ڕۆژی پێنجشەممە ۱۱ی گەلاوێژی ۹۷ی هەتاوی، یەکەمین کۆڕی زانستی مۆسیقا لە لایەن بەشی فەرهەنگیی پێگەی هەواڵیی هاژە لەسەر تەوەری «پێگەی دەف و گۆڕانکارییەکانی هونەری دەفژەنی کوردستان لە قۆناغی هاوچەرخ» بە وتاروێژی شۆڕش ماملێ و بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە هونەرمەندانی کوردستان، لە ساڵۆنی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی مەهاباد بەڕێوە چوو. لەسەرەتای کۆڕەکە قادر مورادی بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی مەهاباد وێڕای ئاماژە بە ئاسانکاری ئەم ئیدارەیە بۆ دانی مۆڵەتی بەڕێوەچوونی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی فەرهەنگی، هونەری و ئەدەبی لە مەهاباد لوتی: بە نیازین بە هاوکاری هەمە لایەنە ئەو جۆرەی شایانی ناوی مەهابادە حەولێکی پتر بدەین بۆ چالاکی و خزمەت بە فەرهەنگ و هونەری کورد و بەردەوام پێشەنگ بین لە ڕێگای خزمەت بە هونەر و هونەرمەندانی ناوچەییمان. وتاروێژی کۆڕ وێڕای ئاماژە بە پێگەی دەف لە ڕوانگەی سازناسی بە درێژایی مێژوو، گۆڕانکارییەکانی هونەری دەفژەنی لە کوردستان شرۆڤە کرد و خەسارەکانی ئەم ڕێگەیەی هێنایە بەرباس. شۆڕش ماملێ وێڕای باسێکی تێروتەسەل لەسەر کۆمەڵێک گریمانە و فەرزییەی بەردەم، هۆکارەکانی تایبەتمەندبوونی هونەری دەفژەنیی کوردستانی شی کردەوە و لەم ڕوانگەوە حەولی دا پێگەی ئێستای دەژەنیی کوردستان بخاتە ڕوو. لە درێژەی باسەکەیدا وێڕای پێداگری لەسەر ڕەوتی مێژوویی گۆڕانکارییەکانی ناوچە و هەڵکەوتنی سازی دەف لە نێو جەرگەی ئەم گۆڕانکارییانەدا، لەسەر گۆڕانی قالبەکانی دەفی خانەقایی و دەف لە گرووپەکانی مۆسیقاییدا دوا. ماملێ لە کۆتاییدا ئاماژەی بە لایەنەکانی ئەم گۆڕانکارییانە کرد و کۆڕەکە لە دوای چەند پرسیاری ئامادەبووان و وڵامدانەوەی وتاروێژ کۆتایی پێهات.
بۆچوونهکان