به‌ مه‌به‌ستی ڕێزگرتن لە خزمەتە زانستی و کلتوورییەکانی مامۆستا مستەفا خوڕڕەم دڵ، نووسەر، وەرگێڕ و ڕاڤەکاری ھاوچەرخ، بە ئامادەبوونی کەسایەتییە ئایینیی، زانستی و فەرھەنگییەکان، پێنج شەممه‌ 20ی گەڵاڕێزان، ڕێوڕەسمێک لە تالاری مەولەوی زانکۆ کوردستان بەڕێوە چوو.

له‌م ڕێوڕەسمەدا، دکتۆر مه‌حموود ئیبراھیمی مامۆستای خانه‌نشینی زانکۆ کوردستان و لە نزیکترین دۆستانی مامۆستا خوڕڕه‌م دڵ سه‌بارەت به‌که‌سایەتی و ئاسه‌واره‌کانی، وتی: مامۆستا خوڕڕەمدڵ بەڕاستی که‌سایه‌تیه‌کی کەموێنە و تێکۆشەره‌ که‌ بەرھەمی تێکۆشانه‌کەی، ئەم ئاسەوارە ھەرمانانەیە کە لە بواری تەفسیر و ڕاڤەی قورئان بە زمانی کوردی، فارسی و عەرەبی دایە. ھەروەھا وتی: پاش چل ساڵ دۆستایەتی و ھاوکاری لەگەڵ مامۆستا خوڕڕەم دڵ، دەتوانم بڵێم ناوبراو مرۆڤێک پابەند، خۆش قەلب و ئەھلی ھەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵکیدا ھاتە بەرچاوم کە نەک سەرچاوەی خزمەتی زانستی و کەلتووری بوو، بەڵکوو ئێمەشی ھاندا بۆ وەرگێڕانی ئەو ئاسەوارانەی کە کۆمەڵگا نیازی پێیەتی. بۆ خۆم چەند کتێبم لە بواری پەروەردە، ئەخلاق، فیقھ و قورئاندا بە سفارشی ئەوان وەرگێرا.

محەمەد عەلی کووشا، مامۆستای حوجره‌ و زانکۆ سەباره‌ت بە پلەی زانستی مامۆستا خوڕڕەم دڵ ڕایگەیاند: مامۆستا خوڕڕەم دڵ، نە تەنیا لە نێوان ئەھلی زانست و فەرھەنگی کوردستان، بەڵکوو لە نێو نووسەرانی تاران و حەوزەی زانستی قوم دا، پلەی و پایەیی تایبەتی ھەیە. ھەروەھا وتی: ئاسەوارەکانی مامۆستا خوڕڕەم دڵ بۆ چینی خوێندکاران و ئەوانەی دەیانھەوێ لە بواری ڕاڤە و وەرگێڕانی قورئاندا توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەیان ببێ، لە سەرەکی‌ترین سەرچاوەکانه. لە نێو 186ی وەرگێڕانی قورئان، لە سەدەی چوارەوە ھەتا ئێستاکە، تەفسیری نووری ئەوان بە باشترین وەرگێڕانی قورئان دەزانم. لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا لەسەر گشتگیری زانستی مامۆستا خوڕڕەم دڵ لە بواری لێکۆڵینەوەی قورئانی جە‌ختی کرد و ڕایگەیاند: بنەمای زانستی لێکۆڵینەوەی قورئانی، ئەدەب، سەرف و نەحو، وشە و وشەسازی – و ھونەر – مەعانی، بەیان و بەدیع کە دکتۆر خوڕڕەم دل لە بوارانەدا، جێی شانازییە بۆ تەواوی ئێرانییەکان و پێشنیاریش ئەدەم کە تەفسیری «شنەی ڕەحمەت» کە وەرگێڕانی تەفسیری نوورە بە کوردی، لە زانکۆی ناوچە کوردنشینەکان، وەک وانەیەک بگوترێتەوە.

دکتۆر غەففاری مامۆستای خانەنشینی زانکۆ ئازادی شاری سنە، لەم ڕێوڕەسمەدا وتی: پسپۆڕانێکی وەک دکتۆر خوڕڕەم دل پەروەردەی دەستی حوجرە و فێرگە سوننەتییەکانی کوردستانن کە لە ڕابردوودا بە یارمەتی خەڵک و بەبێ کەمترین دەستێوەردانی دەوڵەت و ڕێکخراوە حوکمەتییەکان ئیداره‌ ده‌کرا و لە گرنگترین خاڵە فەرھەنگییەکانی ناوچە کوردنشینەکانە و کەمتر گوندێکی گەورەی کوردستان بووە کە بەبێ حوجرە و مەلا بووبێت.

دکتۆر مەحموود وەیسی، مامۆستای فیقە و زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆ تاران، سەبارەت بە تەفسیرە نوێکەی مامۆستا خوڕڕەم دڵ (شنەی ڕەحمەت) وتی: بەدیھاتنی ئاوەھا ئاسەوارێک نیشانەی ئیرادەت و ھەناردنی زانستی سالم و کەلتووریە کە مامۆستا خوڕڕەم دڵ، نموونەیەکی بەرچاوە لەم بوارەدایە.مامۆستا وەیسی ئاماژەی بەوەش کردکە: لە ساڵانی 1360ی ھەتاوی بە دوا، دکتۆر خوڕڕەم دڵ بە دانانی کۆڕ و کۆبوونەوه‌گه‌لێک بۆ ژنان و گەنجان، ھەست و بایەخدانی خۆی بە چینی داھاتووی دەردەبڕی.

عەبدوڵڕەحمان یەعقووبی بەرپرسی بڵاوگەی ئێحسان، وەکوو بڵاوکەری ئاسەواری مامۆستا خوڕڕەم دڵ وتی: لە ماوەی سی ساڵ دا، چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاسەواری مامۆستای کەم وێنە و پایەبەرز (مامۆستا خوڕڕەم دڵ)، خەڵاتی ئێمەیە بۆ ئاوا کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی پڕ پیت و خێر. ھەموو کات تێکۆشاوین کە بە باشترین شێوە ئاسەواری مامۆستا چاپ و بڵاوکەینەوە و پێشکەشی خوازیارانی کەلتوور و زانستی قورئانی بکەین. بەرپرسی بڵاوگەی ئێحسان وتی: بەبێ شک، لە پشت ھەر پیاوێکی سەرکەوتوو، ئافرەتێکی گەورە و تێکۆشەر ھەیە کە مامۆستا خوڕڕەم دڵیش لەم قاعیدەدا بێ‌بەش نییە و بەڕاستی خێزانی مامۆستا لە بەدیھاتنی ئاسەوارەکانیان، بەشێکی تایبەتیان ھەیە. جێگەی ئاماژەیە کە ئەم ڕێوڕەسمە لە لایەن بەشی کوردستانناسی زانکۆ کوردستان و بونیادی نەتەوەیی نوخبەگانی پارێزگای کوردستان بەڕێوە چوو.