نێچیرڤان بارزانی، ڕاسپێردراوی پارتی بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی نوێ له‌ مه‌کۆی سه‌ره‌کی بزووتنه‌وه‌ی گۆران ئه‌مڕۆ  له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا، ڕێکخه‌ری گشتیی ئه‌و لایه‌نه‌ دیداری کرد بۆ باس له‌سه‌ر پێکهێنانی کابینه‌ی نوێ.

پێش ئه‌م سه‌ردانه‌ نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح له‌باره‌ی پێکهێنانی کابینه‌ی نوێ گفتوگۆی کرد‌.

پاش کۆبوونه‌وه‌که‌ بارزانی و نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ پرێس کۆنفرانسێکدا ئه‌نجامی گفتوگۆکانیان بۆ هه‌واڵنێران باس کرد.

ڕێکخه‌ری گشتیی گۆران وێڕای به‌ ئیجابی وه‌سفکردنی کۆبوونه‌وه‌که،‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که‌ له‌گه‌ڵ پارتی ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک خاڵی هاوبه‌ش که‌ ده‌کرێت بیکه‌ن به‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی قۆناغێکی تازه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی کوردستان.

وتیشی که‌ له‌وه‌ی باسیان کردووه‌، هیچ خاڵێکی ئه‌وتۆی ناکۆک له‌ نێوان دوو لایه‌ن نه‌بووه‌ و خاڵی هاوبه‌ش بووه‌ که‌ ده‌کرێت له‌سه‌ری ڕێکبکه‌ون.

نه‌وشیروان مسته‌فا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش کرده‌‌وه‌ که‌ به‌لایا‌نه‌وه‌ گرینگه‌ که‌ پێش هه‌ر شتێک له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌کی هاوبه‌ش بۆ حکوومه‌تی داهاتوو و هه‌روه‌ها میکانیزمێک بۆ جێبه‌جێ کردنی ئه‌و کارنامه‌یه‌، ڕێکبکه‌ون.

سه‌باره‌ت به‌ به‌شدارییان له‌ حکوومه‌تی بنکه‌فراواندا، نه‌وشیروان مسته‌فا وتی: ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای گفتوگۆکانه‌ و ئه‌وه‌ به‌ کراوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی دیدار و گفتوگۆکان له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فای به‌ ئیجابی راگه‌یاند و وتیشی: دوو لایه‌ن بیر و بۆچوونی نێزیکیان له‌گه‌ڵ یه‌کتر هه‌یه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا که‌ پارتی و گۆڕان بڕیاریان داوه‌ دواتر لێژنه‌یه‌ک دابنێن بۆ چوونه‌ ناو ورده‌کاری ئه‌و بابه‌تانه‌ی باسیان لێوه‌ کردووه‌.

بارزانی ڕاشیگه‌یاند که‌ به‌رده‌وام ده‌بێ له‌ هه‌وڵه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زووترین کات حکوومه‌ت پێکبهێنن.