مانگی پیرۆزی ڕەمەزان مانگی ئاشبوونەوەی دڵەکان لەگەڵ قوڕئان و مزگەوت و نزا و پاڕانەوە و سەرجەم عیبادەتەکانە.
ڕەمەزان دەرفەتێکی زێڕین بۆ لێخۆشبوون لە گوناح و قەرەبوو کردنەوەی ڕابردوو و هەروەها پەروەردە و ئامادە بوون بۆ داهاتوویە، دەرفەتێک بۆ خاوێن کردنەوەی دڵ و دەروون لە هەرچی ڕەزیلی و پەستی و ناڕێکی و کاری نەشیاوە.
لەو مانگە پیرۆزەدا شەیتانەکان دەبسترێنەوە و بەم چەشنە مرۆڤی موسوڵمان هەل و دەرفەتی زۆر باشی لەبەر دەستە کە خۆی لە بەند و داوی شەیتان ڕزگار بکات. لەو لاوە بە عیبادەت و نزا و تۆبە و داوای لێخۆشبوون، نەفسی لە چەوت و ڕەزیلی و هەوەس خاوێن بکاتەوە و لەسەر بەندایەتی خوا پەروەردەی بکات. بۆیە لە ڕەمەزاندا بە ڕێژەیەکی زۆر دەبیندرێت کە ژنان و پیاوانی موسوڵمان لەو مانگە پیرۆزەدا زۆرتر ڕوو دەکەنە مزگەوت و قوڕئان و عیبادەت و ئەوەندەی بتوانن چاکە دەکەن و خۆیان لە خراپە دەپارێزن، لەوادا کە دڵەکان پاک دەبنەوە و شەیتانەکانیش بەند کراون و لە دەرەنجامدا ڕوح دەگەشێتەوە، ئیمان لە گوتار و کرداردا ڕەنگ دەداتەوە و دڵەکان ڕووناک دەبنەوە.
دەی ئەگەر بە لوتفی خوا ئەو دۆخە ڕوحی و مەعنەوییە لە دڵ و دەروونماندا دروست بوو، حەیف نییە دوای ماوەیەک، کۆتایی پێ بێتەوە و دوبارە بگەڕێینەوە سەر دۆخی جاران. ماوەی یەک مانگ زەحمەت و تێکۆشان بۆ خاوێن
کردەنەوەی نەفس و ڕاهینان لەسەر چاکە و بەندایەتی خوا بکەین، بەڵام دەست بەجێ دوای ڕەمەزان پشت لە عیبادەت و پەرستشی خوا بکەین و بگەڕێینەوەسەر دۆخی جاران. تەنانەت هێندێک لە خەڵک هەر لە ڕۆژی جەژندا بە جێی سوپاسگوزاری خوا کە تۆفیقی داون بەندایەتی خوا بە جێ بێنن، ئەوە بە خۆڕازاندنەوەی ناشەرعی و زێدەڕۆی له خواردن و ڕابوردن و گوناحی جۆراوجۆر، پێشوازی لە ئازاد بوونی شەیتانەکانی بەندکراو دەکەن. بەڵام با پرسیارێک لە خۆمان بەکەین! کە ئایا عیبادەتی خوای گەورە و بەندایەتی کردنی ئەو زاتە پاکە بەس بۆ کاتێکی دیاری کراوە؟ ئایا تەنیا لە مانگی ڕەمەزاندا عیبادەتی خوامان لەسەر واجبە؟
لە کاتێکدا خوای گەورە دەفەرمێت:
«وَ مَا خَلَقتُ الجِنَّ وَ الٳِنسَ ٳِلَّا لِیَعبُدُون»
َ واتە:«ئێمە جن و مرۆڤمان دروست نکردووە جگە لەوەیکە عیبادەتی من بکەن». بێ گومان عیبادەت کردن و بەندایەتییەکی کە بۆ ئەو مەبەستە خوڵقاوین، تەنیا بو یەک مانگ نییە، بۆ هەر دوازدە مانگەی ساڵە و لە تەواوی تەمەندا، لە هەموو سات و کاتێکدا. لە خۆشی و ناخۆشیدا، لە هەژاری و
دەوڵەمەندیدا، لە ساغی و نەساغیدا و لە شەو و ڕوژدا ئەرکی سەر شانمانە بەندایەتی خوای گەورە.
ساڵ دوازدە مانگە و ڕەمەزان یەکێک لەو دوازدە مانگەیە. ئایا دەشێ ئێمە یەک مانگ ڕوو لە فەرمانەکانی خوا بکەین و یازدە مانگیتر ڕووی لێ وەرگێڕین؟ دەکرێ یەک مانگ ژیانمان بۆ خوا بێت و یازدە مانگ بۆ جگە لە خوا بێت؟ دواییش چاوەڕوانی بەرەکەت ولێخوشبوون ونیعمەتەکانی بەهەشتی لێ بکەین؟
لە ڕاستیدا نە خوای ڕەمەزان و دوای ڕەمەزان جیاوازە، نە فەرمانەکانی لە ڕەمەزان و دوای ڕەمەزاندا جیاوازن. هەر اللە خوایە، هەر ئەو زاتە مەزنە تاکە پەرورێنەرمانە و تاکە فەرمانڕەوامانە، ئەو خوایەی کە لە ڕەمەزاندا فەرمانمان پێ دەکات بە نوێژ خوێندن، هەر ئەو زاتەش لە یازدە مانگی تریشدا فەرمانمان پێ دەکات کە ئەی بەندەکانم«ٲقِیمُو الصَّلاﺓَ»نوێژە کانتان بخوێنن و لە ئاستیاندا کەمتەرخەم مەبن. خوای گەورە کە لە ڕەمەزاندا فەرمانمان پێ دەکات که باڵاپۆش بین و حیجابی ئیسلامی لەبەر کەین، بێگومان بۆ دوای ڕەمەزانیش هەر ئەو فەرمانەمان پێ دەکات.
ڕەمەزان مانگی قوڕئانە،«شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِيَ أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ»واتە:«مانگی ڕەمەزان ئەو مانگەیە کە قوڕئانی تێدا هاتۆتە خوار (لە لاین خوای باڵادەست بۆ سەر پێغەمبەری ئازیزمان)(د خ)». بۆیە قوڕئان خۆێندن لەو مانگە پیرۆزەدا لە عیبادەتە گەورەکانە کە ئەگەر خێری خۆێندنەوەی هەر پیتەی لە کاتەکانی تردا دە قات بێت، ئەوە لەو مانگە پیرۆزە زۆر زیاتره. مانگی ڕەمەزان مانگی ئاوەدان کردنەوەی دڵەکان بە نووری قوڕئانە. بەڵام سەرەڕای ئەوە لە هیچ شوێنێک نەنووسراە و نەهاتووە کە قوڕئان تایبەت بە ڕەمەزانە و بەس، که لە ڕەمەزاندا بخوێندرێتەوە و لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەو مانگە پیرۆزەدا، قوڕئانەکانیش ببەسترێن و لەسەر تاقچەکانی ماڵ و یا نێو کتێبخانەکان دابندرێن تاکوو ڕەمەزانێکیتر.
ئەوە بەهەڵە تێگەیشتنە لە قوڕئان، چونکە قوڕئان بەرنامە و ڕێنیشاندەری ژیانە،«الْقُرْآنُ هُدًى لِّلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِّنَ الْهُدَى وَالْفُرْقَانِ»واتە:«قوڕئان هیدایەتە بۆ خەڵکی و بەڵگە و ئایەتی ئاشکرای هەیە بۆ هیدایەت و جیا کەرەوەی حەق لە بەتاڵە».
ڕوون و ئاشکرایە کە بەرنامەی هیدایەت بەس بۆ کاتێکی کورت و دیاری کراو نییە. بەڵکوو دەبێ بەردەوام ئەو قوڕئانە لە سەر زار و نێو مێشک و دڵمان دابێ قسە و کردارمان بە پیێ قوڕئان بێت. چۆن تاکە قانوون و یاسای ژیانی ئیماندارە و هۆکاری گەیشتن بە بەختەوەری هەر دوو دنیایە. بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش پێویستە بەردەوام لەگەڵ قۆڕئان بین و لێی دوور نەکەوینەوە. هەموو ڕۆژێ ئەو کتێبە بخوێنینەوە و لێی ورد بینەوە و بزانین کە بە چی فەرمانمان پێ دەکات و له چیمان دەگێڕیتەوە.
دەی کە ئێمە لەو مانگە پیرۆزەدا دڵەکانمان ئاوەدان کردۆتەوە بە هێمای قوڕئان و هەموو ڕوژێ لە کۆڕی خەتمی قوڕئاندا بەشداریمان کردووە و یا بۆخۆمان خوێندوومانەتەوە، بە یارمەتی خوا با لە ڕۆژانی دوای ڕەمەزانیش بەم شێوە بەردەوام بین، چۆن لەو مانگە پیرۆزەدا گوێڕایەڵی فەرمانەکانی خوای گەورەیین با لە پاش ڕەمەزانیش بە هەمان شێوە ملکەچی ئەو زاتە مەزن و باڵادەستە بین. چاکە بکەین و لە خراپە خۆمان بپارێزین.
هەر؛وەک لە ڕەمەزاندا خۆمان لە غەیبەت و بوختان و قسەی نارێک و ناشیرین و بێ ڕێزی کردن بە یەکتر و ئازاردانی خەڵک بە زمان کە شیاوی موسوڵمان نییە دەپارێزین. بۆ دوای ڕەمەزانیش بەهەمان شێوە خۆمان بپارێزین کە ئەوانە سەرپێچی کردن لە فەرمانی خوای گەورە بۆ هەموو کاتێکن و دەبنە هۆی تووڕە بوونی خوا. هەروەها چۆن لەو مانگەدا کاتمان بە بیستن و بینینی گۆرانی و فیلمی ناشەرعی و دوور لە ڕەوشت بە فیڕۆ نەدەین و ناخمان کە خاوێن بۆتەوە، با جارێکی تر خەڵتانی ئەو شتە ناپەسەندانەی نەکەینەوە.
چۆن خودای ڕەمەزان و دوای ڕەمەزانمان یەکە و یاسا و فەرمانیشی یەکە، خوای گەورە تەنیا بۆ یەک مانگ خوامان نییە و تەنیا لە یەک مانگدا ڕزق و ڕۆژیمان پێ نابەخشێت، بەڵکو دوازدە مانگەی ساڵ و بەردەوام لە نیعمەتەکانی خوا دەخۆین و کەڵک وەردەگرین، کە بڕوانینە ئەو حەرزەی لەسەری دەژین هەمووی موڵکی خوایە کە بۆ ئێمەی مرۆڤی ڕاخستووە کە ژیانێکی ئاسوودەمان هەبێ:«وَاللهُ جَعَلَ لَکُمُ الأرضَ بِسَاطاً»، بۆوەیکە لە ڕەمەزان و دوای ڕەمەزان وەک یەکی پێ بەخشیوین و دوای ڕەمەزان لەسەرمان هەڵناگرێتەوە. هەوایەک کە هەڵیدەمژین و ژیانمان لە گیرۆدەی ئەو دایە کە ئەگەر بۆ چەند خولەک پێمان نەگات، گیانمان لەدەست دەدەین، نیعمەت و ڕزقی خوایە کە بەردەوام پێمانی دەبەخشێت و لێمان ناستێنیتەوە. هەموو جۆرە خواردن و خواردنەوەی کە پێی بەخشیوین و هەموو جۆرە نیعمەتەکانیتر هەمووی لە لایەن خوای میهرەبانە کە بۆ بەندەکانی دابین کردووە و لە ڕەمەزان و دوای ڕەمەزان وەک یەک پێمان دەبەخشیت. بەڵام ئێمە چاودێری خوای گەورە ڕەچاو ناکەین و تووشی گوناح و تاوان دەبین و شەرمی لێ ناکەین. بەڵام خوای گەورە دەرفەتی تۆبە و پەشیمانیمان پێ دەبەخشێت و بەردەوام لە ڕووی سۆز و خۆشەویستی خۆی نیعمەت و بەرەکەتمان بەسەردا دەبارێنیت.
کەواتە ئەو خوایەی کە هێندە بەسۆز و مێهرەبانە بۆ بەندەکانی، چۆن دەشێ و ئینسافە کە تەنیا یەک مانگ عیبادەت و بەندایەتی خوا بکەین و یازدە مانگیتر وەدوا هەوا و هەوەسی خۆمان بکەوین؟! مەگەر گەڕانەوەمان هەر بۆ ڵای خوا نییە؟ خوای گەورە دوازدە مانگەی ساڵ و بەردەوام خوایەتیمان بۆدەکات، دەی ئێمەش دەبێ بەردەوام بەندایەتی ئەو خوایە بکەین.
بۆیە پێویستە دوعا بکەین کە«ربَّنَا لَا تُزِغ قُلُوبَنَا بَعدَ ٳذ هَدَیتَنَا وَ هَب لَنَا مِن لَّدُنکَ رَحمَەً ٳِنَّکَ ٲنتَ الوَهَّاب»واتە دوعا بکەین و داوا لە خوای میهرەبان بکەین کە:«پەروەردگارا دوای ئەوەی کە هیدایەتت داین و ڕیێ ڕاستیت نیشان داین، جارێکیتر دڵەکانمان بۆ بەتاڵ و ناحەقی نەسوڕێنییەوە و داوای ڕحمەت و سۆزت ڵێ دەکەین کە خوایە تۆ دەهەندە و دڵۆڤانی».
لە ڕاستیدا ڕەمەزان بە مانای مەدرەسە و خوێندنگایە، قوتابخانەی تەزکیە وخاوێن کردنەوەی دڵ و دەروون لە هەرچی ڕەزیلی و ناحەزییە، قوتابخانەی ڕاهێنانی نەفس لەسەر چاکە و عیبادەت و ڕەوشت بەرزییە. گەورەترین قوتابخانە بۆ فێربوونی بەندایەتی خوای گەورەیە. کەواتە پێویستە وانەیەک کە لەو خوێندنگایە فێری دەبین لەبیری نەکەین، بەڵکو بەردەوام لەسەری بین و لەگەڵی بژین تا ساڵێکیتر و ڕەمەزانێکیتر، ئەو وانەیە لەسەر خۆمان پیادە بکەین و لە زمان و دڵ و کردارماندا ڕەنگ بداتەوە تا ڕەمەزانێکیتر فێری وانەیەکیتر بین. تا ئەوەی کە تەواو لەسەر پەروەردەی ئیسلامی ڕادێین و شیاوی بەندایەتی ڕاستەقینەی خوا دەبین. هەر وەک چۆن کە لە مەکتەب لە کلاسی یەکەم فێری وانەیەک وەک ئەلفوبێ دەبین تازە هیچ کات لەبیری ناکەین و لە ساڵەکانیتر وانە و زانستی نوێتر و زۆرتر فێر دەبین و بەم چەشنە ببینە کەسێکی زانا. ڕەمەزانیش قوتابخانەیەکی بەم چەشنەیە بۆ ڕاهێنانی نەفس لەسەر بەندایەتی خوای گەورە.
دەی کەواتە با ئەو دەرسانەی کە لە ڕەمەزانی ئەوساڵدا فیڕی بووین لە یادی نەکەین، بەڵکوو بەردەوام کاریان لەسەر بکەین و لە خەوی خەفڵان هەستین و ملکەچی فەرمانەکانی خوا بین. بە بیری ئامانجێک بین کە بۆی خۆلقاوین، بە فکری دوا ڕۆژمان بین، بە فکری ئەو ڕۆژە بین کە ماڵاوایی لەو ژیانە دەکەین و هەموو ماڵ و سامان پلە و مەقاممان بەجێ دێڵین و تەنیا کردەوەکانمان لەگەڵ خۆمان دەبەین، کە تەنیا کردەوەی ڕاست و بەندایەتی خوا فریامان دەکەوێت و ئەو بەندایەتییەی کە ڕەمەزان فێری کردووین.
خوایە گیان داوات لێ دەکەین و لێت دەپاڕێینەوە تاعات و عیبادەتی ئەو ڕەمەزانەمان قەبوڵ بکەیت، لە گوناح و تاوانەکانمان خۆش بیت، یا ئیلاهی لەو کسانەمان بگێڕی کە خالیسانە و دڵسۆزانە بەندایەتی تۆ دەکەن و توش لێیان ڕازی.
«ربَّنَا آتِنَا فِی الدُّنیَا حَسَنَهً وَ فِی الآ خِرَﺓ حَسَنَهً وَ قِنَا عَذَابَ النَّارِ»
«ربَّنَا لَا تُزِغ قُلُوبَنَا بَعدَ ٳذ هَدَیتَنَا وَ هَب لَنَا مِن لَّدُنکَ رَحمَهً ٳِنَّکَ ٲنتَ الوَهَّاب »
«ربَّنا تَقَبَّل مِنَّا ٳِنّکَ ٲنتَ السَّمِیع العَلَیمُ»
«آمین یا رب العالمین»
بۆچوونهکان