بسم الله‌ الرحمن الرحیم

 

"وَمَن يُعَظِّمْ شَعَائِرَ اللَّـهِ فَإِنَّهَا مِن تَقْوَى الْقُلُوبِ"

جارێکی تر ئەو دەرفەتەمان بۆ ڕه‌خسا تا لە سەرەتای جێژنی قورباندا بین، جێژنێک که‌ گەورەترین جێژنی بڕوادارنە و بیرھێنەرەوه‌ی پاکی و بوێری ئیبراھیمی بوتشکێنە. ئەگەر جێژنی ڕەمەزان، جێژنی خودسازی و پاڵفتەکردنی ده‌روون و ڕێکخستنی ئاواتەکان لەگەڵ پەیامی ئاسمانە، ئەوا جێژنی قوربان ڕەنگدانەوەی واتای کۆمه‌ڵایەتیی تەوحید و ھاواریێکی گرێنگی ڕه‌خساندنی بەستێنێکی باشە بۆ ئایینداری و دامەزراندنی ئازادی و عەدالەت لە کۆمه‌ڵگادا تا ئەو مرۆڤانەی کە لە ده‌س ھەوا و ھەوس ڕزگار بوون و بەندایەتی بۆ غەیری خودا بەجێ ناھێنن، بتوانن لە ئاستی کۆمەڵگا ڕۆڵی کاریگەریان ببێ. جێژنی قوربان، پێش لەوەی کە ڕێوڕەسمێکی کلتووری بێت، پەیامێکی داچڵەکێنەر و ھەڵگری ناوەرۆکی بڕوادارییە، واته‌ دەبێ وەک ئیبراھیم ئامادە بیت و خۆ ڕزگار که‌ی لە دەست نه‌فس و خۆت بەیته‌ ده‌ست پەروەردگار و ماڵ و گیان بەو پێشکه‌ش که‌یت، جێژن واته‌ ڕزگار کردنی بەندەکان لە دەس بەندایەتی بەندەکان و ڕێنوێنی بەرەو بەندایەتی پەروەردگار، پووچەڵکردنەوەی ڕوانگەی بەتاڵی ھەستێرە پەرەستان و ناساندنی دامەزرێنەری ئاسمانەکان و زەوی وەک تەنیا کارسازی ھەستی.

«الَّذِي خَلَقَنِي فَهُوَ يَهْدِينِ ﴿٧٨﴾ وَالَّذِي هُوَ يُطْعِمُنِي وَيَسْقِينِ ﴿٧٩﴾ وَإِذَا مَرِضْتُ فَهُوَ يَشْفِينِ ﴿٨٠﴾ وَالَّذِي يُمِيتُنِي ثُمَّ يُحْيِينِ ﴿٨١﴾ »

«ھەر ئەوە دەخولقێنێ و ڕێنوێنی دەکا * خواردن و خواردنەوە دەبەخشێ * و کاتی نەخۆشی، شیفا دەنێرێ * ھەر ئەوە کە دەمرێنێ و دیسانەوە گیان دەبەخشێ»

جێژنی قوربان بایەخ وگرینگی بانگەواز و چاکسازیمان وەبیر دەێنێتەوە، بانگەواز بەرەو لای بەدیھێنەرە و بەرزکردنەوەی دروشمی تەوحید و یەکسانییه‌ و پاشان چاککردنی کلتوور و کۆمەڵگا لەبەردەم بایەخە تەوحیدییەکانایە، تا بە بەرەکەتی ئاڵوگۆڕ و گەشەکردنی ئەندامان و بەستێنی کۆمه‌ڵگا، مرۆڤەکان بتوانن لە کەش و ھەوایێکی دوور لە ستەم و ڕازاوە بە یەکسانی و عەدڵ، ڕەوتی گەشە و باڵاکردنی خۆیان بەدی بێنن و خولقێنەری کلتوور و ژیارێکی تایبەت بۆ خۆیان بن: « لَقَدْ أَرْسَلْنَا رُسُلَنَا بِالْبَيِّنَاتِ وَأَنزَلْنَا مَعَهُمُ الْكِتَابَ وَالْمِيزَانَ لِيَقُومَ النَّاسُ بِالْقِسْطِ » 

بە بۆنەی ئەم ڕێکەوتە پیرۆزەوە کە کۆتایی ڕێوڕەسمی پڕشکۆ و جیھانی حەجە، جەژنە پیرۆزه‌ له‌ سه‌رجه‌م مسوڵمانانی جیھان و لە ھەموو ھاووڵاتییانی خۆشەویستی ئێرانی، بە تایبەت ئەندامان و لایەنگرانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح دەکەم و لە خوای گەورە، داواکارم کە یارمەتی ئوممەتی ئیسلامی بدات تا بەسەر زوڵم و فەقیری و توند و تیژی سەرکەون و دامەزرێنەری ئازادی، یەکسانی، پێکەوە بوون بن و بەستێنێکی باش بۆ بەندایەتی ئاگاھانە و خالیسانە بۆ خودا و خزمەتی ڕاستەقینە بە خەڵک بڕەخسێنن. 

 

آمين يا رب العالمين

عەبدوڕەحمان پیرانی 

ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح