هەموو ساڵێک لەم یادە موبارەکەدا گوێبیستی مەعمەعەیەکی بێتام دەبین کە هەندێ کەس بەدەستی ئەنقەست دەورووژێنن و دەیکەنە باس و هەر یەکێک بەجۆرێک قسەی لەسەر دەکا، لێرەدا ئێمە دەبێ جیاوازی بکەین لەنێوان(ئەسڵ و جێکەوتە)ی شتێک کە هەیە و هەبووە، کاتێک ئەمەمان نەکردە پێوەر بۆ دروستی یان نادروستی هەر کارێک، ئیتر ئاوا ئارەزووی خۆمان دەکەینە پێوەر کە هەرگیز لە شەرعدا ڕێگە پێدراو نییە، ئارەزوو بکرێتە پێوەر بۆ دروستی و نادروستی کارێک، بۆیە ئێمە نابێ بۆ شتێک داوای بەڵگە بکەین کە جێکەوتەیە، ئەوەی دەبێ داوای بەڵگەی بۆ بکەین، ئەسڵەکەیە نەک جێکەوتەکە، چونکە جێکەوتە نایێتە بوون ئەگەر ئەسڵێکی نەبێ، ئەگەر بەڵگەیەکمان هەبوو لەسەر دروستی هەرشتێک، ئەوە جێکەوتەکەشی دروستە و هیچ گومانی تێدا نییە، بۆ نموونە دەبێ ئێمە بۆ بەڵگە بپرسین لەسەر ئیحسان و چاکەکردن، بەڵام نابێ سەبارەت بە جێکەوتەی ئیحسان و چاکە داوای بەڵگە بکەین، چون لە کردەی ئیحساندا تەزکییەی نەفس و خۆشەویستی لایەنی چاکەلەگەڵکراو بۆ چاکە ئەنجامدەر دێتە ئاراوە، ئەمە شتێکی بەدیهییە و بەڵگەی ناوێ، یاخود ئەگەر بەڵگەیەکمان هەبوو لەسەر حەرامی کارێک یان گوتەیەک ئەوە جێکەوتەکەشی حەرام وقەدەغەیە. با نموونەیەکی ڕوونتر بێنینەوە بۆ ڕۆشنکردنەوەی ئەم پرسە کە دەڵێین داوای دەلیل دەبێ بۆ ئەسڵ بکرێ نەک جێکەوتەی ئەسڵ. ئەوە مەعلوومە چاکەکردن لەگەڵ دایک و باوکدا ئەسڵە، دەبێ داوای بەڵگە بکرێ ئەرێ چاکەکردن لەگەڵ دایک و باوکا ڕێگە پێدراوە یان نا؟ بەڵام داواکردنی دەلیل بۆ چۆنییەتی چاکەکردن لەگەڵیاندا نابێ بکرێ، چونکە گوزارشت لەم چاکەکردنە بەگوێرەی کلتوور و کەسەکان دەگۆڕێ، مەسەلەن لە جێکەوتەی چاکەکردن لەگەڵ دایک و باوکدا دەست ماچکردنیانە یان سەرماچکردنیان یان قاچ ڕانەکێشانە لە حزووریان یان پێشنەکەوتنیانە لە دانیشتندا لە مەجلیسێکدا... ناماقوڵییە بپرسی ئەرێ بەڕاست دەست ماچکردنی دایک و باوک حەڵاڵە یان حەرامە، بەبیانووی ئەوەی کە پێغەمبەر دەستی ماچ نەکردوون، دەی خۆدیارە دەست ماچکردنیان بەڵگەیەکی ڕاشکاوی لەسەر نییە، بەڵام بەڵگەی ڕاشکاو هەیە لەسەر چاکەکردن لەگەڵیان، هەرشتێک نەبێتە مایەی عەزیەتنەدانیان ئەوە چاکەیە لەگەڵیان. بۆیە تەعبیردانەوە لە چاکە لەگەڵیان جێکەوتەیە و هەرگیز بەڵگەی ناوێ. دنیایەک نموونە هەن ئەسڵەکەیان جێگیرە و پێویست دەکا بۆ ئەسڵەکەیان داوای بەڵگە بکرێ، بەڵام بۆ چۆنییەتی نواندنی مامەڵە لەگەڵیان ناکرێ داوای بەڵگە بکرێ. گێڕانی ئاهەنگی یادی مەولوود جێکەوتەیە، ئەسڵەکەی ئەوەیە ئێمە پێغەمبەرمان خۆش بوێ لە دڵماندا، بە گەورەی بزانین، ئیمانمان پێ هەبێ، پەیامەکەی سەر بخەین، فەرمانەکانی جێبەجێ بکەین، ئەمانە ئەسڵن، دەبێ بە بەڵگە پشتڕاست بکرێنەوە و سنگ دەرپەڕێنین بڵێین کوا بەڵگەی بەگەورەزانینی پێغەمبەر(صل الله وعلیه وسلم) بەڵام بۆ چۆنییەتی نیشاندانی ئەم گەورەییە و بۆ نیشاندانی ئەم خۆشەویستییە بەڵگەی ناوێ، نابێ بپرسین بۆ بەڵگە مادام دەربڕینی خۆشەویستی پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر جێکەوتەیە، کهسی وا هەیە ئەم خۆشەویستییەی بە پیاهەڵدان و هۆنینەوە دەردەبڕێ، هی واش هەیە بە گێڕانی ئاهەنگ و بەخشینەوە شتانێک دەبێ کە خەڵکی پێیان دڵخۆش دەبن، مادام دەربڕینی خۆشەویستی و بەگەورەزانین لە سنووری شەرعی دەرناچێ، هەرگیز نابێ بپرسی کوا بەڵگەی شەرعی ئەو پرسە؟ چونکە گوتمان بەڵگە بۆ ئەسڵەکە هاتووە و جێگیرە وەک خوای گەورە دەفەرمووێت: (لتؤمنوا بالله ورسوله وتعزروه وتوقروه وتسبحوه بكرة وأصيلا) بۆیە ئەو قسەیە لێرەدا ڕوون دەبێتەوە کە داوای دەلیل بۆ ئەسڵ دەکرێ، نەک بۆ جێکەوتە و ئەسەر، گەورەیی مەسحەفی قوڕئان لای هەموومان ڕۆشنە، بەڵام بۆ کۆکردنەوەی لەیەک مەسحەفدا کە لە حەیاتی پێغەمبەردا نەکرا، بەڵام دواتر هەمووی ئەو پەڕانەی کە نووسەرانی وەحی نوسیبوویان کۆکرانەوە و پێشەوا ئەبوبەکر لە وەڵامی ئەم کارەدا فەرمووی خێری تێدایە، ئەم کارە خێری تێدایی، چونکە پێچەوانەی ڕۆحی شەریعەت نییە، یەک کەسیش لەناو هاوەڵاندا موعاریزی ئەم کارە نەبوون کە ئەمە جێکەوتەی بەگەورەزانینی قوڕئانە. بۆیە ئەگەر بۆ هەموو چالاکی و هەڵسوکەوتێک داوای دەلیل بکەین و بۆ بەڵگە بگەڕێین، بەراستی ئەوە دەبوا بەڵگەکان بە ئەندازەی چوڵە و بزاوتەکان بونایە کە ئەمەش پێچەوانەی ئەوەیە کە خوا ئیڕادەی لەسەریەتی، چونکە پێشهات و بزاوتەکانی مرۆڤ کۆتاییان نایەت، ئیتر چۆن بۆ هەموو جوڵەیەک ئێمە داوای بەڵگە بکەین، بەتایبەت بۆ کارێک کە بەڵگە هەبێ لەسەر ئەسڵەکەی، بەڕاستی جێ سەرسووڕمانە ئەوەندە ناحاڵی بین لەم ئایینە نەتوانن جیاوازی نێوان ئەسڵ و جێکەوتە بکەین، بۆیە بۆ هەر جێکەوتەیەک ئەگەر بەڵگەت دەوێ، بڕۆ بۆ ئەسڵەکەی بپرسە و داوای بەڵگەی ئەسڵەکەی بکە، مەیە بنیشی بە جێکەوتەکەیەوە، مەشاخێ بە سێبەرێکا کە دارەکە خوار بێ، مەڵێ بۆ ئەم سێبەرە خوارە؟ بڕۆ لە دارەکە بڕوانە، بۆیە پرسە شەرعییەکانیش ئاوایە بۆیە لە جێکەوتەی پرسەکان مەکۆڵەرەوە، بڕۆ داوای بەڵگەی ئەسڵەکەی بکە، نەفامییە بپرسی کوا بەڵگەی حەڵاڵی گێڕانی مەولوود، بڕۆ بپرسە کوا بەڵگەی خۆشەویستی پێغەمبەر؟ کوا بەڵگەی بەگەورەزانینی پێغەمبەر؟ ئیتر هەرچۆنی گوزارشت لەم بەگەورەزانین و خۆشویستنە دەکرێ مادام ناشەرعی نییە، مەیکە بە گرفت، چونکە نیشانەی کاڵ فامی تۆی پرسیارکەر دەردەخا، تەواوی فەهمت لەسەر شەریعەت دەکەوێتە ژێر پرسیار. بۆیە بەکورتی: گوزارشتی خۆشەویستی نواندن بۆ پێغەمبەری خوا لە لایەن هاوەڵانەوە بەئەندازەی ژمارەی هاوەڵان جیاواز بووە، کەسیش لۆمەی ئەوی تری نەکردووە تۆ بۆ بەم شێوەیە گوزارشت لە خۆشەویستی بۆ پێغەمبەر دەردەبڕی، مادام ئەو دەربڕینە لە سنو وری شەرع دەرناچێ، نابێ بە ناشەرعی بدرێتە قەڵەم، بۆیە ئەگەر بەبیانووی ئەوەوە ئاهەنگی یادی مەولوود ڕەد دەکرێتەوە کە بۆ ئەم کارە بەڵگەیەکی ڕاشکاو نییە، ئەوە سەدان کاری هەیە کە ئەو کەسە دەیکا و بەڵگەی ڕاشکاویان لەسەر نییە و ڕۆژێ لەڕۆژان نەیپرسیوە ئەرێ من ئەم کارە بۆ دەکەم؟ بۆیە ڕاشکاوانە دەڵێین ئێمە بە شانازییەوە بەشێک لە دەربڕینی خۆشەویستیمان بۆ پێغەمبەری خوا(دروودی خوای لەسەر بێ) لەڕێگەی ئاهەنگی لەدایکبوونیدا نیشان دەدەین و هەر لەو مەیدانەشدا بۆ جیهانی دەسەلمێنین ئێمەی داکۆکیکاری سەرسەختی سوننەتی پێغەمبەرمانین دروودی خوای لەسەر بێت. نووسهر: مامۆستا کەماڵ ئەمین گوڵپی
بۆچوونهکان