جووتیار قارەمان پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە رایدەگەیێنێت، بە تەنیا بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن و ناچنە نێو هیچ هاوپەیمانێتییەکەوە، بەڵام ئەگەر بۆ پرسی سەرۆککۆمار بەرنامەی کەسێکیان بەدڵ بێت، لەگەڵی دادەنیشن و دەنگی دەدەنێ. حەسەن ئۆزگونەش، ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لە فراکسیۆنی هەدەپە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "ئەو هاوپەیمانێتییانەی دروست بوون ناتوانن بەبێ هەدەپە هیچ بکەن، ئەوان پێویستیان بە هەدەپەیە. ئێمە بە تەنیا بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین و ناچینە نێو هیچ هاوپەیمانێتییەکەوە." پەرلەمانتارەکەی هەدەپە ئاماژە بەوەش دەکات، هاوپەیمانیی میللـەت و هاوپەیمانێتییەکانی دیکەیش هەموو پارتەکانی نێویان بیرکردنەوەیان دژی کوردە. ئەوان هەموویان دەڵێن، یەک نەتەوە و نەتەوەکانی دیکە لە تورکیا رەتدەکەنەوە. هەدەپە داوای ئازادی بۆ گەلان دەکات، بە تایبەتی گەلی کورد کە ئازادیی زمان و پیادەکردنی مافە بنەڕەتییەکانی خۆیی هەبێت. حەسەن ئۆزگونەش باس لەوەش دەکات، "بۆ پرسی سەرۆککۆمار ئەگەر بەربژێرێک هەبێت و بەرنامەی کارەکانی بە دڵی ئێمە بێت، ئەو کات دەتوانین لەگەڵی دابنیشین و دەنگی پێبدەین." بە گوتەی پەرلەمانتارەکەی هەدەپە، "جەهەپە و ئیی پارتی و پارتەکانی دیکە دەزانن کێشەی گەورەی تورکیا کێشەی کوردە، ئەگەر ئەو پرسە چارەسەر نەکرێت کە 40 ساڵە بەردەوامە، ئەوا هەر بەردەوام دەبێت." ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەگەر ئێمە بچینە نێو هەر هاوپەیمانێتییەکیش پارتە نەتەوەپەرستەکانی تورک دەچنە دەرەوەی ئەو هاوپەیمانێتییە، بۆیە چوونی ئێمە بۆ نێو هاوپەیمانێتییەکان هیچ سوودێکی نابێت. هەرکەسێک ئەو مۆدێلەی ئێمە داوای دەکەین بۆ تورکیا قبووڵ بکات، دانوستاندنی لەگەڵ دەکەین کە ئەویش مۆدێلی دیموکراسی بۆ تورکیا و هەبوونی مافە نەتەوەییەکانی گەلانە." حەسەن ئۆزگونەش پێیوایە ئەو لایەنانەی دەڵێن کێشەی کورد چارەسەر دەکەن، ناتوانن هیچ بکەن، چونکە ئەوان ئەو توانایە و ئەو زاتەیشیان نییە. هەروەها دەشڵێت، "گەلی کورد سەرباری ئەو هەموو گوشارەی لەسەریەتی و بەدەیان هەزار کورد لە زیندانەکاندان، بەڵام هۆشیارە و باوەڕ بە هەموو بانگەشەیەکی لایەنەکان ناکات و وەک بینییشمان لە نەورۆزدا بڕیاری خۆی دا و کەسیش ناتوانێت لەو خەباتە بیوەستێنێت." پەرلەمانتارەکەی هەدەپە جەختی کردەوە، هاوپەیمانیی دووقۆڵی یان چوونە نێو هیچ هاوپەیمانێتییەک ئێستا لە رۆژەڤدا نییە. ئەوان وەک هەدەپە بە تەنیا بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکەن و هەرکەسێکیش مەرجەکانیان قەبووڵ بکات، ئەو کات رەنگە شتێکی دیکە بێتە رۆژەڤەوە. لەبارەی کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی باکووری کوردستان، ئەو ئەندامەی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا گوتی، "کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی باکووری کوردستان لە پەرلەمانی تورکیا هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت و زۆر گرنگ نییە. ئەگەر ساختەکاریی گەورە لە هەڵبژاردندا نەکەن، ئەوان دەدۆڕێن، چونکە وڵاتیان تووشی قەرزێکی زۆر کردووە و لە بەڕێوەبردنیدا سەرکەوتوو نەبوون."