دوای دروست بوونی دەوڵەت ـ میللەتەکان هەرکام لەو چوارچێوە جوگرافیانە، تایبەت نەکراون بە نەتەوە و کەلتوورێکی تایبەت، هەرکامیان لانیکەم دوو نەتەوە و، دەوڵەتی وابووە زۆرتر لە دە نەتەوەی لەخۆی گرتووە. ئەوەی لەسەردەمی پەیمانە ئیستعمارییەکانی، وەک سایکس پیکۆ و لۆزان بۆچی ئاوایان کرد، جێگەی باس و لێکۆڵینەوەیە، که لێرەدا لەسەری ناڕۆم. بۆ وێنە ئێستا دەوڵەت ـ نەتەوەی سووریا هەرچەند بەنێوی دەوڵەتی عەرەبی ناوزەد کراوە، دەرکەوتووە کە کەمینەکانی کورد، عەلەوی و مەسیحی، تێیدا دەژین. دەوڵەتی عێراقیش خاوەنی کەمینە ئیتنییەکانی کورد و ئاسۆری و تورکمان و مەزهەب و ئایینەکانی سووننی و شیعە و ئێزدی و دیان و یارسانە. دەوڵەت ـ میللەتەکانی ئێران و تورکیاش هەر ئاوان. بەڵام لە عەرزی واقیعدا دەسەڵاتی سەرەکی لە دەست نەتەوەیەک دایە. لە عێراق و سوریا عەرەب، لە تورکیا تورک و لە ئێران فارس دەسەڵاتداری سەرەکین. بە هۆی سەروەرنەبوونی یاسا و نەبوونی دادپەروەری، ڕەچەڵەکی خاوەن هێز و دەسەڵات وڵامی داخوازییەکانی نەتەوەکانی تر ناداتەوە و جێبەجێیان ناکا. ئەو داخوازییانەی کە مافی ئاسایی و سەرەکی هەر نەتەوەیەکە. بۆ وێنە خوێندن بە زمانی دایک و بەشداری لە دەسەڵات. زۆر جار دەبیندرێ ناوچە کەمایەتییەنشینەکان لە بواری ئابووری زۆر دواکەوتووترن لەو ناوچانەی کە دانیشتوانی نەتەوە باڵادەستەکەن. دوواکەوتوییی ئابووری، کەلتووری و کۆمەلایەتی بە ڕاشکاوی لە ناو کەمینە ئیتنییەکاندا دەبینرێ.
تاکوو ئێستا کەمینەکان لەبەرانبەر ئەو بێ عەدالەتییەی ناوەنددا دوو هەڵوێستیان گرتووه: یەکەم؛ داواکردنی مافە ڕەواکانیان بە شەڕ، دووهەم؛ بێدەنگ بوون و قەبوڵکردنی ئەمری واقیع. هەڵوێستی یەکەم هەرچەن بۆ مەرکەزەکان و نەتەوەی دەسەڵاتدار هەندێک گیروگرفت دروست دەکا بەڵام تاکوو ئێستا کە زیاتر لە سەد ساڵ بەسەریا تێپەڕیوە، دەسکەوتێکی ئەوتۆی لێنکەوتۆتەوە؛ تەنانەت بۆ نەتەوەی کەمینە و ناوچەکەیان گیروگرفت و خەساری زۆری بەدیهێناوە. خەسارەتی گەورە تاکوو ئێستا کەڵک وەرگرتنی لایەنە دەرەکییەکان لە کورد وەک کارتی کایە بووە و فشارهێنان بۆ دەسەڵاتە مەرکەزییەکان هەتا بە قازانجی خۆیان گەیشتوون و دواتر پشتیان تێکردوون. لە دواییدا بە تاوانی ئەو کارت بوونە، نەتەوە ژێردەستەکان، بە خراپترین شێوە تۆڵەیان لێکراوەتەوه.
ئەو بەرخۆدانە چەکدارییە زۆرتر لەکاتی لاواز بوونی دەوڵەتە مەرکەزییەکاندا سەرهەڵدەدا. لەو کاتانە هێزە چەکدارەکە گوێ ناداتە داخوازەکانی دەوڵەتی مەرکەزی بۆ دانیشتن و دانوستان. دواتر کە دەسەڵاتی ناوەندی هێزی گرت و پاشەکشەی بە هێزە چەکدارە بەرانبەرەکە کرد، ئەمجار ئەو گوێ ناداتە داخوازییەکانی نەتەوەکە. ئەم جەغز و سیکلە بۆ ماوەی سەد ساڵە درێژەی هەیە و کەڵکی نەبووە.
ئەزموونی یەک سەدەی ڕابردوو بەتایبەت لەو ٢٠ ساڵەی دواییدا، دەریدەخا کە پێویستی بە داڕشتنی پڕۆژەیەکی دووبارە هەیە. با بێین دەس بەو کارانە بکەین کە ئیمکانی پێش گرتنیان نییە. لاوانی کورد لەباتی چەک، پێنووس هەڵگرن و پلە زانستییەکانی زانکۆ ناوبەدەرەوەکانی جیهان بگرنە دەست. هەر ئەوەندە بەسە کوردێک، تەنیا تاکێکی کورد، خەڵاتی نۆبل وەدەست بێنێ و لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا دوو ڕستە لەمەڕ کورد بڵێ یان لە ناوخۆی وڵاتەوە لەباری ئابووری حەولێکی چڕوپڕ بدرێ و خەڵکی کورد خۆی دەوڵەمەند بکا و لە شارە کوردییەکان سەرمایەگوزاری بکات و بێکاری بنەبڕ بکات کە بە دوایدا بنەبڕبوونی تووشبوون بەماددەسڕکەرەکانی لێدەکەوێتەوە.
لەبری ناڵین و هاوار لە چنگ دەوڵەتە مەرکەزییەکان با پەنا بەرینە بەر گەشەپێدانی نێوماڵی خۆمان. زانست و ئابووری بکەینە، دوو پێوەری گۆڕانی کۆمەلگای کوردەواری. سەد ساڵە، شەڕی چەکداری تاقی دەکەینەوە، با 25 ساڵیش ئەو ڕوانگە نۆییە تاقی کەینەوە و بانگەشەی بۆ بکەین. وابکەین خوێندکاری زانستگا نێونەتەوییەکان و کار خوڵقێنەرەکانی کوردستانەکان، وەک خەباتکارە ناودارەکانی سەدەی ڕابردوو بێنە بەرچاو. با کۆمەلگای سیاسی کورد بگۆڕین بە کۆمەڵگای ئابووری، زانستی و کەلتووری. وشیاریش بین، لەتەک کایەی ئابووری و زانستی، کایەی سیاسی، هەرچەن دەبەینە پلەکانی دواتر، بەڵام لەبیری نەکەین.
96/12/22
بۆچوونهکان