به ئامادەبوونی بەرپرسی  بریکاریی ناوەندی زانایانی جەماعەت و هەروەها بەرپرسی بریکاریی ناوەندی پارێزگای کوردستان، ڕۆژی دووشەممە 7ی ڕەشەممە، کۆڕێک بۆ ڕێزلێنان لە له ڕاهێنەرانی پەروەرده و هاوەسەرانیان بەڕێوە چوو.

 

به پێی هەواڵی هەوالنێری ئیسلاح وێب له سنەوه، ڕەسول ئەبولموحەممەدی،  بەرپرسی بریکاریی زانایانی جەماعەت  لەو کۆبوونەوەیەدا گوتی: کاتێک لە ئیمام ئیبنوقەییوم سەبارەت به گرینگی و بەهای کەسێک پرسیار دەکەن، لە وڵامدا دەلێ: گرینگی و بەهای هەر کەسێک پێوەندی به چالاکی و توانستی ڕاهێنان و فێرکاری ئەو کەسەوە هەیە؛ چونکه ئەرکی ڕاهێنان و فێرکاری ئەرکێکی پیرۆزه و ژیانی ڕاهێنەر پڕ پیت و بەرەکەت دەکات.

ئەبولموحەممەدی هەروەها گوتی: ڕاهێنەر بەردی بناغەی دەعوەت، پەروەردە و فیرکارییە و باقی کارەکانی تریش بۆ قورس و قایی ئەو بناگەیە دەگەڕێتەوە و ئەگەر جەماعەتێک سیستمی پەروەردەکەی پڕ کەرەستە و ئەسبابی فێرکاری بێ بەڵام ڕاهێنەری به توانای نەبێ، به ئامانجێکی ئەوتۆ ناگات؛ چونکه ئەم ئەسباب و کەرەستانه تەنیا وەک ئامێرێک لە بەردەستی ڕاهێنەرانن.

لە درێژەدا گوتی: ڕاهێنەری سەرکەوتوو کەسێکە که، بە بەکارهێنانی بەجێ و شیاوی ئامێر و ئەسبابگەلی فێرکاری، بتوانێ زۆرترین کاریگەری و شوێنەوار لە سەر ڕەوشت و ئاکاری فێرکاران دابنێ.

حەسەن ڕەبانی، بەرپرسی بریکاریی  ڕاهێنانی جەماعەتیش لە پارێزگای کوردستان لەم ڕێوڕەسمەدا گوتی: هەموو ڕاهێنەرێک پێویستی به هاندان و پشتیوانی ئەندامانی بنەماڵەکەیەتی بۆ ئەوەی هاوکاری بکەن و بتوانێ بەرپرسایەتی و ئەرکی ڕاهێنانی خۆی بە سەرکەوتوی ڕاپەڕێنێ.  

ڕەبانی هەروەها گوتی: کاری ڕاهێنانی ڕاهێنەران لە ڕەوگە و بە وێنەی کاری پێغەمبەرانه که بەردەوام بۆ ڕێنوێنی و ڕاهێنانی تاکەکانی گەل و هۆزی خۆیان، دڵەڕاوکێیان هەبوو. کەوابوو ڕاهێناران پێویسته گرینگی و بەهای کاری خۆیان به باشی بزانن و به حەول و تێکۆشانی بەردەوام  ڕۆل و شکۆی خۆیان لەبەرچاو بێ و لێی غافڵ نەبن.

لە درێژەدا گوتی: جێی خۆیەتی بۆ خێزان و ئەندامانی بنەماڵەی ڕاهێنەران ئەوپەڕی سپاس و پێزانینمان هەبێ کە بەه هاوکاری و پشتیوانی خۆیان هەل و بەستێنی چالاکی ڕاهێنەرانیان پێک هێناوە.

شایانی باسه لە ڕێبەندانی ئەمسالدا بۆ ڕێزگرتن لە ڕاهێنەرانی نموونه، به وێنەی ئەو ڕێوڕەسمە، لە شارەکانی مەریوان و سەروابادیش بەرێوەچوو.