چهند خاڵێكی گرینگ سهبارهت به ڕۆژوو و ڕهمهزان:
۱- ڕۆژوو وەک هەموو عیبادەتەکان گەر لە ناخی دڵەوە نەبێ، ئەوەندە ڕووناکیبەخش نییە. ئاگاداریی دڵ واتە بەردەوام لەبیرمان بێ کە بۆچی خواردنمان لە خۆمان قەدەغە کردووە و چاوەڕوان دەکرێ بهو كردهوانه چ شتێک لە ئێمەدا بەهێزتر بێ؟ مەبەست لە ڕۆژوو، بەدەستهێنانی خواپەرستی و تەقوایە: «لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ» (بهقهڕه/۱۸۳) ئەگەر بە دڵ لەبارەگای خوادا ئاماده نەبین و به بەردەوامی لە کاتی ڕۆژووانی ئاگادار نهبین، لە ڕۆحی رۆژوو و مەبەستی ئەم فەڕزە بەشێکی کەممان دەست دەکەوێ.
۲-ڕەمەزان وەرزی هاتنەخوارەوەی قوڕئانە و ئیمانداران لەم مانگەدا زۆرتر لەگەڵ قوڕئان هاونشینن. بەڵام ئەو شتە کەوا گرینگ و موهیممە، هاوڕەنگ بوونە لەگەڵ قوڕئاندا. مەبەست لە تێڕامان لە ئایەتەکان لێوردبوونەوەیە و ئاکامی ئەوەش وشیاربوونەوەیە. تێڕامان و بەبیرهێنانەوە لەسەر ئەو مەرجەیە کە خۆمان بە بەردەنگی قوڕئان بزانین و تەنیا خوێنەرێک نەبین بۆ بەدەستهێنانی پاداش و چاکە. بە تەعبیری قوڕئان کەسانێک لە وتەی وەحی یادەوەر دەبن کە دڵیان لەبەر بارەگای خوا حازر بێت و بە شێوەیەک گوێڕایەڵی بکەن، بڵێی لە دەرگای خوا دایە و شایەتی ڕێکەوتی وەحییە.
۳-پێغەمبەری ئیسلام لە مانگی ڕەمەزان زۆرتر لە هەر مانگی تر دەستی کەرەم و بەخششی هەبوو. ئێمە بە هەڵە واتێدەگەین تا خۆمان لە خۆشبژێوی تەواودا بەسەر نەبەین، پێویست ناکات ئینفاق و کەرەممان لە ماڵ و سامانمان ببێت. بەڵام بە وتەی قوڕئان خواپەرستان تەنانەت لە دەستهنگی و دۆخی دژواری ژیانیشدا لە دەستگرتن و چارەسەری کێشەکانی خهڵك نهدهوەستان.
۴-چۆنیەتی گرینگتره لە چەندایەتی. لە جیاتی ئەوەی پەرۆشی ڕکات و چەندجارەبوونی بین، دەبێ پەرۆشی بە دڵ حازربوونی بین. ئەگەر لە ئایەتێکدا بە هەمووی هەست و سۆزهوه حازر بین، باشترە لە خەتمی قوڕئان. تێگەیشتن و تێڕامان لە یەک ئایەت باشتره لە خوێندنی بە پەلەی هەموو قوڕئان.
۵- نابێ ڕۆژوو گرتن بیانوویەک بێ بۆ خۆبەزلزانین و بەسووکزانینی کەسانی تر. با لە بیرمان نەچێ کە مەبەستی ڕۆژوو خاوێنکردنی گیان و بەدەستهێنانی ڕەزایەتی خودایە نەک تێرکردنی نەفس و خۆبهزلزانین و خەڵک بە سووک سەیرکردن. داوەری تایبەتی خوایە و ئێمە فەرمانبەر بەسەر ئەوانی تردا نین.
۶-دەبێ وریا بین کە ڕۆژووگرتن ئێمە دڵڕەق، داواکار و بێ بەزەیی و بێتاقەت نەکا. ڕۆژوو دەگرین تا میهرەبان و نەرمونیان بین.
۷-ڕۆژووگرتن هیچ مافێکی تایبەت بۆ مرۆڤی بەڕۆژوو لە کومەڵگا بەدی ناهێنێ. ئەمە کە چاوەڕێ بی کە کەسانی تر بەهۆی ڕۆژووی من شتێک نەخۆن، چاوەڕوانییەکی خۆخوازانەیە. ڕۆژووەوانی تێگەیشتوو ئهوه دهزانێ کە مافی زۆرداری نییە و هەڵسوکەوتی ئایینی ئەو بهشیاوی نازانێ کە مافی خەڵکی پێشێل بکات یان ئەوان لە هەڵبژاردنی چۆنیەتی ژیانیان بخاتە تەنگانەوە.
۸-خاکەڕایی ئایین و ئیمان لەگەڵ زۆرداری نامۆیە و سوننەتی خوا وایە کە مرۆڤەکان بە ئیختیار و بە دڵی خۆیان ڕێگای حەق ئیختیار بکەن نەک بە زۆر و گوشاری دەرەوە، دەرفەت بڕەخسێنین هەر کەسێک بە ویست و خواستی دەروونی و بە دڵی خۆی لە ڕێوڕهسم و عیباداتی ئایینیدا بهشدار بێت.
۹- بە دوای ئەمە نەکەون کە چ کەسێک لەم مانگەدا بە ڕۆژووە. جگە لە کاتی پێویست، پرسیار لەسەر بەڕۆژووبوونی خەڵکی شیاو نییە؛ ڕەنگە ئەگەر بە ڕۆژوو نەبن بە هۆی شەرمەوە تووشی درۆ بن و خۆیان بە درۆ ڕۆژووەوان پیشان بدەن و ئێمە لەم درۆ و خۆنواندنە بێ تاوان نین.
۱۰- ئەوەی وا ڕۆژوو ناگرێ، ڕەنگە نەخۆش یان مەعزوور بێ. ئەگەر ئاگادار بوین کەسێک بۆ پارشێو هەڵنەستاوە یان ڕۆژی ڕەمەزان شت دەخوا، گومانی باش ببهین. ئەم جۆرە ڕوانینە له تەقوا و خۆشبینی نزیکترە.
۱۱- لە حەدیسدا هاتووە کە جگە لە نوێژە فەڕزەکان باشتر وایە باقی نوێژەکان لە ماڵ و خەڵوەت بەجێ بێنن. بەم جۆرە کە نوێژە سوننەتەکان بۆ وێنە نوێژی شەوانە لە مزگەوت بەڕێوە بچێ و ماڵەکان لە نوور و شەوقی نوێژ بێ بەش بن، بەئاشکرا چەواشەی وتەی پێغەمبەرە.
۱۲- دروستە کە لە فهرموودهدا هاتووە خودا خۆشی لە بۆنی زاری ڕۆژوەوان دێ، بەڵام ئەم مزگێنی خوداییە نابێتە هۆی ئەوە کە ئاگامان لە حاڵی کەسانی تر نەبێ و به بۆنی ناخۆشی زارمان سیواک نەدەین یان ڕێگای تر نەدۆزینەوە.
۱۳- کاتێک ئیمامەتی نوێژێ دەکەین تەنیا تامەزرۆیی و تاقەتی ڕۆح و گیانی خۆمان ڕەچاو نەکەین. نەخۆشەکان، منداڵان، بەساڵاچووان و کەم هێز و تواناکانیشمان لەبیر بێ و نوێژ کورت بخوێنین. ئەگەر درێژەپێدانی نوێژ و نزا و پاڕانەوە ببێتە هۆی ئەوە کەسانێک لەم عیباداتانە دوور بكهونهوه، ئێمە بەرپرسین.
۱۴- ئەگەر لە دۆخێکین کە ڕۆژووگرتن بۆ سەلامەتی و تەندورستی ئێمە زەرەری هەیە، ناکرێ جەخت لەسەر ڕۆژووگرتن بکەین. ئەم کارە پێچهوانهی ڕۆحی ئایینییە. ئەگەر زانیمان ڕۆژووگرتن تهندروستیمان تووشی كێشه دهكا، بهڵام ههر پێداگری لەسەر بکەین حەقێکمان ژێر پێ ناوه و ستەممان کردووە. ڕۆژووگرتن ناکرێ ببێتە هۆی ئازار و ئەزیەتی گیان و پێشێلكردنی ئەو مافە.
۱۵-لە ئایاتێک کە پێوەندی بە ڕەمەزانەوە هەیە، ئایەتێک هەیە کە بەئاشکرا و ڕاستەوخۆ پێوهندی بە ئایەتەکانی تری ڕۆژوو نییە:
(ئهی موحهممهد(د.خ) ئهگهر بهندهكانم پرسیارت لێ بكهن دهربارهم، ئهوه من نزیكم لێیانهوه، به هانا و هاواری دۆعاگۆیانهوه دهچم ههركاتێك لێم بپاڕێنهوه و نزا بكهن، دهبا ئهوانیش به دهم بانگهوازی منهوه بێن و باوهڕی دامهزراو به من بهێنن، بۆ ئهوهی ڕێگای هۆشیاری و ئاگایی بگرنهبهر (بۆ بهدهستهێنانی سهربهرزی و سهرفرازی ههردوو جیهان). (بەقەرە/۱۸۶)
بەڵام پەیامی ئەم ئایەته دڵنەواییە ئەمەیە کە ڕەمەزان، وەرزی لاڵانهوه و پاڕانەوەیە؛ دۆعا ڕوح و مێشکی عیبادەتە...
بۆچوونهکان