جەماڵ ئیسماعیلی بەرپرسی پێوەندە گشتییەکانی ناوەندی جەماعەت ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژ، بە سازدانی کارگەیەک بۆ ئەندامان و لایەنگرانی جەماعەت لە شاری سەردەشت، چەمکی فەرهەنگی ڕێکخراوەیی تاوتوێ کرد.
بە پێی هەواڵی ئیسلاح وێب، جەماڵ ئیسماعیلی بەرپرسی پێوەندە گشتییەکانی ناوەندی جەماعەت، لە سەرەتادا ئاماژەیەکی کورتی بە چۆنییەتی پێکهاتنی جەماعەت و ئەو کاریگەرییەی وا ڕەوتی ئیخوان لەسەری داناوە کرد و دواتر سەبارەت بە سەربەخۆیی ئێداری و ڕێکخراوەیی جەماعەت دوا، گوتیشی: تایبەتمەندییەکی سەرەکی جەماعەت هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە پێکهاتن لەسەر بنەماکانی شوناسی ئێرانی بووە و هەروەها جەختی کردە سەر گرینگی و پێویستی جێبەجێکردنی کارەکان بە هاوکاری و هەرەوەز و جێبەجێکردنیان لە چوارچێوەی ڕێکخراوە و دامەزراوەکان.
ئیسماعیلی گوتی: ڕەنگە لە سەرەتای دەستپێکی کاری دەسته و ڕێکخراوەکان به هۆی سنوورداربوونی جوگڕافیا و ڕادەی کەمی کار و چالاکییەکان، گرینگی ڕێکخراوە و میکانیزمەکەی دیار و ئاشکرا نەبێ، بەڵام ئێستا کە جەماعەت و کەسایەتییەکانی لە ئاستی جیهان و لە چوارچێوەی جۆگڕافیای وڵاتدا بڵاو بوونەتەوە و ناسراون و ئەژماری ئەندامان و لایەنگرانی لە هەموو شوێنێک بە ڕادەیەکی لەبەرچاو چالاکی دەکەن و کاریگەرییان هەیە، گرینگی پێویستی دابەشبوونی ئەرکەکان، میکانیزم و یەکدەستی ڕێکخراوە و فێربوون و دووپاتکردنەوەی چەمکەکانی، پتر لە جاران هەست پێ دەکرێت.
بەرپرسی پێوەندە گشتییەکانی ناوەندی جەماعەت هەروەها گوتی: بەهێزکردنی هزر و ئەدندێشە- کە بە هۆی گۆڕینەوە و جیاوازی بیروڕا دێتە سەرهەڵدان-، حەز و ئارەزوو بۆ تێکۆشان، هەستکردن بە کەیفخۆشی، دووری لە هەستی تەنیایی و بەخۆداشکانەوە، هیوای زیاتر بە ژیان، بەرزەمژی، باشتر و زیاتر بەڕێوەچوونی ئەرکەکان و هاریکاری، هەرهەموویان بەرهەم و قازانجەکانی کاری بەکۆمەڵ و ڕێکخراوەیین و تایبەتمەندییگەلێک وەک ئەمانەتداری، نموونەی کردەیی لە ئەخلاق و هەبوونی زانیاری سەبارەت سیاسەت و ڕامیاری و کەسب و کار شیاوی ئەندامانی جەماعەتە. هەروەها لە زمانی مامۆستا پیرانییەوە گوتی: «ئەگەر ئێمە لە پێگە و ناوەندەوە شانازی بە جەماعەت دەکەین بە هۆی پشتیوانی ئەو کەسایەتییە مەزنانەیە کە لە بست بستی ئەم نیشتمانه مایەی شانازی کۆمەڵگاکەیانن». ئیسماعیلی هەروەها گوتی: جەماعەت چاکترین و پڕبایەخترین سامان و سەرمایەی ئەندامەکانییەتی.
بەڕێز جەماڵ ئیسماعیلی لە درێژەی باسەکەیدا فەرهەنگی بە کۆمەڵێک دەستکەوتی مادی و مەعنەوی هێنایە ئەژمار و بە ئاماژە بە قسەی «شاین» کە لە پێناسەکردنی فەرهەنگدا دەلێ: فەرهەنگی ڕێکخراوەیی نموودێک لە گریمانەکانە کە لە لایان گرووپ و دەستەیەکی تایبەت دۆزراوەتەوە و داهێندراوە یا گەشەی سەندووە، بە جۆرێک کە فێریان دەکا لە ناوخۆدا یەکگرتوو بن و لەگەڵ هەماهەنگ و هاوسان بکەن. ئەگەر ئەو نموودە لە دەورە و سەردەمێکدا کاردانەوەکی باشی هەبێت، وەها پڕبایەخ دەبێت کە شێوازێکی دروست له تێگەیشتن و هەست و ئەندێشە لە ئەندامانی تازەدا سەبارەت بە کێشەکانیان دابین دەکات.(شاین ۱۹۹۹). شەرمی بەندەی ئیماندار لە خودا و پێغەمبەری ڕەحمەت(د.خ) و لە جەماعەت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاکەکان لە نێو کۆمەڵگادا پێداچوونەوەیان بەسەر قسە و کردەویاندا هەبێت. ئیسماعیلی هەروەها مۆچیاری کرد کە بۆچوون و گریمانەکانمان سەبارەت بە ڕێکخراوە دەبێ ئەرێنی و ڕاستبینانە بێت تا لە مەترسی نائومێدی و دڵساردی بەدوور بین؛ چونکە گریمانەی نەرێنییەکان داڕمان و ڕووخانی خۆمان و جەماعەتی لێ دەکەوێتەوە، لە حاڵێکدا هەر کام لە ئێمە دەتوانێ بە ئەنجامدانی کارێکی باش بە جوانی و بە چاکی لە جیاتی بێ هیوایی و نائومێدبوون، کەیفخۆشی و ئومێد و هیوا بکاته دیاری بۆ جەماعەت و بەرەو پێشی بەرێت.
ئیسماعیلی لە درێژەی باسەکەیدا ئەم بابەتانەی کە لە خوارەوە هاتوون وەک پێداویستی و ئەسبابگەلی کاری بەکۆمەڵ، ناو برد و خوازیاری پێبەندبوون بەم گرینگانەوە بوو:
•هەبوونی زمان و ئاسۆیەکی هاوبەش، تێگەیشتنێکی دروست لە خۆمان و کەسانی بەردەنگ.
•بەو ڕادەیەی وا زمانمان دێتە گۆ، دوو ئەوەندەش ببیستین؛ بەڵام دەستەوەستان و بێ دەسەڵات نەبێن، بەڵکوو جێدەست و شوێنەوارمان ئاشکرا بێت و کارا بین.
•پێوەندییەکانمان لە فەزای مەجازی و ڕاستەقینەدا لەگەڵ دەستە و گرووپی خۆمان باشتر و پتەوتر کەین.
•لایەنگری داهێنان و تازەگەری و کاری ناوازە و نوێژەنبوونەوە بین.
•کاردانەوەی چالاکییەکان و ئاگادارکردنەوەی ئەندامان لە کار و چالاکی بەرپرسان و بە هەمان شێوە؛ ئاگاداری بەرپرسان بەسەر کار و چالاکی ئەندامان و ڕاگەیاندنیان، پتەوبوون و هاندانی هەردووک لای بۆ ئەنجامی کاری بەکۆمەڵ و بەتەنێی لێ دەکەوێتەوە.
•لە کاردا دیسیپلین و ڕێکوپێکی و یەگرتوویی بپارێزین و لە جیاتی گلەیی و گازندە، ڕەخنەی بەجێ بگرین و بۆ دەستپێکی کردەوەگەلی ڕیفۆرمخواز پێشقەدەم بین.
•بە عەزرەت و ئارەزوومەندی ئەنجامی کار و چالاکی بین، لێرەدا جێ خۆیەتی یادێک بکەین لە برای کۆچکردووی بەڕێز و تێکۆشەرمان، خوالێخۆشبوو کاک جەلیل موحەممەدی کە هیچکات لە کاتی وەئەستۆگرتنی کارەکان و لە جەنگەی گرفتەکاندا، ڕووی گرژ نەدەکرد و بە تاقی تەنیا پیاوی مەیدان و نموونەیەکی تەواو لە کار و هەڵسووڕان بوو.
•وریا و وردبین و خێرا بین و لە وێنەی ڕوبات بۆ هەموو کارێک چاوەڕیی فەرمانی باڵادەستەکانمان نەبین.
•چاکسازی خۆمان و بنەماڵەکەمان بین، چونکە بەو کارە هەر کام لە ئێمە بەشێک لە کەموکورتییەکانی جەماعەتمان قەرەبوو دەکاتەوە و ئەگەر ئەو ڕەوتە بەرەوە پێش بەرین گرفت و کێشەکانمان بە سیفر نزیک دەکەینەوە.
•لە فکری لابردنی کێشەکاندا بین و چارەساز بین. شوکری خودا لەم بواردەدا جەماعەت لە جیاتی دروشم و گەورەکردنەوەی کێشەکان، بە بەردەوامی چارەساز بووە و داهاتووی لەبەرچاو گرتووە، نموونەی سەرکەوتووی هەنگاوەکانی وەڕێخستنی چەندها مزگەوت لە تاران و دەوروبەری بۆ برایانی سونە مەزهەب بووە و ئەگەر جەماعەت لەو بەستێنەدا چالاکی نەکردبوایە ئەو تاقم و جەماعەتە پیرۆزە لە بەجێهێنانی بەندایەتی و عیبادەتەکانیان بێبەش دەمانەوە و کارەکان ئاستی دروشم و قسەدا دەوەستان.
•پاراستنی شوناسی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ و پێکهێنانی هاوسەنگی نێوان ئەو دووانە و سازانی کەسایەتییەکان لەگەڵ فەرهەنگ و نەریتی ڕێکخراوەیی.
•نەرمونیان و سازگار بین و لەخۆبردووییمان هەبێت.
•لە جەماعەتدا ڕۆڵ بگێرێن و ئەرکێک بگرینە ئەستۆ.
ئیسماعیلی بەپێی ئاماژە بەو بابەتانە گوتی: ئەرک و بەرپرسایەتی ڕێبەڕان و کاربەدەستان لە فەرهەنگی ڕێکخراوەییدا قورستر لە ئەندامەکانی ترە و ئەگەر پێشەنگان و ڕێبەڕان توانای بەڕێوەبەرایەتی و داڕشتنی بەرنامە و ڕێکوپێککردن و بەدواداچوونیان هەبێت بێگومان ئەندامانی رێکخراوە هەڵسووڕا و ڕانەوەستاو و چالاک دەبن.
بەرپرسی پێوەندە گشتییەکانی جەماعەت لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا ئاماژەی بەو هورووژم و ڕەخنە و گازندە ڕێکخراو و تێکدەرانە کرد کە لە دژی بە جەماعەت بە کار دەهێندرێ و دڵی فراوان و پشوودرێژی بەرپرسان و ئەندامانی جەماعەت و داکۆکی بێ هەرانانەوە و ئاژاوەگێڕی وەک بەڵگەیەک بۆ سەبر و لەسەرخۆیی جەماعەت هێنایە ئەژمار و پێشنیاری بە ڕەخنەگران کرد کە له جیاتی بیانووگرتنی بێ بەڵگە و بنەما و لەبری تێکدان و ڕووخاندن بۆ چاکسازی کەموکورتییەکان، پێشنیار و ڕێکاری چارەساز ئاراستە بکەن، ئەگەرچی بەداخەوە ئەو دوایین ڕەخنەکان، بەم شێوەیە نەبوون.
لە دوایین ساتەکانی دانیشتنەکە، عوسمان ئیزەدپەنا، ئاماژەی بە چەند بابەتێکی گرینگ لە کتێبی «بیرەوەرییەکانی بیست و یەک ڕۆژەی ئەحمەد شوقەیری لە ژاپۆن» کرد و گوتی: ئێمە خاوەنی پەیامی گەلێک گرینگ و کارلێکەری ئیسلامین؛ بەڵام ئەوەی کە چەندە توانیومانە کەلام و ڕەوشتی پێغەمبەر(د.خ) لە ژیانی خۆمان و بنەماڵە و نزیکان و کۆمەڵگاکەمان بە کردەیی جێبەجی بکەین جێگای پرسیار و بەدواداچوونە و بێگومان لەو بەستێنەدا گەلێکمان کەمکاری کردووە، لە حاڵێکدا وڵاتگەلێکی وەک ژاپۆن گەرچی خاوەنی ئەو پەیامە نین بەڵام ئاسەواری زۆر بێ وێنە و پڕبایەخی ئەو ئایینە لە ژیانیاندا ڕوون و ئاشکرایە.
لە بەشێکی تری ئەو کارگەیە، ڕەئووف ئازەری چالاکوانی مەدەنیی ئاشتی و مێهرەبانی، بۆ کۆتایی قسەکان وبە گێڕانەوەی بەسەرهاتێک لە پێشینیانی جەماعەت بە ئەندامانی گوت: «با بە خۆمان و کۆمەڵی خۆمان و بێخەوشی و دەستپاکی و تواناکانی جەماعەت باوەڕمان هەبێت و لە لۆمەی لۆمەکاران کە جاروبار لە شتانێکی تر دڵمەندن و داخەکەیان بە ئێمە دەڕێژن و لە دژمان دەست بۆ قەڵەم دەبەن، سڵ نەکەین، بەڵکوو بەردەوام و پێداگرتر لە هەمیشە، درێژە بە تێکۆشان و خەباتەکەمان بدەین».
بۆچوونهکان