کاتێک بە گوێی دڵ گوێبیستی ئەم ئایەتە دەبم، چیتر بیر لە دیمەنی ئەم دار و دۆڵ و کێوە ناکەمەوە که مووسا لەوێ بانگهێشت کرا، چونکە ئێستاکە ئەم فەرموودەیە لە هەموو چواردەورەم دەنگ دەداتەوە، ئیتر وا هەست دەکەم خوا لە هەموو لایەکەوە بانگم دەکا و لەهەر ڕەنگ و دیمەنێکدا یەکێک لە سیفاتەکانی خۆییم نیشان دەدا. وەک خۆی دەفەرموێت: «و هو معکم أین ما کنتم»
بەڵێ! بەڕاستی خوا لە هەموو شوێنێک لەگەڵمە و چاودێر و ئاگادارمە و هەموو کات لەگەڵم دەدوێ.
زیاتر بیرم لەو ئایەتە دەکردەوە، هەستی مووسا لەم دۆخەدا سەرنجی منی ڕادهکێشا، بیرم لەوە دەکردەوە دەبێ هەستی مووسا چۆن بووبێ ئەوکات کە خوا بانگهێشتی کردووە، دەبێ ئەوکات مووسا دڵخۆش بووبێ یان ترسی لە دڵ نیشتبێ؟! هەستی چۆن بووە و دوای بیستنی ئەم دەنگە چی کردووە؟! زۆر جار دەمگوت خۆش بە حاڵی مووسا کە خوا قسەی لەگەڵ کردووە.
بەردەوام گوێم لەم ئایەتە دەگرت و جارە لە دوای جار زیاتر سەرەنجی ڕادەکێشام. وردە وردە کۆنجکاوتر و بەرە بەرە تامەزرۆتر دەبووم تا لە هەستی مووسا تێبگەم.
بیرم لە چیرۆکی ژیانی مووسا دەکردەوە، مناڵێکی تازە لەدایکبوو کە بڕیاری کوشتنی درابوو.
لە گرتنە لە ئاوو گەورەبوون لەنێو کامەرانی و ناز و دەوڵەمەندی لای فیرعەون هەتا کوشتنی پیاو قیبتییەکەی هۆزی فیرعەون و ئاوارەبوون و شوانی و هەژاری و نەداری لای شێخی مەدیەن!
لەوانەیە لەوکاتەدا مووسا بیری لەم دۆخانەی ژیانی کردبێتەوە، هەوڵم دا خۆم بێنمە جێگای مووسا، زۆر جار بیرم لێ دەکردەوە. بەڵێ! ئەوە خوایە ڕاستەوخۆ قسەم لەگەڵ دەکا. هەر بەو بیر و فکرانەوە ورده ورده هەستێکی خۆش و دڵخوازم دەبوو، تا هەندێ کات دەگەیشتە ئەوپەڕی دڵخۆشییەوە.
دوای ماوەیەک کە بەردەوام بەو هەستەوە بیرم لێ دەکردەوە، بینیم ئەو دڵخۆشییە کەمڕەنگتر بووە و پەیتاپەیتا جێگای خۆی دەگۆڕیت.
ئەو هەستە هێندێک جار دەبوو بە دڵخۆشی و ئارامی و ئاسوودەیی و ئومێد، هێندێک جاریش دەبوو بههۆی خەم و دڵتەنگی و ترس و شەرمەزاری و جارجاریش ئەسرین و گریان.
ئەوەش بەهۆی ئەوە بوو لە کاتی بیستنی ئەم ئایەتە، بیرم لە بارودۆخی جیاوازی ژیانم دەکردەوە. بیرم لەوە دەکردەوە ئەوکات کە خوا بانگی بکردبام، من لە کام بارودۆخی ژیانمدا دەبووم؟!
چەند مانگ بەردەوام بیرم لە دۆخی جیاوازی ژیانم دەکردەوە. بۆ نموونە خوا بانگهێشتم بکات و بفەرموێت: «إِنَّنی أنَا اللَّهُ ...» «من خودام...» و ئەوە لە کاتێکدا کە نیعمەتێکی پێ بەخشیوم و لە ناز و نیعمەت دام، بیرم لە خۆم دەکردەوە، بەڵێ خوایەک کە سەرچاوەی هەموو جوانی و پاکی و بێگەردی و بەخشەندەییە، فڵان نیعمەتی پێداوم، بەڵام! ئایا من چۆن بووم لە بەرامبەریدا؟! هەڵوێستم چی بووە و چیم کردووە؟!
جا ئەوکات کە بۆم دەرکەوتووه سپاسی خوام کردووە لەسەری، دڵم ئارامی گرتووه و جارێکی تر سپاسی خوا دەکەمەوە. کە خوا دەفەرمووی: «اننی انا اللە...»، بۆم دەردەکەوێ بەڵێ من ئەو خوایەم کە فڵان نیعمەتم پێ بەخشیوی. هەڵبەت کاتێک گوێبیستی ناوی «اللە» دەبم، واتە هەموو سیفاتەکانی خوا دێنە پێش چاوم، نەک تەنیا وشەی «اللە». بۆیە ئەگەر زانیم هەڵوێستی من لەوکاتەدا شوکرانەبژێری بووە، واتە بەندایەتی خوام کردووە، ئەوە ئارامییەک بە دڵمدا دێ و هەست بە خۆشی و بەختەوەری و خۆشەویستییەکی زیاتر دەکەم. بەڵام ئەگەر بیرم کردەوە لە بەرامبەر فڵان نیعمەتی پەروەردگارم کە پێی بەخشیوم لە یادم کردووە سپاسی کەم، یان خود هەندێ جار بووە تەنانەت ناشوکریشم کردووە و ستهمم لە خۆم کردووە، ئەوه شەرم و خەجاڵەت، سەری شۆڕ دەکردمەوە و داوای لێخۆشبوونم لە خوا دەکرد.
یان ئەو کاتەی کە خوا پێم بفهرموێ: «اننی انا اللە...» من بیرم لەو بەڵا و موسیبەت و گرفتانەی ژیانم دەکردەوە کە هاتوونە سەر ڕێگام. جا یان بە هۆی تاوانێک بووە کە ئەنجامم داوە، یان بە هۆی تاقیکردنەوەیێکی خوایی. دیسان بیرم لە هەڵوێستی خۆم لەو دۆخەدا دەکردەوە. ئەو کات کە خوا پێم دەفەرموێ: «اننی انا اللە...»، بەڵێ! من ئەو خوایەم کە ئەم بەڵایەم تووش کردی بەهۆی تاوانێک کە کردبووت، تا بێیەوە سەر خۆ، ئێستا ڕووبەڕووت وەستاوم و لێت دەپرسم: هاتییەوە سەر خۆ؟! داوای لێخۆشبوونت کرد؟! زانیت من هەر ئەو خوایەم کە هەر وەک چۆن بەخشەندە و میهرەبان و دڵۆڤانم، تۆڵەستێن و سزادەریشم؟!
ئەو کات منیش بە شەرمەزاری داوای لێخۆشبوونی لێ دەکەم و دەگەڕێمەوە لای، چونکە خوا زۆر لێبووردە و فرە میهرەبانە و زیاتر لە هەموو کەس چاوەڕوانی گەڕانەوەی بەندەکانیەتی.
یان ئەگەر بۆم دەرکەوت ئەوە بەڵا نەبووە، بەڵکوو تاقیکردنەوەیێکی خوا بووە تا ئاستی ئارامی و خۆڕاگری من دەرخات، جا ئەو کات بیرم لە هەڵوێستی خۆم دەکردەوە، ئایا ئارامم گرتبوو؟! ... جا ئەگەر وابێ ئەوە دیسان سپاسی خوا دەکەمەوە چونکە هەمووی لە فەزڵی خۆیەتی. ئەگەر سەبریشم نەکردبێ لەسەری، ئەوە زوڵمم لە خۆم کردووە، چونکە کارەکانی خوا بێ حیکمەت نین و هەرگیز زوڵم لە بەندەکانی ناکات.
پاشان کە حیکمەتی ئەو ناخۆشیانەم بۆ دەرکەوتووە دیسان خوا پێم دەفەرموێ: «اننی انا اللە...»، من ئەو خوایەم کە کارەکانم لە ڕووی حیکمەتە و بە شێوازی جۆراوجۆر تاقیت دەکەمەوە، بۆیە هەست بە ناسینی زیاتر و متمانەیی زۆرتر دەکەم.
یان یادی ئەو کاتەم دەکردەوە کە ئاواتی وەدیهاتنی شتێکم دەکرد کە لای من ئەستەم بوو، بەڵام بە نزا و پاڕانەوە لە زاتێکی پڕاوپڕ لە ڕەحم و سۆز و هێز و دەسەڵات، ئاواتەکەم دەهاتە دی. ئەگەر لەوکاتەدا خوا پێمی بفهرموایە: «اننی انا اللە...»، بەڵێ! من ئەو خوایەم کە بەسەر هەموو شتێکدا توانام و ناکرێ و نابێ لای من بوونی نییە، دیسانەکە خۆم هەڵدەسەنگاندەوە؛ئەرێ لە بەرامبەر فڵان فەزڵ و بەخششەی خوادا شوکرانەبژێر بووم؟! خۆڕاگر بووم؟! متمانەم هەبووە بە خوا؟! تا چ ڕادەیەک پشتم پێ بەستووە و زۆر شتی تر...
زۆرتر بیرم لە هەڵوێستەکانم لەو بارودۆخانەدا دەکردەوە تا بزانم ئێستاکە کە خوا بە هەموو گەورەیی و شکۆی خۆیەوە دێت و بانگهێشتم دەکا و خۆی دەناسێنێت، ئەودەم لە جیاتی مووسا چ هەستێکم دەبوو؟! چەندە دڵخۆش دەبووم و چەندەش شەرمەزار؟!
وتنی هەمووی ئەو دۆخ و هەستانە لە چەند ڕستەیێکدا جێگای نابێتەوە، لەوانەیە لاپەڕە لاپەڕە، وەک ڕاز و نیازێک لەگەڵ خوادا درێژە بکێشێت و دنیایەک پەرتووکی لێ پێک بێت. بۆیە لێرەدا کۆتایی بەم لێپرسین و موحاسەبەی نەفسه دێنم، بەڵام بەردەوام بیر لەو کاتانە دەکەمەوە....
درێژەی هەیە…
بۆچوونهکان