لە هەرێمی كوردستانیشدا هاوشێوەی وڵاتانی تری ئیسلامی هێزێكی توندڕەوی عەلمانی هەبووە كە كاری لەسەر ناشیرین كردن‌و بەشەیتان كردنی هێزە ئیسلامیەكان كردووە، ئەمەش لەسەر ئاستێكی گشتی دەسەڵات لەلایەك‌و لەلایەن كۆمەڵێك پارتی چەپ‌و عەلمانی‌و كەسایەتی‌و رۆشنبیرو رۆژنامەنووس‌و مامۆستای زانكۆوە پیادە كراوە،

لەبەرئەوە ئەم هێزانە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوون كە ئیسلامیەكانی كوردستانیش بە هێزێكی توندڕەوو نادیموكراسی لەقەڵەم بدەن‌و وەك مەترسیەك بۆسەر ئایندەی كوردستان بیانخوێننەوە، لەپێش رووخانی رژێمی بەعسدا بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاساییەی كە لەئارادا بوو بەجۆرێك لە جۆرەكان ئەو گوتارە رەواجی هەبوو. بەڵام لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق‌و تێكەڵاوبوونی هەموو هێزە ئیسلامیەكانی كوردستان بە پرۆسەی دیموكراسی‌و بەشداری كردنیان لە هەڵبژاردن‌و بوونی كوتلەیەكی پەرلەمانی ئیسلامی‌و بەرگری كردنی بەردەوامیان لە دیموكراسی‌و ئازادی‌و مافەكانی هاوڵاتی، كاریگەری ئەو گوتارە ی كەم كردەوە  لەسەر جەماوەرو هێزە سیاسییەكان‌و لەو ساتەوەختەوە دەتوانین بڵێین لە كوردستاندا گوتارێكی نوێی ئیسلامی هاتۆتە ئاراوە كە جیاوازە لە گوتارەكەی پێشوو،

 هێزە ئیسلامیەكانی كوردستان لە ئێستادا تێكەڵاو بە پرۆسەی سیاسیی بوون‌و بە بوونیان لە دامەزراوە شەرعیەكانی وەك پەرلەمان‌و حكومەتیش، ئیتر ئەوانیش زیاتر هەنگاو دەنێن بەرەو خەباتێكی مەدەنی مۆدێرن كە گوتارە ئیسلامیەكەشیان بەم ئاراستەیە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەوەی كە دەوترێت لە ترسان لە دەسەڵاتی ئیسلامیەكان لەلایەكی ترسە لە ئەو ئەنجامانەی كە پارتە ئیسلامیەكان لە وڵاتانی بەهاری عەرەبی بەدەستیان هێناوە.

 لەلایەكی تریشەوە، ترسە لەوەی كە ئەم پارتە ئیسلامیانە بە بەرنامەیەكی نوێوە خۆیان نمایش بكەن‌و بتوانن كۆمەڵێك گۆڕانكاری بەسەر خۆیاندا بهێنن بۆئەوەی بە دیدێكی نوێوە دەست بدەنە كاری سیاسیی‌و بانگەواز.

ئیسلامیەكان بەرنامەیەكی رۆشنیان هەیە بۆ جەماوەرو بە شوناسێكی روونەوە كار دەكەن، لەبەرئەوە ئەگەر خاوەنی بەرنامەیەكی ستراتیجی بن بۆ كاری سیاسیی دەتوانن لەم بارودۆخەدا زۆر بە ئاسانی بێنە پێشەوەو هەنگاوی گەورە بنێن، بەڵام لە راستیدا ئەگەر ئەم هێزە ئیسلامیانە هەر بەهەمان گوتارو شێوازی كاری سیاسیی كە لە ئێستادا هەیانە هەنگاو هەڵبگرن ناتوانن پێگەیەكی جەماوەری بەهێز بۆ خۆیان دروست بكەن، چونكە لەم بارودۆخە نوێیەی كە جیهانی ئیسلامی تێی كەوتووە، دەبێت ئەوانیش گۆڕانكاری لە خۆیاندا دروست بكەن‌و لە پارتێكی نوخبەییەوەببن بە پارتێكی جەماوەری‌و لە گوتارێكی ئایینیەوە هەنگاو هەڵبگرن بەرەو گوتاری سیاسیی بە باكگراوندی ئیسلامی، ئەم گۆڕانكاریانەش پێویستی بەوە هەیە لەلایەك سیاسەت‌و بانگەواز لە یەكتر جیا بكەنەوە،

لەلایەكی تریشەوە گرنگی زۆر بە عەقڵی رۆشنبیری‌و ئەكادیمی‌و میدیایی بدەن، چونكە ئەم چین‌و توێژانە بڕبڕەی پشتی هەركارێكی سیاسین، بەبێ‌ ئەمانە ناتوانرێت پارتێكی سیاسیی كاریگەر لە كۆمەڵگەدا دروست ببێت، ئەگەر پارتە ئیسلامیەكان بتوانن بە پرۆژەیەكی ئیسلامی نوێوە بێنە گۆڕەپانی كاری سیاسیی‌و پرۆژەیەكی یەكگرتوو رابگەیەنن دەتوانن هەنگاوی گەورە هەڵبگرن‌و زیاتر متمانەی جەماوەریش بەدەست بهێنن.

ئەم هەنگاوەش دەبێتە هەنگاوێكی نەوعی‌و دەیان هەنگاو كاری ئیسلامی دەباتە پێش، هەرچەند لەم كاتەدا لە كوردستان ئەو گوتارەش كەم بوەتەوە كە ئیسلامیەكان وەك مەترسی سەیر بكرێن، بەڵكو توانیویانە تێكەڵا بەكاری سیاسیی‌و جەماوەری ببن‌و لە ئێستادا جەماوەریش زیاتر ئیسلامیەكان دەناسێت، بەڵام لە راستیدا گوتاری ئیسلامیەكان لەم بارودۆخە نوێیەدا نەیتوانیوە گۆڕانكاری لە خۆیدا دروست بكات‌و بتوانن هەموو خەمەكانی جەماوەر وەك لە ناوبردنی هەژاری‌و دواكەوتوویی‌و چاكسازی لە بوارەكانی سیاسیی‌و پەروەردەو... هتد لەخۆ بگرن.

چونكە ئەوەی هەتا ئێستا لە گوتاری ئیسلامیەكاندا زاڵە زۆربەی گوتارێكی ئاینیەو بەمەش سیاسیەت وەك بەشێك لە بانگەواز خۆی نمایش دەكات، كە ئەمەش لەلای بەشێكی زۆری جەماوەر جێگەی رەزامەندی نییە، چونكە پارتی سیاسیی پێویستە پارتێكی جەماوەری بێت كار لەپێناو دابینكردنی هەموو بەرژەوەندیەكانی خەڵكدا بكەن نەك تەنها نوخبەیەكی دیاریكراو ،جەماوەر لە ئێستادا ناتوانرێت تەنها بە دروشم رازی بكەیت ك تۆ خاوەنی بەرنامەیەكی باشیت، بەڵكو دەبێت ئەو دروشمانە لە واقیعدا بچەسپێت،

لەبەرئەوە ئیسلامیەكان لە ئێستادا پێویستیان بە بەرنامەی واقیعی هەیە، پێویستیان بەوە هەیە لەسەر بنەمای پرۆژەی نوسراو جەماوەر ئاشنا بكەن بە خواست‌و ویستەكانیان، ئەمەش ئەوكاتە دەبێت كە ئەم پارتە ئیسلامیانە لەلایەن كەسانی پسپۆڕی بواری سیاسیی‌و فیكری‌و مەعریفیەوە بەڕێوەببرێن، نەك لەلایەن چەند كەسانێكەوە بێت.بە درێژایی چەندان ساڵا هیچ بەرهەمێكی فیكری‌و سیاسیی‌و رۆشنبیری نەبێت‌و بەردەوامیش لە كۆنگرەكاندا هەڵبژێردرێنەوە، لە بارودۆخی ئێستای كوردستاندا، كە رۆژ بەرۆژ بەرەو گەشەكردن‌و كرانەوەو ئاشنا بوون بە گۆڕانكاریە كولتوری‌و فیكریەكان هەنگاو دەنێت، دەبێت ئەم پارتە ئیسلامیانەش سەركردەی نوێ‌ بەرهەم بهێنن‌و ئەم سەركردە نوێیانەش بگەنە شوێنی بڕیارو متمانەیان پێ‌ بدرێت كە پارتەكانیان بەڕێوەبەرن‌و بە گوتارێكی نوێوە پارتەكانیان بۆ جەماوە نمایش بكەن، لەبەرئەوە ئەم پارتانە بەرەو رووی دوو جۆر مەترسی دەبنەوە، لەلایەك گوتاری دەسەڵات‌و دامەزراوە سەربازی‌و ئەمنی‌و راگەیاندنەكانیانە، لەلایەكی تریشەوە مەترسی گەورە ئەوەیە كە ئەم پارتە ئیسلامیانە بكەونە بارودۆخێكی چەقبەستوویی‌و توانای چاكسازی‌و نوێ‌ بوونەوەو گۆڕانیان نەبێت لەناو خودی پارتەكانی خۆیاندا.