له‌ دانیشتنی گشتی ئەندامانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسڵاحی شاری کرماشان، کە شەوی پێنج شەممە 9ی بەفرانباری ئەمساڵ بەڕێوە چوو، لە دکتۆر میقداد پیرساحێب، ئەندامی شۆڕای ناوه‌ندیی ئەم ڕێکخراوە مەدەنییه‌، به‌ھۆی وەرگرتنی پله‌ی «پڕۆفیسۆر»ی زانستە پزشکییه‌کانی زانکۆ کرماشان ڕێزگیرا.

بە پێی ڕاپۆرتی پێوەندییە گشتییەکانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسڵاحی کرماشان، ئامانجی ئەم دانیشتنە کە لەلایەن لێژنەی بەڕێوبەرایەتی جەماعەتی ئەم شارە، بەڕێوە چوو، وێڕای کۆبوونەوەی ئەندامان، ڕێزگرتن لە دکتۆر میقداد پیرساحێب و خوێندکارانی پلە یەکەم زانکۆکان بەڕێوە چوو. لەم دانیشتنەدا، بەشێک لە فەرموودە بەنرخەکانی ئەمینداری گشتی جەماعەت، لە ژێر ناوی «چاکسازی پێغەمبەران» بە جەختکردن لەسەر ئەرکی چاکسازبوون و خزمەتکردنی پێغەمبەران بە مرووڤەکان، بە شێوازی کورتە فیلم بڵاوکرایەوە.

لە درێژەدا دکتۆر سه‌تتار ئایینە پوور، تەوەری «ئامانجداری» بە ئاماژە بە ئایەتی 60 تا 65 سوورەتی کەھفی بۆ ئامادە بووان باس کرد. لەم دانیشتنەدا، بە بڵاوکردنەوەی وێنەی کەسایەتییەکانی دوێنێ و ئەمڕۆی جەماعەت و ھەروەھا خوێندنەوەی شێعری «بە یادی یاران» لەلایەن کاک سدیق فەرامەرزی، درێژەی پەیدا کرد.

ھەروەھا لەلایەن کاک ئیسماعیل دیباچی، قەسیدەیەک خوێندرایەوە و ئه‌م کۆڕه‌ به‌ دوعایه‌ک لەلایەن مامۆستا سوبحان نیکڕەفتار کۆتایی پێ ھات.