پارێزگاری سنە، پێشنیوەڕۆی شەممە[٥ی رێبەندان]، لە بەرنامەیەکی کاناڵی خۆجێی "کورد"-کە بۆ سنە و دەورووبەری وەشان دەکات- رایگەیاند کە بڕوای بە ئامارە فەرمییەکانی پێوەندیدار بە رێژەی بێکارانی پارێزگاکە نییە.
عەبدولمحمەمەد زاهیدی، پارێزگاری سنە رایگەیاند کە داهاتی دانیشتوانی پارێزگاکە، سەرەڕای توانای سروشتی و مرۆیی پارێزگاکە، لە نیوەی داهاتی مامناوەندیی باقی ناوچەکانی ئێران کەمترە.
ناوبراو هەوەها دانی بەوەش نا کە تێڕوانینی ئەمنیەتی بۆ پارێزگاکە، یەکێک لە گرینگترین بەربەستەکانی گەشەسەندنی ئابووریی کوردستانە بەڵام بە گوێرەی هەواڵدەری فارس، زاهیدی هاوکات ستایشی سپای پاسدارانیشی کرد بەم هۆیە کە بە گوتەی ئەو، هەوڵی داوە پڕۆژەگەلێک لە بەرژەوەندی دانیشتوانی پارێزگاکە بەڕێوەببات.
زاهیدی هەوەها راشیگەیاند کە رێژەی مامناوەندی بێکاری لە پارێزگای سنە، بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە سەدا ٢٨ە بەڵام خۆی باوەڕی بەو ئامارە نییە و لەسەر ئەو بڕوایەیە کە رێژەی بێکارانی کوردستان لەمە زیاترە.
ناوەندی ئاماریی ئێران، هاووڵاتیانی سەرووی ١٠ ساڵ، کە تەنانەت "یەک کاتژمێر" لە حەوتوودا کار بکەن، بە "بێکار" نازانێ.
سەرەڕای ئەوەش، پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان[ورمێ، ئیلام، کرماشان و سنە]، بەرزترین رێژەی بێکاری لە ئێرانیان هەیە.
ساڵانە هەزاران هاووڵاتیی بێکار لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، بە مەبەستی دابینکردنی بژیوی ژیانیان روو لە باقی ناوچەکانی ئێران و بە تایبەت گەورەشارەکان و لەم ساڵانەی دواییدا، باشووری کوردستان دەکەن.
بۆچوونهکان