ئێمە لە یەكێتی جیهانیی زانایانی موسوڵمان، سەردانی سەرۆكی دەوڵەتی قەوارەی زایۆنی كە قودس و قیبلەی یەكەممانی داگیر كردووە بۆ كۆماری توركیا، لامان شتێكی سەیر و چاوەڕواننەكراو بوو، هەروەها ئەو پێشوازییە فەرمییەی كە سەرۆكایەتی توركیا تایبەتی كرد بۆی.

یەكێتی -بەو پێیە كە نوێنەرایەتی زانایانی موسوڵمان دەكا و لەگەڵ پرس و دۆزەكانی ئوممەتەكەیەتی، لەسەرووی هەمووشیانەوە دۆزی فەلەستین، هاوكات لایەنی هەق و ڕاستی دەگرێ‌ لە هەركوێ‌ بێت، دژی هەرجۆرە ئاساییكردنەوەیەكە لەگەڵ داگیركارانی قودس و ئەقسامان-، ئەم سەردانە هەنگاوێكی ئاساییكردنەوەیە كە نەخوازراو و ناپەسەندە: بەو پێیە كە خزمەت بە دوژمنی زایۆنی داگیركار و زەوتكار دەكا، هاوكات زیان دەگەیەنێ‌ بە خەباتی درێژخایەنی گەلی فەلەستین و بە مافەكانی، لە هەمانكاتیشدا شیاو نیە بە شەهامەتی گەلی توركی مەزن و بە پابەندییە ئیسلامی و مرۆییەكانی، بەتایبەتی هەڵوێستی ڕێزدار و شەڕەفمەندی لە پشتگیری دۆزی ڕەوای فەلەستین و وەستانەوەی بەڕووی داگیركاری زایۆنی و تاوانە بەردەوامەكانی لە فەلەستین و مزگەوتی ئەقسا.

ئەم سەردانە بەدبەختانەیە شیاو نیە بەو پێگە لەبەرچاوەی كۆماری توركیا كە سەركردایەتیەكەی لەم ساڵانەی دواییدا چەندین هەڵوێستی توند و شەڕەفمەند و بە زەبری دژ بە داگیركاریی و دەستدرێژی ئیسڕائیل نواند، هەروەها ئەو هەڵوێستانەی كە پشتگیری بوون لە سەراپای گەلی فەلەستین و دۆزە رەواكەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی زایۆنیزمەكان، كە بەرپابووە لەسەر نیشتەجێكردنی زۆرەملێ‌ و ڕەگەزپەرستی و گەمارۆدان و زەوتكردنی زەوی خاوەنە شەرعییەكانی و بە جولەكەكردنی شاری قودسی پیرۆز.

لەڕاستیدا پێگە و پایەی نێودەوڵەتی كۆماری توركیا لەناو ئوممەتی ئیسلامیدا، ئەوەی لێدەخوازێ‌ كە بە هەموو تواناكانی زیاتر و زۆرتر بوەستێ‌ بەڕووی داگیركار و سەركردەكان و كەسایەتییە دیارەكانیدا، بە ڕووی ئەو تاوانانەیاندا كە ڕۆژانە ئەنجامی دەدەن، بەڕووی ئەو پێشێلكاریانەدا كە دژ بە هەموو بەها و پرەنسیپ و یاسا نێودەوڵەتیەكانە.

(وَ لَيَنْصُرَنَّ اللَّهَ مَنْ يَنْصُرٌهُ إنَّ اللَّهَّ لَقَوِيُّ عَزِيزْ)

 

پ. د. عەلی قەرەداغی     ئه‌مینداری گشتی                                                               

پ. د. ئەحمەد رەیسونی    سەرۆك