بسم الله الرّحمن الرّحيم الحمدلله ربّ العالمین والصّلاة والسّلام علی رسول الله وعلی آله وصحبه أجمعین ھاتنی مانگی ڕەمەزان، ئەو مانگەی کە وەرزی ڕەحمەت و لێخۆشبوون و ڕزگارییە، مانگی پاک کردنەوەی دەروون و بەرزکردنەوەی ڕه‌وشت و مەعنەوییەته لە گشت موسوڵمانان و ھاووڵاتییانی ئازیز پیرۆزبایی ده‌که‌م. رەمەزان، میوانێکی مەعنەوی و دەرفەتێکی پڕبایەخ و قوتابخانەیەکی فێرکاری بۆ ڕاھێنان و چاکسازی و به‌دیھێنانی گۆڕانێکی ئه‌رێنییە لە ژیان؛ تا به‌ ڕوانینێکی قووڵ و بیرێکی نوێ و تێکەڵ بە ئیخلاس و خۆناسین پێداچوونەوەیەک لە بەرنامە و ھەڵس و کەوتەکانماندا بکەین. «یَا اَیُّهَا الَّذِینَ آمَنُوا کُتِبَ عَلَیکُمُ الصِّیَامُ کَمَا کُتِبَ عَلَی الَّذِینَ مِن قَبْلِکُم لَعَلَّکُم تَتَّقُونَ» ره‌مەزان بیرەوەریی پەیمان و بەڵێنی ھەرمانی بڕواداران لەگەڵ یەزدانی مەزنە تا وێڕای ڕێزگرتن لەم بەڵێنییە، بە ورە و ئیڕادەیەکی پۆڵایین و بەرپرسانە بۆ ئاوەدانی زیاتری دەروون و دەور و بەرمان تێبکۆشین. لە سەر بنەمای پەروەردەی ئیسلام، گەیشتن بە له‌خواترسان و پارێزگاری، پێویستیی بە سەرنجی هاوکات بە بەندایەتی خودا و خزمەتی خەڵکە. لەم ڕووەوە، دەبێ تێکۆشین تا بە ئامادەبوونی کۆمەڵایەتیی لە ڕادەبەدەر و خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگا، ڕۆڵی باش و ئەرێنی خۆمان بگێڕین. ھەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی کلتووری گشتی و ھێنانەدی پێویستییەکانی کۆمەڵگای مەده‌نی، بەشێکن لە ئەرکی سەرشانی بڕواداران. ئامادەبوونی بەرچاوی ئەندامان و بەرپرسانی جەماعەت لە چالاکییە کۆمەڵایەتییه‌کان و پەرەدان بە پێوەندیگرتن بە کەسایەتی، ڕەوت و ڕێکخراوەکان وێڕای ئەوەی کە جێگه‌ی دڵخۆشین، بەردەوامبوون په‌ره‌سه‌ندنی بە پێویست دەزانم. بەشداری وشیارانەی ئەندامانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لە ھەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەدا و هاندانی هاووڵاتیان بۆ بەشداری چالاکی ئەوان، بۆ ئێمە جێگای ڕێز و پێزانینە. جێگای دڵخۆشییە کە جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح وەکوو ڕێخراوێکی مەدەنی و سەرانسەری بە تێڕوانینی مامناوەندییانه‌ی خۆی، توانیوییەتی بە پێی توانا، خزمەتی فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی بەنرخ ئاراستە بکات. ئێمە پێمان وایە کە ئایینی پیرۆزی ئیسلام، هه‌وێنی پێکه‌وه‌بوونی زۆربەی ھاووڵاتیان و شوناسی ئێرانیش بنەمای ھاوبەشی ھەموو دانیشتووانی ئەم وڵاتەیە و فرە کلتووری، چەن نەتەوەیی و بوونی ئایینزاکان وەکوو ھەلێک بۆ پێکەوەژیان ده‌بینین. ھیوادارم کە ھاووڵاتییانی بەڕێز بە تێگه‌یشتنی وردبینانەی خۆیان و بە گرنگیدان بە قەبووڵکردنی لایەنی بەرانبەر و پێکه‌وه‌ ھه‌ڵکردن، بەستێنی پێکھێنانی کۆمەڵگای مەدنی زیاتر لە ڕابردوو پته‌و بکه‌ن و پێویستە بەرپرسانی حکومەتی نوێ بە گرینگیدانی زیاتر بە مافی شارۆمه‌ندی و ڕوانگەی بێ‌لایەن بۆ ھەموو خەڵک، کەلێنی نێوان نەتەوە و ئایینزاکان بە‌تایبەت لەم بارودۆخه‌ پڕکێشه‌ی ئێستای ناوچەی ڕۆژھه‌ڵاتی ناوین، بۆ بەرژەوەندیی یەکییەتی نەتەوەیی پڕ بکەنەوە. ھیوادارم پیت و بەرەکەتیی بەندایەتی‌کردن لە رۆژ و شەوی ئەم مانگە گەورەدا، لە ھەموو ڕەھەندەکانی ژیانی تاکی و کۆمەڵایەتیمان ڕەنگدانەوەی ھەبێ و به‌خته‌وه‌ری و سەرکەوتنی ھەر دوو دونیای لێ بکه‌وێته‌وه‌. وما ذلک علی الله بعزیز والسّلام علیکم ورحمة الله عه‌بدولڕه‌حمان پیرانی ئه‌مینداری گشتیی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح 5ی جۆزه‌ردانی1396