ئازاد محمد به‌رگركه‌یی گەنج وەک بەهایەکی گرینگی مرۆیی و گەورەترین سەرمایەی وڵاتان زیاتر لەسەرمایەکانی تر لەجیهاندا گرینگی پێ ئەدرێ، گەنج نەمامی هێز و توانا و زیرەکییە، داینەمۆی داهێنان و وەگەڕخستنی شەمەندەفەری ڕۆشنبیرییە، گەنج ڕۆحی کۆمەڵگە و بەردی بناغەی شارستانییەتە، بەجۆرێ لەهەر کاتێ وەرچەرخان و شۆڕشێک بەرپا کرابێ، لەهەر ڕەهەند و بوارێ یان گەنج بەتەنها شانیان داوه‌تەبەر یاخود زۆرترین ڕۆڵ و پشکی شێریان بەرکەوتووە، گەنجێتی هەستیارترینی قۆناغەکانی ژیانە و درێژترین قۆناغی ژیانیشە، بۆیە بەرپرسیارەتێکی گەورە و پرسیارێکی زۆری لەسەرە لەدواڕۆژ و لەسەری ڕائەگیرێین، لەسەر چۆنیەتی بەڕێکردنی لێپێچینەوەمان لەگەڵ دەکرێ، هەر لەم قۆناغەشە مرۆڤ کەسیەتی خۆی بونیات ئەنێ و ئامادەسازی ئەکا بۆ ئەوەی لە ئاست هەر بەرپرسیارەتییەکدا بێ کە لەمەودوا بخرێتە سەرشانی. بۆیە هەرگیزاوهەرگیز ناکرێ ئەم چینە هەستیارە پەراوێز و پشتگوێ بخرێ، بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی هەر میللەتێک پەیوەندیان بە ڕۆحی هەست و شعوری گەنجەکانی و ئەو پەروەردە و فێرکردنەوە هەیە کە وەری دەگرن و ئاڕاستە دەکرێن. ئەو میللەتانەی گەنجەکانی بەباشی پەروەردە کراون، هەمیشە کاندیدن بۆ پێشکەوتن، لەبەرامبەردا دواکەوتنی ئەو میللەتانەی کە لاوەکانی خۆی پشتگوێ خستووە، شتێکی حەتمییە. کۆمەڵگا قاپێکی کریستاڵییە و گەنجەکانی ناویشی شلەیەکن تیایدا، شێوە و ڕەنگی ئەو وەردەگرن و لە ڕێگەی ئەوەوە دەردەکەون، ئەوانەی دەیانەوێ سەبارەت بە داهاتووی میللەتێک پێشبینی و پێشگۆیی بکەن، ئەگەر تەماشای پەروەردەی لاوەکانی ئەو میللەتە بکەن، ئەوە لە بڕیارەکانیاندا لەسەداسەد دەیپێکن. هەوا و ئارەزووەکان لە شتی شیرین و فەزیلەتەکانیش لە چێشتی ترش و سوێر و تاڵ دەچن، ئەگەر بێت و گەنج سەربەست بکرێت لە هەڵبژاردنی یەکێک لەمانە، داخۆ پێویست دەکا بڵێین کامیان هەڵدەبژێرێت و کامیان واز لێ دەهێنێت؟! ئەمە لەحاڵێکدا کە ناچارین گەنجان وەک دۆستی فەزیلەت و دوژمنی بێڕەوشتی پەروەردە بکەین، ئەم میللەتانەی گەنجەکانیان لە شەپۆلەکانی هەوا و ئارەزوودا جێ هێشتوون، زۆر بەقوڕسی باجی ئەم پشتگوێخستنەیان داوە، ئەگەر ئەمڕۆ ناپاکی چواردەورەمانی تەنیوە و نەوەکان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لە سنوور دەردەچن، ئەمە بە تەواوەتی دەرەنجامی کەمتەرخەمی ئێمەیە، چونکە کاتێک سەرمان لەناو هەورەکاندا دەهاتودەچوو، هەستمان بەو مارانە نەکرد کە بەنێو قاچماندا هەتا ناو ژووری نوستنەکانمان دزەیان کردبوو و بەدەستی خۆمان دۆخی ناهەمواری ئەمڕۆمان خولقاند. بۆیە دەربڕینی شەفەقەت و نەرم و نیانی و ئاوڕدانەوەی پێویست و هەڵگرتنی ناز و هەستکردن بە به‌رپرسیارەتی بەرامبەریان، هەنگاوێکی مانابەخشە لەسەر ڕێگای هەستاندنەوەی وڵات و میللەتەکەمان، ئەوەندە هەیە ئەم هەستی بەزەیی و میهرەبانییە، ئەگەر ڕووی لە ژیانی دڵ و ڕۆحیان بێت بەسوودە، بەڵام گەر ڕووی لە جەستە و لاشەیان بێت زیانبەخشە و دەیانکات بە بوونەوەری جەستەیی و تەنانەت لەوانەیە لە شیرازەش دەریان بکات، و ئەگەر بێتو ئاشتەوایی و لێکنزیکبوونەوەیەک بکرێ لەنێوان چینی تەمەندار و گەنجەکانمان، ئەزموون و ژیریی پیران و هێز و توانای لاوان لێک بدرێ و بکرێ بە هەویرێک و بە ئاو و خوێی ویژدان و دادپەروەرییەوە بشێلدرێ، بێگومان بەشی تێربوونی ته‌واوی دانیشتوانی جیهان کولیچەی لێ ئەسازێنرێ. لە دید و تێڕوانینی پەیامی پیرۆزی ئیسلامیش بایەخێکی زۆر بە گەنج دراوە و بەچاوێکی گەورە تەماشا کراوە، بەجۆرێک قوڕئانی پیرۆز پڕیەتی لە هەڵوێستی ئەو گەنجانەی ڕێڕەوی ژیانیان گۆڕیوە و بە زوڵم و ژێردەستەیی ڕازی نەبوون و خوای گەورە و پێغەمبەرانی لە تەمەنی لاوێتی ناردوون و ئەوانەی بڕوایان بە پێغەمبەر هێنا و پاڵپشتی بوون، لە بنەبڕکردنی جەهل و نەزانین و بونیاتنانی دەوڵەتی ئیسلامی، زۆرینە گەنج بوون و یەکێ لەو حەوت چینانەی لەژێر سایەی خوا حەشر دەکرێ، گەنجێکی تەوبەکار و چاکەکارە کە گەنجایەتی فرۆشبێتە خوا و پەیامەکەی و حەزرەتی خۆشەویستیش هۆشیاری دەدا ئاگامان لە قۆناغی گەنجیەتی بێ بەر لەوەی لەکیسمان بچێ و پیری بەسەردا بێ، لە چاخی زێڕینی پێغەمبەر و یارانی و لە سەردەمی خولەفای ڕاشدین و ئەمەویەکان توانرا جوانترین خزمەت بە مرۆڤایەتی بکرێ کە تائێستا مێژوو شانازی پێوە ئەکات کە زۆربەیان گەنج بوون. گەر بێت و باسێ لە کێشە و گرفتەکانی گەنجان بکەین هێندە زۆر و زەوەنن، نازانم لەکوێوە دەست پێ بکەم، لەکوێ کۆتایی پێ بهێنم، ئاخر گەنجی ئیمڕۆ هێندە پڕکێشە و گرفت و بێ ئومێدە مەگەر ڕەحمی خوا ئەگینا زۆر ئەستەمه بتوانرێ ئومێدیان لەسەر هەڵچنرێ و ئومێدێکی گەشت پێیان هەبێ، کەمینەیەکی زۆر کەم نەبێ، ئەوی تر هەمووی ڕوخاوە و تەسلیمی ئەو واقیعە نەخوازراوە بوونە. ئاخر ڕۆژ هەیە دڵت بۆ ئەو گەنجانە نەسوتێ، ئاخۆ ڕۆژ هەیە دەیان دیمەنی تراژیدی نەبینی، ڕۆژ هەیە نەتلێیتەوە بەدیتنی دیمەنی هەڵڕشتنی فرمێسکی گەنجان، هەر یەکەو بەجۆر و بە ئاوازێ باس لە کێشەی خۆی ئەکا، هەیانە ئەڵێ لای کۆمەڵێ برادەر هەڕەشەی کوشتنم لەسەرە چونکە نهێنیم لایانەوە و داوای شتی خراپم لێ ئەکەن، گەر داواکەیان جێبەجێ نەکەم ژیانم دەڕوا، هەیانە ئەڵێ بەمنداڵی فێری جگەرە کراوم ئێستا پارەی کڕینم نییە و خەریکە شێت دەبم، یەکێ ئەڵێ هەوەسم زۆرە و کەسێکی شەهوانیم پارەی ژن هێنانیشم نییە، هەیانە ئەڵێ لای برادەران فێری ماددەی سڕکەر بووم وازم پێی لێ نایێ، هەیانە ئەڵێ ژنم هێناوە و منداڵم هەیە، توانای کڕینی شیر و بەیبیم نییە نازانم بە چ چاووڕوێ داوا لە باوکم بکەم، ئاخر ڕۆژێک و دوان نیە...تاد واتە دەتوانین بڵێین گەورەترین کێشەکانی گەنجان بەم شێوەیە: ٭دانەمەزراندن و بێ کاری ٭نەبوونی خەرجی و درەنگ ژنهێنان ٭جگەرە و نێرگلە ٭ئاڵودەبوون بە ماددە سڕکەرەکان ٭ئاڵودەبوون بە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و یارییە ئەلیکتڕۆنییەکان ٭ئیستمناء: خوی نهێنی و ئاوهێنانەوە بەدەست ٭کۆچکردن و پەنابردن بۆ ژیان و چارەنووسێکی نادیار ٭نەخوێندنەوە ٭هاوڕێی خراپ ٭لادانی جنسی ٭کات بەفیڕۆدان ٭نەمانی هاوسەنگی لە خواردن و خەو ٭مۆدەگەرایی و چاولێکەری ٭ئاڵودەبوون بە نەشتەرگەری جوانکاری هەزاران ئەفسووس و مخابن گەنجانمان بێ کەسن و خەمخۆری دڵسۆزی ڕاستەقینەیان کەمە، نە حکوومەت خەمی لەبەرە و نازیانەکێشێ، نە حزبەکان، نە ڕێکخراوە ناوخۆیی و جیهانییەکانیش توانیویانە لە ئاست تموح داواکارییە سەرەکییەکانی گەنجان بن. ئەوەی کە ئێمە ئەزموونمان کردیە و خوێندنەوەمان لەسەری هەبووە، خاڵێکی هاوبەش یاخود گرفتێکی هاوبەش لەنێوان گەنجی خۆمان و هی وڵاتانی دی هەیە، ئەویش لایەنی ڕۆحی و دەروونییە کە فەراغ و بۆشاییەکی ئێجگار گەورەیە و ڕاستەوخۆ کاریگەری دەرەدکەوێ لەسەریان، ئەگینا بەکۆی گشتی جیاوازی لەنێوان گرفتی گەنجانی کوردستان و وڵاتانی تر ئەمەیە: گەنجی ئێرە ئاخ وداخ وئۆفی حەسرەتی ئەوە ئەکێشێ کە خۆشی نەبینوە و تاقی نەکردۆتەوە، ڕێک بەپێچەوانەی گەنجی وڵاتان، گەنجی وڵاتانی تر هێندە ڕۆچوون لەخۆشی، شتێ نەمایە تاقی نەکەنەوە، بەڵام هێشتا ناگەن بەو بەختەوەریەی لەدوای وێڵن، چونکە ڕۆحەکە برسییەتی و پێویستی بە خۆراک و تێرکردنە، بۆیە لەدواجار پەنا ئەبەنە بەر خۆکوشتن و ئەویش تاقی ئەکەنەوە، واتە گەر ژیانیش کێشەی نەبێ، تەواوی پێداویستییەکانیش جێبەجێ بکرێن، بەڵام گەر بێت و ئیمان و ڕەوشت و ئارامی ڕۆحی نەبێ، دواجار ئەوەش خۆشبەختت ناکا. گەنج کاریگەری منداڵی و هەرزەکاری زۆر بەسەرەوەیە، واتە گەر بێت و لەمنداڵی پەروەردەیەکی چاک بکرێ، لە هەرزەکاری ڕێنمایی بکرێ، گەنجییەتیشی بە سەلامەتی تێ ئەپەڕێ، ئەگینا پێچەوانەکەی ڕستەبێ. هەندێ لەچارەسەرەکان: ٭ئاوڕدانەوەی جددی و پێویست لێیان لەلایەن حکوومەت و دام و دەزگا مەعنه‌وییەکان. ٭کاراکردنەوە و سەلاحییەت دانە دەست سەنتەری لاوان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان. ٭ئیشکردنی زیاتر و دڵسۆزانەتری ڕێکخراوەکان بەگشتی و ئیش لەسەرکردنی حەز و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان بەتایبەتی. ٭هەستکردنی تەواوی حکوومەت بە گرینگی و پێگە و ڕۆڵی گەنجان و مەترسی پەراوێزخستن و لەدەستدانیان. ٭گەنجان خۆیان هەست بەوە بکەن کە گرینگ و کاریگەرن و دەتوانن ڕۆڵ و دەستیان هەبێ لە تەواوی ڕەهەند و جومگە و کایەکانی ژیان. ٭گەنجان ئامانج و پلان و پڕۆژەی تایبەت بەخۆیان هەبێ و قۆڵی لێ هەڵبماڵن و لێی سست نەبنەوە تاکو ئەگەن بەکۆتا. ٭خۆیان پێ کەم نەبێ و دەست بکەن بەگۆڕانکاری و سەرەتا لەخۆیانەوە دەست پێ بکەن. ٭لە خوێندنەوە دانەبڕێن ئەگەر کەمێکیش بێ ڕۆژانە. ٭خۆیان لە برادەر و خەسڵەتی خراپ بپارێزن کە لەکەداریان بکا. ٭مامۆستایێکی دڵسۆزیان هەبێ پرس و ڕای پێ بکەن. ٭هەوڵدەن زمان و کار و پیشەی جیا جیا فێر ببن. لۆخاتری ئەوەی پەکیان نەکەوێ... لە کۆتاییدا ئەڵێم گەر بێت و گەنج پەروەردەیەکی باش کرابێ و خۆی تموح و حەز و خەون و خولیایی گەورەی هەبێ و خۆی بدۆزێتەوە، ئەتوانێ بە جۆرێ ڕەگوڕیشاڵەکانی دابکوتێ نە باو و بۆرانی حیزب و حکوومەت نە لافاو و لێمشتی کوفر و ئیلحاد و عەلمانییەت ئەتوانن هەرەسی پێ بێنن، ئەبێتە گوڵێک و ڕۆشنایەک بۆخۆی و دەورووبەری و لە هەمان کاتیش ئەبێتە زل و ڕمێکی بەهێز بۆچاوی نەیار و ناحەزانی، کاتیەتی داوای شتی گەورە بکەین و تموحی گەورەمان هەبێت و هەوڵی ئەوە بدەین ئێمە ژیانی هەندێکی تر ڕزگار بکەین. نەوەک بەو بێ ئومێدییە و بێتاقەتی و کز و داماو و مات و مەلوول و سەرگەردان دابنیشین و دۆش دابمێنین و چاوەڕێ بکەین ئاخۆ کێ بێ دەستمان بگرێ و ببێتە فڕیادڕەسمان، بەڵکوو بۆ تەکانێ بەخۆ بدەین و چیتر بەدەم گلەیی و گازندەوە بە هەناوێکی پڕەوە فرمێسک نەڕێژین، چونکە زۆرمان کرد، کەس زگی پێ نەسووتاین، ئیتر ئەبێ خۆمان زگمان بەحاڵی خۆمان بسووتێ و کاری جددی تر بکەین.