بۆچی دەبێت ئێوە بێن بڕیار بسەپێنن بەسەر موسوڵماناندا كە نابێت داببڕێن لە كڕینی شمەك و كاڵای فەڕەنسی؟ ئەی بۆچی خۆتان مافی وەرگرتنی بڕیارتان نییە بە داننان بە مافی كەسێتیدا؟

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا بەپێی ئەو هەواڵانە كە لە ڕاگەیاندندا بڵاو كراونەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا دەڵێ‌: «بانگەشەكردن بۆ دابڕان بە نەكڕینی شمەك و كاڵای فەڕەنسی كارێكی گاڵتەجاڕیی و بێهودەیە، دەبێت دەستبەجێ‌ بوەستێنرێ‌».

ئێمەش دەڵێین: ئایا ئەم كارە ناچێتە بواری ڕێزی ئازادی گەلانەوە؟ بۆچی دەبێت ئێوە بێن بڕیار بسەپێنن بەسەر موسوڵماناندا كە نابێت داببڕێن لە كڕینی شمەك و كاڵای فەڕەنسی؟ ئەی بۆچی خۆتان مافی وەرگرتنی بڕیارتان نییە بە داننان بە مافی كەسێتیدا؟ ئایا بۆچی بەرلەوە بێن داوا لە غەیری خۆتان بكەن كە بوەستن لە دابڕان لێتان، خۆتان پابەند نابن بە وەستان و دەستكۆتابن لە بانگەشەكردن لە بڵاوكردنەوەی هەر شتێك كە بێڕێزی تێدایە بەرانبەر پێغەمبەرمان موحەممەد صَلَّى اللَّهُ عَلِيْهِ وَسَلَّمْ.

نەكڕینی شمەك و كاڵای فەرەنسی: ڕەفتارێكی ژیاریی شارستانییە، ڕەوشتێكی هۆشیارانەیە و گوزارشت لەوە دەكات كە موسوڵمان مافی خۆیەتی پێگە و پایە و شكۆی پێغەمبەرەكەی صَلَّى اللَّهُ عَلِيْهِ وَسَلَّمْ بەرز ڕابگرێت، وەها سەیری بكات كە لەسەرووی هەر بەهایەكی ماددییەوەیە؟ بۆ دەبێ مەسەلەكان بە دوو مەن هەڵسەنگێنن؟

ئەم باری دوالیزمەییە لە پێوانەگیریدا بۆ؟ ئایا هەردەبێ‌ بێن كەسانیتر پابەند كەن بە هەڵبژاردە و خواستی خۆتانەوە؟

بۆچی یاسایەك دەرناكەن قەدەغەی هەرجۆرە بێڕێزییەك بەرانبەر بە پێغەمبەر موحەممەد صَلَّى اللَّهُ عَلِيْهِ وَسَلَّمْ بكات، هاوكات هەر جۆرە كارێكی لەمشێوەیە تاوانبار و ڕیسوا بكات؟ چارەسەر تەنها دانوستانە، ڕێزگرتنە لە تایبەتمەندیی ئایینەكان، ئەگەرنا ئەوا هەردوو حاڵەتی ڕقلێبوونەوە و دەمارگیریی دەبنە هۆی وێرانكردنی جیهان!  

 پ. د. عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسوڵمان