بسم الله الرحمن الرحیم جەژنی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان، جەژنی شوکرانەبژێری لە درگای پەرەستراوی تاقانە، بەھۆی ئەنجامی بەندایەتییەکی گەورە و ئاڵوگۆڕسازی ڕۆژوو ھاتە پێش، تا سەردەمی شادی و ھیوا بۆ ئەو کەسانەی کە توانای گرتنی ڕۆژوو و شەونوێژ و تەھلیل و تەکبیر و تەراوێح و شەوبێدارییان بوو، بێنێتە پێش، ھەرچەن ئێستاکە جیھانی ئیسلام کۆتایی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە کاتێکدا تێدەپەڕێنێ کە کارەساتی دڵتەزێن بە ھۆی خراپ تێگەیشتن و یەکترناپەزێری، بارودۆخی جەژنی تێکەڵ بە خەم و پەژارە کردووە. ئەگەر لە فەلەستینی داگیرکراو یا لە بوورما، دژایەتی و داگیرکاری، پێشەکیەکە بۆ پەلاماردانی موسوڵمانە مەزڵومەکان، لە لیبی، سووریا، عێراق، یەمەن، میسر و ... براکوژی بووەتە بەڵای جەستەی ئوممەتی ئیسلامی. ھەرچەن کوشتنی ھەر مرۆڤێکی بێ‌تاوان لە ھەر شوێنێکی جیھان، کارەساتێکی گەورە و نەبەخشراوه‌، بەڵام کار گەیشتوەتە ئەو جێگا کە لە مەعنەوییترین کات، بە یەکێ لە پیرۆزترین شوێنەکانی سەر زەوی بێ‌ڕێزی دەکرێ و لە پەنای مزگەوتی پێغەمبەر لە مەدینەی پڕ لە نوور، موسوڵمانان دەبنە قوربانی نەزانی و بە کافردانان و مێشک وشکی ناوخۆیی. جێگای خۆیەتی کە بیانووی کەمکاری بەرینە درگای پەروەردگار و جارێکی دیکە پێداچوونەوەمان بە ئامۆژە ژیانبەخشەکانی پێغەمبەری دلۆڤانیدا ھەبێت، ئەو کە دڵسۆزانە و پێغەمبەرانە، پاراستنی گیان و ماڵ و نامووسی موسوڵمانی لە وتاری «حجه‌الوداع» له‌ ژوور ھەموو دڵنگەرانییەکانی دانا و پێش چواردە سەدە لە ئێستا بۆ چەقاندنی نمامی برایەتی و مێھرەبانی لە دڵەکان، تێکۆشا. لە خوای گەورە و خاوەنشکۆ، داوا دەکەم کە بەندایەتی و تاعەتی کەم و کورتی ئێمە بە فەزڵ و گەورەیی و ڕەحمەتی بێ‌بڕانەوەی خۆی وەر بگرێ و ھەمووی ئێمە شیاوی بەندایەتی خۆی و شوێنکەوتنی پێغەمبەری ئازیزی بکات و یارمەتیمان بدا تا لە جەژنی داھاتوو لە بارودۆخێکی باشتر و بە ئامادەبوونێکی ڕۆحی و ڕەوانی بتوانین جەژنەپیرۆزە لێک بکەین. الله اکبر الله اکبر الله اکبر لا اله الا الله والله اکبر الله اکبر و لله الحمد عبدالرحمن پيراني يەکەمی شەووالی 1437ی کۆچی