گەلبەستی بەرزڕاگرتنی شاعیر کورد، ئەحمەدبەگی کۆماسی، پێنج شەممە و ھەینی 4 و 5ی سەرماوەز لە شاری مەریوان بەڕێوە چوو. بە یاری ئەنجومەنی ئەدەبی شاری مەریوان و ھاوکاری ئیدارەی فەرھەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی ئەم شارە، گەلبەستی بەرزڕاگرتنی شاعیری کورد، ئەحمەدبەگی کۆماسی لە ڕۆژەکانی پێنجشەممە و ھەینی 4 و 5ی بەفرانبار، بە ماوەی 2 ڕۆژ لە ھۆڵی تالاری فەرھەنگ و ھونەری مەریوان بەڕێوە چوو. بەپێی وتەی بەرپرس و وتەبێژی ئەم گەلبەستە، فاتێح مستەفایی، مەبەست لە بەڕێوەچوونی ئەم گەلبەستە، زیندووڕاگرتنی گەورەکانی نەتەوەی کورد و ناساندنی ئەوان، بە خەڵکیە. مستەفایی وتی : بەھۆی ئەوەی کە شاعیران و ھونەرمەندانی کورد بەھۆی نەبوونی میدیا لەسەردەمی خۆیان و کەمکاری لەلایەن نووسەران و خەڵکی بەتوانا، بەداخەوە ناوێک لە ئەحمەدبەگی کۆماسی نەماوە و لەبیرکراوە و یەکێ لە ھۆکارەکانی بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە گەلبەستانە، ناساندنی کەسایەتی فەرھەنگی و ھونەری کوردەکانە. ئەحمەد بەگی کۆماسی (1876-1793) ناسراو بە «خاڵۆی کۆماسی» لە شاعیران سەدەی 19ی زایینی کە لە گوندی بەردە سپی سەر بە ناوچەی سەرشیوی مەریوان لەدایکبووە کە بە بڕوای ھەندێ لە نووسەران، ئەم شاعیرە ناودارەی کورد ھاوکات لەگەڵ شاعیرانێک وەک مەولەوی تاوەگۆزی، ئوستوورە شاعیری گەورەی کورد ژیاوە. لەم گەلبەستەدا، نوێنەری خەڵکی شاری مەریوان لە پاڕڵمانی ئێران، پێشنوێژی ھەینی، نوێنەری ڕێکخراوە مەدەنیەکان و ھەروەھا چەن کەسایەتی کوردستانی عێراق و لایەنگرانی فەرھەنگ و ھونەری کوردی لە زۆربەی پارێزگا و شارە کوردنشینەکان بەشداریان بوو. له بەشی سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنج شەممە، سەرەتا وتاربێژی ھەینی شاری مەریوان، مامۆستا شێرزادی، وێڕای بەخێرھێنانی میوانەکان و دەسخۆشی لە بەڕێوەبەرانی ئەم کۆڕە، وتی : ئەحمەدبەگی کۆماسی کەسایەتیەکی کەم وێنەوەی بووە و ھەمووکات لە ھۆنراوه‌کانیدا ستایش و حەمد و سەنای پەروەردگار و شوێنکەوتوویی یاسای تاقانەپەرستی و خواناسی کردووە. ئومید کەریمیان نوێنەری خەڵکی لە پارڵمانی ئێران وێڕای دەسخۆشی لە دەزگا ئیداری و بەڕێوبەرایەتیەکان، خەڵکی فەرھەنگ دۆست و ئەنجومەنی ئەدەبی مەریوان بۆ ڕێکخستنی ئەم گەلبەستە وتی : پلە و پایەی شیعر لە پارێزگای کوردستان و شاری مەریوان ھەموو کات لەسەر زمانی ئێرانییەکانە و بوونی شاعیران بۆ پاراستن و ماندنەوەی زبان و فەرھەنگی ڕەسەنی کوردی، زۆر پێویستە. ڕاپۆرتی دەبیری گەلبەستەکە، فاتێح موستەفایی سەبارەت بە چۆنیەتی چالاکییەکان بوو بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە و ھەروەھا پەیانی ئەنجومەنی ئەدەبی مەریوان لەلایەن ئەمین عەزیزی یەکێکی دیکە لە بەرنامەکانی گەلبەستەکە بوو . بڵاوکردنەوەی فلیمی «خاڵۆی کۆماسی» (نازناوی ئەحمەد بەگی کۆماسی) بە دەرھێنانی پەرویز ڕۆستەمی یەکێ لە دەرھێنەر کوردەکان بە شێوەی بەڵگاندن، ئامادە کرابوو، یەکێکی دیکە لە بەرنامەکانی ئەم گەلبەستە بوو کە لەلایەن ئامادەبوانە پێشوازی لێکرا. پێشکەشکردنی مەقالەی «مەکتەبی ئەدەبی ئەحمەدبەگی کۆماسی و شێعری گڵکۆی تازە لەیل» ناوی نووسراوەکەی سەید موعتەسەم ھاشمی بوو. لە بەشێکی ئەم مەقالە ھاتبوو : ئەحمەدبەگی کۆماسی لە ھۆنینەوەی شیعر زۆر لە شێوازی مەولەوی کوردەوە نزیکە. ھەروەھا لە زۆربەی ئاسەواری ئەم شاعیرە ئەم جۆرە ھۆنینەوە ڕچاو دەکرێ بەڵام شاھکاری ئەو لەو بەشەدا شێعری «گلکۆی تازە لەیل»ە کە بە توانایی و لەسەر شێوەی ڕۆمانیک، ھزری خۆی دەر دەبڕێ. لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکاندا، بەڕێوەبردنی مۆسیقای ناوچەکە لەژێر ناوی «ھۆره‌» کە تایەبتی ناوچەی کۆماسی، شوێنی لەدایکبوونی شاعیرە کە لەلایەن ئامادەبووانەوە پێشوازی لێکراو و کەش و ھەوای ھۆڵەکەی گۆڕی. محەمەدی عەبدولی، کارناس باڵای ئیلاھیات و ئایین لە زانکۆی تاران، نامە مێژوویی و زانستیەکەی ابوالوفا موعتەمیدی کوردستانی کە سەبارەت بە شیعر و قەسیدەی «گڵکۆی تازە لەیل» بوو خوێندیەوە کە پێشوازی باشی لێکرا و ھەروەھا کۆتا مەقالەی ئەم بەشە، نووسراوەی کامیل سەفەریان، سەبارەت بە لێکۆڵینەوەی شێوازە شیعری ئەحمەدبەگی کۆماسی بوو. لە بەشێک لە مەقالەکەیدا ھاتبوو : ئەوەی لە خوێندنەوەی دیوانی ئەحمەدبەگدا سەرنجی خوێنەر بەرەولای خۆی ڕا دەکێشێ، تێکەڵکردنی ئەسالەت و زەرافەتی ئەدەبی باڵا بە شێوەی سادە و بێ گرفتانەیە. ھەروەھا لە شێعری ئەم شاعیرە خۆشبیر و نازکبینەدا وێنەیەک لە جیھان و ھەستی بە باسکردن لە لایەنەکانی ژیان و مەرگەوە بەرچاو دەکەوێ. له بەشی دووەمی ئێوارەی پێنج شەممە، مەقالەی «پێداچوونەیەک بە ژیانی شاعیری کورد ئەحمەدبەگی کۆماسی» نووسراوەی حەسەن شابازی پێشکەش کرا کە بە شێوەیەکی بەڵگەدار باسی لە جۆگرافیای ناوچه‌ی «کۆماس» کردبوو کە بەشێک لە «شجرە نامە» ئەم شاعیرەشی دەگرتەوە. قسەکانی محەمەدعەلی سوڵتانی نووسەر و لێکۆڵەری کورد سەبارەت بە دیوانی شێعری ئەحمەدبەگی کۆماسی و لێکۆڵینەوە لە ئاسەوارەکانی ئەم گەلبەستە، بەشێکی دیکەی بەرنامەکە بوو. سوڵتانی لە قسەکانیدا باسی لە بایەخ و گرینگی دیوانە شێعری ئەحمەد بەگی کۆماسی و پلە و پایەیی لە نێوان شاعیرانی کورددا کرد. مەقالاتێک لە «سەیوان نیکپەی» و «دکتۆر شەرارە ئیلھامی» دەربارەی «لێکۆڵینەوە لەسەر یەکبوون و پێکەوەبوونی وشەکان لە شێعری ئەحمەدبەگی کۆماسی بەپێی تیۆری ھاڵیدەی» پێشکەشکرا. جێگای باسە کە لە پەراوێزی ئەم گەلبەستەدا لە ھونەرمەند و پەیکەرسازی کورد، ھادی زیائەددینی لەھۆڵی سینەما کوردستانی ئەمشارە، کە بە ھاوکاری رێکخراوەی فەرھەنگی ھونەری «ڤەژین»ی مەریوان پێکھاتبوو، ڕێز گیردرا. لە بەشی بەیانی ڕۆژی ھەینی، چەند مەقالەیەک لە لایەن محەمەد کریمی، فەھیمە میروانی و سەید ئیسماعیل حسەینی پێشکەش کرا. مەقالەی «یادێک لە ئەحمەد بەگی کۆماسی» نووسراوەی محەمەدڕەشید ئەمینی، نووسەر و چالاکی کۆمەڵاەتی خەڵکی شاری پاوە ڕازێنەری ئەم کۆبوونەوە بوو کە لە لایەن بەشداربووانەوە پێشوازی لێکرا. کۆتایی ئەم دانیشتنە، پێشکەشکردنی خەڵاتی و دەسخۆشی لە مەقالە بەھێزەکان و بەشداربووەکان بوو. جێگای باسە، لەم گەلبەستە، کەسایەتی و نووسەرانێک لە کوردستانی تورکیا، عێراق وپارێزگا کوردنشینەکانی ئێران و خۆراسانی باکوور، بەشداریان کرد.