک کۆبوونەوەی لە گەڵ شارەزایانی ئەو بوارە کردووە و دواتر بڕیاری داوە.

لە تایبەتمەندییەکانی تری سەلاحەددین هەڵسوکەوتی دادپەروەرانەی لە گەڵ شکست خواردووەکان بوو، بەردەوام ڕێزی بیروباوەڕی شوێنکەوتووانی ئایینەکانی تری دەگرت.

هەمووی ئەو تایبەتمەندیانەی کە لە کەسایەتیی سەلاحەددین کۆبوونەوە بواریان ڕەخساند بۆ ئەوەی کە وەکوو بلیمەت و سەرکردەیەک لە مێژووی ئیسلام و لە سەدەکانی نێوەڕاستدا لە لای ئوروپاییەکاندا لە مێژووی خاچییەکاندا. ئەو تایبەتمەندییە بە دڵنیاییەوە گەورەترین هۆکار بووە بۆ سەرکەوتنی چەکداری و پێشکەوتنی شارستانییەتی ناوچە و لە ئاکامدا دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتی ئەیوبی کوردی لە ڕۆژهەڵات لە نێوان ساڵانی٥٦٧ک/ ١١٧١ز- ٦٤٨ک/ ١٢٥٠ز) کە نزیکەی ٨١ ساڵ فەرمانڕەوایی ناوچەکەیان کردووە و سەرکردەی گەورەترین بەرەی ئیسلامیان کرد.

سەلاحەددین حوکمڕانی بەشێکی زۆر لە کوردستان، وڵاتی شام و فەلەستین و میسر و لوبنان و یەمەن و سودان)ی کرد کە لەو ماوەیەدا توانی پەرە بە شارستانییەت و زانست و هونەر و بازرگانی نێوخۆ و دەرەکی و ڕۆژئاوا و بەتایبەت شارەکانی ئیتالیا بدات، وێڕای ئەوەی کە بارودۆخی ناوچەکەی لە ڕووی دادپەروەری و هێمنی و ئاسایشەوە سەقامگیر کرد و بەشێکی زۆر لە یاسا و بازاڕ و بناغەی شارستانی و ئاوەدانی ڕۆژئاواییەکان لە دەوڵەتی ئەیوبی کوردی وەرگیراوە ڕوون و ئاشکرایە کە بە درێژایی مێژوو بە دەگمەن کەسایەتیی وەکوو سەلاحەددین بە تایبەتمەندییەکانی زانایی و مرۆڤ پەروەری هەڵدەکەوێ، چوونکە بە درێژایی مێژوو دوو تایبەتمەندی سەرکەوتن و لێبوردەیی قەت پێکەوە سازگاریان نەبووە. و بە یەکێک لە سەردارەکانی خۆی (ملک الظاهری کوڕی) کە وەکوو فەرماندەیی حلب ڕەوانەی دەکرد، بەو شێوەیە ئامۆژگاری دەکرد: من ئێوە بە خوای مەزن کە سەرچاوەی هەموو ڕسق و ڕۆزییەکانە دەسپێرم. بەردەوام مل کەچی ویست و ئیرادەی خوای مەزن بن چوونکە تەنیا ئەوە کە سەرچاوەی ئاشتی و هێمنی و ئارامییە. ئاگادار بن کە هیچ کات خوێنی کەس بە ناڕەوا نەڕێژن، چوونکە خوێنی بەناڕەوا ڕشتن چاوپۆشیی نییە. حەول بدەن کە بەردەوام دڵی ژێردەستان بەدەست بهێنن.

ژیرانە داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگای ئیسلامی بکەن. هەڵسەنگاندنی ناڕەوا و نەرێنیتان بە نیسبەت کەسی تر نەبێت. سەلاحەددین کۆچی دوایی کرد و ماڵ و سامانێکی ئەوتۆی لە پاش خۆی بەجێ نەما. لە کاتی مەرگیدا زێڕ و زێوێکی لە خەزێنەی خۆی جێ نەهێشت، تەنیا ٤٧ درهمی ناسری و دینارێک زێڕ نەبێ.

ماڵ و مڵک و مەزرایەکی نەبوو. لە دوایین ساڵی ژیانی بڕیاری چوونی ماڵی خوای هەبوو بەڵام بە هۆی هەژاری و نەداری لە گەیشتن بەو ئاواتەیدا ناکام ما. قارەمانی ئازا و بوێر و سوڵتانی وڵاتی بەرینی ئەیوبی کە سێ پێتەختی ( قاهرە و دێمێشق و حەڵب) ی هەبوو، لەو پەڕی هەژاریدا جیهانی جێهێشت. سەرەڕای ئەوەی کە ناوبانگی سوڵتانی سوڵتانەکانی هەبوو، بەڵام دەست و پێوەندییەکانی ناچار بوون بەمەبەستی دابینکردنی خەرجی کفن و ڕێوڕەسمی ناشتنی، هێندێک پووڵ بە قەرز وەربگرن. سوڵتان لە ڕۆژی چوارشەممە ٤ی مارسی ١١٩٣ لە تەمەنی ٥٧ ساڵیدا لە شاری دێمێشق دوای نوێژی بەیانی کۆچی دوایی کرد.

دوای بەڕێکردنی تەرمی سەلاحەددین، قازی فازڵ شمشیرەکەی هەڵگرت و بردی لە ناو گۆڕەکەی لە تەنیشتی دریژ کرد و پێی گوت: ئەی سەرکردەی مەزن لە سەفەری بەرەو بەهەشتت ئەوە بکە بە داردەستی خۆت، جا هەموو دایانە پڕمەی گریان. سەلاحەددین دوای خۆی ١٧ کوڕ و کچێکی لە پاش خۆی بە جێهێشت. مێژووناسان لە داخی لەدەست چوونی سەلاحەددین نووسیویانە: بەڕاستی لە دوای مەرگی خولەفای ڕاشدینەوە تا ئێستا جیهانی ئیسلام کۆستێکی وایان نەکەوتووە.

کۆتایی.