ئاماژە: ماوەیەکە ئەم پرسیارە لە سەر زاران دێ و دەچێ و لە بڵاڤۆکان دا دەنوسرێ کە ئەرێ ئیسلام چی بۆ کورد کردووە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەش دا کە سانێک کەیان ئەوە تا، لە مێژوو بێ ئاگان و یان هەر خۆیان لەگێلی دەدەن و ئامانجێکی تایبەتیان هەیە، دەڵێن: ئیسلام نەک هەر هیچی بۆ کورد نەکردووە بەڵکە ئەگەر ئیسلامەتی و مسوڵمان لە ئارادا نەبان، کورد زۆر سەرکەوتوو دەبوو و خۆی کوتەنی پارووی دەرۆنی دەکەوت، جا لەم کورتە باسە دا دەمانهەوێ تیشکێک بخەینە سەرئەم باسەو راستی و ناراستی ئەم وەڵام و بۆچوونە هەڵسەنگێنین.

مێژوو دەڵێ بەر لە هاتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام هەموو خاکی کوردستان لەلایەن دوو دەوڵەتی گەورەی ئەوکات واتە لە لایەن ئیمپەراتۆری ئێران و ئیمپەراتۆری رۆمە وە داگیرکرابوو. بەشی رۆژهەڵاتی بەدەست ئێران و بەشی رۆژئاوای بەدەست رۆمەوە بوو. بەشمەینەتی کوردستان هەر ئەو داگیرکران و لێک دابڕانە نەبوو، بەڵکو زۆر جاران کوردستان دەبوو بە مەیدانی شەڕی نێوان ئەو دوو زلهێزە و هەر لایەکیان سەردەکوتن و لە یەکەی تریان ڕاو دەنا و کوردستانیان لێ دەسڕیەوە، کوردی ئەم شوێنەیان بە بیانوو و تاوانی یاریدەدانی دوژمن ئەشکەنجە و قەتڵ و عام دەکرد.

ڕوناکیرانی ئەودەمی کورد لە نێو ئەو ژێر چەپۆکەیی و بێدادیە دا بە دوای ڕزگاری دا وێڵ و عەوداڵ بوون و چونکی بەو زلهێزانەش نەدەوەستان چاوەڕوانی هەل و فرستەتێک و گۆڕانکاریەکی جیهانی یان ناوچەیی بوون کەبێتە پێش و تێیدا ڕزگار ببن و لە چەوسانەوە دەرچن.

ئەوان لەڕووی هەواڵی کتێبە ئاسمانێکانەوە کە بە گوێیان گەیشتبوو دەیانزانی کە ئاخرەمین دینی ئاسمانی بەو زووانە سەر هەڵدەدا و دەبێتە هۆی ڕزگاری گەلانی چەوساوە، بۆیە بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی پێغەمبەرایەتی پێغەمبەری ئیسلام –د- کەسانێکی زۆر لەوان کەوتنە رێ پێوان بەرەو مەکەی پیرۆز و خۆیان بەو بەڕێزە ناساند و تەنانەت هەندێکیان دواتر لە پاش رێکەوتنی «حدیبیە»دا بوو نە پێشمەرگەی پێغەمبەر و دایانە شاخ و خەڵکێکی زۆریان وێ هەڵڕوسکاو زۆر بوونی وان مەترسیەکی گەورەی بۆ قورەیشیەکان پێک هێنا و سەرەنجام بوو بە هۆی ئەوە کە رێک کەوتنی «حدیبیە» بە قازانجی مسوڵمانەکان تەواو بێ.

دیسان پاش هاتنی سوپای ئیسلام، لە چاخی جێنوشینایەتی حەزرەتی عومەردا، بە پێچەوانەی ئەوەی لە هەندێک کتێبی باوەڕپێکراو دانوسراوە، گەلی کورد بە ویستی خۆی ئایینی ئیسلامی وەرگرت و بۆ وەدیهێنانی ئاواتەکانی باوەشی پێدا کرد و بەو پێیە لەچەنگی خوێناوی دوژمنە دڕندەکانی ڕزگاری هات و خاکی کوردستانیش بۆوە یەک پارچە و لە پەتپەی و لەت لەتی و ڕمبازێنی دوژمنانی ڕزگاری هات.

جەواهیر لەعل نەهرۆ، لە کتیبی «نگاهی بە تاریخ جهان»دا گوتویە: «موحەممەدیش وەکو بنیات نەرانی هەندێ مەزەبی تر، پیاوێکی شۆڕشگێڕ بوو کە بۆ دژایەتی دەگەڵ زۆرێک لە داب و نەریتی نیزامی کۆمەڵایەتی راست بۆوە. رێبازێک کە ئەو خەڵکی بۆ بانگ هێشت، لەبەر ئەوە کە سادە و ساکار و بێ پێچ و پەنابوو و لە لایەکی تریشەوە ڕەنگی دێمۆکڕاسی و یەکسانی پیچوە دیار بوو، جەماوەری خەڵکی وڵاتانی هاوسێی بۆلای خۆی ڕاکێشا. چونکە ئەوان زۆر لە مێژ بوو لە ژێر دەسەڵاتی بێ ئەملا و ئەولای پادشا زۆردارەکان و ڕوحانی و پێشەوامەزەبی یە سەرەڕۆیەکان دا دەچەوسانەوە. ئەوان لەدەستی ڕژێمە کۆنەکان ڕاشلەژا بوون و بۆ گۆڕانکاری ئامادەبوون، و ئایینی ئیسلامیش ئەو هەل و مەرجەی بۆ ڕەخساندن و ئەوانیش پێشوازیان لێ دەکرد و...» (نگاهی بە تاریخ جهان، ب 1، ل 295)

نەگەیاند. هەربۆیە هەندێک لە سەرۆک هۆزەکان توانیان فەرمانڕەوایی خۆیان بەهەموو ئازەربایجان دا بڵاو بکەنەوە. (کردها و سرزمینشان ل63)

هەڵبەت ئێمە ناڵێین لەتەواوی ئەو سێزدەسەدەیە دا، ئەو یەکسانی و دادپەروەریەی لە ئایینی ئیسلام را هەیە، دابین کراوە و ئیتر هیچ خواری و لاری و زێنێک لە ئارا دانەبووە. چونکە خیلافەتی ئیسلامی لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ئومەویەکان (بنی ئومەییە) گۆڕدرا بە سەڵتەنەت و میرایەتی و ئیتر لەوکاتەوە حکوومەتەکان لەسەر بنەمای ڕاوێژ (شورا) و دەنگدانی خەڵک هەڵنەدەبژێردران، بەڵکە میرەکان بێ پرس و ڕا بە خەڵک جێنوشینیان بۆ خۆیان دیاری دەکرد، ئەوەش خۆی زوڵمێکە نەک هەرلە گەلی کورد بگرە لەگەلانی ترو تێکرای خەڵکیش، بەڵام مەبەستمان ئەوەیە خزمەت و خەیانەتی مسوڵمان و نامسوڵمانان بەگەلی کورد هەڵسەنگێنین و بیسەلمێنین کە لەوبارە وە داوەری نادروست و پێچەوانەی ڕاستە قینە کراوە.

ئەمجار مێژوو پێمان دەڵی کەلە دەورانی ئەو میرو حکوومەتە ئیسلامیانە دا نەک هەر کوردوستان یەکپارچە و گەلی کورد ئاسوودە و حەساوە بوە، بەڵکە لەوماوەدا مافی ئەوەی پێ دراوە کە دەوڵەت پێک بێنێ و کاروباری خۆی بەدەستی خۆ هەڵسووڕێنێ و تەنانەت توانیویە لەو ماوەدا پتر لە (60)دەوڵەت بۆ خۆی دروست بکا و ئیدارەی وەزعی خۆی بکات، لەوانە دەتوانین بە میری و حکوومەتەکانی وەک: بابانییەکان، میرانی دیاربەکر، فەرمانرەوایانی دینەوەرو هی تر کە من پێم وایە ئەو میری یانە لە جۆری ئەو فیدڕاڵیەتە بوون کە ئەمرۆ داوای دەکرێ.

بەڵام پاش ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی و لە یەک هەڵبڕانی دین و سیاسەت و بێ دەسەڵات بوونی مسوڵمانان کورد و کوردستان چی بە سەرهات؟

مێژوو دەڵێ: پاش شەڕی گەورەی یەکەمی جیهانی، لە پەیمانی «سایکس - پیکو»دا کە لایەن ئینگلیزو فەڕانسەوە بەسترا، کوردستانیش لە نێو غەنیمەت و دەسکەوتی شەڕدا دابەش کرا و دواتر بە دروست بوونی دەوڵەتانی ناوچە بۆوە بە چوار پارچە و تەنانەت وەک عەلائەدین سەجادی دەنووسی «لە پاش پەیمانی "لۆزان" زیاتر لە بیست هەزار کوردێک کەوتنە بەر کۆمازەکانی سۆفیاتی» (ل 18).

بەڵی هەرکە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست کەوتە وە دەست نامسوڵمانان کوردستانیش وەک زەمانی پێش هاتنی ئیسلام لەت لەت کرایەوە و تەنانەت ئەم جارە کردیان بە سێ- چوار پارچە و هەر پارچەیەکیشیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان پێشکەش بە نەتەوە و وڵاتیچک کرد، کە ئیستاش ئەو لێک دابڕانە، هەردرێژەی هەیە و ئیتر ئەگەر بە هەر هۆیەک پێیان ڕەوانەدی بیکەن بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، پێشیان ڕەوانەدی لانی کەم لە یەکتری هەڵنەبڕن و ئەگەر هەر دەشی بەخشن بە سەربەیەکەوە بیبەخشن!!

دیسانەوە جێی خۆیەتی بپرسین دوای هاتنە ناوەوەی مەسەلەی نەتەوایەتی و پێک هاتنی کۆمەڵەی جۆراوجۆر و سەر هەڵدانی شۆڕشەکان کی بۆ کورد تێکۆشاوە کی زەبری لێ داوە؟

1- کێ پەیمانی «سێور»ی هەڵوەشاندەوە کە هەندێک هیوای گەلی کوردی تێدا بەدی دەکرا؟ «لە 24ی ژووئیەی (1993) دا پاش وتو وێژێکی دوور و درێژ پەیمانی "لۆزان" بەسترا و بە پێی ئەو پەیمانە هەموو بڕیارەکانی پەیمانی "سێور" بە یەکجاری هەڵوەشانەوە. لەوێ دا گەلی کورد نرخی بەڵێن و پەیمانی دەوڵەتە ئیمپریالیستیەکان و لەسەرووی هەموویانەوە بریتانیای گەورەی بۆ دەرکەوت» (کوردستان و کورد عبدالرحمن قاسملو، ل77)

2- شیخ مەحموودی نەمر وەک مسوڵمان و زانایەکی ئایینی لە ساڵەکانی (1918 و 1919) دا دەستی دایە شۆڕش، بەڵام بێجگە لە ئینگلیزیە نامسوڵمانەکان کێ بەگژی دا هات و لە (25)ی ژوئەنی (1919)دا بە بریندار گرتی و لە دادگایەکی سەرەتایی و حوکمی ئیعدامی بەسەر دا سەپاند پاشان بۆی کرد بە حەپسی ئەبەدو بۆ هیندوستان دووری خستەوە؟ (سەرچاوەی پێشوو)

3- کەماڵینەکان و دەوڵەتەکانی یەک لە دوای یەکی تورکیە کەنگی ئیسلامی بوون کە لەزەمانی کەماڵەوە لێشاوی خوێنیان لە گەلی کورد وەرێ خستووە و تەنانەت تا ئەو دواییانە ئاخاوتنیشیان بە زمانی خۆ لێ قەدەغە کردبوون؟

4- سەدام و حیزبەکەی کە ئەو هەموو جینایەتەیان دەرهەقی گەلی کورد ئەنجام دا، مسوڵمان و حیزبی ئیسلامی بون و یان سوسیالیست و سوسیالیستی؟ و دیسان کێ سەددامی تەیار کرد بوو و پشتی گرتبوو؟ مسوڵمان یا نامسوڵمان؟ بڵێی لێرەوەپاش دەگەڵ گەلی کورد ڕاست بن و شتێکی بۆ بکەن کە خەیانەتی ڕابردووی پێ پاک کەنەوە و بیکەنە کەفارەتی گوناحە کە بیرەکانیان؟!

5- لە 26ی ژانویەی (1946)دا کۆمارێی نیشتیمانی کورد، بەکەڵک وەرگرتن لە هەلی رەخساوی دوای شەڕی دووهەمی جیهانی، لە مەهاباد بە سەرۆکایەتی قازی موحەممەد کە زانایەکی ئایینی بوو، دامەزرا، بەڵام ساڵی تێوەرنەسووڕایەوە کە ئەو کۆمارە ساوایە ڕوخێندرا و پێشەوا (ئیمام) گیراو بە خۆی و براو ئامۆزایەکی واتە سەیفی قازی ئامۆزای (وەزیری بەرگری) و سەدری قازی برای کە ئەندامی پەرلەمانی ئێران بوون لە سێدارەدران. لێرە دا پرسیار ئەمەیە: ڕژێمی ئێران کە بە گژ ئەو کۆمارە دا هات ئیسلامی بوو یان نائیسلامی؟ ئەمجار مەگەر ئەوەی پشتی بەردان و لەبەرژەوەندی خۆی دا خەیانەتی پێکردن شۆڕەوی سۆسیالیستی نەبوو؟

ئەو پرسیارانە و دەیان پرسیاری دیکەش لەم چەشنە دەدەمە دەستی خوێنەرانی بەڕێز تا بۆ خۆیان وەڵام بدەنەوە و داوەری لە سەر مەبەستەکە بکەن و ڕوونی بکەنەوە کە بۆچی تاوانی تاوانباران خراوەتە سەر بێ تاوان؟ مەگەر کار بە فێڵ و درۆ سەردەگرێ؟ ئایا بەجێی ئەوە کڵاو لە سەر خەڵک بنێین چاکتر ئەوە نییە کڵاوی خۆمان بکەین بە قازی؟

سەرچاوەکان:

1. مێژووی ڕاپەڕینی کورى، علاء الدین سجادی

2. کردها و سرزمینشان، سرهنگ شیخ عبدالواحد وەرگیرانی صلاح الدین عباسی

3. کوردستان و کورد، عبدالرحمن قاسملو

4. نگاهی بە تاریخ جهان، جواهر لعل نهرو، ترجمەی محمود تفضلى، و...