که‌م و کورت و ناته‌واو بوون
بێبه‌ش له به‌هره‌ی دڵ و گوێ و چاو بوون
ئه‌تۆ خاوه‌ن ژیاریی ئه‌ی موحه‌ممه‌د
دڵ به زیکر و یادی باری موحه‌ممه‌د
ئه‌و سه‌رده‌مه کۆمه‌ڵ ناپاک، ئه‌مین بووی
ئه‌وان دڵ ڕه‌ق ئه‌تۆ دڵ پڕ ئه‌وین بووی
ئه‌تۆ خه‌م خۆری بارودۆخی ژین بووی
ئه‌تۆ ته‌بیبی، ساڕێژی برین بووی
ڕه‌حمه‌ته‌ن لیلعالهمین بووی موحه‌ممه‌د
کانی هه‌ست و سۆز و ئه‌وین بووی موحه‌ممه‌د
تێکه‌ڵ نه‌بووی له‌گه‌ڵ باتڵ و نامۆ
له تاوان و له زوڵم و فێڵ و درۆ
چل ساڵ ته‌مه‌ن، ژیانت کرد سه‌ربه‌خۆ
له بۆ ئوممه‌ت ڕۆژ بووی هاتی له ئاسۆ
هه‌ڵبژارده‌ی خوا بووی ئه‌ی موحه‌ممه‌د
تۆ نێرراوی، ڕه‌وا بووی ئه‌ی موحه‌ممه‌د
بۆت هاته خوار په‌یامی خوا په‌ره‌ستی
بانگه‌واز ئه‌که‌ی به‌ره‌و ژینی سه‌ربه‌ستی
مرۆڤ ڕزگار بکه‌ی له ژینی په‌ستی
له به‌نده‌گی بهندهگانو له مه‌ستی
بۆ ڕاگه‌یاندن وه‌فادار بووی موحه‌ممه‌د
بۆ ڕه‌زای خوا ئه‌ویندار بووی موحه‌ممه‌د
دونیای تاریک و سته‌می ئه‌و ده‌مه
پڕ له جه‌ور و زوڵم و زۆر و وه‌ر هه‌مه
بوت په‌ره‌ستی، خۆپه‌ره‌ستی، هه‌مهه‌مه
تیشکی ده‌ویست، بتارێنێ ئه‌و ته‌مه
تۆ برووسکه‌ی ڕووناکی بووی موحه‌ممه‌د
مه‌کۆی سه‌نا و دڵ‌پاکی بووی موحه‌ممه‌د
مەحوی
پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له ڕوانگه‌ی قوڕئانه‌وه
که چاوێک به‌سه‌ر ئایه‌ته‌کانی قوڕئانی پیرۆزدا بخشکێنین، ده‌بینن زۆر به ڕاشکاوی و ڕوونی پێناسه‌یه‌کی جوان له پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان بۆ ده‌خاته ڕوو و ئاماژه به کۆمه‌ڵه تایبه‌تمه‌ندییه‌کی به‌رزی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره نازداره‌مان ده‌کات.
هه‌یه له هێندێک شوێن ڕه‌خنه له کاری ده‌گریت و گله‌یی لێ ده‌کات، هه‌ر وه‌ک له ئایه‌ته‌کانی سه‌ره‌تای سوڕه‌تی عهبهسهدا هاتووه، بۆوه‌یکه جه‌خت بکاته‌وه که ئه‌ویش مرۆڤێک بوو و له هه‌ڵه به‌دوور نه‌بوو ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره ڕێنوێنی نه‌کات، هه‌ڵبه‌ت نه‌ک هه‌ڵه‌یه‌ک که تاوان بێت که بڕوامان وایه ئه‌و له هه‌ر جۆره تاوانێک و نافه‌رمانییه‌کی خوای گه‌وره پاک و بێگه‌رد بووه، که هه‌ڵبه‌ت لێره‌شدا ئه‌و مه‌به‌ستی خزمه‌ت به دینی خوا بوو، به‌ڵام به‌هه‌ر حاڵ خوای گه‌وره ڕێگایهکیتری نیشان ده‌دات و به‌م چه‌شنه ده‌رس و وانه‌یه‌کی جوان فێری موسوڵمانان ده‌کات. له زۆر شوێنی دیش ئاکاره جوان و به‌رزه‌کانی ده‌خاته ڕوو و وه‌ک سومبول و نموونه‌یه‌کی کرداری و ڕێنیشانده‌ر پێمان ده‌ناسێنیت.
بۆ نموونه له سوڕه‌تی ئالی عیمڕان ئایه‌تی ١٥٩ چه‌ند تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و سه‌رکرده به‌ڕێزه‌مان بۆ باس ده‌کات و ده‌فه‌رموێت:
«فَبِمَا رَحمَةٍ مِّنَ اللهِ لِنتَ لَهُم وَ لَو کُنتَ فَظًّا غَلِیظَ القَلبِ لَانفَضُّوا مِن حَولِکَ فَاعفُ عَنهُم وَاستَغفِر لَهُم وَ شَاوِرهُم فِی الأَمرِ فَإِذَا عَزَمتَ فَتَوَکَّل عَلَی اللهِ إَنَّ اللهَ یُحِبُّ المُتَوَکِّلِینَ» (ئالی عیمڕان:١٥٩)
واته: «که‌وابوو (ئه‌ی موحه‌ممه‌د(د.خ) به هۆی ڕه‌حمه‌تی خواوه‌یه تۆ نه‌رم و هێمن بویت له‌گه‌ڵیاندا، خۆ ئه‌گه‌ر تووڕه و قسه‌ڕه‌ق و بێبه‌زه‌یی بوویتایه، ئه‌وه هه‌موو له ده‌ورت بڵاوه‌یان ده‌کرد، که‌واته چاوپۆشیان لێبکه و لێیان ببوره و داوای لێخۆش‌بوونیان بۆ بکه، له کار و پێشهاتدا پرس و ڕایان پێ بکه (دوای مهشوڕهت و پرس و ڕا) ئه‌گه‌ر بڕیارت دا (کارێک ئه‌نجام بده‌یت، ئه‌نجامی بده و) پشت به خوا ببه‌سته، چونکه به‌ڕاستی خوا ئه‌وانه‌ی خۆش ده‌وێت که پشتی پێ ده‌به‌ستن.»
له‌و ئایه‌ته‌دا چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌کی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) ئاماژه پێ ده‌کات که بریتین:
1ـ «فَبِمَا رَحمَةٍ مِّنَ اللهِ لِنتَ لَهُم»: ئه‌ی موحه‌ممه‌د به هۆی ڕه‌حمه‌تی خواوه تۆ نه‌رم و نیان بوویت له‌گه‌ڵیان. دڵۆڤانی و مه‌ند و له‌سه‌ره‌خۆیی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له‌گه‌ڵ خه‌ڵک له تایبه‌تمه‌ندییه به‌رزه‌کانی ئه‌و ئازیزه بوو، پێغه‌مبه‌ر(د.خ) به‌رامبه‌ر هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند، چوک و گه‌وره و ژن و پیاو و هه‌موو چین و توێژه‌کان زۆر مه‌ند و هێدی و دڵۆڤان بوو.
2ـ «لَو کُنتَ فَظًّا غَلِیظَ القَلبِ لَانفَضُّوا مِن حَولِکَ»: خۆ ئه‌گه‌ر تووڕه و تۆسن و دڵڕه‌ق ببای، ئه‌وه له‌ده‌وری تۆ بڵاوه‌یان ده‌کرد. چونکه پێغه‌مبه‌ر(د.خ) خۆی له تووڕه‌یی و تون و تیژی زۆر ده‌پاراست و ته‌نیا به خاتری خوا تووڕه ده‌بوو، هیچ کات به‌خاتری خۆی و ژیانی تایبه‌تی خۆی ڕکی له که‌س دانه‌گرت و تۆڵه‌ی له‌که‌س نهساندهوه و تووڕه نه‌بوو.
3ـ «فَاعفُ عَنهُم»: زۆر لێبورده بوو و له تاوانباران و خهتاکارانیش چاوپۆشی ده‌کرد و دڵی ئاوی نه‌ده‌خوارده‌وه...
4ـ «وَاستَغفِر لَهُم»: داوای لێخۆشبوونیشی بۆ ده‌کردن. نه‌ک ته‌نیا هه‌ر به‌خشین و چاوپۆشی کردن، ته‌نانه‌ت به ڕاده‌یه‌ک به‌ڕه‌حم و به‌زه‌یی بوو که داوای لێخۆشبوونیشی له خوای گه‌وره بۆ ده‌کردن.
5ـ «و شَاوِرهُم فِی الأَمرِ»: ئه‌هلی ڕاوێژ و هاوفکری بوو له‌گه‌ڵ بڕواداران و هاوه‌ڵانی و ته‌نیا بۆچوونی خۆی نه‌ده‌سه‌لماند بڵێ چونکه من پێغه‌مبه‌رم ئه‌وه به‌س ده‌بێ قسه‌ی من له‌سه‌ر بێت و ته‌واو، مه‌گه‌ر له شتێکدا که وه‌حی بۆ هاتبێ، که ئه‌وده‌م هیچ قسه‌یه‌ک له‌سه‌ر قسه‌ی خوای گه‌وره نه‌ده‌کرا. به‌ڵام له شتانی دیکه‌دا ئه‌وه ڕاوێژ و مه‌شوه‌ڕه‌تی له‌گه‌ڵ یارانی ده‌کرد. جا دوای ئه‌وه؛
6ـ «فَإِذَا عَزَمتَ فَتَوَکَّل عَلَی اللهِ»: له هه‌ر کارێک‌دا که دوای ڕاوێژ و پرس و ڕا بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دا، به بڕشتی داکۆکی له‌سه‌ر ده‌کرد و پشتی به خوا ده‌به‌ست و به باشترین شێوه به‌جێی ده‌گه‌یاند.
7ـ «إَنَّ اللهَ یُحِبُّ المُتَوَکِّلِینَ»: له خۆشه‌ویستانی خوا بوو، چونکه که‌سێک بوو به‌رده‌وام پشتی ته‌نیا به خوا ده‌به‌ست و خواش خۆشی ده‌ویست.
و یا له ئایهتێکیتری سوڕه‌تی تۆبه، ئایه‌تی ١٢٨ چه‌ند پێناسه‌یه‌کی جوانیترمان بۆ باس ده‌کات که ئاکار و کرداری جوان و ڕه‌حم و دڵسۆزی ئه‌و زۆرتر ڕوون ده‌کاته‌وه و ده‌فه‌رموێت:
«لَقَد جَآءَکُم رَسُولٌ مِّن أَنفُسِکُم عَزِیزٌ عَلَیهِ مَا عَنِتُّم حَرِیصٌ عَلَیکُم بِالمُؤمِنِینَ رَءُوفٌ رَّحِیمٌ» (تۆبه:١٢٨)
واته: «(ئه‌ی خه‌ڵکینه) سوێند به خوا بێگومان پێغه‌مبه‌رێکتان بۆ ڕه‌وانه کراوه که هه‌ر یه‌کێکه له خۆتان، زۆر سه‌خته به‌لایه‌وه تووش بوونتان به به‌ڵا و ناخۆشی، زۆر به تهنگیشتانهوهیه و په‌رۆشه له‌سه‌رتان، زۆر دڵسۆزی ئیماندارانه و میهره‌بان و دڵۆڤانه بۆیان»
چه‌ند خاڵێکی زۆر گرینگی که ئه‌و ئایه‌ته‌ش ئاماژه‌ی پێ ده‌کات بریتین له:
8ـ «لَقَد جَآءَکُم رَسُولٌ مِّن أَنفُسِکُم»: پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له ڕه‌گه‌ز و نه‌ته‌وه‌ی خۆتانه و مرۆڤێکه وه‌ک هه‌ر مرۆڤیتر. قوڕئانی پیرۆز له زۆر شوێنی دیش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کات که موحه‌ممه‌د که‌سێکه له ڕه‌گه‌زی خۆتان. وه‌ک هه‌ر مرۆڤێک پێویستی به خواردن و نووستن هه‌یه و هه‌ست و ئیحساسی هه‌یه و ناڕه‌حه‌ت و شادمان ده‌بێ و هه‌وه‌س و ئاره‌زووشی هه‌یه و ده‌رد و ڕه‌نجی موشریکان و دوژمنانی هه‌ست پێ ده‌کرد، ته‌نیا جیاوازی ئه‌و له‌گه‌ڵ مرۆڤی دی ئه‌وه‌یه که ئه‌و وه‌حی بۆ دێت.
«قُل إِنَّمَا أَنَا بَشَرٌ مِّثلُکُم یُوحِی إِلَیَّ أَنَّمَا إِلَهُکُم إِلَهٌ وَاحِدٌ» (فوسیللهت:٦)
واته: «ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) پێیان بڵێ: دڵنیا بن که من هه‌ر به‌شه‌رێکم وه‌ک ئێوه، (ته‌نیا جیاوازییه‌که ئه‌وه‌یه): من وه‌حی و نیگام بۆ ده‌کرێت که بێگومان خوای ئێوه خوایه‌کی تاک و ته‌نیایه.»
زۆر جار ئه‌وه ده‌بیسترێ که ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) هیچ تاوانێکی نه‌کردووه و یا توانیویه‌تی له ئاست ئه‌و هه‌موو ئازار و ده‌رد و ڕه‌نجه له ڕێی خوادا تاقه‌ت بێنیت، به هۆی ئه‌وه بووه که ئه‌و پێغه‌مبه‌رێک بووه و جیاوازه له‌گه‌ڵ ئێمه! به‌ڵام خوای گه‌وره ئه‌وه ڕه‌د ده‌کاته‌وه و پێمان ده‌فه‌رموێت: نا ئه‌ویش مرۆڤێک بووه وه‌ک خۆتان، بۆوه‌یکه پێمان بسه‌لمێنیت که هه‌ر که‌س که بیهه‌وێت و نه‌فسی خۆی کۆنتڕۆڵ بکات، ئه‌وه ده‌توانیت به یارمه‌تی خوا له هه‌ڵه و تاوان به دوور بێت و ئه‌گه‌ریش تووش بوو، ئه‌وه باوه‌شی لێبورده‌یی په‌روه‌ردگاری بۆ کراوه‌یه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه و تۆبه‌ی بکات.
9ـ «عَزِیزٌ عَلَیهِ مَا عَنِتُّم»: پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان به‌رامبه‌ر خه‌ڵک زۆر دڵسۆز و دڵۆڤان بوو، ئه‌گه‌ر ڕه‌نج و ئازارێک به خه‌ڵک گه‌یشتبایه، ئه‌وه دڵی وه‌ژان ده‌که‌وت و بۆیان به تاسه و به‌په‌رۆش بوو، هه‌ر وه‌ک دایکێک به‌رامبه‌ر ڕۆڵه‌که‌ی، له هه‌موو کاتدا هاوخه‌م و هاوده‌ردی خه‌ڵک بوو.
10ـ «حَرِیصٌ عَلَیکُم»: دڵی زۆر پێتانهوهیه، به‌ڵێ موحه‌ممه‌د(د.خ) دڵی زۆر به گه‌ل و هۆزه‌که‌ی وه‌یه، واتا هه‌موو بڕواداران هه‌تا ڕوژی په‌سڵان. هیچ که‌ت «نفسی نفسی» لای ئه‌و مانایه‌کی نه‌بوو، به‌ڵکو لای ئه‌و به‌س (امتی امتی)... دڵسۆزی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵک بوو، بۆیه به ته‌واوی هێز و توانایه‌وه پێداگری ده‌کرد که به‌ره‌و ڕێگای ڕاست ڕێنمایی‌یان بکات و له‌و بواره‌وه هیچ که‌مته‌رخه‌مییه‌کی نه‌ده‌نواند.
11ـ «بِالمُؤمِنِینَ رَءُوفٌ رَّحِیمٌ»: هه‌رچه‌نده دڵسۆزی ته‌واوی خه‌ڵک بوو، به‌ڵام سۆزێکی تایبه‌تیتری بۆ بڕواداران هه‌بوو و له‌گه‌ڵیان زۆر به ڕه‌حم و به‌سۆز بوو، هه‌ر وه‌ک له سوڕه‌تی فهتحیشدا ئاماژه ده‌کات و ده‌فه‌رموێت:
«مُحَمَّدٌ رَّسُولُ اللهِ وَ الَّذِینَ مَعَهُ أَشِدَّآءُ عَلَی الکُفَّارِ رُحَمَآءُ بَینَهُم» (فه‌تح:٢٩)
واته: «موحه‌ممه‌د(د.خ) ڕه‌وانه‌کراوی خوایه، ئه‌وانه‌ش که له خزمه‌تیدان و شوێنی که‌وتوون، توند و تیژن به‌رامبه‌ر بێباوه‌ڕان و به به‌زه‌یی و میهره‌بانن له نێوان خۆیاندا».
نێوان بڕوادارن ڕه‌حم و سۆزێکی بێوێنه هه‌بوو. هه‌موویان وه‌ک ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌یه‌کی وابوون؛ بنه‌ماڵه‌ی موسوڵمانان.
بهمچهشنه پێغه‌مبه‌ری ئیسلام(د.خ) له ڕوانگه‌ی قوڕئانه‌وه خاوه‌ن خۆ و ڕه‌وشتێکی زۆر به‌رز و مه‌زن بوو. ئه‌وه‌ی که به موسوڵمانانی ڕاده‌گه‌یاند، سه‌ره‌تا خۆی له ژیانی خۆیدا به‌جێی ده‌گه‌یاند و نموونه‌یه‌کی کرداری بۆ بڕواداران بوو.
«إِنَّا أَرسَلنَاکَ شَاهِدًا وَ مُبَشِّرًا وَ نَذِیرًا» (فه‌تح:٨)
واته: «ئێمه تۆمان ڕه‌وانه کردووه ئه‌ی موحه‌ممه‌د(د.خ) که شایه‌ت و موژده‌ده‌ر و به‌ئاگاهێنه‌ر بی بۆ گرۆی ئاده‌میزاد.»
شاهید لێره‌دا ئاماژه به‌وه ده‌کات که خۆی شایه‌تێکی زیندوو و کرداری ئه‌و قوڕئانه و په‌یامه‌کانی خوا بووه که له لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه بۆمانی هێناوه و خۆی هه‌رچی گوتوویه‌تی له کرده‌وه‌دا به‌جێی گه‌یاندووه.
هه‌ر وه‌ک دایکه عایشه‌ش(ڕه‌زا و ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت) کاتێک که سه‌باره‌ت به ڕه‌وشتی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) پرسیاریان لێ کرد، فه‌رمووی: «ئه‌و ئه‌خلاقی قوڕئانی بوو و قوڕئانێکی زیندوو بوو» و خوای گه‌وره‌ش پێی ده‌فه‌رموێت: «وَ إِنَّکَ لَعَلَی خُلُقٍ عَظِیمٍ» واته: «به‌ڕاستی تۆ له‌سه‌ر ڕه‌وشت و خوویه‌کی زۆر جوان و په‌سه‌ند و بێوێنه و مه‌زنیت».
پێغه‌مبه‌ر(د.خ) به ڕه‌وشتی به‌رز و سۆز و ڕه‌حمی، سه‌رچاوه‌ی خێر و ڕه‌حمه‌ت بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی بوو و خوای گه‌وره‌ش له قوڕئانه پیرۆزه‌که‌یدا هه‌ر به‌و شێوه‌یه پێمان ده‌ناسێنیت و ده‌فه‌رموێت: «وَ مَا أَرسَلنَاکَ إِلَّا رَحمَةً لِلعَالَمِینَ» (ئه‌نبیاء:١٠٧)
واته: «(ئه‌ی موحه‌ممه‌د(د.خ)) ئێمه تۆمان ڕه‌وانه نه‌کردووه ته‌نها بۆ ئه‌وه نه‌بێت که ببیته ڕه‌حمه‌ت و به‌ره‌که‌ت بۆ هه‌موو جیهانه‌کان (جیهانی ئاده‌میزاد و گیانداران و ڕووه‌ک و په‌ری و...)»
هه‌م ڕه‌حمه‌ت بوو و هه‌م چرایه‌کی دره‌وشان که به تیشکی کردار و ئاکاری جوانی ڕێگای ڕاستی ڕوون کرده‌وه و بروسکه‌ی ڕه‌وشتی به‌رز و ڕێبازی پیرۆزی هه‌موو جیهانی نوورانی کرد و بگره له دونیای مرۆڤایه‌تیش سه‌رتر ڕۆیشت باقی گیانله‌به‌ران و ته‌نانه‌ت په‌رییه‌کانیشی گرته‌به‌ر و تا ڕۆژی په‌سڵانیش ئه‌و بروسکه هه‌روا ده‌دره‌وشێته‌وه. «یَا أَیُّهَا النَّبِیُّ إِنَّآ أَرسَلنَاکَ شَاهِدًا وَ مُبَشِّرًا و نَذِیرًا * وَ داعِیًا إِلیَ اللهِ بِإِذنِهِ وَ سِرًاجًا وَ مُنِیرًا» (ئه‌حزاب:٤٥-٤٦)
واته: «ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) ئێمه تۆمان ڕه‌وانه کردووه که شایه‌ت بیت و موژده به‌خش بیت و ترسێنه‌ر و ئاگادارکه‌ره‌وه‌ش بیت٭ هه‌روه‌ها بانگه‌واز ده‌که‌ی بۆلای خوا له‌سه‌ر مۆڵه‌تی ئه‌و، چرایه‌کی ڕووناکیشی (بۆ سه‌رجه‌م سه‌رگه‌ردانان و سهرلێشێواوان)»
هه‌ر بۆیه‌ش خوای گه‌وره فه‌رمانمان پێ ده‌کات که شوێنکه‌وته‌ی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره ئازیزه بین، چونکه هه‌ر ئه‌و باشترین و جوانترین سومبول و ڕێنیشانده‌ر به‌ره‌و به‌خته‌وه‌ری و گه‌یشتن به ڕه‌زامه‌ندی خوای بانی سه‌رمانه: «وَ لَقَد کَانَ لَکُم فِی رَسُولِ اللهِ أُسوَةٌ حَسَنَةٌ لِّمَن کَانَ یَرجُوا اللهَ وَالیَومَ الآخِرَ وَ ذَکَرَ اللهُ کَثِیرًا» (ئه‌حزاب:٢١)
واته: «به‌ڕاستی له پێغه‌مبه‌ری خوادا چاکترین نموونه‌ی ته‌واو ڕێکوپێک هه‌یه تا چوی لێ بکه‌ن و شوێنی بکه‌ون، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی ڕه‌زامه‌ندی خوایان مه‌به‌سته، سه‌رفرازی قیامه‌ت ئاواتیانه، هه‌میشه و به‌رده‌وام یادی خوا به زۆری ده‌که‌ن و زمانیان پاراو به یادی خوایه.»
به‌م چه‌شنه ئێمه کاتێک ده‌توانین خۆشه‌ویستی خۆمان بۆ پێغه‌مبه‌ر(د.خ) بسه‌لمێنین که به گوێڕایه‌ڵی له فه‌رمووده‌کانی، درێژه‌ده‌ری ڕێگا پیرۆزکه‌ی بین.
بۆچی نا؟! مه‌گه‌ر جگه له‌وه‌یه که ئه‌و ڕه‌حمه‌تێک بوو بۆ سه‌رجه‌م عاله‌میان: «وَ مَا أَرسَلنَاکَ إِلَّا رَحمَةً لِلعَالَمِینَ»
ڕه‌حمه‌ت و دڵۆڤانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) ته‌نیا بۆ بڕوادارن و هاوه‌ڵانی نه‌بوو، به‌ڵکو تا ڕۆژی قیامه‌ت و هه‌تاهه‌تایی ڕه‌حمه‌تی ئه‌و هه‌موو بوونه‌وه‌ر ده‌گریته‌وه و وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌ک له ڕه‌حمه‌ت و سۆز و ئه‌وینی ئه‌و ده‌چێژن. «وَ مَا أَرسَلنَاکَ إِلَّا رَحمَةً لِلعَالَمِینَ»
لێره‌دا گرینگی ئه‌خلاق و ئاکاری به‌رزمان بۆ دیار ده‌که‌ویت که ئیسلام بریتییه له ڕه‌وشت و ئاکاری جوان، ئه‌گه‌ر ده‌مانهه‌وێت موسوڵمانێکی ڕاسته‌قینه بین و شوێنکه‌وته‌ی واقعی ئه‌و که‌سایه‌تییه پایه‌به‌رزه بین، ئه‌وه ده‌بێ له ئه‌خلاق و ڕه‌فتارماندا نیشانی بده‌ین شوێنکه‌وته‌ی فه‌رمووده‌کانی بین و ئه‌وه‌ی به زمان ده‌یڵێن و به دڵ بڕوامان پێیه‌تی، له کردارماندا ڕه‌نگ بداته‌وه. هه‌ر وه‌ک پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان بین که قوڕئانی پیرۆزیش وه‌ک نموونه‌یه‌کی به‌رزی ڕه‌وشت جوانی ناوی ده‌بات: «وَ إِنَّکَ لَعَلَی خُلُقٍ عَظِیم»
تۆ برووسکه‌ی ڕووناکی بووی موحه‌ممه‌د
مه‌کۆی سه‌نا و دڵ‌پاکی بووی موحه‌ممه‌د
ئه‌خلاق له تۆدا کامڵ و ته‌واو بوو
ئه‌مین بوونت له‌قه‌بێکی شیاو بوو
ناوت له‌گه‌ڵ ناوی خوا حه‌ساو بوو
هه‌ر که‌س فامی نه‌کردی ناته‌واو بوو
سڵاو له ڕووحی پیرۆزت موحه‌ممه‌د
له یاران و گه‌ل و هۆزت موحه‌ممه‌د
له خوای میری مه‌زن داواکارم که له‌سه‌ر ڕێبازی پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان(د.خ) قه‌رار بگرین و شوێنکه‌وته‌ی ڕێبازی پیرۆزی بین و له ڕۆژی دوایی له‌گه‌ڵ خۆی و هاوه‌ڵانی حه‌شر و نه‌شر بکرێن و له‌سه‌ر حه‌وزی که‌وسه‌ر، ماندوویه‌تی ڕێگامان له‌سه‌ر ده‌رکه‌ین.
و آخر دعوانا ان الحمدلله رب العالمین
بۆچوونه‌کان