ئەوەی ئێستا هەستی پێدەكرێت دروست بوونی قەیرانێكە لە توركیادا كە درێژكراوەی ئەو قەیرانەیە كە روبەڕووی دەسەڵاتە هەڵبژێردراوەكان بوەوە لە بەهاری عەرەبیدا، ئەویش بە سەرهەڵدانی هێزێكی كۆمەڵایەتی كە روبەڕووی سیستمە سیاسییەكە دەبێتەوەو دواجاریش بە بیانووی ئەوەی كە ئەمە داواكاریەكی جەماوەریە كۆتایی بە دەسەڵاتە هەڵبژێردراوەكان دەهێنرێتو لە دوای ئەوە دەسەڵاتێك دێتە سەركار دور لە دیموكراسی و رای خەڵك و شەرعیەتی سیاسیی و زۆرجاریش بە پشتیوانی دامەزراوە كۆنەكەی سوپا سەر لە نوێ فاشیەت دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات.
راستە حكومەتەكەی پارتی دادو گەشەپێدان بۆماوەی سێ خولی هەڵبژاردن سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناوەو هیچ پارتێكی ئۆپۆزسیۆن نەیتوانیوە مەترسی لەسەر دەسەڵاتەكەی دروست بكات و لە بوارە جۆربەجۆرەكانی گەشەپێدانی دیموكراسیو فراوانكردنی سنورەكانی ئازادی و گەشەپێدانی ئابوریش رۆڵی بەرچاوی هەبووەو لە سیاسەتی دەرەوەو ناوەوەش تا ئاستێك پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.
ئەگەر گوێ لە لێدوانەكانی رەجەب تەیب ئۆردوغانی سەرۆك وەزیرانی توركیا بگرین. بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی سیاسیی پارتەكەی بەزۆری باس لەو دەستكەوتانە دەكات كە لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا بەدەستی هێناون، هەروەها بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆنیش باس لەوە دەكات كە ئەو بەدەنگی هاوڵاتیان هاتۆتە سەر دەسەڵاتو هەر ئەوانیش دەتوانن بڕیاری خۆیان بدەن بە لابردنی.
ئەگەر بەراوردێك لە نێوان ئەم لێدوانانەو لێدوانەكانی دكتۆر مورسی بدەین لە كۆتا رۆژەكانی دەسەڵاتیدا هەمان گوتاری هەبوو بەرامبەر خەڵكی ناڕازی و پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لە پلانێكی نەخشە بۆ كێشراودا بە پشتیوانی ماددی و مەعنەوی هەندێك لە وڵاتانی كەنداوو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریكا لەسەر كار لابراو كودەتای سەربازی ئەنجامدراو هیچ بەهایەكیان بۆ رای خەڵك و دیموكراسی دانەنا.
لەم قۆناغەی كە ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێدایە، پێم وایە ئێستا ئۆردوغانیش روبەڕووی هەمان مەترسی بۆتەوە، چونكە بەپێی ئەو سیاسەتانەی كە ئێستا ئەمریكا هەیەتی بەرامبەر بە حكومەتەكەی دادو گەشەپێدان، ئەوەی پێوە دیارە كە بەشوێن جێگرەوەیەكدا دەگەڕێت بۆ ئۆردوغان. چونكە لە هەندێك سیاسەتی ئۆردوغان نیگەرانە، نایەوێت توركیاش لەناوچەكەدا لەمە زیاتر سنور ببەزێنێ و هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەكەدا فراوان بكات، بەتایبەتیش لەو روەوە كە دەیەوێت خۆی بە پارێزەری بزافە ئیسلامیەكان لەناوچەكەدا بزانێت بەتایبەتی ئیخوانەكان كە ئێستاشی لەگەڵدا بێت زۆر سەرسەختانە بەرگریان لێ دەكات.یان ئەو خەونەی بێتەدی كە بەنیازی سەر لەنوێبنیات نانەوەی ئەوە بێت كە پێی دەلێن عوسمانیە نوێیەكان.
ئەمریكا لە ئێستادا لە چاوی ئیسرائیلەوە مامەڵە لەگەڵا وڵاتانی ئیسلامیدا دەكات، ئیسرائیلیش بەهاوكاری وڵاتانی ناوچەكە بوونی دەسەڵاتێكی ئیسلامی كە هەرچەند لە رێگەی هەڵبژاردنیشەوە هاتبێت بە مەترسی دەزانێت. لەبەرئەوە لە رێگەی بریكارەكانیەوە دەیەوێت جارێكی تر باسكی پارتە نائیسلامیەكان بەهێز بكاتەوەو بیانكاتە ئامرازی لەگۆڕنانی خەونەكانی ئیسلامی سیاسیی. بۆ ئەم مەبەستە ئەمریكا جەنگی ئەویتر بە ئەوێكی تر دەكات.
لە مانگی رابردوودا ئەمریكا پێشوازیكرد لە سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری كەمال كلیچدار ئوغلۆ، ئەمەش لەسەر ئاستی كۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران بوو كە ئاستێكی باڵایە لە هەمان كاتدا لە دیدارێكدا (فتح الله گولەن)ی بینیوەو باسیان لە هاوپەیمانیەتێكی نوێ كردووە، لە دوای ئەم وتوێژەو گەڕانەوەی سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری، قەیرانێك لەناو حكومەتەكەی دادو گەشەدا سەیری هەڵدا ئەویش راپێچ كردنی نزیكەی 50 ئەندامی پایەبەرزی ئەو پارتە بوو لەلایەن بەشی تاوان لە پۆلیسی توركیا كە ئەویش بەپێی فەرمانێكی داواكاری گشتی ئەنجامی دابوو. جوڵاندنی ئەم دۆسیەیە بۆ ئەوەبوو كە ئەو ناوبانگەی كە پارتی دادو گەشەپێدان لە توركیادا بەدەستی هێنابوولە رَگەی ئەم دۆسیەیەوە لە دەستی بدات ،چونك ئۆردوغان بەهۆی دژایەتی ئەم دۆسیەیەوە سەر كەوتوەو ئەگەر لێشی بدرێت هەر دەبێت لەم رێگەیەوە بێت، هەر لەدوای ئەم رووداوەش ئۆردوغان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە لە ئێستادا بەهاوكاری چەند وڵاتێكی دەرەكی پلانێك لە ئارادایە دژ بە پارتی دادو گەشەپێدان، بۆ ئەم مەبەستەش سەفارەتی چەند وڵاتێكی دەرەكی رۆڵیان هەیە، لەبەرئەوەش كە ئێستا توركیا بەرەو هەڵبژاردنی شارەوانییەكان دەچێت لەگەڵا هەڵبژاردنی پەرلەمان، لە ئێستادا چەند هاوپەیمانیەتێكی نوێ لەسەر هەڵداندان.
بەتایبەتیش لە نێوان بزوتنەوەی گوڵەن و پارتی گەلی كۆماری، ئەمەش دوای ئەو ناكۆكیانە هات كە لە نێوان گوڵەنیەكان و پارتی دادوگەشەپێدان دروست بوو، گوڵەنیەكان لە دوای لەسێدارەدانی (عەدنان مندریس) روبەڕووبوونەوەی لەگەڵا هیچ پارتێكی دەسەڵاتداردا ئەنجام نەداوە، لەبەرئەوە لەناو دەزگای هەواڵگری و دادگاكان و پۆلیس دا كەسایەتی بەرچاویان هەیە، بە بڕوای گوڵەنیەكان ئۆردوغان رووی لە تاكڕەویو دیكتاتۆری كردوەو پێویستە رێگە بگیرێت لە هەوڵەكانی، كە دەیەوێت ببێتە سەرۆك كۆمار بە دەسەڵاتێكی فراوانتر لەوەی كە ئێستا هەیە، لەم كاتەدا هەوڵەكانی گوڵەنیەكان لەگەڵا پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و لەگەڵا خواستی ئەمریكیەكاندا یەكدەگرێتەوەو ئەگەری ئەوەش هەیە ئەمە ببێتە هاوپەیمانیەتێكی گەورە بەرامبەر ئۆردوغان،
بەڵام لەلایەكی تریشەوە ئەم هەوڵەی گوڵەنیەكان بۆسەر شەقامی توركی مەترسیدارە، چونكە بە درێژایی سێ هەڵبژاردنی رابردوو گوڵەنیەكان پشتیوانیان لە ئۆردوغان كردووەو پاڵپشتی بوون لە لاوازكردنی دامەزراوەی سەربازی و پارتە عەلمانیەكان، لەبەرئەوە لە ئێستادا پارتی گەلی كۆماری لە رووی جەماوەریەوە لاوازەو بەدرێژایی 80 ساڵی رابردووش رەمزی گەندەڵی و تاكڕەوی بووە، ئێستا ئاسان نییە گوڵەنیەكان داوا لە خەڵك بكەن كە دەنگ بەم پارتە بدەن و جارێكی تر كەمالیەت زیندوو بكەنەوە، چونكە پارتی دادوگەشەپێدان ئێستا واقیعێكی دانپیادا نراوەو وا ئاسان نییە پەراوێز بخرێت و جەماوەر دەنگی پێ نەدات.
بۆچوونهکان