ئەگەر خۆبەگەورەزانین و ستەمكاری بەو شێوەیە مەترسیدار بێت لەسەر تاك و كۆمەڵگا، خوای گەورە بە یەكێك لە حەرامە گەورەكان لە قەڵەمی داوە و وەك یەكێك لە تاوانە گەورەكان ئەژمار دەكرێت، خوای گەورە بەڵێنی سزای قورس و دووركەوتنەوە لە سۆز و بەزەیی و خۆشەویستی خوا و نەفرەتكردن لێیان دەدات بەو كەسانەی كە ئەو جۆرە هەڵسوكەوتانەیان هەبێت و گوێ بۆ هاوڵاتیان نەگرن و پەنا بەرن بۆ چەوساندنەوە و ستەملێكردنیان.
خۆبەگەورەزانین دوو جۆرە، جۆری یەكەم: هەڵگەڕانەوەیە لە فەرمانەكانی خوا و جێبەجێ نەكردنیانە، بەڵكو هەڵسوكەوت كردنە بە پێچەوانەی ئەوەی كە خوا دەیڵێت لەپێدانی ئازادی و پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و پێدانی مافەكانی و چەسپاندنی دادپەروەری، هەموو ئەمانە پێچەوانەی ئەوەن كە خوا داوای دەكات، لەبەرئەوە ئەو كەسانەی هەڵگری ئەم جۆرە بیركردنەوەیەن لە دنیا و دواڕۆژدا چارەسەریان تیاچوونە.
جۆری دووەم، بریتییە لە بەبچووك سەیركردنی خەڵك و سوكایەتی پێكردنیان و هێرشكردنە سەریان و خواردنی سەروەت و سامانی وڵاتە بە گەندەڵی، ئەمەش گەل و وڵات بەرەو دواكەوتوویی و هەژاری و شەڕی ناوخۆ و گەندەڵیەكی هەمەلایەنە دەبات، ئەم جۆرە كەسانە رۆژ بەڕۆژ لەبەرچاوی گەلدا بچووك دەبنەوەو لە هەلێك دەگەڕێن كە بەرەو رووی ببنەوەو و تۆڵەی هەموو ئەو ستەمكاریەی لێ بكەنەوەو و لە دنیادا ریسوا و سەرشۆڕی بكەن، ئەمەش لە چەند ساڵی پێشوودا لەم ناوچەیەدا بینیمان كە چەندان ستەمكاری گەورە بە دەستی گەلەكانیان سەرشۆڕ كران.
ستەمكاران كەسانی شكست خواردوون:
ئەوانەی كە پەنا بۆ ستەمكاری و خۆ بە گەورەزانی و تاكڕەوی دەبەن لە هەر پێگەیەكی دەسەڵاتدا بن مرۆڤی بچووك و شكست خواردوون، لەڕووی بیركردنەوەوە داخراون و هەڵگری جیهانبینیەكی گەردوونی نین و تەنها لە دەورەی كۆمەڵێك ئامانجی بچووك دەسوڕێنەوە، لە عەقڵی ئەواندا شتێك نیە بەناوی عەدالەت و پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و گەشەپێدانی هەمەلایەنە و پڕۆژەی بەرەوپێش بردنی وڵات و دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ گەل، بەڵكو ئەمانە بە پێچەوانەوە سەرچاوەی نەهامەتی و دواكەوتوویی و سەرشۆڕین بۆ گەلەكانیان و دواجار بەهۆی ئەو جۆرە مامەڵەیان لە بواری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی دا گەل بەرەو تیاچوون دەبەن و چارەنووسی خۆشیان لەپێش دواڕۆژدا هەر لە دنیا بەرەو دۆزەخ و تیاچوون دەچێت.
بۆچوونهکان