ئاماژه: پڕۆژه‌ی بێداری ئیسلامی سه‌رده‌م سه‌باره‌ت به پاککردنه‌وه‌ی نه‌فس ڕێنیشانده‌ریی دیاریكراو، ورد و گشتیی پێیه كه به‌پێی چاكسازیی تاكی، بنه‌ماڵه و كۆمه‌ڵگا پێك دێت. ده‌ستپێكردنی ئه‌و پڕۆسه‌یه له مرۆڤێكه‌وه وه‌ك جه‌وهه‌ری پڕۆژه‌ی چاكسازی و گۆڕانكاری ده‌ست پێ ده‌كا. كه‌سێك كه پێویسته باوه‌ڕێكی دامه‌زراو، عیباده‌تی دروست، ڕه‌وشتی به‌رز، بیری ڕوون و جه‌سته‌یه‌كی به‌هێز و كاسب، خه‌باتكار له‌گه‌ڵ نه‌فس، به‌ته‌ماع له كه‌ڵك‌وه‌رگرتن له كات و ته‌كووز له كاروبار و سوودمه‌ند بۆ ده‌ورووبه‌ری بێ.
له‌و ڕاستایه‌دا مرۆڤ پێویستی به زۆر چه‌شنی په‌روه‌رده‌ی ڕوحی، ئه‌خلاقی، زانستی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیاری و ئابووری و جه‌سته‌یی و... هه‌یه. بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌و واتا گرینگه، ئیسلاح‌وێب چه‌ند پرسیارێكی ئاراسته‌ی به‌ڕێز «جه‌هاندار ئه‌مینی» دكتۆڕای یاسای سزادان و تاوانناسی، ڕاوێژكاری مافی بنه‌ماڵه و به‌رپرسی خانه قوڕئانی «رنگین كمان خوبی ها» كردووه. به‌و هیوایه كه به‌كه‌ڵك بێ. دكتۆر ئه‌مینی نووسه‌ری چه‌ندین كتێبه: (مرگ مغزی در فقه مذاهب پنجگانه – ژێر چاپ (نووسین))، (مرگ مغزی در فقه اهل سنت و قانون ایران – ژێر چاپ (نووسین))، (تزكیه - (گرینگیی، ئه‌مراز، به‌ربه‌سته‌كانی) بڵاوكردنه‌ی ئیحسان، ١٣٨٧(وه‌رگێڕان))، (كلاه طربوش، بڵاوكردنه‌وه‌ی چراغ اندیشه ١٣٩٨ (وه‌رگێڕان))، (حنین، ژێر چاپ (وه‌رگێڕان))، (رمضان رنگین كمان خوبی ها، بڵاوكردنه‌وه‌ی چراغ اندیشه (نووسین)).
- وه‌ک پرسیاری یه‌که‌م، واتای پاککردنه‌وه چییه؟ (وشه‌یی و زاراوه‌یی)
وشه‌ناسان بۆ ئه‌و زاراوه قوڕئانییه، دوو ڕه‌گه‌یان ئاماژە پێ کردووه: یه‌کیان ڕه‌گی «ز ک و» به واتای دوورکردنه‌وه‌ی شتێک له عه‌یب و که‌مایه‌سییه‌ک و به واتایه‌کی دی خاوێنکردنه‌وه و سڕینه‌وه و ئه‌وه‌ی تر «ز ک ی» به واتای گه‌شه و هه‌ڵدان، ڕوان و زۆربوونه. واتای زاراوه‌یی له ڕوانگه‌ی زانایانی ئەخلاقیش (له زانسته‌کانی تردا واتای جۆراوجۆری هه‌یه که له بابه‌تی ئێمه به‌دووره) به‌و دوو واتایه نزیکن.
هێندێک که‌س ته‌زکیه‌ییان به واتای پاککردنه‌وه‌ی نه‌فس له خسڵه‌ته ناپه‌سه‌نده‌کان و ناحه‌زییه‌کانی ئه‌خلاقی و به‌ربه‌سته‌کانی گه‌شه‌کردن نێو بردووه، یا به واتایه‌کی تر هه‌مان «تخلیه» و هێندێکیش به واتای ڕازاندنه‌وه‌ی نه‌فس به خسڵه‌ته په‌سه‌نده‌کان و گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌وان له ده‌رووندا هێناوه که هه‌مان «تحلیه»یه. به گشتی ده‌توانین بڵێین پڕۆسه‌ی پاککردنه‌وه‌ی نه‌فس هه‌ردووکیان له‌خۆ ده‌گرێ و ناکرێ نێوان «تخلیه و تحلیه» یه‌کیان وه‌پێش ئه‌وه‌ی تر بخه‌ین، به‌ڵکوو هاوکات ده‌کرێ که‌سێک به ته‌مرین و ممارسه له‌سه‌ر ڕاستبێژی، به‌ستێنی وه‌لانانی درۆش ته‌یار بکات و درۆ وه‌لا نێت.
له کۆبه‌ندیدا ده‌کرێ بڵێین، گرینگی‌دان به بواری ڕوح و مه‌عنا و ڕازاندنەوە و په‌روه‌رده‌کردنی نه‌فس به هێندێک له خسڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه جوان و په‌سه‌نده‌کانه، به شێوازێک کە ئه‌و خسڵه‌تانه وه‌ک ئه‌ندامانی جه‌سته که به‌دیهێنراون، ببنه به‌شێک له مرۆڤ و هیچ کات و له هیچ دۆخێک‌دا و ته‌نانه‌ت به ویستی ئه‌و که‌سه‌ش، لێی جیا نه‌بنه‌وه و به ته‌مرین و مماڕسه ببنه به‌شێک له که‌سایه‌تی ئه‌و. (خُلُق) واته ئه‌و مرۆڤه گه‌شه‌كردووه له هه‌ر كات و ساتدا ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه له خۆی نیشان بدات؛ وه‌ك دارێكی به‌رهه‌مده‌ر كه له ته‌واوی ساڵدا به‌رهه‌می هه‌یه و ئه‌وه جیاوازیی ئایینه ئاسمانییه‌كان به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئایین و ڕێبازه‌كانی تری ده‌ستی مرۆڤه و ڕزگاری و قوتاربوونی مرۆڤ به‌ستراوه به گرینگیدانی ئه‌و به پاككردنه‌وه‌ی نه‌فسی: «قَدْ أَفْلَحَ مَنْ زَکاها»
واتاكان: چاكسازی، پاككردنه‌وه، په‌روه‌رده، ڕاهێنان، پاڵافتنی نه‌فس، پاكژكردنه‌وه، خاوێنكردنه‌وه، دڵسۆزی، خودپه‌روه‌ری، پاككردنه‌وه، جیهاد له‌گه‌ڵ نه‌فس، پاراوی ڕوح، به‌رزكردنه‌وه‌ی دڵ وهتد هاومانا و ژێر واتای ته‌زكیه هاتوون.
- له‌كوێوه ده‌ست به پاككردنه‌وه‌ی نه‌فس بكرێ؟
له قوڕئانی پیرۆزدا سه‌ره‌تای كاری بانگخوازی پێغه‌مبه‌ران دوای ناساندنی خوا و ئیمان پێ هێنانی، پاككردنه‌وه‌ی نه‌فس (جێگیر كردنی خسڵه‌ته باشه‌كان) هاتووه و ئه‌وه‌ش كارێك نییه كه تایبه‌تی تاقمێك له خه‌ڵك بێ و یا بتوانین له مه‌ودایه‌كی كه‌م پێی بگه‌ین، به‌ڵكوو پاككردنه‌وه بۆ هه‌موو به‌نده‌كانه و مه‌شقكردنێك بۆ ته‌واوی ته‌مه‌نه و پێویستی به خۆڕاگری و ڕاوه‌ستاوییه و ئه‌وه جیهادی گه‌وره‌یه؛ پاككردنه‌وه هه‌م ڕێگایه و هه‌م ئامانج و ئه‌وه‌ش ئه‌ركی بڕواداره له ژیانی دونیاییدا. سه‌ره‌تای پاككردنه‌وه ته‌وبه و گه‌ڕانه‌وه‌یه؛ واته به‌هۆش‌خۆهاتنه‌وه و په‌ژیوانی له ڕابردوو و گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر ڕێی ڕاستی به‌ندایه‌تی خوای گه‌وره و هه‌وڵدان بۆ چاكسازی و قه‌ره‌بووی مافی خوا و خۆی و مرۆڤه‌كان.
- بۆچی له قوڕئانی پیرۆزدا زۆرتر پاككردنه‌وه وه‌پێش فێربوونی كتێب و حیكمه‌ت خراوه؟
له قوڕئانی پیرۆزدا چوار جار «تزكیه» له‌گه‌ڵ «تعلیم» هاتووه كه له سێ ئایه‌تدا، ته‌زكیه له‌پێش ته‌علیمدا هاتووه: «و یُزَکّیکُم ویُعَلِّمُکُمُ الکِتـبَ والحِکمَةَ» و له یه‌ك ئایه‌تدا ته‌علیم له‌پێشدا هاتووه: «ویُعَلِّمُهُمُ الکِتـبَ والحِکمَةَ ویُزَکّیهِم»
ئه‌وه‌یكه فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و پێش و دواییه چییه و كامی له‌ڕاستیدا له‌پێش ئه‌وه‌ی تره، بیر و ڕای جیاواز له‌نێو ڕاڤه‌كاراندا هه‌یه؛ به‌ڵام به ڕای من ئه‌وه‌یكه له‌و نێوانه‌دا ڕێكتر به زه‌ین ده‌گا ئه‌وه‌یه كه «تعلیم» یا فێربوون هه‌رچه‌ند له بواری ده‌ره‌كییه‌وه له‌پێش «تزكیه» یا په‌روه‌رده‌یه، به‌ڵام له‌ڕووی گرینگی و پله‌وه له‌دوای ئه‌وه. چونكه ئامانجی سه‌ره‌كی پاكبوونه‌وه‌یه و فێربوون، پێشه‌كی و پێویستی گه‌یشتن به پاكبوونه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر ئه‌و ئامانجه به‌بێ ته‌عیلم و ڕاهێنان به‌ده‌ست بێ، پێویستییه‌ك به فێربوون نه‌ده‌بوو و هۆی پێشكه‌وتنی ته‌زكیه له سێ ئایه‌تی نێوان ئه‌و چوار ئایه‌ته‌دا ئه‌وه‌یه. ئه‌وه‌یكه له نزای حه‌زره‌تی ئیبڕاهیم(ع) ڕاهێنان پێش پاكبوونه‌وه كه‌وتووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه حه‌زره‌تی ئیبڕاهیم له مه‌قامی داوادا چه‌ند داوای له خوای گه‌وره هه‌ن و له مه‌قامی توێژینه‌وه و جیهانی ده‌ره‌وه‌ی زانست، ئه‌وه له‌پێش پاكبوونه‌وه‌یه؛ چونكه مرۆڤ ده‌بێ سه‌ره‌تا ئاگاداری كرده‌وه باش و ئه‌خلاقه جوانه‌كان بێ و ئه‌و جار خۆی پاك بكاته‌وه.
- قوڕئانی پیرۆز و سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ر سه‌باره‌ت به پاكبوونه‌وه چ ڕێكارێكی پێشنیار ده‌كه‌ن؟ ئامراز و كه‌ره‌سه‌ی پاككردنه‌وه‌ی نه‌فس چین؟
زیكر و یادی به‌رده‌وامی خوا، ڕامان له ئایه‌ت و نیشانه‌كانی جیهان و مرۆڤ، هاوڕێیه‌تی مرۆڤه باشه‌كان، پابه‌ندبوون به فه‌ڕز و سوننه‌ته‌كان، كردنی هه‌ر چه‌شنه كارێكی چاكه، به‌خشین و چاكه له‌گه‌ڵ خاوه‌ن پێداویستییان، نزا و پاڕانه‌وه له خوا، هه‌رچه‌شنه هه‌نگاوێك بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره، ئاگاداری و زانستی شه‌ریعه‌تی خوا، بانگهێشتنی كه‌سانی دی به‌ره‌و كاری چاكه، خۆپاراستن له تاوان و ئاگاداری و پارێزكاری له گرینگ‌ترین ئامرازه‌كانی پاككردنه‌وه‌ی نه‌فسن كه قوڕئان و سوننه‌ت ئاماژه‌یان پێ كردوون.
- پاككردنه‌وه‌ی نه‌فس و بانگه‌وازی به‌ره‌و خوا چ پێوه‌ندییه‌كیان هه‌یه؟
بانگه‌وازی و بانگهێشتنی كه‌سانی دی به‌ره‌و كاری خێر و چاكه و پابه‌ندبوون به فه‌رمانه‌كانی خوا له گرینگ‌ترین هۆكاره‌كانی پاكبوونه‌وه‌ی نه‌فس هه‌ژمار ده‌كرێ. ئه‌گه‌ر خه‌ڵك بۆخۆیان داوای به‌خشش و لێبوورده‌یی له خوای میهره‌بان ده‌كه‌ن تاكوو ببێته مایه‌ی پاكبوونه‌وه و خاوێنبوونه‌وه‌یان، هه‌رچی له ئاسمان و زه‌وی هه‌یه بۆ بانگخواز داوای لێبووردن ده‌كا و چ ته‌زكیه‌یه‌ك بانتر له‌وه كه لێی به‌هره‌مه‌ند ده‌بێ. له پێغه‌مبه‌ر(د.خ) گێڕدراوه‌ته‌وه كه خوا، فریشته‌كان، ئه‌هلی ئاسمان و زه‌وی و ته‌نانه‌ت مێرووه‌كانی نێو هێلانه‌كان و ماسییه‌كانی نێو زه‌ریاكانیش سڵاو و ڕه‌حمه‌ت بۆ فێركاری خێر و چاكه ده‌نێرن. له فه‌رمووده‌یه‌كی تریشدا هاتووه كه به كه‌سانێك كه په‌یامی ئه‌و به خه‌ڵك ڕاده‌گێنن، ڕووناكی و نوور موژده ده‌درێ.
زانایانی پاككردنه‌وه‌ی نه‌فسیش جه‌خت ده‌كه‌نه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه بانگه‌شه به‌ره‌و خێر و چاكه، نه‌فس له‌گه‌ڵ خێر و چاكه ڕادێنیت و گه‌ڕانه‌وه له خراپه، خراپه‌كان له نه‌فسی مرۆڤدا ناشیرین ده‌كا و ئه‌وه واتای پاككردنه‌وه‌ی نه‌فسه.
به هه‌مان ڕێژه‌ی كه بانگه‌وازی له هۆكار و كه‌ره‌سه‌ی ته‌زكییه‌یه، شاردنه‌وه و له‌بیركردنی ئه‌و ئه‌ركه‌ش له به‌ربه‌سته‌كانی پاكبوونه‌وه‌یه؛ خوای گه‌وره له ئایه‌تی ١٧٤ی سووڕه‌تی به‌قه‌ڕه یه‌كێك له ئاسه‌واری شاردنه‌وه و له‌بیركردنی بانگه‌وازی به‌ره‌و خوا، پاك‌نه‌بوونه‌وه‌ی نه‌فس ده‌زانێ و ده‌فه‌رموێ: «وَ لا یزَکیهِمْ»و ئه‌وان گه‌شه نادات و پاك ناكاته‌وه.
- نموونه‌ی كرداری چ ڕۆڵێكی له پاككردنه‌وه‌ی نه‌فسدا هه‌یه؟
هاونشینی له‌گه‌ڵ چاكان و چاولێكه‌ری له‌وان بێگومان له هۆكاره‌كانی پاككردنه‌وه‌ی نه‌فس هه‌ژمار ده‌كرێ. قوڕئانی پیرۆزیش بڕواداران ڕاسپارده ده‌كا كه له‌گه‌ڵ ڕاستگۆیان و چاكان هاوڕێیه‌تی بكه‌ن و ده‌فه‌رموێ: «یا أَیُّهَا الَّذینَ آمَنُوا اتَّقُوا اللّهَ وَ کُونُوا مَعَ الصّادِقینَ» واته: «ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه بڕواتان هێناوه! له (نافه‌رمانی) خوا خۆتان بپارێزن و له‌گه‌ڵ ڕاستگۆیان بن.» ئیمام غه‌زاڵی، بۆ چاره‌سه‌ری كه‌سانێك كه ناتوانن له‌سه‌ر زیكری خوا پابه‌ند بن و تواناییان نییه، به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ چاكان و تێكۆشه‌رانی ڕێی خوا و بیستنی وته‌كانیان و په‌یڕه‌ویكردنیان ڕاسپارده ده‌كا؛ له جێیه‌كی تر له كتێی (احیاءالعلوم)دا ئه‌مرازێك ده‌ناسێنی كه مرۆڤ به‌هۆی وی زۆرێك له ناحه‌زیی و كه‌مایه‌سییه‌كانی ده‌ناسیت؛ ئه‌وه‌یكه كه‌سه‌كه خۆی به كه‌سێكی چاكه‌كار بسپێریت تاكوو كه‌مایه‌سییه‌كانی پێ بناسێنیت و چاره‌سه‌ریان بكات؛ یان ئه‌وه‌یكه هاوڕێیه‌كی ڕاسته‌قینه و بڕوادار هه‌ڵبژێریت و ئه‌و وه‌ك چاوه‌دێر له‌سه‌ر كرده‌وه‌كانی دانێ تاكوو كه‌مایه‌سییه‌كانی وه‌بیر خاته‌وه، ئه‌وه كارێكه كه زۆرێك له گه‌وره پیاوان و پێشه‌وایانی دینی كردوویانه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌و ڕۆژگاره‌دا ئه‌هلی دڵێك نادۆزینه‌وه كه به‌رگه‌ی تێكۆشه‌رییه‌كانی ڕێگه‌ی پاكبوونه‌وه‌یان گرتبێ، ده‌توانین بۆ ژیاننامه و به‌سه‌رهاتی پێشینان بگه‌ڕێینه‌وه تاكوو شایه‌د چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كانمان بدۆزینه‌وه.
- ڕۆڵی سۆفیگه‌ری و عیرفان له پاككردنه‌وه‌ی نه‌فسدا چیه؟ ئایا به‌بێ ڕێبه‌ر و مامۆستا یا ڕاهێنه‌ری پاككراوه ده‌كرێ به پاككبوونه‌وه بگه‌ین؟ ڕاهێنه‌ر و پاككره‌وه چ پێناسه‌یه‌كی ده‌بێ هه‌بێ؟
ڕێبازی سۆفیگه‌ری و عیڕفان له‌گه‌ڵ هێندێ جیاوازی كه هه‌یه، بنه‌مای هه‌ردووكیان له‌سه‌ر ئادابی كرداری، بۆ پاككردنه‌وه‌ی نه‌فس و وازهێنان له خۆشییه‌كانی دونیایی و ون‌بوون له خۆ و په‌یوه‌ستبوون به خوایه. له‌و ڕێبازه‌ش سه‌ركه‌وتنیان هه‌بووه كه له كتێبی عیڕفانیدا هاتووه؛ به‌ڵام ئه‌وه‌یكه له‌و مه‌رامه‌دا ده‌كرێ له لایه‌ن زانایان و بیرمه‌ندانی ئیسلامییه‌وه ڕه‌خنه‌ی لێ بگیرێ، ئه‌ده‌ب و ڕه‌وشتێكه كه له هێندێ سه‌رچاوه‌كانیاندا هاتووه؛ وه‌ك كۆنه‌پۆشی، خانه‌قا، گۆشه‌گیری، جه‌زمه و دووره‌په‌رێزی و گۆشه‌نشینی كه له سۆفیگه‌ریدا هه‌یه. مه‌ولانا له وتووێژی مه‌ل له‌گه‌ڵ ڕاوچی ڕه‌خنه‌ی له‌و دووره‌په‌رێزییه گرتووه:
مرغ گفتش خواجه در خلوت مه‌ایست
دین احمد را ترهب نیک نیست
از ترهب نه‌ی کردست آن رسول
بدعتی چون در گرفتی ای فضول
بیرمه‌ندانی موسوڵمان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه قوڕئانی پیرۆز ڕێگه و كه‌ره‌سه‌ی پاكبوونه‌وه‌ی ئاماژه پێ كردووه و پێویست ناكا بڕوادار له ڕێگایه‌كی تره‌وه بگه‌ڕێ و په‌نا بباته ڕێباز و مه‌رامی تر تاكوو به ئامانج بگات؛ قوڕئان هه‌م ته‌علیمه و هه‌م ته‌زكییه.
بێگومان له ڕێبازی پاككردنه‌وه‌ی نه‌فسدا، ئێمه پێویستمان به مامۆستا، ڕاهێنه‌ر و ڕێنما (یا به هه‌ر واتایه‌كی تر) هه‌یه؛ هه‌روه‌ك كه خوای گه‌وره وه‌ها ڕۆڵێكی به پێغه‌مبه‌ران سپاردووه: «هُوَ الَّذی بَعَثَ فِی الأُمِّیینَ رَسولًا مِنهُم یتلو عَلَیهِم آیاتِهِ وَیزَکیهِم وَیعَلِّمُهُمُ الکتابَ وَ الْحِکمَةَ» واته: «هه‌ر ئه‌و زاته‌یه له‌ناو خه‌ڵكی نه‌خوێنده‌واردا پێغه‌مبه‌رێكی له خۆیان ڕه‌وانه كرد، ئایه‌ته‌كانی قوڕئانه‌كه‌ی ئه‌ویان به‌سه‌ردا ده‌خوێنیته‌وه و دڵ و ده‌روون و ڕواڵه‌ت و ئاشكرا و نادیاریان پوخته ده‌كا، فێری قوڕئان و دانایی و شه‌ریعه‌تیان ده‌كا.»
به واتای حافز:
قطع این مرحله بی همرهی خضر مکن
ظلمات است بترس از خطر گمراهی
مه‌وله‌ویش ده‌ڵێ:
پیر را بگزین که بی پیر این سفر
هست بس پر آفت و خوف و خطر
آن ره‌ی که بارها تو رفته‌ای
بی قلاویز اندر آن آشفته‌ای
هه‌رچه‌ند باری سه‌ره‌كی خاوێنكردنه‌وه‌ی نه‌فس له‌سه‌ر شانی (سالكن) به‌ڵام قوتابیانی مه‌عنه‌ویش ساناكه‌ری ئه‌و ڕێبازه‌ن و گه‌وره‌ترین چه‌كی سه‌ركه‌وتنی ڕاهێنه‌ر، توانایی و لێهاتوویی ئه‌و له په‌روه‌رده‌ی تواناییه‌كان و دابینكردنی به‌ستێنی پێویست بۆ گه‌شه‌ی قوتابیانه. پێغه‌مبه‌ران بانترین ڕاهێنه‌ران و مامۆستایانی مرۆڤایه‌تین كه له قوڕئانی پیرۆزدا باس له هێندێ پێناسه‌یان كراوه؛ ئه‌و پێناسانه ده‌كرێ نموونه‌ی باش بۆ مرۆڤ بێ له بواری پاككردنه‌وه و په‌روه‌رده‌ی نه‌فسی؛ بۆ نموونه:
پارێزكاری، ترس، خاكه‌ڕایی و ملكه‌چی، ڕاستگۆیی له قسه و كرداردا، پابه‌ندبوون به به‌ڵێنی و په‌یمانه‌كان، سۆز و دڵسۆزی له ئاست به‌رده‌نگان، پشتبه‌ستن و دڵسۆزی خوا، چاكه‌كاری و خزمه‌تگوزاری، نه‌رمونیانی و ڕه‌وشتبه‌رزی و خۆشه‌ویستی، ئه‌مانته‌داری.
- وه‌ك له قوڕئان‌دا ده‌بیندرێ، ئه‌وپه‌ڕی بانگه‌وازی به‌ره‌و خوا، گه‌یشتن به «تزكیه»یه كه گه‌یشتن پێی مه‌رجی تێكۆشانه، ئایا پاككردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان و په‌روه‌رده‌یان، ئامانجی سه‌ره‌كی بانگخوازی ئیسلامییه؟ ئه‌گه‌ر وه‌هایه ئه‌و لایه‌نه ئیسلامییه‌كان به‌تایبه‌ت بێداری ئیسلامی و قوتابخانه‌ی میانه‌ڕه‌وی تا چ ڕاده‌یه‌ك له‌و بواره‌وه سه‌ركه‌وتوو بوون؟
به‌ڵێ به دڵنیاییه‌وه پاككردنه‌وه‌ی نه‌فس په‌یامی سه‌ره‌كی پێغه‌مبه‌ران و مه‌رجی ڕزگارییه، بانتر له‌وه‌ش ئامانج و په‌یامی بانگه‌شه‌ی ئیسلامیش بووه و هه‌یه. ئێمه له نووسراوه و ڕاسپارده‌كانی گه‌وره‌كانی بێداری ئیسلامی‌دا به‌ڕوونی ئه‌وه ده‌بینین. بۆ نموونه حه‌سه‌ن به‌ننا وه‌ك دامه‌زرێنه‌ری گه‌وره‌ترین بزافی ئیسلامی میانه‌ڕه‌وی سه‌رده‌م له یه‌كێك له نامه‌كانی خۆیدا، وشیاری ڕوح و ژیانی دڵه‌كان كه له ویژدان و هه‌ستی مرۆڤه‌كاندا دێته دی، وه‌ك بێداری ڕاسته‌قینه ده‌زانی و له‌و وه‌ك یه‌كه‌مین پێشێتیی لایه‌نی ئیسلامی نێو ده‌با و جه‌خت ده‌كا كه بزاف و لایه‌نی ئیسلامی به‌بێ ئه‌و بێدارییه پێك نایه‌ت.
به‌ڵام لایه‌نه ئیسلامییه‌كان چه‌نده له‌و بواره‌دا سه‌ركه‌وتوو بوون، نازانم.
- هێندێ له لایه‌نه ئیسلامییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن كه له قۆناغی مه‌ككی یا كۆمه‌ڵگای وه‌ك نه‌فامی-ئیسلامی پێویسته به‌بێ چوونه نێو كاریگه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیاری، ته‌نیا سه‌رقاڵی بانگه‌شه‌ی تاكه‌كه‌سی و خاوێنكردنه‌وه‌ی نه‌فس بن، ئایا وه‌ها داوایه‌ك ده‌كرێ ڕاستبینانه بێ و ئایا پاككردنه‌وه ڕاده‌یه‌كی هه‌یه و ده‌كرێ بڵێین له كاتێكی تایبه‌تدا كه‌سێك به پاكبوونه‌وه گه‌یشتووه و ده‌كرێ بچێته نێو كۆمه‌ڵگا؟
به بڕوای من دابه‌شكردنی كۆمه‌ڵگای ئه‌وڕۆیی به مه‌ككی و مه‌ده‌نی، ناتوانێ دابه‌شكردنێكی گونجاو بێ؛ مه‌ككی و مه‌ده‌نی دابه‌شكردنێكی كاتیی نییه، به‌ڵكوو دابه‌شكردنێكه به‌پێی به‌ستێنی هاواهه‌نگی ئایه‌ته‌كان و تێگه‌یشتنی به‌رده‌نگان بۆ گه‌یشتن به شه‌ریعه‌تی خواییه و ئه‌وڕۆ به‌ستێنه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تییه كه هاواهه‌نگی هێندێ له ئایه‌ته‌كان و دواخرانی هێندێكیان دیاری ده‌كا. به واتایه‌كی تر، قه‌بووڵكردنی دوو لایه‌نی مه‌ككی و مه‌ده‌نی له ڕاستیدا دانپێدانان به وازهێنان له هێندێ په‌رستش و چه‌مكه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تییه كه ته‌وه‌ری ئایه‌ته‌كانی مه‌ده‌نییه كه گرینگترینی ئه‌وان فه‌رمان به چاكه و قه‌ده‌غه له خراپه‌یه وه‌ك یه‌كێك له ئامرازی پاككرده‌نه‌وه‌ی نه‌فس و له ئاست پاككردنه‌وه‌ی نه‌فس ئه‌و دوولایه‌نییه دروست نییه. سه‌ره‌تا ئه‌وه‌یكه پاكبوونه‌وه، درێژخایه‌ن و یا كاتیی نییه كه له خولێكی تایبه‌تدا به كۆتایی بگات و پاشان كه‌سه‌كه ئاماده‌گی كاریگه‌ری و چالاكیی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیاری هه‌بێ، به‌ڵكوو وتمان كه ئه‌و ڕه‌وته به‌پێی به‌ڵگه‌كانی قوڕئانی تا كۆتایی ته‌مه‌ن درێژه‌ی هه‌یه؛ دووهه‌م ئه‌وه‌یكه پاككردنه‌وه‌ی نه‌فس له چۆلایی و بۆشاییدا نایه‌ته دی، به‌ڵكوو له گۆڕه‌پانی ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌كاندا مرۆڤ به‌ره‌نگاری شه‌یتان و هه‌وا و ئاره‌زووی نه‌فسانی ده‌بێته‌وه و گه‌شه به خسڵه‌ت و پێناسه په‌سه‌نده‌كان ده‌دا و ئه‌وه‌ش ته‌نیا له‌نێو كۆمه‌ڵگا و ڕووداوه‌كانیدا دێته دی.
بۆچوونه‌کان