خوای پەروەردگار ئادەمیزادی بەجۆرێ دروست کردووە کە بە تەنیاو بەبێ کۆمەڵ ناتوانێ بژی و ھۆیەکانی ژیانی بۆپێک نایەت، لەبەر ئەمەیە (ابن خلدون) لە (مقدمە) کەی دا ئەڵێ:(کۆمەڵ بۆ ئادەمیزاد شتێکی پێویستی یە) وە ئەڵێن: ئادەمیزاد بە پێ ی سروشت شارستانی یە. ئەمە لەلایەکەوە وەلەلایەکی ترەوە ھەموو بیروباوەڕو بەرنامەیەک پێویستی ھەیە بە کۆمەڵێ لە دەوری کۆبینەوەو، لێ ی تێ بگەن و، بڵاوی بکەنەوە بەناو مرۆڤەکانا، وە بەپێ ی زۆری و پتەوی کۆمەڵ و، ئەندازەی تێ گەیشتن و راستی و دڵسۆزیان بۆ بەرنامەکە، نرخ و بایەخ بۆ ئەو بیر و باوەڕە دائەنرێ و خەڵکی تێ ی ئەھورۆژێن و پەرە تەسێنێ و بڵاوە ئەکاو جێ گیر ئەبێ.

ئایینی ئیسلام لە ھەموان زیاتر گرنگی داوە بەم ڕووەو لێ ی دواوەو نەخشەی تەواوی بۆ کێشاوە، وە بەھۆی ئەو کۆمەڵ و یەکێتی یە ڕاستیەوە بوو توانی لە ماوەیەکی زۆر کەما بەشی زۆری زەوی دابگرێتەوە، ئایینی ئیسلام زۆر ھەوڵی داوە و ڕێگای زۆری داناوە بۆ ئەوەی موسڵمانان یەک و یەک کۆمەڵ و بەیەکا شێلراوو ڕاست بن و ، جیاوازی و ناڕێکی و یەرتە وازەیی یان لە ناوا نەبێ، وە گەلێ ھەنگاوی گەورەگەورەی ناوە بۆ پێک ھێنانی یەکێتی بەتام و بۆ دروست کردنی کۆمەڵێکی گەورەی ئیسلامی و مرۆڤایەتی جیھانی ...لەوانە.

1-یەکێتی نەژاد:[1]

ئایینی ئیسلام، مروڤەکان – بەگشتی- ئەگێڕێتەوە بۆلای یەک سەرچاوەو ئەیان کا بەبەرەبابێک و بە ڕۆڵەی پیاو و ژنێ،بۆ ئەوەی ھەموو بەیەکەوە بن و ھەست بکەن بە خزمایەتی و یەکسانی یان و، کەسیان خۆی ھەڵ نەبڕێ و خۆی بەگەورەتر نەزانێ لەوانی تر، وەگەورەیی و بەرزیی و نزمی یان ئەگێرێتەوە بۆ سەر شتێکی شەخسی و تاییەتی، کە ئەو یەکێتی و کۆمەڵە یان  پتەوئەکاو گەشەی ئەداتێ، ئەوەیش بریتیە لە بەندەیی ڕاستەقینەی خواو، خۆ پاراستن لە خراپەو ھەوڵدان بۆ سودوو بەرژەوەندی گشتی. قورئان ئەفەرموێ:

«یاأیهاالناس إناخلقناکم من ذکر وأنثی و جعلناکم شعوبا وقبائل لتعارفوا ان اکرمکم عندالله أتقاکم» [2]

یانی: مروڤەکان، ئێمە ئێوەمان دروست کردووە لە پیاو و ژنێ(ادم و حوا)، وە کردومانن بەچەند گەل و نەتەوەو تیرەوە، بۆ ئەوەی بەیەکابژین و یارمەتی یەکتر بدەن. بەرێزترتان بەلای خواوە ئەوەتانە کە خواشناسی و خۆپاراستن و لە خوا ترسانی زیاتربێ، وەپێغەمبەری خوا- درودی لە سەر بێ- ئەی فەرموو: (موسڵمانەکان خواتان یەکەو ئاینینتان یەکە، ھەمووتان لە ئادەمن و ئادەمیش لە خاک دروست کراوە، کەستان لە کەس زیاتر و گەورەتر نیە، تەنیا بە لەخوا ترسان و خۆ لە خراپە لادان ئەبێ) (باشترین مروڤ ئەوەیە کە کەڵک و سوودی زیاتر بێ بۆ مروڤەکان) و قورئان ئەفەرموێ: (انماالمؤمنون اخوة)[3]

2. یەکێتی باوەڕ:

موسڵمانەکان ئەبێیەک باوەڕو یەک بڕوابن، ئەبێ تێکڕا باوەڕی ڕاستیان ھەبێ بەیەک خواو یەک پەروەردگار، ھەر ئەو بپەرستن و بەندایەتی و گەردن کەچی یان تەنیا بۆ ئەوبێ ھاوارو نزاو پەنایان ھەر بۆلای ئەو خوایە بێ. ھەر لەسەر بیر و باوەڕ و بەرنامەکەی ئەوبن و گوێ ڕایەڵی پێغەمبەر و قورئانەکەی ئەوبن و بەس، دەستوور و باو و یاساو نەرێت و پەیوەندی یەکانیان تەنیا لەو سەر چاوە ڕۆشنەوە وەرگرن، بێ گومان یەکێتی لەم پلەیەدا گرنگترین ھۆو ڕاستترین ڕێگەیە بۆ یەک گرتن و بۆ کۆمەڵایەتی مروڤ و موسڵمانەکان.

3. یەکێتی ئوممەت:

ئایینی ئیسلام موسڵمانەکان بەرز ئەکاتەوە لە جیاوازی یاندا، لە زمان و لە وولات و لە نەتەوە و لە ڕەنگ و ڕوو وێنەیانا. ھەموویان کۆ ئەکاتەوەو ئەیان کابەیەک کۆمەڵ، یەک لاشە، یەک ئوممەت، چونکە ئایین و باوەڕەکەیان یەکە( وان ھذه امتکم أمة واحدة و أنا ربکم فاعبدون)[4]

4. یەکێتی لە ماف و پێویستی یا:

ئایینی ئیسلام بە یەک چاو سەیری ھەموو موسڵمانەکان ئەکالە ماف و لە پێویستی یانا. شوانێک و پاشایەک، پیاوێک و ئافرەتێک، دەوڵەمەندێک و ھەژارێک و‌...ھتد...وەکو یەک وان لەپەرستن و بەندایەتی و لە ھەموو ئیش و کارێکاو جیاوازی یان نیە.

5. یەکێتی لەبەرابەری دادگاو لە بەجێ ھێنانی ھەقدا:

ئایینی ئیسلام فەرمان و یاساکانی بۆ ھەموو کەس وەک یەک بەجێ ئەھێنێ، وە وەکو یەک بەسەر ھەموو کەسا ئەدرێن، گەورەوبچوک و، ناسیاوو نەناس و، خزم و بێگانەو، واسیتەو بەرتیل نیە بە ھیچ کلۆجێ.

پێغەمبەری خوا – درودی لە سەر بێ – لە باسی بەجێ ھێنانی سنوڕو یاساو، لە سەندنی تۆڵەدا لە تاوانکارا ئەی فەرموو: (سوێندم بە خوا ئەگەر فاطیمەی کچی محمد دزی بکا دەستی ئەبڕم) وە قورئان ئەی فەرموو بە خێزانە خاوێنەکانی پێغەمبەر ھەر کام لە ئێوە ئیشی خراپ و ناڕەوابکا دووقات سزا ئەدرێت(یا نساء النبی من یأت منکن بفاحشة مبینه یضاعف لها العذاب ضعفین و کان ذلک علی الله یسیرا)[5]

وە بێجگە لەمانەیش لە گەلێ ڕووی ترەوە ئایینی ئیسلام یەکێتی مروڤایەتی پتەو ئەکاو بنکەی پۆڵایین و پتەوی بۆ دامەزرێنێ، کە بە ھیچ جۆرێ لەرەو لەرزەی لێوەنەیەت. وە ئەگەر بە ووردی سەیری پێویستی و خواپەرستی و بەندایەتی یەکان بکەین، ھەموویان لە سوودی خۆمان و گشتی و، لە بەرژەوەندی کۆمەڵا تەواو ئەبن، وەگوناە و یاساغ و قەدەغە کراوەکانیش ھەموویان کۆمەڵ تێک ئەدەن و ناشسرینی ئەکەن. کەوابو چەند ڕاستە کە بڵێن: ئایینی ئیسلام ئایینی یەکیەتی و کۆمەڵایەتی و بەیەکابوونە.

وە ئایەتەکانی قورئان و فەرمودەکانی پێغەمبەر بە زۆر شێۆە و ووشەی شیرین و بەتام داوای ئەم یەکێتی و بەیەکا بوون و کۆمەڵایەتی یەمان لێ ئەکەن؛ مژدەیان لەسەر ئەدەن و ھەڕەشە لە پێچەوانەکەیان ئەکەن.

[واعتصموا بحبل الله جمیعا و لا تفرقوا][6] (و لا تنازعوا فتفشلوا و تذهب ریحکم)[7] (والمؤمنون و المؤمنات بعضهم أولیاء بعض، یأمرون بالمعروف و ینهون عن المنکر)

(موسڵمانەکان وە کودانی شانەوان.) موسڵمانان لە ناو خۆیانا وەکو لاشەیەک وانە، ھەر کە پارچەیەکی ھاتە ئێش خەوو خۆراس لە ھەموو لاشە کە ھەراسان ئەبێ)[موسڵمانان وەکو بەشەکانی خانوو وانە ھەندێکیان ھەندێ تریان ڕائەگرن] وە گەلێکی تر لەم ڕووە وەولەم بابەتەوە کە لێرەدا جێ یان نابێتەوە.

وە لە لایەکی ترەوە ڕەووشت و خووی پەسەندی کردووە بە کۆڵەکەو پشتیوان بۆ ئەو یەکێتی و کۆمەڵایەتی یە، وەڕەووشتی شیرینی بەرز کردوەتەوە بەڕاەیەک، کە مروڤ بە ڕەووشتی جوان ئەگاتە پلەی پیاوچاکان و لە پێغەمبەرەوە نزیک ئەبێتەوە... ئەو ڕەووشتانەیش وەکو، حۆشەویستی، دۆستایەتی، ھاری کاری، ڕاستی، دلسۆزی، بەزەیی، سۆز، وەفا، ئەمینی، دەستەبەریی، دڵ و دەست و دەم و زمان شیرینی، ڕوو خۆشی و...

وەشان بە شانی ئەمانە، ئەچی بە کژی ئەو خوو ڕەووشتانەی ناڕێکی و دوو بەرەکی و جیاوازی و پەرتەوازەیی لەناو کۆمەڵا دروست ئەکەن و، کۆمەڵ ئەشێوێنن و جەنگ و ھەراوخراپکاری بەرپا ئەکەن، ئیسلام ئەچێ بەگژیاناو لە ڕەگ و ڕیشەدەریان ئەھێنێ. ئەوانەیش وەکو: کوشتن و بڕین و ، دەمارگیرێتی و، تیرە و نەتەوە پەرستی و، خۆ بە زل زانین و، دەست درێژی کردن بۆ سەر خوێن و لاشەو ناموس و ماڵ و ئایین و بیرو باوەڕ، وە وەکو: دزی و، داگیر کردن و غەش، فێڵ و، بەسووک سەیر کردن و، بە خراپە لێ دووان و، ناوو ناتۆرەی خراپ و، جاسوسی و، فیتنەیی و، گاڵتە پێ کردن.وە وەکوو: بەرتیل و، قومارو، وێنەیان...

بەڵگەی ئەمانە ئاشکران وھەموو کەس ئەیان زانێ. ئیسلام بەڕادەیەک مەبەستێتی موسڵمان کۆمەڵایەتی بێ و لەناو کۆمەڵا بژی و خۆی بە ئەندامێکی کۆمەڵی گەورەی ئیسلامی دابنێ، کە لە پەرستن و بەندایەتی کردنی شەخسی دا بە ناوی کۆمەڵەوە ئەدوێ و ئەخوێنێ وئەپاڕێتەوە...نابینی موسڵمان بابەتەنیا و لەشوێنی چۆڵابێ کە نوێژی کرد ئەبێ بڵێ:[ایاک نعبد و ایاک نستعین اھدنا الصراط المستقیم] یانی: خوایە ئێمە – واتە کۆمەڵی موسڵمان- ھەر بەندەیی تۆ ئەکەین و داوای یارمەتی ھەر لە تۆ ئەکەین. [السلام علینا و علی عباداللە الصالحین] واتە: سەلامی خوا لە سەر ئێمەو لەسەر ھەموو پیاوچاکەکانی خوابێ. [ربنا آتنا فی الدنیا حسنة و فی الاخرة حسنة و قنا عذاب النار] واتە: ئەی پەروەردگاری ئێمە لەم جیھانەو لە جیھانەکەی تریشا چاکەو شتی باشمان پێ ببەخشەو، لە ئاگری دۆزەخ بمان پارێزە.

دیسان دانانی نوێژی بە کۆمەڵ – جەماعەت- لە گەڕەکو دێدا ڕۆژێ پێنج جار، وە کۆ کردنەوەی موسڵمانان لە نوێژی(جمعە) دا ھەفتەی جارێ و ،؟ لە نوێژی جەژنەکانا ساڵی دوو جارو، کۆ کردنەوەی موسڵمانان لە ھەموو لایەکەوە لە مەکەدا بەبۆنەی حەجەوە ساڵی جارێ، ئەمانە بەڵگەو نمونەی کۆمەڵایەتی و یەکێتی ئیسلام و موسڵمانان ئەخاتە بەردەست.

بەم پێ یە ئایینی ئیسلام داوا ئەکات لە موسڵمانان کە یەک بن و، بەیەکەوە بن و، کۆمەڵێکی گەورەی ڕێک و پێک و پتەو پێک بینن و، ئەبێ ھەموویان بەشدار بن لەو کۆمەڵەداو ھاوکاری تیا بکەن، وە بۆ ھیچ موسڵمانێ دروست نی یە خۆی لە کومەڵ جیا بکاتەوە و دوورە پەرێز بوەستێ و، ھەقی بەسەر ھیچ شتێکی موسڵمانانەوە نەبێ، با بەناوی خوا پەرستیشەوە بێ پێغەمبەری خوا – درودی لە سەر بێ- فەرمویەتی( ھەرکەسێ کەمتەر خەم بێ و کاروباری موسڵمانان بە گرنگ نەگرێ، ئەوە لە موسڵمانان نیە).

وە فەرموویە: (ھەر کەس گوێ ڕایەڵی نەکاو لە کۆمەڵی موسڵمانان دەرچێ کە مرد بە نەفامێتی ئەمرێ)[8] واتە موسڵمان نیە ئەگەر نەگەڕێتەوە ۆ ناو کۆمەڵی موسڵمانان لەپێش مردنیا.

ئەوەتە لە فەرمودەکەی بەردەممانایە: (فەرمانتان پیا ئەدەم بە پێنج شت: بە کۆمەڵایەتی و بەیەکابوون... ھەرکەسێ ئەوەندەی بستێ لە کۆمەڵ دوور کەوتەوە ئەوە پەیمانی ئیسلامی لە مڵی خۆی دەرھێناوە مەگەر بگەڕێتەوە سەری) واتە بێتەوە ناو کۆمەڵ. 

----------------

[1] بۆ درێژەی ئەمە بگەڕێرەوە بۆ باسی مروڤ لەبەشی یەکەم لە تەفسیرەکە.

[2] حجرات

[3] حجرات

[4] سورەتی (الانبیاء)

[5] سورەتی(الاحزاب)

[6]  آل عمران

[7] التوبة

[8]  مسلم لە(صحیح)دا ڕیوایەتی کردەوە.