ھەژیر قادریان و محێدین سەلیمی، دوو کەژوانی خەڵکی شاری بۆکان، ڕۆژی 8ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، کاتێ بەرەو لووتکەی «قوڵقوڵە» دە چوون، تووشی ھەرەس و سەرمای سەخت بوون، کە بووە ھۆی گیان لە دەسدانییان. 

بە پێی ڕاپۆرتی ئیسلاح وێب، فەرمانداری شاری بانە لە وتووێژ لەگەڵ ھەواڵنێری «تەسنیم» سەبارەت به‌ بارودۆخی ئەو دوو کەژوانە دا گوتی: «چوار کەژوانی بۆکانی، ڕۆژی ھەینی، کاتێ کە بەرەو لووتکەی «قوڵقوڵه‌» دەچن، تووشی سەرما و ھەرس دەبن و بە ھەوڵ و تێکۆشانی تیمە یاریدەرەکان، شەوی ڕابردوو لە حاڵێکدا دۆزرانەوە کە دوو کەسیان بە بۆنەی سەرماوە، گیانی خۆیان لە دەس دابوو.»

ھەر وەھا وتی: تەرمی ئەم دوو که‌ژوانە بە ئامبۆڵانس بەرەو نەخۆشخانەی سەلاحەدین گوازراوەتەوە.

 

پێگەی ئیسڵاح وێب پرسە و سەرەخۆشی خۆی بە بۆنه‌ی کۆچی ئەم دوو کەژوانەوه‌، ئاراستەی بنەماڵە، خزم وکەس و سەرجەم وەرزشوانانی بۆکان دەکات و لە خوای گەورە ڕەحمەت و لێخۆشبوون بۆ خۆیان و بۆ بنەماڵە و کەس و کاریان، سەبر و خۆڕاگری داوا دەکات.