لەپێناو بێدارییەکى ئیسلامى بەتینتر و ئاشتەوایى ڕەوتە ئیسلامییەکاندا
پزیشک تاوەکو دەرد و نەخۆشى نەبینێ و نەدۆزێتەوە، ناتوانێ و گونجاو نییە چارەسەر دەستنیشان بکات، تا لە جەستەیەکدا برینێک نەبێت پێویست بە ساڕێژکردن ناکات، تاوەکو هەڵەیەک ئەنجام نەدرێ نابێ پەنا بۆ تەمێکردن ببرێت، تا کەسێک تاوانێک ئەنجام نەدات، نابێ کەسێک دەستگیر بکرێ یان سزاى بەسەردا بسەپێنێ.
لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە ئەوەمان لەلا ڕوون بێت کە دەبێ کوێ بریندار بێت ئەو شوێنە ساڕێژ و چارەسەر بکرێت، کێ خەتاکار بێت ئەوە سزا بدرێت، لە کوێدا لارى و چەوتى هەبوو ئەوە ڕاست بکرێتەوە، کێ سنوورى بەزاند ئەوە لێپێچینەوەى لەگەڵدا بکرێ و بهێنرێتەوە ناو بازنەکە و سنوورە ئاسایى و یاساییەکانى نیشان بدرێ.
کلتوورى ئایینى بەگشتى و خودى ئایینى ئیسلام ـ دەق و کەلامى ئیلاهى ـ بەتایبەتى، وەک کارەکتەرێکى سەرەکى و کاریگەر لەناو کۆمەڵگەکاندا بەگشتى و کۆمەڵگەى کوردستانیدا بەتایبەتى، ڕۆڵێکى ئێجگار کاریگەر و بەرچاوى هەبووە و هەیە، چ لە بوارى دیندارى کردن و ئەوەى کە پەیوەندى بە نێوان خوا و مرۆڤەوە هەیە، چ لەسەر هەڵسوکەوت و مامەڵەى ڕۆژانەى مرۆڤەکان لەگەڵ خۆیاندا، چ لەسەر کۆى جومگەکانى کۆمەڵگە و دەسەڵات، ئیدى ئەو کاریگەرییەش ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ.
کۆمەڵگەى ئێمەش، چ وەک کۆى خەڵکە دیندارەکە و چ وەک تەوژم و ڕەوتە ئیسلامییەکان ـ کە بەشێکى زۆرى کۆمەڵگەى کوردستانى پێکدەهێنن ـ بە حوکمى تێپەڕبوونى کات و ئەو ژینگە جوگرافى و کۆمەڵایەتى و کلتوورى و سیاسییەى کە تێیدا دەژى، هەندێ هەڵە و کەموکورتى و خورافات و شێواندنى خوێندنەوەى دەقەکان و پراکتیزەکردنى ناواقیعى بۆ تەفسیرى ئایینى و ئایندارى تێکەڵ بووە، چ لە بوارى بەندایەتى و دیندارى کردنى تاکەکاندا و چ لە بوارى مامەڵە و ڕەفتارى ڕۆژانەى خەڵکیدا، جا ئەو هەڵە و شێواندنانەش خوازراو و بەمەبەست بووبن یان بێ مەبەست و بەهۆى نەزانى و لاوازى تێگەیشتنەوە.
ئەم بەلاڕێداچوونە ئایینى و ئایندارییەش لە هەندێ بواردا ـ وەک کایەکانى دیکە ـ پێویستى بە ڕاستکردنەوە و چاکسازى هەیە، کە ئەم پرۆسەیەش بە (ئیسڵاحى دینى) ناوزەد دەکرێ، ئەمەش بە ماناى ئەوە نییە کە چاکسازى لە خودى ئایین و دەقە ئایینییەکاندا بکرێت، بەڵکو پێویستە لە تەفسیر و خوێندنەوە ئایینى و مومارەسە ئایینیەکاندا چاکسازى بکرێت و ڕەوتێکى ئیسڵاحخوازانەى ئایینى لەناو خودى تەوژمە ئیسلامییەکەدا بکەوێتە کار و هیممەتێکى دڵسۆزانە و عەقڵانیانە بکات، بۆ ئەوەى بوێرانە پەنجە بخاتە سەر کەموکورتى و لاوازى و تەفسیرکردنى هەڵەى دەقەکان و هەندێ جاریش شێواندن و ستەمکردن لە دەقەکان.
لەم میانەیەشدا نابێ ـ لەلایەن ڕەوتە ئیسلامییەکان و خەڵکە ئاییندارەکەوە ـ هەوڵى ئیسڵاحخوازانى ئایینى و کەسانى عەقڵانى و مەعریفى بازنە ئیسلامییەکە و ئەنجامدانى کار و پرۆسەى ئیسڵاحى دینى بە جەریمە و تاوان یاخود بە پرۆسەیەکى دژە دینى هەژمار بکرێت، یاخود ئەو کەس و لایەنانەى کە بەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە ئایینى و عەقڵانى و ئەخلاقییە گەورە و گرنگە هەڵدەسن، بە کەس و لایەنى لادەر و نەزان و دەستى ئەم و ئەو بزانرێن، یاخود وابزانرێ کە ئەم پرۆسە ئیسڵاحییە زیان بە ئایین و ئایینداران دەگەیەنێ نەک خزمەت بکات، ئەڵبەت ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە لەوانەیە لە پەناى ئەم پرۆسە گرنگ و گەورەیەشدا، کەس و لایەنى لەو چەشنەش هەبن کە بە ناوى خزمەتکردنى ئایینى و ئیسڵاحى دینییەوە بیانەوێ گورزى توند و کاریگەر لە ئایین و ئاینداران بوەشێنن، بەڵام ئەم گریمانەیە نابێ بکرێتە پاساو بۆ ئەنجامنەدانى پرۆسەى ئیسڵاحى دینى، ئەوەتانێ خودى پێغەمبەر() دەفەرمووێ: (اِنَ اللهَ ێبْعَپُ لِهَژِهِ الڕُمَەِ عَڵى رَڕْسِ کُڵ مِائَەِ سَنَەٍ مَنْ یُجَدِدُ ڵهَا دِینَهَا.) پێشەوا (ئەبوداود) لە (ئەبو هورەیرە)وە گێڕاویەتییەوە.
واتە: خواى گەورە لەسەرى هەموو سەد ساڵێکدا کەسێک دەنێرێ بۆ ئەم ئوممەتە کە ئایینەکەیان بۆ تازە بکاتەوە و بەرگێکى نوێ بکاتەوە بە بەریدا و ئەو گەرد و خورافات و شێواندنەى کە نیشتووەتە سەرى ڕایماڵێ و پاکى بکاتەوە.
جا ئەو وشەى (مَنْ)ە مەبەست پێى کەسێک بێت بە تەنها، یاخود گروپێک یان چەند گروپ و تەوژمێک بن پێکەوە، گرنگ ئەوەیە کە لانى کەم سەد ساڵ جارێک پێویستە دیندارى خەڵک و شێوازى خوێندنەوەى ئایینى نوێ بکرێتەوە و چاکسازى تێدا ئەنجام بدرێ، بۆ ئەوەى لەگەڵ واقیع و ژینگە کلتوورى و سیاسى و کۆمەڵایەتییەکاندا بگونجێت.
ئەگەر ورد بینەوە لە ناوەڕۆکى ئەرک و پەیامى تێکڕاى پێغەمبەران ـ سەلامى خوایان لێبێت ـ بەگشتى و خودى پەیامە ئیلاهییەکەیان بەتایبەتى، بۆمان دەردەکەوێ کە کرۆکى هەموو پەیامەکان بەگشتى و ئایینى ئیسلام بەتایبەتى، بریتییە لە پەیامى ئیسڵاح و چاکسازى و ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى و ناعەدالەتى و پڕکردنەوەى بۆشاییەکان و نەهێشتنى کەموکورتییەکان و ڕاستکردنەوەى چەوتى و لادان و شێواندنە کۆمەڵایەتى و کلتوورى و سیاسى و ئایینییەکان، دروشمى سەرەکى پێغەمبەرانیش بریتى بووە لە چاکسازى: [اِنْ اریدُ اِلا الڕِێْڵاحَ مَااسْتَگَعْتُ.]هود/88.
دەتوانین بڵێن کە لە بنەڕەتدا پێغەمبەران ـ سەلامى خوایان لێبێت ـ گەورەترین و باشترین و کاریگەرترین موسڵیحەکانى مێژووى مرۆڤایەتین، بەر لە هەموو شتێکیش موسڵیحى ئایینى بوون، دواجار موسڵیحى کلتوورى کۆمەڵایەتى و سیستەمى سیاسى و ئابوورى و هتد، هاتوون بۆ ئەوەى ئاییندارى بەلاڕێداچووى مرۆڤەکان ئیسڵاح و ڕاست بکەنەوە، بۆ ئەوەى گەرد و تۆزى سەر ئایینە شێوێنراوەکان پاک بکەنەوە، بۆ ئەوەى ڕووى ڕاستەقینەى ئایینە درۆیینەکان نیشانى خەڵک بدەن و ئایینى ڕاستەقینەیان پێ بناسێنن، بۆ ئەوەى ئەو کەموکورتى و لادانانەى کە بەهۆى تەفسیر و خوێندنەوە و ڕاڤەى هەڵە و نەگونجاو لە ئایینى ڕاستەقینەدا دروستکرابوون ڕاستیان بکەنەوە.
هەرێمى کوردستانیش ـ بەحوکمى هەبوونى چەندین ڕەوت و تەوژمى ئیسلامى و بەو حوکمەش کە زۆرینەى ئەم هەرێمە پەیڕەوى ئایینى ئیسلامن ـ پێویستى بە ئیسڵاح و چاکسازى ڕیشەیى ئایینى هەیە، بەهۆى هەبوونى هەندێ کەموکورتى و کەڵەکەبوونى ژمارەیەک بۆچوون و مامەڵە و ڕەفتارى نەشیاو لەگەڵ ڕۆحى قورئان و فەرموودەکانى پێغەمبەردا().
ئەگەر بوونى ژمارەیەک ڕەوت و بۆچوونى جیاواز بۆ ئایینى ئیسلام لە کوردستاندا لە چەند ساڵى ڕابروودا ڕۆڵ و کاریگەرى خۆیان هەبووە لەسەر کۆمەڵگەى کوردستانى، لە هەندێ بوار و قۆناغیشدا کاریگەرییان لەسەر دەسەڵات هەبووە و لە چەندین ڕووەوە خاڵى ئیجابى و نیشانەى زیندوویەتى کۆمەڵگە و حاڵەتە ئیسلامیییەکە بێت، ئەوا هەر ئەم فرەیى و پلۆرالیزمە بۆ تەفسیر و ڕاڤەى دەقە دینییەکان، دەکرێ کەموکورتى و خاڵى نێگەتیڤى بووبێت لەسەر کۆمەڵگە بەگشتى و موسڵمانان و تەوژمە ئیسلامییەکە بەتایبەتى، کە پێویستى بە بەخۆداچوونەوە و ڕاستکردنەوە و ئیسڵاحى دینى هەیە.
بەبڕواى بەندە، لە چەند ساڵى ڕابردوودا تەوژمە ئیسلامییەکەى کوردستان کە خۆى لە چەند لایەن و ڕەوتێکى وەک (یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزووتنەوە، سەلەفى، سۆفى، نوور، خەڵکە ئاییندارە ئاساییەکە)دا دەبینێتەوە، هیچ کامیان بە باشى و وەک پێویست بەرامبەرەکانى نەناسیووە و ئاگادارى ڕۆڵ و کاریگەرى و بەرنامە و ئەجێنداى پەیامدارانەى یەکتر نین، گەلێک جاریش نەیانتوانیوە مامەڵەیەکى لۆژیکى و تەبا لەگەڵ ڕۆحى دیندارى و فرەیى و جیاوزاى بۆچوونەکانى یەکدیدا بکەن، بۆیە لە هەندێ قۆناغدا تووشى پێکدادانى فیکرى و هەڵچوونى ئیحساسات و ناهاوسەنگى لە هەڵسەنگاندنى یەکتردا بوون، ئەمەش زیانى لە کۆى پرۆسە ئاییندارییەکە داوە، چ لە ئەندام و لایەنگرەکانى خۆیان و چ لە خەڵکە ئاساییە دیندارە عادەتى و ئاساییەکە، کە دیندارى عادەتى دەکەن و ڕەنگە لە هەندێ قۆناغ و کاتدا بەرگەى ئەو جیاوازى بۆچوونانەیان نەگرتبێت و تووشى تێڕوانین و خوێندنەوەى هەڵە بووبن بۆ خودى دین و کاریگەرى و جێکەوتەکانى دین لەسەر پەروەردە و هۆشیارى تاک.
بۆ چارەسەرکردنى ئەو حاڵەتە نەخوازراوە و دەربازبوون لەو قەیرانى لێکحاڵى نەبوون و دوورە پەرێزییەى ڕەوت و لایەنەکان و هەنگاوى سەرەتاى ئیسڵاحى دینى، بە بڕواى بەندە پێویستترین و باشترین کار لەم قۆناغەدا بریتییە لە (گفتوگۆى ناوخۆیى) و پەنجە خستنە سەر ئەو خاڵانەى کە لاى هەمووان خاڵى هاوبەشى ئیجابى یان خاڵى پێچەوانەى سەلبین، واتە گفتوگۆى جددى لەسەر ئەو پرس و بابەتانەى کە لاى هەمووان مەقبول یان مەرفوزن، ئەنجامدانى گفتوگۆى بەردەوامیش لەم تەوەرانەدا، لایەنەکان دەگەیەنێت بە ڕێگە چارە بەردەوامەکان و خاڵەکانى لێکگەیشتنیان زیاتر دەکات.
پێویستە بەر لەوەى کە گفتوگۆکانیش دەست پێبکەن، هەموولا هەوڵ بدەن کۆمەڵێک بابەت و تەوەرى گرنگ لە زەینیاندا ئامادە بکەن کە بەرامبەرەکانیش لەو خاڵانەدا لەگەڵیاندا کۆک و هاوڕابن، بۆ ئەوەى کەش و زەمینەى گفتوگۆیەکى ئارام بڕەخسێنن و لەوێوە دەست پێ بکەن و یەکتر ناچار بە گوێگرتن لە یەکدى بکەن، دواتر دەست بکەن بە ئاڵوگۆڕى بۆچوونەکان و پرسیار کردن لەو بابەت و تەوەرانەى کە ڕاى جیاوازیان لە سەریان هەیە.
پێویستە هەوڵ بدەن لە بەیەکگەیشتنى سەرەتادا زیاتر قسەى جددى و بابەتى (کُلِى) هەمەکى بخەنە ڕوو، کەمتر قسەى لاوەکى بکەن و دەستهەڵگرن لە بابەتە کەمەکى (جُزئى)یەکان و پێداگرى کردن لەسەر سەلماندنى ڕا و بۆچوونى خۆیان، بۆ ئەوەى دەرفەت بە یەکتر بدەن بۆچوونەکانى خۆیان بە باشى و وەک پێویست دەربڕن، بەمەش دەرگاى گفتوگۆکە بە کراوەیى دەهێڵنەوە و کەشێکى هێور و هاوسەنگ دەڕەخسێنن، باشتر وایە لە گفتوگۆ سەرەتاییەکاندا ئەوە نیشان بدەن کە ئێمەش لەو بابەتەدا هاوڕاین لەگەڵ ئێوەدا و پشتیوانیتان لێدەکەین.
کارێکى باش و پێویستە ئەگەر هەر لایەنێکیان هەستیان بەوە کرد کە خەریکە گفتوگۆکە دەگاتە تەنگەبەر و دەرگا کڵۆمدراوەکان، ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ وەستاندنى کاتى گفتوگۆکە و بیانوویەک دەست بخەن بۆ ئەوەى لەو شوێنەدا بووەستن و جارێکى دیکە و لە نزیکترین و گونجاوترین دەرفەتدا بە ئامادەییەکى زەینى و دەروونى باشترەوە دەست پێبکەنەوە.
تێکڕاى لایەن و ڕەوتەکان بەر لەوەى بچنە ناو هەر پرۆسەیەکى گفتوگۆوە، پێویستە لەوە دڵنیابن کە بەرامبەرەکەیان نە دوژمنە و نە فریشتەیەکى بێ گوناهە و نە شەیتانێکى بێ چاکە و جوانییە، نە ئامێرێکیشە کە دەستەمۆى ئەوان بێت و هەرچى و هەر چۆنیان ویست و بیانەوێت، لایەنى بەرامبەر پێى پەسەند بێت و (بەڵێ قوربان!)یان بۆ بکات و وابزانێت لە هەموو قسە بۆچوونەکانیان تێدەگات و مەبەستەکەیان بە باشى و بە جوانى هەڵدەسەنگێنێ.
پێویسە هەمووان لە کاتى گفتوگۆکاندا بە باشى و بە جوانى گوێ بگرن و قسە بکەن و ئاگایان لەو دەستەواژە و دەربڕینانەیان بێت کە بەکاریان دەهێنن، چونکە لەوانەیە دەستەواژەیەکى زبر و دەربڕینێکى نەشیاو ببێتە ڕێگرێکى گەورە و کۆسپێکى سەخت لەبەردەم گەیاندنى پەیام و مەبەستەکەیاندا و وا بکات بەرامبەرەکەیان بە هیچ شێوەیەک ئامادەى گوێگرتن و گفتوگۆ نەبن لەگەڵیاندا، دەبێ لە شیکار و لێکدانەوەکانیشیاندا بۆ ڕا و بۆچوونەکانى یەکدى، ویژدان و عەدالەت بەکار بهێنن.
زۆر گرنگە بۆ هەموو لایەک ئەوە بزانن لە هەموو گفتوگۆیەکى دوو لایەن یان چەند لایەنەدا، بابەتێک یان چەند بابەتێکى دیار و نادیار هەیە، بۆیە پێویستە هەوڵى زۆر جددى بدەن بابەت و شتە نادیار و شارەوەکان بناسن و ئەوانەشیان کە دیار و ئاشکران لەگەڵ یەکدى بەراوردیان بکەن و خاڵى هاوبەشى نێوانیان بدۆزنەوە، لە خستنەڕووى ڕا و بۆچوونەکانیشیاندا پەلە نەکەن و نەیانەوێ کە خێرا بۆچوونەکانیان پەسەند بکرێن و هیچ نەیارى و ڕکەبەرییەکیان نەکرێت و بەرپەرچ نەدرێنەوە، ئەگەر هەڵەبوونى بۆچوونێکى خۆیان بۆ دەرکەوت، ئەوە زۆر بوێرانە دان بە هەڵەکەیاندا بنێن و پۆزش بهێننەوە، ئاگاداربن بە هیچ شێوەیەک و لە پێناوى هیچ شتێکدا ڕەفتارێک نەنوێنن یان قسەیەک نەکەن کە ببێتە هۆى داخستنى دەرگاى گفتوگۆ و لەیەکگەیشتن و بەمەش لە یەکدى دوور بکەونەوە، نابێ هیچ کاتێکیش بە شێوەیەکى گشتى و ڕەها، کەس و لایەنێک ڕا و بۆچوونى بەرامبەرەکەى ڕەد بکاتەوە و هەموو بۆچوونەکانى بە هەڵە بزانێت، ئەگەرچى هەڵەش بن، بۆ ئەوەى دەرفەتى گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەکەیان بەردەوام بێت و هەمیشە داواى ڕوونکردنەوە و شیکردنەوەى زیاتر لە بەرامبەرەکەیان بکەن.
خستنە ڕووى ئەم پرسە و وروژاندنى ئەم بابەتە هەنووکەییە لەم ساتەوەختەدا، وەک دڵسۆزى نواندن و بەجێهێنانى بەشێک لە ئەرک و بەرپرسیارێتى ئەخلاقیمان بوو بەرامبەر سەرجەم لایەن و ڕەوتە ئیسلامییەکانى کوردستان، بەو ئومێدەى ببێتە هەنگاوێک بۆ بێدارییەکى ئیسلامى بەتینتر و پێکەوەژیانێکى بەچێژتر و خزمەت و خەباتێکى بەرهەمدارتر و خوێندنەوە و لێکدانەوەیەکى خۆماڵى تر و هەوڵێک بۆ ئاشتەوایى نێوان تەوژمە ئیسلامییەکە، دەخوازم ئەم هەوڵە خاکییانە ببێتە هۆى وروژاندنى زیاترى ئەم پرسە گرنگە و دەزگا و ناوەندە ڕۆشنبیرى و مەعریفى و ڕاگەیاندنەکانیش تەوەر و گفتوگۆى کراوەى بۆ ساز بکەن و کەسانى پسپۆڕ و شارەزا و ئەزمووندار و پەرۆشى لەسەر بدوێنن.
***
بۆچوونهکان