دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی واژۆکرانی گرێبەستیی هەناردەکردنی نەوت و گازی کوردستان بۆ تورکیا، حکوومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ناڕەزایەتییان نیشان دا.
"جێن ساکی"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا، لە کۆنگرەی ئاسایی رۆژانەی[٢٨ی نۆڤامبر]ی خۆیدا، لە وەڵامی پرسیاری هەواڵنێران سەبارەت بە گرێبەستە نەوتییەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا رایگەیاند کە "ئەمریکا بێ ڕەزامەندی حکوومەتی فێدراڵی عێراق، پشتیوانی هەناردەکردنی نەوت، لە لایەن هیچ کام لە بەشەکانی عێراق ناکات".
ناوبراو وتی کە واشینگتۆن هەوڵ دەدات تا حکوومەتی عێراقی فێدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر سیاسەتیی نەوتی بگەنە ئەنجامێکی هاوبەش و جگە لەمە وڵاتەکەی پابەند بە ڕەزامەندی حکوومەتی ناوەندی بۆ هەناردەکردنی نەوت بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتەیە.
بەر لەم لێدوانە، "عەلی مووسەوی"، وتەبێژی نووری مالکی، بە ئاژانسی فڕانس پڕێسی راگەیاندبوو کە بەغدا، هیچ چەشنە گرێبەستێکی نێوان هەولێر و ئانکارا بە فەرمی ناناسێ و بە سەبارەت بەو پرسە، لە رێگەی باڵوێزی تورکیاوە، ناڕەزایەتی عێراقی بە گوێی تورکان گەیاندووە.
بە گوتەی ناوبراو، ئەگەر تورکیا بێ رەزامەندی بەغدا، گرێبەستی یەک لایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆ بکات، پێوەندیی نێوان دوو وڵات تووشی خەساری جیددی دەبێ.
سەرچاوەکانی هەواڵ دوێنێ چوارشەممە[٢٧ی نۆڤامبر] بڵاویان کردەوە کە نێچیروان بارزانی و رەجەب تەیپ ئەردۆغان، لە کۆبوونەوەیەکی سێ کاتژمێریدا، گرێبەستێکی ٢٦ میلیارد دۆلاری تایبەت بە هەناردەکردنی نەوت و گازی سروشتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیایان واژۆ کردووە بەڵام ئێستا دەگوترێ ناڕەزایەتی بەغدا و واشینگتۆن مامەڵەکەی تووشی کێشە کردووە.
پێشووتر راگەیاندرابوو کە گرفتی سەرەکی حکوومەتی ناوەندی عێراق، داهاتی ئەو گرێبەستانەیە.
دەگوترێ کە تورکیا بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، پێشنیاری کردووە کە داهاتی نەوتی هەرێم لە بانکێکدا کۆبکرێتەوە و پاش جیاکردنەوەی بەشی هەرێمی کوردستان[لە سەدا ١٧]، باقی داهاتەکە رادەستی بەغدا بکرێ.
جێن ساکی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە وەڵامی پرسیارێکی پێوەندیداردا گوتی کە "ئێمە زانیاریمان لەسەر ئەو بابەتە نییە" و سیاسەتیی ئەمریکا لەسەر رەزامەندی حکوومەتی ناوەندی عێراق دووپات کردەوە.
بۆچوونهکان