خوالێخۆشبوو مامۆستا سه‌یید مه‌سعوودی هاشمی، کوڕی حاجی شێخ مه‌حموودی هاشمییه.
ئه‌و پیاوه بلیمه‌ت و زانا پایه‌به‌رزه ڕۆژی شه‌شه‌می به‌فرانباری ساڵی ۱۳۱۵ی هه‌تاوی، له ئاوایی [ته‌م ته‌م]، سه‌ر به شاری (ڕوانسه‌ر)، له بنه‌ماڵه‌یێکی ئایینی و زاناپه‌روه‌ر، هاتووه‌ته دنیاوه، سه‌ییده‌کانی تهمتهم ئه‌گێڕنه‌وه سه‌ر سه‌ییده‌کانی سۆڵه‌ی قه‌ره‌داغ له کوردستانی عێڕاقدا و له زه‌نجیره‌ی به‌رزنجین و له ئێرانیشدا هه‌ر به شێخه‌کانی سۆڵه‌یی ناو ده‌برێن و ناسراون.
مامۆستا سه‌یید مه‌سعوودی هاشمی، خوێندنی سه‌ره‌تایی و قوڕئانی پیرۆزی هه‌ر له دێی ته‌م ته‌م و له خزمه‌ت باوکیا، ده‌س پێ کرد. له ساڵی ۱۳۲۸ی هه‌تاویدا، بۆ فێربوونی ده‌رسه دینییه‌کان، به‌ره‌و حوجره‌ی ده‌وڵه‌ت ئاوای ڕوانسه‌ر، که بنکه و مه‌کۆی مامۆستایانی پایه‌به‌رز و فه‌قێ هه‌ڵکه‌وتووه‌کان بوو، به‌ڕێ که‌وت و ده‌سی کرد به خوێندنی سه‌رف و نه‌حو و کتێبه دینییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه، ئه‌و فه‌قێ لێهاتوو و بلیمه‌ته، له کاتی خوێندنی هه‌ر عیلمێکدا، کتێبێکی به شێعری عه‌ڕه‌بی سه‌باره‌ت به‌و عیلمه‌ی که خوێندوویه‌تی و به باشی ده‌یزانی، داده‌نا. هه‌روه‌ها هه‌ندێ له سووڕه چکۆله‌کانی قوڕئانی پیرۆزیشی هێنابووه سه‌ر شێعری کوردی.
ئه‌و پایه‌به‌رزه، به‌هۆی زیره‌کی و هۆشی زۆر باڵای، به ده‌رس و به‌یانی بڕێ له مامۆستایان نه‌یده‌توانی قه‌ناعه‌ت بکا و ڕازی بێت و خۆی پێوه بخافڵێنێ، له‌و ڕووه‌وه ناچار که‌وت به شوێنی مامۆستایه‌کدا بگه‌ڕێ که بتوانێ به پرسیاره‌کانی جواب بداته‌وه و قه‌ناعه‌تی پێ بکات. ئه‌وه بوو که له ساڵی ۱۳۳۰ی هه‌تاویدا ڕووی کرده کوردستانی عێراق و ماوه‌ی پێنج ساڵ له حوجره‌کانی سلێمانی، که‌رکووك و هه‌ڵه‌بجه مایه‌وه و له عیلم و زانستی مامۆستایانی گه‌وره و به‌ناوبانگی ئه‌و شارانه، به باشی که‌ڵکی وه‌رگرت. له سالی ۱۳۳۵ هه‌تاویدا، به‌ره‌و کوردستانی ئێران گه‌ڕایه‌وه و له شاری سنه و له مزگه‌وتی تووباخانمدا نیشته‌جێ بوو. له حه‌ڵقه‌ی ده‌رسی مامۆستای گه‌وره و زانای پایه‌به‌رز، جه‌نابی مامۆستا مه‌لا حیسامه‌ددینی موجته‌هیدی، که‌ڵکی وه‌رگرت و باره‌ی زۆری ده‌س که‌وت. پاش ماوه‌یه‌ك دڵی له شاری سنه هه‌ڵکه‌ند و ڕووی کرده حوجره‌کانی سه‌قز و مه‌هاباد و نه‌غه‌ده و په‌سوێ، پاش به‌هره‌مه‌ند بوون له خه‌رمانی سووری عیلم و عیرفان و زانستی مامۆستایانی گه‌وره و دیاری ئه‌و شارانه، ڕێگای شاری مه‌ریوانی گرته به‌ر و له دێی بالیکدا و له خزمه‌ت مامۆستای زۆر زانا و تاقانه، خوالێخۆشبوو مامۆستا مه‌لا باقری بالك، مایه‌وه و که‌ڵکی زۆر و زه‌به‌نه‌ی عیلمی و ئیجتیهادی پێدرا.
له ساڵی ۱۳۴۴ی هه‌تاویدا، له وه‌زاره‌تی فێرکردن و بارهێنان “آموزش و پرورش” ئیجازه‌نامه‌ی فتوا و ئیجتیهادی پێدرا و هاته‌وه بۆ تهمتهم، به‌و هیوایه که بگات به ئاره‌زووی گیان و دڵی و مه‌دره‌سه‌یێکی دینی دامه‌زرێنێ و چه‌ن فه‌قێی زیره‌ك و عاشق به عیلم و عیرفان ڕابگرێ و له ده‌ریای بێ سنووری عیلم و زانست و عیرفانی خۆی تێراویان بکات. به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌به‌ر ته‌نگ ده‌ستی خۆی و خه‌ڵکی ناوچه‌که و بێڕه‌نگبوونی ده‌رسی مه‌لایه‌تی، هه‌رگیز به ئاوات و ئاره‌زوو و حه‌زی دڵی نه‌گه‌ییشت و ئه‌و ئاواته‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا برده ژێرگڵ.
به‌ڵێ ئه‌و گه‌وره زانایه تا ساڵی ۱۳۴۷ی هه‌تاوی هه‌ر له گوندی ته‌م ته‌م، بێکار و بار و دڵ پڕ له خه‌م و خه‌فه‌ت و ئاوات و ئاره‌زوو مایه‌وه. ناچار له‌و ساڵه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی له بێ‌کاری و سه‌رگه‌ردانی ڕه‌ها بێ و بتوانێ تیکهنانێ به ده‌س بخات و به‌هۆی خۆیه‌وه بژیت و چاوه‌نواڕی ده‌ستی که‌س نه‌بێ، به پێچه‌وانه‌ی حه‌زی دڵی بوو به سه‌رده‌فته‌ری سه‌بتی شاری که‌نگاوه‌ر، سه‌ر به شاری کرماشان. هه‌رچه‌ن له‌باری ماڵییه‌وه وه‌زعێکی ڕێك و پێکی به‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام له ناخی دڵه‌وه قه‌ت به‌و وه‌زعه و به‌و ئیش و کاره ڕازی نه‌بوو، هه‌میشه به منی ده‌گوت ئاره‌زوو و ئاواتم ئه‌وه‌یه که ده‌وره‌ی سه‌بت و خزمه‌تم ته‌واو ببێ و له ده‌وره‌ی تهقاعودما مه‌دره‌سه‌یه‌کی دینی به دڵخوازی خۆم دامه‌زرێنم و ڕێگای ئه‌سڵی و حیرفه‌ی تایبه‌تی خۆم که ده‌رس وتنه‌وه‌یه، بگرمه پێش. داخی گرانم ئه‌جه‌ڵ ماوه‌ی پێنه‌دا و له ڕۆژی ۲۱‌ی مانگی بانه‌مه‌ڕ، له ساڵی ۱۳۶۴ی هه‌تاویدا، به هۆی سه‌یاره‌وه له‌سه‌ر ڕێگای کرماشان که‌نگاوه‌ر، گیانی پیرۆزی به گیانئافه‌رین دا، له حالێک‌دا هێمای ته‌مه‌نی که‌متر له په‌نجا ساڵ بوو. هیوادارم ڕۆحی پاك و پیرۆزی له‌گه‌ڵ ئه‌ڕواحی شه‌هیده‌کاندا حه‌شر بکرێ و به به‌هه‌شتی به‌رین شاد ببێته‌وه.
️ ئه‌و عالمه هه‌ڵکه‌وتووه، زۆر به‌دین و پارێزکار بوو، له منداڵییه‌وه تاکوو مردنی، کارێکی به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مری خودا و ڕه‌سووڵی نه‌کرد، به عیرفانی ڕاسته‌قینه‌ش زۆر ئیمانی بوو. ئه‌و مامۆستا مه‌زنه، زۆر قسه‌خۆش و ده‌نگخۆش و مه‌جلیس ئارا و ڕووخۆش و میوانپهزێر و ده‌س و دڵواز بوو.
به‌رزترین و دیاریترین ئاسه‌واره‌کانی بریتین له:
۱- (قرة العین) به شێعری کوردی له فیقهی مه‌زهه‌بی ئیمامی شافعی‌دا(ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت)
۲- هه‌ژده میلیارد مانا له (الحمدلله) به شێعری کوردی.
۳- (کشف العلائق بین الخالق و الخلائق) به په‌خشانی فارسی.
۴- شه‌رحی «مقولات عشر» به شێعری عه‌ڕه‌بی.
۵- «تعدیل المیزان» له عیلمی به‌لاغه‌دا، به شێعری عه‌ڕه‌بی.
۶- «کتاب غرّه» له عیلمی به‌لاغه‌دا، به شێعری عه‌ڕه‌بی.
۷- «الفیّة مسعودیّه» له عیلمی نهحوودا، به شێعری عه‌ڕه‌بی و له‌سه‌ر وه‌زن و ئاهه‌نگی «الفیّه ابن مالك» که زۆر جوان و ڕه‌وان و شیرینه و دڵی هه‌ر خوێنه‌رێکی به زه‌وق و شاره‌زا له‌و عیلمه‌دا، به‌ره‌و لای خۆی ڕاده‌کێشێ.
۸- «کتاب بدر المطالب» له عیلمی سه‌رف و خه‌تدا، به شێعری عه‌ڕه‌بی و حه‌وسه‌د به‌یته.
۹- ته‌فسیری بڕێ له سووڕه‌ته چکۆله‌کانی قوڕئانی پیرۆز، به شێعری کوردی.
۱۰- کتێبی نوێژ و ڕۆژوو، به شێعری کوردی.
۱۱- شه‌رحی «ته‌هزیب» به شێعری کوردی.
۱۲- مه‌نزوومه‌ی ئافهرینپاره، به شێعری کوردی.
۱۳- کتێبی ڕاپه‌ڕین، به شێعری کوردی.
۱۴- نامیلکهیهك له عیلمی که‌لام و حیکمه‌تدا، به په‌خشانی فارسی.
ئه‌گه‌ر ئێمه بتوانین هه‌موو نووسراوه و هۆنراوه‌کانی ئه‌و خوالێخۆشبووه کۆ که‌ینه‌وه، بێگومان چه‌ندین کتێبی پڕبایه‌خ و به‌نرخی لێ دروست ده‌کرێ، به‌داخه‌وه تاکوو ئێستا له‌و هه‌موو ئاسه‌واره به‌که‌ڵکه، ته‌نیا کتێبی ڕاپه‌رین له چاپ دراوه و ئه‌وانی تر له تاقهکاندا خه‌ریکی خۆڵ و تۆز خواردنن.
دیعایه نییه ئه‌گه‌ر بڵێم قه‌سیده و غه‌زه‌ڵه‌کانی ئه‌و مامۆستایه، شان ده‌ده‌ن له شانی قه‌سیده و غه‌زه‌ڵه‌کانی مامۆستای عیلم و عیرفان مه‌وله‌وی تاوگۆزی، یان ڕوونتر بڵێم، به‌ڕاستی مامۆستا سه‌یید مه‌سعوودی هاشمی، مه‌وله‌وی ئه‌م دهوروچهرخه بوو، ئه‌م دیعایه‌یه وه‌ختێ ئاشکرا ده‌بێ و ده‌رده‌که‌وێ که هه‌موو ئاسه‌واره‌کانی له چاپ بدرێ و بکه‌ونه به‌رچاوی زانایان و ئه‌هلی عیلم و عیرفان.
به هیوای وه‌ها ڕۆژێ. سه‌یید باقر هاشمی – کرماشان
بۆچوونه‌کان