ڕەنگە شتێکی نامۆ بێت بۆ مرۆڤ کە مامەڵەیەکی لەم شێوەیە لەگەڵ خودا بکات بەجۆرێک کە خۆی لە ترازووی خودادا ببینێت. مەخابن! ئەم بابەتە هێندە نامۆیە مرۆڤ تا ئێستاش خودا بە قامچی بەدەست دەناسێت تا ئێستاش وا دەزانێ خودا هەر خەریکی دۆزەخ گەرم‌کردنە یان ئەوەی هەمیشە دەفتەری پێڕست و هەژماردنی لە دەستە و وەک: مامۆستایەکی تووندی بیرکاری خەریکی پلەبەندی و نمرە دانان و هەڵە دۆزینەوەیە لەم بوونەوەرەی...!
لەڕاستیدا هێندە ترساوین لەو حەشر و ئاگر و قەبرە پیاو ناوێرێت بژی و هەناسە بدا لە ترسی مردن، ئەسڵەن هەر ناوێرێ بیری لێکەیەوە تا لێی حاڵی ببی. 
مەولانای ڕۆمی دەڵێت: مرۆڤ دەبێ وکوو قومارباز بێت بۆ گەیشتن بە تروپکی ئەوینی خودا، واتە: بۆ گەیشتن بەم ئامانجە پڕبایەخ و هەست بزوێنە دەبێ هەموو شتی خۆت ببەخشی تا بە خوا بگەی، ئەگەر ئەم جارەش نەگەیشتی بە خودا ئەوە جارێکی تر ئارەزوو بکە و دووبارە و چەند بارە هەوڵ بدە و ڕێگەی گەیشتن بە خوا بدۆزەوە و لە پێناو گەیشتن بە خودا زۆر شتی خۆت بکە قوربانی، بەڵکوو ئەم جارە بگەی بە دڵداری حەقیقی...
بێگومان بۆ مرۆڤ ژیان لەژێر سێبەری ئەو ئایەتە کە دەفەرموێ: ( لَمَغْفِرَةٌ مِّنَ ٱللَّهِ وَرَحْمَةٌ خَيْرٌ مِّمَّا يَجْمَعُونَ ) ئونسی گیان، خۆراکی دڵ، مەزرای باڵ هەڵپرووسقان و دڵ هەڵقرچاوەکان و بەهاری ڕوحی باوەڕدارە.
له‌ژێر تەوژمی لە ڕێلادانی دۆخی ئابووریی كه‌ باڵى كێشاوه‌ به‌ سه‌رماندا، كه‌سانێك هه‌ن كه‌ خواى گه‌وره‌ ڕزق و ڕۆزی بۆ ديارى كردوون، كاتێ كه‌سانى تر ده‌بينێ له ‌بريى ماڵێک دوو ماڵ و سێ ماڵى بنيات ناوه‌ و خاوه‌نى سامانێكى زۆره‌، مەخابن! خۆى به‌ كه‌سێكى ڕووخاو ده‌زانێ و كه‌سانى تريش به‌ سه‌ركه‌وتوو داده‌نێ؛ بۆيه‌ تووشى نەخۆشی خه‌مۆكى ده‌بێت و خه‌فه‌ت دڵی دەگوشێت و هه‌ست به‌ بێتاقه‌تى ده‌كات بۆ حاڵى خۆى. بێگومان ئەم دۆز و پرسە ئاواش نییە، خودا بۆ خۆی لەو سەرەوە خودایەتی دەکا ئیتر هیچی تری ناوێ ئەوە خۆی ئەسڵی بابەتەکەیە، واتە خوای گەورە نایهەوێ درووستکراوەکانی ژێر دەستی ئازار بدات. بۆ مەگەر ئەم زەوی و ئاسمانەی بۆ ئێمە بونیاد نەناوە؟ ئەی مەگەر خۆی نەبوو لەو ئاسمانەدا بە بریاری خۆی کردینی بە جێنشینی خۆی؟ تۆ بەس بزانە مانای جێنشین واتای چییە؟! واتە من و تۆ بە مۆری فەرمی خودا لێرە جێ نشینین و وەکالەتی ئەومان هەیە بۆ هەر کارێک، بۆ ئەم هەمووە نیعمەتە کە بە ئێمەی بەخشی بە کام بوونەوەری تری بەخشیوە؛! هەر بە جددی زۆریش پڕبایەخ و سەنگینین لای خودا بێ ترس و شەرم بیر لەو نرخەت بکەوە تا بزانی چەند خۆشەویست و نازدارین لای خوا. بۆ مەگەر کتێبی بۆ نەناردووین؟ ئەو ئەرکەی کێشاوە بەرنامەی ڕۆژ و ساڵ و تەمەنی ئێمەی لای خۆی تۆمار کردووە، وشەکانی خۆی بۆ ناردووین هەر ئەسڵی قسەی خۆی وەک دیاری ناردووە بۆمان چ بەخششێکە خوایە کتێبی تۆمان هەبێ و بە بەرنامەی تۆ کارانێک بکەین...

شێخی گەورە شێخ "ابوسعید ابوالخیر" لەمەڕ ئاواڵە بوون و کراوە مانەوەی دەرگای زاتی حەق بۆ لێخۆشبوون و ڕزگاربوونی باوەرداران دەفەرموێ:
بـــاز آ بـــاز آ هر آنچه هستی باز آ
گــر کافـر و گبر و بت‌پرستی باز آ
این درگه ما درگه نومیدی نیست
صد بـــــار اگر توبه شکستی باز آ

واتە: تۆ هەر کەسێکی، کافر یان گاور، باوەرداری یان بێباوەر یان بۆت پەرەستی، وەرە بۆ دەرگای ڕەحمەت و لێخۆشبوونی زاتی حەق، چونکە ئەم دەرگای ئێمە کە دەرگای پەروەرێنە دەرگای نائومێدی نییە، ئەگەر سەد جاریش تەوبەت شکاندووە دیسان هەر وەرە. 
جا مرۆڤی عاقل کە دەرواتە حزووری کتێب و فەرموودەکانی خودا و گفتوگۆ دەست پێدەکا شتی ناوازەتر دەبینێ لە زمانی خوداوە یان چۆن بلێین  زۆر جار خودا کار و ئیشەکانی خۆشی داوەتە دەست مرۆڤ بە جۆرێک تا مرۆڤ شتێک نەکا خودا وەڵامێک ناداتەوە یان تا مرۆڤ تاوانێک نەکا خودا لێمان تووڕە نابێت بۆ نموونە خودا دەفەرموێ (یادم بکەن منیش یادی ئێوە دەکەم )یان(سوپاسم بکەن بۆتان زیاد دەکەم) یان ( داوام لێبکەن وەڵامتان دەدەمەوە ) یان (بەڵا و موسیبەتێک بۆ گەلێک نانێرێت تا نەگەنە حاڵەتی گومڕایی و تاوانکاری زۆر ) وە دەیان قسە و باسی دیکەی خودا کە بریار و تاقیکردنەوەکان و کارەکانی خۆی بەستوەتەوە بە ئامادەی و گومرابوونی مرۆڤەکان.
مرۆڤی خاوەن ئەزموون بۆ دابەزینەوەی دووبارەی فەرموودە دانسقەکانی پەروەرێن چاڵی ڕوحی لەژێر سازگاری ئەم وتە زێرینەدا ئاوپڕژێن دەکات کە دەفەرموێ: (الثلج ذالك الثوب الأبيض الذي يكسوا الأرض ويعطيها جمال لا مثيل له..!!) بەفر ئەو جلە سپییەیە کە زەوی داپۆشیوە و جوانییەکی بێ هاوبەشی پێدەبەخشێت.! با ڕێک وەک بەفر وا بین کە چەندە تامەزڕۆین ساڵێ جارێک هەستی پێبکەین و چێژی لێوەرگرین، کەواتە مرۆڤی گەورە و کەسی مەعنەوی بەهەمان شێوە بە تامەزڕۆییەوە چاوەڕێیان دەکەین، چونکە زۆر بەنرخ و گەورەن و هەمیشە چاوەڕێ وتەی بەنزخ و

گەوهەرە دانسقەکانی ئەوان دەبین؛ دەی با وەک بەفر وابین دڵخۆشی بخەینە دڵی بەرانبەرن. دەی کەواتە با ئێمەش ئاوابین دڵخۆشی و کامەرانی بخەینە دڵی بەرانبەرن...!
ئەگەر بمانهەوێ ژیان وەک بەهار دڵخواز و ئارام و جوان بێت، پێویستە دڵمان وەک بەفر سپی و ڕەوان بێت! مەخابن! ئەمڕۆ مرۆڤ بەگشتی لەحاند شکۆ و بایەخ پێدانی ڕوحی خۆی کەمتەرخەمە و گرینگی بە جەستە و بابەتە ڕووکارەکانی ژیانی ڕۆژانەی دەدا،  شتێکی ئەوتۆیان بۆ وتن نییە لەگەڵ خوای گەورە بیکەن، تەنانەت ڕاز و نەنیازێک بەدی ناکەن کاتی چوونە سەر سفرە و خوانی خوا لەسەری بدوێن، کەچی هەر ڕادکەن و نازانن بۆ کوێ ڕادەکەن.!
بێ دوودڵی دەتوانین بڵێن کە: ڕۆژوو دەوری سەرەکی دەگێڕێ لە سارێژکردن و تێکهەڵچوونی بیر و هزری مرۆڤ؛ چونکە دونیای دەرەوە، بە هەموو جوانی و ناشیرینییەکانییەوە، ئاوێنەیەکی هەریەک لە ئێمەیە و ڕەنگدانەوەی گەورەی ژیانی بچووکی ناوەوەمانە. لەوانەیە تێبینی ئەوەتان کردبێت کە لە ناوەوە شەڕێک دەگوزەرێت. ئەم جیاوازییە لە مێژە لە نێوان بەشە سۆزداری و دەروونی و ڕوحییەکانماندا هەبووە. ئەم شەڕە لە ترسی خودەوە سەر هەڵدەدات کە وامان لێدەکات وا بیر بکەینەوە کە پارچە پارچە بووین و دەتوانین لەم لایەنانەی کە بەڕواڵەت ناکۆکن جیا ببینەوە. مەخابن! هەر ئەم دابڕانە خۆی سەرەتای شەڕ و ناکۆکیی و ئاژاوەیە. پارچەپارچەبوون شەڕێکی بیر و هزر دەست پێدەکات کە وامان لێدەکات دەنگی بوونی باڵاترمان نەبیستن و غەریزەی خوداکەمان لەپێ بکەین و زیان بە دڵی پاک و بێگەردی خۆمان بگەیەنین. ئایا تۆ لە شەڕدایت لەگەڵ خۆت؟ ئایا تیرۆریستی ناوەوەت دەناسیت؟ چۆن شەڕ دەکەیت و هێرش دەکەیتە سەر خۆت؟ ئایا بە هێرشکردنە سەر کەسانی تر، پاڵنانی خەڵک، خواردنی حەب، بێهۆشکردنی خۆت، پشتگوێخستنی خۆت، بێبەشکردنی ئەوەی کە بۆت گرنگە، شەڕ دەکەیت؟ ئایا بە گفتوگۆی ناوخۆیی خۆبەزلزانین یان ڕەفتارە زیانبەخش و خووییەکان ئەمە دەکەیت؟ ئایا بڕیار دەدەیت کەوا دەکات هەست بە نائەمنی بکەیت و لە هەندێک بواردا بتخاتە مەترسییەوە؟ ئایا لە پەیوەندییەکی توندووتیژی ڕۆمانسی یان دۆستانەدایت؟ ئایا خەون و ئەگەرەکانی داهاتووتان بارمتەن بۆ بەشێک لە ئێوە کە لە ئازاری ڕابردوودا ماونەتەوە؟ کاری دڵخوازی ڕوحی ئەوەیە کە ڕاستییەکانمان پێ بڵێت و تاریکی دژایەتییە ناوەکییەکانمان ڕۆشن بکاتەوە. پێویستە ئەم بەشانەی بوونمان خۆش بوێت کە لە خۆمان جیابوینەوە و دواجار وەریانبگرینەوە.
ئەو کاتەی پەروەرێنی بێهاوتا دەفەرموێ: { فَاذْكُرُونِي أَذْكُرْكُمْ } مەزرای دڵە شەقاربووەکان بە نمە بارانی بەندایەتی و پڕژەی پیرۆزی ئەم دێرە دانسقەیە دەخووسێن و خۆری دڵ ترووسکە ئەدا و تا دێت هەر شەوق ئەداتەوە و ئونسێک کە زاتی حەق تێدا ئاشکرایە ئەوەیە یادکردنەوەی یاری نازەنین... بۆ ئەوەی پەیوەندیمان بە پیرۆزی خۆمانەوە هەبێت، پێویستە سەیری هەموو بەربەستێک بکەین لە نێوانمان و مافی خودا پێدراومان بۆ ئەوەی ئیدیعای شکۆمەندی ئەو بکەین و بەشداری بکەین. گەرچی ئێمە جیاوازی ناوخۆیمان هەیە، ئێمەی مرۆڤ پێکهاتەیەکی وەهامان هەیە، بەڵام ئەم بەرپرسیارێتییە ئیلاهییەش دراوە بە هەریەکێکمان کە ڕووناکی و خۆشەویستی لەسەر هەموو بوونمان بدرەوشێنینەوە: بوونی پیرۆز، بوونی سۆزداری و بوونی فیکری. ئەم بوونانە کۆیەکن، واتە کۆی ئەو کێیەین کە ئێمەین و پێکەوەبوونێکی پیرۆز دروست دەکەن. ئەم شەڕە ناوخۆیە کە زۆرێک لە ئێمە تەنانەت پێش ئەوەی لە جێگاکەمان هەڵبستین دەست پێدەکات، تەنها یەک دژە ژەهری هەیە و ئەویش خۆشەویستییە. نەک هەر خۆشەویستییەک، بەڵکوو خۆشویستنی خود و ئەم خۆشەویستییەش بڕیاری جێهێشتنی خۆشویستنی خۆمان بۆ داهاتوویەکی نادیار و کەی دواجار دەبینە بەنرخ لەخۆدەگرێت.  پێویستە خۆمان بە تەواوی لەو شوێنەی کە لێی دەژین خۆشمان بوێت و ئەم خۆشەویستییە تەنها کاتێک لەبەردەستماندایە کە لەگەڵ ئەو کەموکوڕی و لاوازی و گوناهانەی کە لە خۆماندا دەیدۆزینەوە، ڕێکبکەوین.
ڕەمەزان هەوێنی ڕێکخستنی ژیانێکی ئاسوودە و ئارام و لێورێژ لە سۆز و مێهرەبانییە لەناو خێزاندا، بێگومان دەوری سەرەکی دەگێڕێ لە کاتی بەربانگ هەموو ئازیزانی بنەماڵە لە دەوری یەک کۆدەکاتەوە بە ڕێز و خۆشەویستی و زەردەخەنەوە نەک بۆ تێکدانی ئاسوودەیی و شێواندنی خێزان.
ڕەمەزان تەنیا بۆ تەزیبع و لەچک و بەرماڵ و خەتمی قوڕئان و چەند نزایەک نییە لەولاشەوە ژیانی خەڵک تێک بدەی..