سه‌ردانه‌که‌ی کاک مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆکی هه‌ریمی کوردستان له‌ کوردستانی تورکیا و دیداری ڕاسته‌وخۆ ده‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئۆردووغان، سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا له‌ دیاربه‌کر، روداوێکی سرنج ڕاکێشه‌ بۆ داهاتووی بارودۆخی کوردستان و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. دیاره‌ له‌ باری سیاسه‌تی ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی، هه‌ردولا خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تن له‌ دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی هاوبه‌شی دوو لایه‌نه‌، چ له‌ ڕووی سیاسی و چ له‌ ڕووی کولتووری و ئابوورییه‌وه‌.

ئاشکرایه‌ که‌ بۆ ئۆردووغان و حیزبه‌که‌ی- ئاک پارتی- هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای وه‌ده‌ست هێنانی ده‌سه‌ڵات، په‌یوه‌ست بوون به‌ یه‌کیه‌تی ئه‌ورووپا وه‌ک ستڕاتێژێکی دیاری کراو، له‌به‌رچاو بووه‌. یه‌کێک له‌ مه‌رجه‌کانی ئه‌و ئامانجه‌ش له‌ لایه‌ن ئه‌ورووپاوه‌ پێکهاتنی ئاڵوگۆری به‌رچاو له‌ بارودۆخی کوردان دیاری کراوه‌. هه‌ربۆیه‌ هه‌وڵه‌کانی به‌رده‌وامی ئۆردووغان و حیزبه‌که‌ی ورده‌ ورده‌ هاتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی که‌ له‌ کوردستانی تورکیا ده‌گه‌ڵ پایه‌به‌رزترین که‌سایه‌تی کوردستانی عێڕاق- کاک مه‌سعود – له‌ ڕێوڕه‌سمێکی فه‌رمی دیدار ده‌کات، بوونی کورده‌کان له‌ تورکیا سه‌لمێندراوه‌ و دان به‌مافیان دا هاتووه‌ و پرۆژه‌ی ئاشتی هه‌رچه‌ن به‌ گرفت، به‌ڵان خه‌ریکه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێ. هه‌روه‌ها، ئۆردووغان هاوکات پڕۆژه‌ی ئاڵوگۆڕی ده‌ستووری تورکیاشی له‌ ئاڕادایه‌ و ده‌یهه‌وێ به‌ ئه‌نجامی بگه‌ییه‌نێ. جگه‌ له‌ ناوخۆی تورکیا، له‌باری سیاسه‌تی ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییشدا، ده‌وڵه‌تی ئۆردووغان جموجۆڵی به‌رفراوانی له‌ کێشه‌کاندا هه‌بۆ و داخۆازی به‌شداری زۆرتری له‌ کێشه‌کانی ناوچه‌ دا ده‌کات بۆوه‌یکه‌ شۆێندانه‌ر بێ له‌ ئاستی جیهانیدا. ئه‌وه‌ وای کردووه‌ که‌ تورکیای ئێستا وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی به‌هێز چاوی لێبکرێ که‌ تاڕاده‌یه‌کی به‌رچاو شه‌رعییه‌تی خه‌ڵکی له‌ دۆادایه‌. لایه‌نێکی به‌رچاوی دیکه‌ی سیاسه‌تی ئۆردووغان، کردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌رفراوانی ئابووری ده‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌ بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی زۆرتری ئابووری تورکیایه‌، بۆیه‌ ده‌بیندرێ که‌ کۆمپانیاکانی تورکی ،زۆرترین به‌شداریان له‌ پرۆژه‌کانی ئاوه‌دانی هه‌ریمی کوردستان هه‌یه‌. هه‌روه‌ها دابینکردنی به‌رده‌وامی سوته‌مه‌نی – نه‌وت و گاز- بۆ به‌رده‌وامی کار و ژیانی شارومه‌ندانی تورکیا به‌شێکی دیکه‌ی هه‌وڵه‌کانی ئۆردووغانه‌ له‌ په‌یوه‌ندی ده‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌تی تورکیا‌.

بۆ هه‌ریمی کوردستانیش، دیاره‌ لایه‌نی پۆزیتیڤ هه‌یه‌ له‌ په‌یوه‌ندیگرتن ده‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورکیا. چ له‌ ڕووی ئابووری که‌ هه‌نارده‌ کردنی نه‌وت و به‌ڕێوه‌بردنی پرۆژه‌کانی جۆراوجۆری ئاوه‌دانی و به‌رهه‌مهێنانه‌، چ له‌ رووی کولتووری و سیاسی که‌ دابینکردنی ئاشتی و په‌یوه‌ندێیه‌کانی ئاشتیخۆازانه‌ له‌ نێوان دوو هه‌رێمی کوردستانی عێڕاق و تورکیایه‌.

ڕه‌نگه‌ به‌ ڵایه‌نی نگه‌تیڤیش ئه‌و سه‌ردانه‌ بخۆێندرێته‌وه‌. وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا، له‌ که‌سایه‌تی کاک مه‌سعوود بۆ لاوازکردنی که‌سایه‌تی ئۆجه‌لان وه‌ک رێبه‌رێکی شۆێندانه‌ر له‌ سه‌ر بارودۆخی کوردستانی تورکیا که‌ڵک وه‌رگرێ. یان ئه‌گه‌ری دیکه‌ی له‌و جۆره‌. من زۆر ناچمه‌ نێو ئه‌و باسه‌وه‌، چونکه‌ په‌یوه‌ندێکانی دوو لایه‌نه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا و هه‌ریمی کوردستان له‌وه‌ ئاشکراتره‌ که‌ به‌و جۆره‌ باسی بکرێ. کاک مه‌سعوودیش به‌ هێنانه‌ گۆڕی نێو و باسی ئۆجه‌لان دانی هێنا به‌ پله‌وپایه‌ی سیاسی و جه‌ماوه‌ری ئه‌و له‌ تورکیا دا.

 

ئه‌وه‌یکه جێگای باسه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ دیاربه‌کر و له‌ ئامێد، کاک مه‌سعوود په‌یامی ئاشتی بۆ وڵاتانی دراوسێ نارد. وه‌ک ئه‌وه‌یکه‌ متمانه‌ بدات که‌ به‌ره‌وپێشچوونی بارودۆخی هه‌ریمی کوردستان له‌ نێوخۆیدا، نابێته‌ هۆی مه‌ترسی بۆ ده‌سه‌ڵاتداری دراوسێکان. له‌وه‌ش نکۆڵی ناکرێ که‌ پێشچوون و گه‌شه‌ی سیاسی و ئابووری له‌ هه‌رێمی کوردستان، شۆێنی ئه‌رێنی له‌ سه‌ر هه‌رێمه‌کانی ده‌وروبه‌ری داده‌نێ و ڕاده‌ی داخۆازییه‌کانی کورد ده‌باته‌ سه‌رێ.

هه‌مووی ئه‌و باسانه‌ی که‌ له‌سه‌ر ئه‌و سه‌ردانه‌ و ئاکامه‌کانی دێته‌ ئاراوه‌، په‌یوه‌ندی به‌ جۆر و شێوازه‌کانی پێکهاتنی ده‌وڵه‌ت و کابینه‌ی نۆێی هه‌ریم  له‌ لایه‌که‌وه‌ و له‌ لایه‌کی دیکه‌ به‌ پرۆسه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی سیاسی هه‌ریمی کوردستان به‌ گشتی هه‌یه‌. بارودۆخی سیاسی هه‌ریم ئه‌وڕۆ زۆر ئاسته‌مه‌ و ناکۆکی نێوان حیزبه‌کانی نێو ده‌سه‌ڵات و ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات وای کردۆ که‌ تا ئێستا ڕێگری له‌ بوونی ستڕاتیژێکی نه‌ته‌وه‌یی کردۆ. ڕه‌نگه‌ ڕه‌وتی هه‌ڵبژاردنه‌کان و ده‌وڵه‌تی نۆێی، بتوانێ ببێته‌ هۆی ئاڵوگۆرێکی پۆزیتیڤ و ئه‌رێنی له‌ کوردستان، به‌ڵان بۆ درێژخایه‌ن پێویستی به‌ ته‌ماگرتنێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی هه‌موو حیزبه‌کانی گه‌وره‌و چووکه‌ هه‌یه تاکوو هه‌ریمی کوردستان ببێته‌ یه‌ک هه‌ریم و یه‌ک ئیداره‌ و به‌شێوازێکی عه‌قڵانیتر له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ هه‌ڵسووڕێ و خاوه‌ن ستڕاتیژی تایبه‌تی خۆی له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌یی بۆ هه‌ریمی کوردستان بێت. ‌