مه‌لا ئیدریس ژاڵه‌یی- كه‌لار مەلای کورد واتە خۆری پرشنگداری ئاسمانی کوردستان و چرای زانست و سوارچاکی مەیدانی شۆڕش و بەرخۆدان . باسکردن لە زانست و زانیاری و ڕۆشنبیری و هۆشیاری کۆمەڵگەی کوردی بەبێ باسکردنی ڕۆڵی مەلای کورد نابێت، یەکەمین چرای زانست لە کوردستان مەلا لە حوجرە کانەوە دایگیرساندووە ، هەموو زانستەکان لە هەموو بوارەکاندا مەلاکان بڵاویان کردۆتەوە و گەیاندویانە بە نەوەی کورد ، پاڵنەری سەرەکی مەلای کورد بۆ گرنگیدان بە زانست و فێربون و بڵاوکردنەوەی زانست، قورئانی پیرۆز و فەرمودە بەپێزەکانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بووە . خودای گەورە دەفەرموێت : [ شَهِدَ ٱللَّهُ أَنَّهُۥ لَآ إِلَٰهَ إِلَّا هُوَ وَٱلْمَلَٰٓئِكَةُ وَأُوْلُواْ ٱلْعِلْمِ قَآئِمًۢا بِٱلْقِسْطِ لَآ إِلَٰهَ إِلَّا هُوَ ٱلْعَزِيزُ ٱلْحَكِيمُ] سورةآل عمران: الآية۱۸ . فانظر كيف بدء الله بنفسه، و ثنی بالملائكة، و ثلث بٲهل العلم! فالعلم بٲمور الدين و الدنيا، وجاء هذا صیغة الٲمر .(المسجد و ٲثره الدعوي، الدكتور خيرالله حسن محمدالكاسكاني،ص۱۶۳ ) . پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت : ( العلماء ورثة الانبياء ، و ٳن الانبياء لم يورثوا دينارا ، ولا درهما ، ورثوا العلم، فمن ٲخذه ٲخذ بحظ وافر. ” . اخرجه ٲبوداود:كتاب العلم،باب الحث علی طلب العلم، رقم: ۳۷۷۳ ” . ئەگەر سەیری مێژوی ئەدەبی کوردی بکەیت دەبینیت وێژە و شیعرو پەخشان و لێکۆڵینە و ساغکردنەوە و پاراستنی ڕەسەنایەتی و کەلەپوری کورد مەلا داهێنەریەتی ، تۆمارکردنی داب و نەریت و کلتور، پارێزەری مێژومان هەڵگرانی مەشخەڵی ڕوناکبیری لەسەردەمی شەوەزەنگی نەزانیدا مەلاکان بوون، مەلا لە ڕێگەی ڕێبازی فێرخوازی حوجرەوە ، کە بێگومان حوجرە لە سەردەمی پێشودا ڕۆڵی لە زانکۆکان کەمتر نەبووە ، حوجرە ئەحمەدی خانی بەرهەم هێنا ،ئەو ئەحمەدی خانیەی کە لەڕێگەی مەم و زینەکەیەوە کەلتوری کوردی پاراست،، نەخشەی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە سەر بنەمایەکی نەتەوەیی ڕەسەن و پتەو کێشاوە، مەلای جەزیری ، باتەیی ، فەقێ تەیەران، سەودایی و سەیفی و چەندان کەڵە شاعیری گەورەی دیکە نوسەرو داهێنەری داستانەکانی عیشق و سۆزو مەینەتی و چەرمەسەریەکانی کوردن ، بەدوای ئەواندا لە بابا تاهیری هەمەدانیەوە ، هەتا صەیدی، و بێسارانی، و مەولەوی، و نالی، و مەحوی، و سالم، و کوردی، و وەفایی، وحاجی قادری کۆیی، و مەلای گەورەی کۆیە ، و چەندان شاعیر و ئەدیب و زانای دیکە لەناو چوار دیواری قوڕینی حوجرەکانی کوردستاندا بە هەست و سۆزی ئەدەب دۆستی و نیشتیمان پەروەری جۆشدراون ، سەرکردەکانی بزوتنەوە ئازادیخوازیەکانی کورد، هەڵگیرسێنەرانی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کورد کە سەر و ماڵیان لە پێناوی ڕزگاری کورد و کورستان دەکردە قوربانی و دوژمنانی کوردیان تێک دەشکاند و بەرپەرچی هێرشەکانیان دەدایەوە، هەموو مەلا بون و دەرچوانی ڕێبازی خوێندنی حوجرەکان بوون.. لە پێگەیاندنی زانای گەورە و سوارچاکانی مەیدانی زانستە ئیسلامیەکان، ڕێبازی زانستی حوجرەکانی کوردستان کەم وێنەیە لە جیهانی ئیسلامیدا ، ئەو زانایانەی لە حوجرەکانی کوردستان دەرچون و لەلای مەلای کورد ئیجازەیان وەرگرتووە، کاتێک لە کوردستان دەردەچون ولە شارەگەورە و پایتەختەکانی جیهانی ئیسلامی گیرساونەتەوە و ئەستێرەی ناو و ناوبانگیان درەوشاوەتەوە و بە جیهاندا بڵاوەی کردووە، لە ڕووی زانستیەوە جێگەی باڵا و شیاوی قوتابخانە گەورەکانی جیهان بەڕێزەوە پێشوازییان لێکردوون و پلەی فەتوا و قەزاوەت و حاکمێتی شەرع یان پێ ڕەوا بینراوە ، و چەندین زانای دەرچوی حوجرەکانی کوردستان لە مەککە و مەدینەدا موفتی و مامۆستا و پێشنوێژ و ( امام الحرمین) بوون، هەروەها قاهیرە و دیمەشق و چەندین شوێنە زانستیە بەناوبانگەکان ئەگەر لێکۆڵینەوەی وردیان لەسەر بکرێت ، ناوی چەنەها کوردی دەرچووی حوجرەکانی کوردستان زیندوو دەکرێتەوە کە هەمویان لەپلەی زانستی باڵادا بوون .( بڕوانە کتێبی دیفاعێک لە خوێندن لە حوجرەکانی کوردستاندا – محمد علی قەرەداغی۲۰۰۹ لاپەڕە ” ۱۱- ۱۳″ بە دەستکاریەوە ).