بیست و پێنج رێکخراوی خوێندکاریی کوردی، داوایان لە سەرکۆماری داهاتووی ئێران کردووە کە پابەند بەو بەڵێنییانە بێت کە لە قۆناخی پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردندا بە خەڵکی دا.

چالاکانی خوێندکاری کورد، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا، وێڕای پیرۆزبایی لە "حەسەن رووحانی"، بە بۆنەی هەڵبژێرانی بۆ پۆستی سەرکۆماریی ئێران، هیوایان خواستووە کە ناوبراو پارێزەری مافی گەل بێت و هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی ماف و داخوازییەکانی شارۆمەندانی ئێران بدات.

نامەی ئاماژەپێکراو کە واژۆی ٢٥ رێکخراوی خوێندکاریی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستانی لە ژێرە، تێیدا باس لە گرانی، بێکاری، پەرەسەندنی هەژاری و زیاتربوونی قەڵشتی چینایەتی، هەڵاواردن، گەندەڵی، سانسۆر و کەش و هەوای پۆلیسی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا کراوە و هۆکاری پێشوازی و بەشداری شارۆمەندان لە هەڵبژاردنیش "کۆتایی هێنان" بەو قەیران و گرفتانە گرێ دراوە.

چالاکانی خوێندکارانی کورد لە نامەکەیاندا، رەوشی نالەباری شارۆمەندانی ئێرانی و دواتر خوێندکارانیان بیر رووحانی خستۆتەوە و پاشان وێڕای ئاماژە بە پێکهاتەی فرەنەتەوەیی، ئایینی و زمانی ئێران، جەختیان لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی هەر تاکێک لە کۆمەڵگادا کردۆتەوە و وتوویانە کە نە تەنیا ئەو مافە، بەڵکوو زۆرێک لە مافە رەوابینراوەکان بە گوێرەی یاسایی بنەڕەتی ئێرانیش، جێبەجێ نەکراوە کە هیچ، کوردستان سێ دەیەیە لە مافی پەروەردە بە زمانی دایک، پارێزگاری لە کولتوور، مێژوو و ئەدەبیاتی خۆ بێبەری کراوە و هەڵاواردن و گووشار وایکردووە کە کورد لە مافی هەبوونی حیزب و رێکخراوە و تەنانەت رێکخستنی خۆشی بێبەش بێ.

خوێندکارانی کورد دەڵێن کە کۆمەڵگای کوردستان بۆتە قوربانی تێڕوانینێکی ئەمنییەتی، ناوەندگەرا و شۆڤێنیستی و سێ دەیە پێشێلکاری خۆی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کوردستانی کردۆتە هەژارترین، بێکارترین و کەم داهاتترین و پێشنەکەوتووترین بەشی ئێران.

لە نامەکەدا هەروەها هاتووە کە ئەگەرچی دەزانین کە کۆتایی هێنان بەو هەمۆ کێشە و گرفتە لە ماوەی ٤ ساڵ دەسەڵاتداری ئێوەدا مومکین نییە بەڵام دیسانیش هەوڵی جیددی و ئاوڕدانەوەی ئێوە لە کێشانە دەتوانێ بنەمای یاسایی، پێکهاتەیی و ئیداری بۆ دەستەبەرکردنی ئەو مافانە و چارەسەری ئەو کێشانە ئامادە بکات.

خوێندکارانی کورد داوایان لە رووحانی کردووە کە بەڵێنییەکانی قۆناخی پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردن بەجی بگەیەنێ و لە توانای نەتەوەکان و بە تایبەت کوردان لەو رێگەدا کەڵک وەربگرێ.