.: وێنە و ئەنیمەیشێنی ئامێرەکان لە کۆتایی دا هێنراوون  :.

رەنگە بەبینی سەردێڕی ئەو بابەتە و خوێندنەوەی بابەتەکە، وا  بیرکەنەوە کە رەنگە بە هەڵە چووبن کە ئەو بابەتە زانستی ئەندازیاریە یان زانستی کۆمەڵایەتیه.

کاتێک باس لە رۆبات و تکنولۆژیا دەکرێت ئەوەی  دێتە بیرمان  وەڵاتانی رۆژ ئاوا و رۆژهەڵات بە تایبەت ژاپۆن و ئەمریکان.

رەنگە وابیرکەینەوە دەبێت نازناوی "باوکی ئەندازیاری رۆبۆت"یش هەر لە ئەو وەڵاتانە بێت.

بەڵام ئەو کەسە کوردە لاوێکی خەڵکی دیاربەکر(ئامێد)ی زانست پەروەر بە ناوی "ئەلجەزەری"ه .

ئەلجەزەری کەسێکی ناسراوو و لەلایەن ئەندازیاران باوەڕ پێکرووە و زانایانێکی زۆر  و لە زانکۆیانێکی گەورە ، وەکو زانکۆ مەنچیستێری ئینگلیس  ، کاتێکی زۆریان لەسەر کارەکانی ئەلجەزەری داناوە.

لێکۆڵینەوەکان لە درێژایی 50ساڵی رابردوودا ئەوەی دەرخستوە کە کردەوەکانی زانایان و ئەندازیاران لە سەردەمی کەلاسیکی شارستانیەتی ئیسلامی (سەردەمی زێرینی ئیسلامی) بەشێکی بەرچاوویان لە پێشکەوتنی ئەندازیاری جیهانی دا هەبووە و بەشێک لە دەستکەوتنەکانیان لە رێگای وەڵاتانی ئیسپانیا و ئیتالیا و لە درێژەی شەرەکانی سەلیبی(Crusades) بە ئوروپا گێشتووه.

بە دوو هۆ ئەو دستکەوتنانە بە باشی نەناسراوون.

1- زۆربە ئەندازیاران کارەکانیان بە باشی کردووە و کەرەستەکان ساز کردووە ، بەڵام شروڤەکەیان نەنووسیوە ؛ یان بە واتاێیکی دیکە دەستکەوتنەکەیان بڵاو نەکردۆتەوە ؛ تەنیا زانیاری و لێزانیان، بەبێ نووسین و ریکورد کردن ،لە وەستا بۆ شاگرد گوێزراوەتەوە.

2- ئەو شتانەی کە لێشیان بە جێ ماوە کتێبانێکی دەست نووسراوون(Manuscript) کە یان نیوەکارن یان بۆ خوێندنەوە نابن.

لە گرینگترینی ئەو  نووسراوانە کە زانایان بۆ لێکۆڵینەوەکانیان کەڵکیان ڵێوەردگرتوون ؛که هێندێکیان بە زمانە ئوروپاییەکان وەرگەراونەوە ؛ دەتوانین ئاماژە بە ئەوانە بکەین:

1- کتێبی "الحیال" کە سەبارەت بە  کەرەستە هۆشمەندە مکانیکیەکانە(Ingenious Mechanical) بە واتای ئەمرۆیی سەبارەت بە ئەندازیاری کۆنترۆڵە، لە نووسینی کورەکانی مووسا کوری شاکری خوراسانی کە لە ساڵی 830 زایینی لە بەغداد نووسراوە.

ئەو کورانە سێ برا بە ناوی ئەحمەد و موحەممەد و  حەسەن بوون کە ئەحمەد ئەندازیازێکی زۆر لێهاتوو بووە.

لە سەردەمی یۆنانی کۆن دا بە زانستی میکانیک "میخانبقۆن" دەگوترا کە له سەردەمی زێرینی ئیسلامیش بە "علم الحیل" ناوبراووە.

ئەو کتێبە لە مۆزەی واتیکانی ئیتالیا و مۆزەی برلینی ئاڵمانیا و مۆزەی تۆپکاپی تورکیا ئاگاداری لێدەکرێت

ئەو کتێبە نزیک سەد کەرەستەی ئەندازیاری وەکو سەماوەر و پۆمپی ئاو تێیدا باس کراووە.

لە ساڵی 1979ی زایینی دۆناڵد ئاڕ هیڵ(Donald R.Hill) بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەریگەراندۆتەوە.

2- کتێبی " الطرق السنیه فی الالات الروحانیه"  لە نوسینی تەقی ئەلدین کوری مەعروف(تقی الدین بن معروف) کە لە ساڵی 155ی زایینی لە دیمیشقی سوریا نوسراووە.

ئەو کتێبەش چەندین کەرەستەی بەکەڵکی ئەندازیاری ، بە وێنە ، تێدایە.

ئەو کتێبە تاکو ئێستا بە زمانی ئینگلیزی وەرنەگەراوەتەوە.

3- کتێبی "الجامع بین العلم والعمل النافع فی الصناعه الحیل" ، کە ئەویش کتێبێکی سەبارەت بە هۆشی میکانیکی  کە ئەلجەزەری لە دەوروبەری ساڵی 1200ی زایینی لە دیاربەکر نوسیویەتی.

ئەو کتێبە لە چەند ساڵی رابردودا لە لایەن دۆناڵد ئاڕ هیڵ(Donald R.Hill) بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەرگەراوەتەوە.

بە ناوی "مبانی نظری و عملی مهندسی مکانیک در تمدن اسلامی"بۆ سەر زمانی فارسیش وەرگەراوەتەوە؛بە کوردیش بە ناوی "کتێبی فێربوونی ئامێرە گرینگە میکانیکیەکان" ناسراووه.

هەر وەها ئەو کتێبە بریتیە لە چۆنیەتی دروست کردن و کارکردنی زیاتر لە 50 کەرەستەی بەکەڵک کە بە وێنە و شروڤە جوان بەیان کراوون ، وەکو کاتژمێری ئاوی و مۆمی ، پیت و تاڤگەی خۆگه‌ڕ ، کەرەستەی گەیاندنی ئاو  وەکو پۆمپ و ئاو هەڵگر  ، قفڵی رەمزی ،شمشاڵی خۆگڕ و زۆر شتی دی.

ئەو کتێبە لە گڕینگترین کتێبەکانی ئەندازیاری کۆنی جیهانییە.

بەڵام ئەلجەزەری کێیە؟

کورتە ژیاننامەی ئەلجەزەری:

ئەلجەزەری  ناوی تەواوی (بدیع الزمان ئەبولعز کوڕی ئیسماعیل کوڕی ڕەزاز) ناسراو بە (ئەلجەزەری) زانا و داهێنەر و ئەندازیاری میکانیکی و پیشەگەر و هونەرمەند و زانای بیرکاری ،کوردی خەڵکی دیاربەکر بووە.

ناوەکەی لە شوێنی لەدایکبوونەکەیەوە هاتووە کە جەزیرەی ئیبن عومەرە   کە ئێستا پێی دەڵێن جەزیرەی بۆتان لەسەر ڕووباری دیجلە یه. 

ئەویش وەکو باوکی ئەندازیار بووە لە کۆشکی ئارتوکلو(لە زەمانی حوکومەتی قەرا ئەرسەلان) کە شوێنی بنەماڵەی ئارتوکلوی شاری ماردین بووە کە ئەو بنەماڵەیە حوکمی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵیان کردووە ،لە ژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی زەنگی لە مووسڵ و دواتریش لە ژێر دەستەڵاتی سەڵاحەدینی ئەیوبیدا بوون. 

 ئەلجەزیری لە تۆر لەدایکبووە  کە ئێستا ناوچەیەکە سەر بە جەزیرەی بۆتان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیایه و لە دیاربەکر نیشتەجێ بووە و هەر لەوێ وەدوا خوێندن کەوتووە و تا ئەخری عومری لەوێ ماووە کە لە ساڵی 1206ی زاینی کوچی دوایی کردووە.

 ئەلجەزیری یەکێک بووه لە پیشەزانان و هونەر زانان و زیاتر لە ئەندازیارێکی چالاک دەچوو تا لە داهێنەرێک. 

کتێبەکەی بە ناوی (کتێبی فێربوونی ئامێرە گرنگە میکانیکیەکان) زۆر بەناوبانگ بووه کە تێیدا باسی لە چەندین ئامێری پێشکەوتوو کردووە هەروەها چەندین جار وتوویەتی کە لەو کتێبەیدا تەنها باسی لەو ئامێرانە کردووە کە خۆی درووستی کردوون. هەروەها کتێبەکەی زیاتر بە شێوازێکی مۆدێرن نووسراوە و زیاتر لە کتێبێکی پراکتیکی دەچێت.

پروفیسور یوسف ئەلحەسەنی توانیویەتی 15دانە لە ئەو کتێبە کۆکاتەوە.هەر وەها تاکو ئێستا سێ جار بۆ سەر زمانی فارسی وەرگەراوەتەوە کە کۆنتریان لە پاریس راگیراوە(واپێدەچێت مێژووی 125 ساڵەی هەبێت).

ئەلجەزەری ئەو کتێبە لە شەش بەش دا نووسیووە.

بەشی یەک ؛ کە سەبارەت بە جۆری سازکردنی کاتژمێرە کە بە ئاو و مۆم کار دەکەن.لەو بەشەیدا دە (10) جۆر کاتژمێری بەیان کردووە.

بەشی دووەم ؛ کە باسی جامی ئاو خواردنەوە و پەیکەری جۆراوجۆری میکانیکیه.لەو بەشەیدا باسی دە (10) کەرەستەی کردووە.بۆ نمونە یەکیان جامێکە کە لە گۆشەی کۆڕی شەربەت خواردنەوە دادنرێت و شەربەتی رەنگاورەنگ و جۆراوجۆری تێدەکەن و شێرەیەکی پێوەیە کە لەوێدا تەنیا یەک رەنگ دێتەخواری.

بەشی سێیەم ؛ باسی تەشت و ئافتاووەی جۆراوجۆرە کە لەوێشدا باسی دە (10) جۆری کردووە.بۆ نمونە ئافتاوەیەک کە ئاوی سارد و ئاوی گەرمی تێدەکەن و دەتوانرێت یەک جۆری ئاوی سارد یا ئاوی گەرم یا ئاوی مەیلەو گەرم بە شێرەکەی دا بێتەخوارێ.

بەشی چوارەم ؛ کە بەشی پیت(Fountain)ە کە لە کاتی دیاری کراوودا بڵیند و نەزم دەبێتەوە.هەروەها چۆنیەتی کارکردنی شمشاڵی خۆگڕ(Continual)یش باس کراووە. لەو بەشەدا دە (10) جۆری پیت و شمشاڵ باس کراوون.

لە بەشی پێنجەم ؛ دا باسی پێنج جۆر پۆمپی ئاو و ئاوهەڵگر لە چاڵاوو و چۆمدا  ، کراووە.

بەشی شەشەم ؛ سەبارەت بە کەرەستەی تێکەڵاووە کە پێنج ئامێری بەکەڵک ،  وەکۆ قفڵی رەمزدا کە رەمزەکەی لە دوازدە پیت پێکدێت ، باس کردوون.

پرۆفیسۆر ئەلحەسەنی دەڵێت "ئەڵجەزەری کەسێکی لێهاتوو و شارەزا بە ئەو شتانەی خەڵک پێویستی پێبوون ، بووە . هەروەها ئەو بە چاووی بەستراووە کاری پێشینیانی کۆپی(لاسا) نەدەکردوه. بە شارەزاییەوە لە کارەکانی پێشینیان کەڵکی وەردەگرتوه و هەموکات خۆی لە خزمەت پێشکەوتنی ئەندازیاری و جۆری ژیانی خەڵک دادەنا."

تاکوو ئێستا زۆر هەوڵدراووە کە کەرەستەکانی ئەلجەزەی دووبارە ساز بکرێنەوە.

ئەنیستیتۆی (institute)زانست ، تکنۆلۆجیا و شارستانیەتی یا (FSTC ) تورکیا کە بە سەرپەرستی پروفیسۆر سلیم ئەلحەسەنی (ماموستای زانکۆ مەنچیستر)کاردەکات زۆرترین کاتی بۆ دووبارە ساز کردنەوەی ئامێرەکانی ئەلجەزەری بە یارمەتی زانکۆی مەنچیستر داناوە.

یەکەم جار ئەو ئامێرانە لە پێشانگای ئەندازیاری و پێشه‌سازی کۆنی ئیسلامی(21 ژانویەی 2010) کە لە شوێنی مۆزەی زانستی لەندەن بەڕێوە چوو ، نیشان دران.

خولێکی کەی ئەو پێشانگایە لە 27ی مەی ساڵی 2011 ، لە سەنتەری زانستی کاڵیفۆرنیا لە شاری لۆس ئانجلس بەڕیوەچووە.( لەو پێشانگایانەدا  ئەکتەری بەناوبانگی فیلمی "گاندی" ، بێن کینگزلی ،  لە نەقشی ئەلجەزەری لە کورتە فیلمێک دەردەکەوێت و میوانەکان بە کەرەستەکان ئاشنا دەکات)

یەکێک لە بەر چاووترینیان "کاتژمێری فیلی"بووە کە بە  ئاوێ کاردەکات و هەر نیو کاتژمێڕ بە شێوەیەکی جوان کات نیشان دەدات.

(نمونەی تەواو دووبارەسازکراوی ئەو کاتژمێرە لە سەنتەری کڕینی ئیبنی بتوتەی دوبەی(Dubai) هەیە)

هەر وەها پڕۆژەی 1001 داهێنان کە پڕۆژەێەکی گەورەیه ، بە یارمەتی ئەنیستیتۆی FSTC و ئەنیستیتۆی  پاشماوەکانی ئیسلامی(Muslim Heritage) ، هەروەها ئەنیستیتۆی عەبدوللەتیف جەمیل(عبداللطیف جمیل) و بە یارمەتی دارایی گەورەی دەوڵەتەکان و بەکارگێڕی لە زانایان و ئەندازیارانی تەوای وەڵاتەکان بێ ڕەچاووگرتنی نەتەوە کە لە ساڵی 2006ی زایینی دەستی پێکرد، تەواوی ئامێرە گرینگەکانی ئەلجەزەریان بە شێوەیەکی مودێڕن و ئەمرۆیی دروست (Simulation and Re-Build)کردۆتەوە.

گرینگترین و بەرچاووترین داهێنانی ئەلجەزەری به‌له‌مێک(Boat) بووە کە چواردانە مۆسیقی ژنی دەستکرد (پەیکەری میکانیکی)، بۆ کۆڕەکان (زۆرتر کۆڕە شانشینەکان)مۆسیقیان لێدەدا.

تەواوی ئامێرە مۆسیقایەکەی بە شێوەی هیدرۆلیکی بوون. هەروەها  توانایی بەرنامە ڕێژیان هەبووە (Programmable).

هەر بەخاتری ئەوە ، یەکەم رۆبۆت بە شێوەی مرۆڤ ، کە توانایی بەرنامە رێژی هەبێت (Humanoid robot) لە داهێنانی ئەلجەزەریە ،کە لە دوایین ساتەکانی ژیانی توانی دروستی بکات.

لەبەر ئەوە ، ئەلجەزەری ، بە ڕای زۆڕبەی زانایان بە ناوی "باوکی ئەندازیاری رۆبۆتیک لە جیهان دا" ناسراووه.

لێرەدا دەبێت وەڵامی چەند پرسیارێک بدەینەوە:

ئەی بۆچی لەناو کورداندا بە باشی نەناسراووە؟

بەداخەوە ئاستی ئەندازیاری لە ناو کورداندا بە تایبەت لە سەدەی رابردودا لاواز بووە. هەرچەند لە ساڵانی رابردودا پێشکەوتنێکی  ئەوتوی بە خۆوە بینیوە بەڵام ئێستاش لە ئەو جێگەیە کەدەبێت ببێ نیە.

هۆکارانێکی زۆر کاریگەریان لە سەر ئەو کەموکۆڕییەدا هەبووە. وەکو بوواری ئابوری بەجێ ماو لە ناکۆکیەکانی هەرێمە کوردیەکان لەگەڵ وەڵاتانی ناوەندی و تێر نەکردنی هەستی ئەندازیاری لە ناو کۆمەڵگا و چونە دەرەوەی وەڵاتی لاوانی بەتوانا و نەگەرانەوە ، هەروەها کەمتر خەمی کارگێڕانی هەرێمەکان بووە.

یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانیش نەبوونی کتێبخانەی پسپۆری ئەندازیاری بە زمانی کوردی یان وەرنەگەرانەوە بۆ سەر زمانی کوردی یە.

کورد لە پێشکەوتنی ئاستی زانستی دونیادا بەشی هەبووه.

یەکێک لە هۆکارەکانێک کە ئەو بابەتە نوسراووە ئەوە بووە کە بڵێین کوردیش ، بەش بە حالی خۆی ، لە  پێشکەوتنی زانستی دونیادا بەشی هەبووە و هەشیەتی.

باسی " فرۆشتنی تکنۆلۆجیا " تەوەرێکی زۆرگرینگە کە دبێتە بووشایی ئابوری و کۆمەڵایەتی بە شێوەیەک کە  بۆ ئەو بوشاییە هیچ زیانێک یان هۆرتەوبەرەیەکی کە پێناودانیە.

بەداخەوە ئێستا ئەو بابەتە لە ناو  وەڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەراست دا نەماوە.

ئە وەڵاتانە تەنانەت دەکارکراوون.بەرهەمی تەکنۆلۆژیای وەڵاتانی دیکە بەکاردێنن و بوونە گەورەترین بازاری ئەو وەڵاتانە.

کۆمپانیایەک بە چەند لاوی ئەندازیار و پسپۆڕ لە ئاستێک لە خۆبڕوایی دایە کە دوا چەند ساڵێک بە دابین کردنی تکنۆلۆژیا و  هاتنە بازارەکانی ئێمە وەبەرهێنانێکی گەورە بۆ خۆیی و وەڵاتەکەی دابین دەکات.

دەمانهەوێ ئەوە بڵێین کە لە رابردوودا کەسانێک وەکو ئەلجەزەری مان هەبووە کە ئێستاش ئەندازیاران و کۆمپانیاکان لە تکنیکەکانی ئەو بۆ کارەکانیان کەڵک وەردەگرن.

هەر وەکو ئێستا کە ئێمه مێشکمان بۆ ئەوە ناچێت کە ئەو کەرەستەی ئەو وەڵاتە پێشکەوتووانە  چۆن کاردەکات .ئەو دەمیش هەر ئەو وەڵاتانە مێشکیان بۆ ئەوە نەدەچوو کە ئەلجەزەری چۆن ئەو شتانەی وە کو پۆمپی ئاو ،کاتژمێری فیلی و چەند شتی دیکە ،ساز کردوون.

هەرچەند لە گەڵ ئەوە یەک نین کە خۆمان لە ژێر سێبەری کردەووەی پێشێنیانمان وەشاریین و بۆ خۆمان دەست لە سەر دەست دانێین.

هەر وەک نیچە دەڵێت " دەبێت بەکاتی خۆی لە بیر بەینەوە و بە کاتیش وەبیر بێنینەوە"

توێژینەوەی رابردوو کاتێک بۆ ئێستامان بەکەڵکە کە زۆرتر لە نیاز کە ئەویش باوەڕهێنان بە تواناییەکانی خۆمانە لێی قووڵ نەبینەوە.

ئەوەش هەڵەیەکی گەورەیە کە وابیر کەینەوە خەڵکی وەڵاتانی دیکە لە گەڵ ئیمە جیاوازیان هەیە.وا بیریش نەکەینەوە کە بۆ دەست بە کار بوون دەبێت هەل و مەرجێکی زۆرمان بۆ دابین بکرێت و سەرمایەکی زۆرمان هەبێت جا ئەودەم دەبێت دەست بەکار بین.

هەر وە ک لە هێنری فۆردیان( بەرپرسی کۆمپانیای گەورەی ئەوتۆمبیلی فۆڕد) پرسی ئەگەر بۆ بەرەبەیانی تەواوی دارایی و کۆمپانیاکەت  نەمێنێت چی دەکەیت؟

وەڵامی دایەوە : دەچمەوە و دیسان لە سەرەتاوە دەست پێدەکەمەوە و چاوو لێدەکەم نیازی خەڵک چیە و زەحمەتی بۆ دەکێشم و بە قیمەتێکی گونجاوو سازی دەکەم و دوا پێنج ساڵ دەگەمەوە  جێگەی ئێستام".

کاتێک چاو لە ئابوری وەڵاتانی زل هێز دەکەین  گەورەیی ئەوان  لە پێناو خەڵک و کۆمپانیا گەورە کاندایە کە لە سەدا نەوەدیان لە دەست خەڵکە کەدان نە لە دەست دەوڵەت.ئەوانیش هەر لە ئاستێکی زۆر لاواز و سەرەتایی دا دەستیان بەکار کردووە و ئێستاش گێشتونە ئەو ئاستەیە.

بە فرۆشتنی تکنولوژیا وێڕای ئەوەیکە بۆ بووشایی ئابوری هیچ زیانێکی یان هەزینەییک نادەین ، بووشایی زانستی و کۆمەڵایەتیش رووی دەدا ، بەڵام بە بووشایی ئابووری لە رێگاکانی دی  ، وەکو سەرچاووە سروشتیەکان، بووشایی زانستی و بە تایبەت بووشایی کۆمەڵایەتی روی نادات(وێڕای ئەوەی کە بۆ بووشایی ئابوریش زیانێکی زۆری ژینگەیی و مرۆڤی دەدەین).

بەڕای خەڵک هۆکاری ئەو دواکەوتنەی ئێمە چییە؟

زۆربەی خەڵک ئاماژه بە ئەم چەند خاڵە دەکەن:

1-وەڵاتانی دەوروبەر کە دژ بە بەرژەوەندیەکانی ئێمە مامەڵە دەکەن

2-بێ توانایی خۆمان و ئەو راستیه کە بۆ خۆمان لە وەڵاتانی دیکە لە ئاستێکی خوارتر داین

3- هەڵکەوتی جوگرافیا و سروشتی کوردستان

4-بیرو و بڕوای خەڵک بە گشتی ئایین کە هۆکارێکی وەدوا کەوتنە.

سەبارەت بە یەکەم تا سێهەم  خاڵ ، دەبێ بگوترێ کە هەرگیز ئەو هۆیانە جێگە قەناعەت نین.وەڵاتانی دراوسێ رەنگە کاریگەرییەکی زۆریان هەبێت لە ئاستی پێشکەوتن دا بەڵام بە یەقین  ناتوانن ببنە هۆی پێشنەکەوتن.

هەروەها ئەوە هەلەیەکی زۆر گەورەیە بگوترێ ئێمە لە ئەو ئاستەدانیین کە خۆمان وەکو وەڵاتانی دی وەبەر هێنانی تکنۆلۆجیا بکەین.زۆریەک لە لاوانی ئێمە لە ئەم وەڵاتانەدا بوونە پسپۆرانێکی زۆر کارهاتوو و کاردەکەن.

هەڵکەوتی جۆگرافیای کوردستان لە زۆر بوارەوە باشترین هەکەوتی هەیە.

راددەی ئاوی ژیر حەرز و نەبوونی بیابان و کانی و سەرچاووە سروشتیەکان لە ئاستێکی باش دایە.هەرچەند نابێت لە سەر ئەو بڕوایە بین کە سروشت چۆنیەتی ژیانمان دابین بکات و کاریگەری خەرابی هەبێت و رێگری پێشکەوتنمان بێت.

تەنانەت هۆکاری چوارەم  دەمێنێتەوە کە زۆر جێی باسە.

کاتێک باس لە ئایین لە ناو کوردستان دەکەین زۆرتر مەبەست ئایینی ئیسلامە.

ئەو ئایینە لە کوردستان رابردووێکی زۆر قووڵی هەبووە و قسە لە سەری پێویستی بە بدواداچوونێکی زۆری هەیە.

خەلکی کوردستان لە ئەو تاقمانە بوون کە زۆرتریان بە دڵی خۆیان (کوێستانی بوونی کوردستانیش کاریگەری لە ئەو رووداوەدا هەبووە) بڕوایان بە ئیسلام هێناووە و بە درێژایی مێژوش خزمەتێکی زۆریان بە ئەو ئایینە کە خزمەت بە نەتەوە و بنەماڵەیە کردووە.

ئەوەی کە هێندێک خەڵکی ئەو سەردەمە ئایین بە هۆکاری ئەو کێشەیە دەزانن زۆرتر دەگەرێتەوە سەر چەند خاڵێک:

1-  کردەی ئەو کەسانەی کە بەناوی ئیسلام لە ئەو ماوەیەدا کاریان کردووە.

2- وەڵاتانی دراوسێ کە بە قسه (Apparently)موسولمانن و به ناوی ئایین کار دەکەن و کە کردەوەکانیان بە ناوی ئایین له قەڵەم دەدرێت

3- حیزب و لایەنە چالاکوانە کوردەکان کە بەداخەوە هێندێکیان لە حیزب و وەڵاتانی دیکە وەکو روسیا سەرچاوەیان وەرگرتووە یان لە دڕێژخایەندا  بەپێ بەرژەوەندیەکانیان لە مەرامنامە و هەڵویستیان گۆرانکاری بەدی هاتووە.خەڵکی کوردیش بە دڵی پاک بۆلایان دەچن بە واتایێکی دیکە تەنیا لەبەر "خەبات بۆ کوردستان " پێشوازیان لێ دەکەن نە لەبەر مەرامی فیکریان.

ئەو کێشەیە خەڵکی کوردستانی لە دوو رێگایی دا داناوە کە وادەنوێنێت کەسێک کورد بێت دەبێ لایەنگری لە ئەو حیزبانە بکات .چۆن مەرامی سەرەتایی هێندێک لە ئەو حیزبانە نێوانێکی زۆر باشی لەگەڵ ئایین نییە دەبێ ئەو کەسەش ئایینی نەبێت.

هەر وەها چۆن وەڵاتانی دراوسێ مافی گەلی کوردیان ژێر پێ ناوە و ئەو وەڵاتانە (بە زاهیر و بە قسه)بانگەشەی ئایین دەکەن ، کەسێک ئایینی بێت دیارە لە گەڵ کوردەکان نیە و لە گەڵ وەڵاتانی دراوسێیە. کە ئەو جۆرە بیرە دیارە زۆر هەڵەیە.

4-  تێکەڵ بوونی بەشێک لە بیرۆکە و عورف وگه‌له‌مپه‌ری کۆمەڵگای عەرەبی و فارسی و کوردی کە بە ناوی ئایین ناسراوون وەکو هەڵویست سەبارەت بە مافی ژن و زۆر شتی دی.

5- بە هەڵە تێگێشتن لە چەند شتی سەرەکی وەکو "مەرگ و ژیان" ، "قەناعەت لە ژیاندا " ،  "قیسمەت "  کە زۆر جێی باسە، "سەرنوشت یا  خوانووس (Fate)" یا  باسی فەقیری و دەوڵەمەندی.

 

بەداخەوە بە هەڵە لە ئایین تێگێشتن دەردێکە وێڕای بە دڵی پاک کارکردن ، کاردانەوەی زۆر خەرابی  لە رابردووی ئیسلامیەکان هەبووە.

بەڕای دین لە ماڵ دانیشتن و بە دڵ گرینگ دان بە رووداوەکان کەمترین ئاستی کاردانەوەیە ، ئەویش بۆ کەسێک کە بە راستی هیچی لە دەست نایە ، وەکو پیرێکی زەلیل و دەم بە مەرگ نە لاوێکی ساخ و سە ڵامەت.

ئەو کەمتر خەمییە لە رووداوەکانی هەفتاکان لە عێراق و هشتاکان لە ئێران وەبەرچاوو دەکەوێت.

ئەوەی راستی بێت هەڵەی ئیسلامیەکان بیانۆی داوەتە دەست ئەو کەسانەی بەدوای هۆکاری کێشەکاندا دەگەڕێن.

هەر بڕوایەک بەتایبەت ئایینی ئیسلام ئەگەر  لە ژیانی رۆژانەمان کاردانەوەی نەبێت  و تەنیا لە مێشکمان(memory) دا جێگیر بێت ، دەبێتە کێشەیەکی زۆر گەورە بە ناوی دووروویی(Hypocrisy).

ئەگەر هەوڵ نەدرێت بە زانیاری و هۆشیارییەوە بۆ ڵای نەچین ، بەدوو  هۆ  ،کاردانەوەی خەرابی لە سەر خۆمان و کۆمەڵگا و گشت ئایینیەکان دەبێت:

1-  ئەگەر هەوڵ نەدەین لە مێشکمان بیگوێزینەوە بۆ بیر و بڕوا و ژیانی رۆژانەمان ، لە درێژخایەندا ئەو کەسە بۆخۆشی لە ناو دڵی دا بڕوای بە ئایینەکە نامێنێت ، کە ئەوە دەبێتە ژانێک کە لە خەڵوەت کارێک دەکات و لە ناو خەڵک کارێکی دیکە دەکات. یان کاتێک به ئایین پایبەند دەبێت کە لە راستای بەرژەوەندیەکانی دابێت.

خەرابتر لە هەموان خۆشی بە گەورەترین دیندار دەزانێت و دەگاتە ئەو ئاستە کە بۆ خۆشی بڕوای بەکاری خۆی نامێنێت.

2- بە هۆی ئەوەی کە دین پرۆسە و پڕوژەیەکی درێژخایەنە و کاتی پێویسته لە دڵی کەسێک جێگیر بێت ، ئەگەر لەسەری هۆشیار نەبین و ئەو کەسە هەوڵ ندات زۆرترین لایەنەکانی بۆ شی بێتەوە ، لە درێژخایەندا هەر وەکو دەڵێن "لە سەر کوردە نامووسی" لە سەر ئایینەکە دەڕوات.

بە یەقین بۆی سەخت دەبێت قەبووڵ کات کە ئەو هەمو کاتەی بۆ ئایینەکەی داناوە هەموی بە فیڕوو چووە و ئەو لە سەر رێگەی خوار هەنگاوی ناوە ، جا ئەو کات دەبێتە کردەوەی هەڵە بە ناوی ئایین یا  لە ناکاوو  وەرگەڕانەوە دژ بە ئایین.

هەر دوو خاڵی سەرێ دەبێتە کاردانەوەی خەراب بەناوی ئایین. بە واتایێکی دیکە خەراب کردنی ناوی ئایینیە کان نە خەراب کردنی ئایین.

بەڵام کەسێک لە ئایین بەڕاستی تێبگات دەبێ بگاته ئاستێک کە پێیدەگوترێت ئاستی یەقین ، ئەویش ئاستێکە کە دەبێت بە تەواو مانا ئایین قەبووڵ کرێت ، نە بۆ بەرژەوەندیەکان و نە بۆ دووروویی و دەبێت ئەو کەسە هەوڵ دات بە توێژینەوە و  وەدواکەوتن زانیاری لە سەر ئایینەکە پەیداکات و گشت لایەنەکانی ئایینی بە زانیاری بۆخۆی یەک لایەن کاتەوە و بە ئەم بیرەوە بۆشی بچێت کە یەقینی بێت تەواوی لایەنەکانی بۆ جێبەجی دەبێت.

نە ئەو کەسە بەخاتری "حور"ی بەهەشت یان بەرژەوەندیەکانی بەهەشت یان خود  ترس لە جەهەننەم بۆلای ئایین بێت.ئەم کەسە هەرگیز لە ئایینەکەدا بە یەقین ناگات.

هەر  وەک دەگوترێت "پیاو ئەو پیاوەیە کە خوداوەند داوای وی بکات ،نه بۆ خوی داوا خوا بکات.

پیاو ئەو پیاوەیە کە بەهەشت داوای وی بکات، نە ئەو ئاوای بەهەشت بکات"

رەنگە ئەو وتەی دکتور عەلی شەریعەتی تۆزیک تووند بێت کە دەڵێ "ئەگەر ئایین لە ئەو دونیایەدا بەکارم نێیە ، بە یەقین لە دونیایەکی دیکەش بە کارم نایەت"

ئێمە ئەوە بە جۆرێکی دیکە بەیان دەکەین "ئەگەر ئایین نەتوانێت لە کەسێک گۆڕانکاری باش لە درێژەی بەرژەوەندیەکانی نەتەوە و میللەت و بە گشتی مرۆڤ دا دروست بکات ئەوە جارێ زۆری ماوە لە ئایین تێبگات و جارێ کردەوەکانی جێگەی قەناعەت بە ناوی ئایین نیە.

جوان و باش لە ئایین تێگێشتن سەرکەوتنێکی زۆر گەورەیە.بە تەنیا ئایینی بوون و بە بە تایبەت موسوڵمان بوون گرینگ نیە.

هەر وەک خوا لە ئایەتی 17ی سورەتی حوجورات دا باس لە وە دەکات کە ئەوەی کە ئێمە موسولمان بین جێی منەت نیە(لەسەردەمی موحەممد موستفا (د.خ) هێندێک لە موسولمانەکان بەهۆی ئیسلام هێنانیان منەتیان لە سەر دادەنا).

ئەگەر بەراستی ئایینی بین و لە ئایین تێبگەین جائەوکات دەزانین کە خوا دەبێت منەتمان لەسەر دانێت کە رێبوارمان بووە کە بە ئەو ئاستەی بگەین. 

ئایینی راستەقینە مروڤی بە کەڵک بۆ گشت مروڤیەت دروست دەکات کە بە رێگەی خۆیان باوەریان هەیە و بۆ بەرژەوەندیە نارەوایەکانیان لە سەر رێگایان لا نادەن.

کەسانێک وەکو سەید قوتب بەدی دێنێت کە پزیشکەکەی دەڵێت کاتێک پێیان گوت سپەی لە سێدارە دەدرێیت زوو کوتانی دڵی ئەوم گرت(pulsation) ، بینیم هەر تۆزیک گۆڕانکاری لە گەڵ ئاستی ئاسایی نەکردبوو.

لەو نمونانە زۆرن کە لە پێناو ئامانجەکانیان و وەدی هاتنی مرۆڤییەت خەباتیان کردوە و زیندان و شکەنجە و ڕای ناحەق نەبۆتە رێگریان.

کەسانێک وەکو قازی موحەممەد لە ژێر داری سێدارەش بە کردەوەکانیان خۆشحالن و لە ڕابردووی خۆیان وێڕای هەمو ناکۆکیەکان پەشیمان نین.

ئەوانە کەسانێکن کە دەرد و مەرهەمی خەڵک دەزانن و ئاماده نین کەسێک بە ناحەق لە سەر وان بکوژرێت.

کردەوەی ئەوانە جێگەی قەناعەتە ، نە ئەو کەسانەی تەنیا پایبەند بە ئەو بەشەی ئایینن کە لە راستای بەرژەوەندیە کانیان دایە یان تەنیا بۆ زاڵ بوون و حکومەت لە سەر خەڵک هاواری ئایین دەکەن.

لێرەدا مەبەست ئەوە نیە کە لایەنی خەتابار وەدەر خەەین یا بڵێین لایەنێک بێ خەتایە.

بەڵکۆ هەمو لایەنەکان بەش بە حاڵی خۆیان خەتابارن .  هەمومان بە هەر بیرۆکەیەک دەبێت هەوڵ دەین کۆمەڵگا پێشکەوێت کە یەکێک لە نیشانەکانی قەبووڵ کردنی یەکتر و باوەڕ بە شعووری خەڵکە بە هەر بیرۆکەیەک ، لە گەڵ یەک کارکردنە ، هەتا ئەگر بێرۆکەشمان دژ بە یەک بێت ، بە خاتری ئەوەی کە ئامانجێکی هاوبەشمان هەیە ئەویش پێشکەوتنی کۆمەڵگایە.

پەڕاوێژ و سەرچاووەکان:

1 - The Machines of Al-Jazari and Taqi Al-Din by Prof. Salim T S Al-Hassani

2 - Discover The Muslim Heritage In Our World , www.1001inventions.com/

3 - How Islam’s Golden Age Shaped the Modern World  , www.iipdigital.ait.org.tw

4 - www.robotics-engineering.ir/index.php/articles/57-al-jazari-father-of-robotics-world-sixth- century

5 - بررسی ناسیونالیسم از دیدگاه تاریخی و اسلامی / حیدر غلامی / نشر افق علم

6 - www.worldinformation.blogfa.com

7 - www.ruoh.blogfa.com

8 - www.en.wikipedia.org  - www.fa.wikipedia.org , www.ckb.wikipedia.org