لەم بابەتەدا هەوڵدەدەین گوزەرێكی خێرا بە چەند وێستگەیەك لەژیانی پێغەمبەری خوا(د.خ) بكەین و لەو سۆنگەیەوە هەموو ئەو شێوازو هۆكارە ئەمنیانەی كە لەمیانەی هەنگاوەكان و تێپەڕاندنی قۆناغەكاندا رە چاویكردوون نیشان بكەین، بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین پێبەپێی ئەو پێشەوا بەرێزەمان لە كاری ئیسلامیماندا هەنگاو بنێین و لە پێناو پاراستنی كارو زامنكردنی ئامانجەكانمان لایەنی پارێزكاری و قایمكاریمان زیاترو باشتر تۆكمەتر بكەین . ماڵی ئەڕقەمی كوڕی ئەڕقەم: لە كاتێكدا ژمارەی موسوڵمانان زیادی كردوو گەیشتە سی كەس ئیدی كۆكردنەوەی موسوڵمانان لەجێیەكدا بەمەبەستی حاڵیكردنو تێگەیاندنیان كارێكی پێویست بوو، هەر بۆیە ماڵی ئەرقەمی كوڕی ئەرقەم بۆ ئەومەبەستە دەستنیشانكرا، ئەویش بەهۆی ئەو تایبەتمەندیانەی لەو ماڵەدا دەستەبەربوو وە لەباقی ماڵەكانیتری جیادەكردەوە. تایبەتمەندییەكانی ماڵی ئەڕقەم: 1) خانووكە دەكەوتە خواروی كێوی سەفاوە دوور لەچاوی تاغوتانو كۆڕی دانیشتنەكانیان ، بەجۆریكیوا كەسیفەتی سەربەخۆییو نهێنیبونی لەهاتوچۆكردندا پێبەخشیبوو. 2) خانوەكە بواری بۆ قۆستنەوەی جێیەك لەجێیەكانی لەلایەن دوژمنەوە تێدا نەبوو بەمەبەستی بەكارهێنانی بۆكاری چاودێریكردنو ئاگاداربون لەوەی لەنێو ماڵەكەدا ئەنجامدەدرێت. 3) لەبەر ئەوەی خاوەن ماڵەكە خۆی موسوڵمانبوو، بۆیە ئاشكراكردنی نهێنی كارەكە لەلایەن خاوەن ماڵەكەوە بەهیچ شێوەیەك ڕوی نەدەدا. 4) خاوەن ماڵ تا ئەوكاتە موسوڵمان بونی خۆی ئاشكرا نەكردبوو، بۆیە لەنێو خەڵكیدا بەموسوڵمان نەدەناسرابوو، وەتەمەنیشی كەشازدە ساڵبوو جێگەی سەرنج نەبوو. كۆمەڵە بانگخوازەكان لەكاتی نهێنیدا: لە سەرەتای دەستپێكردنی بانگەوازدا دروستكردنی چەند گروپێكی بچوك كەژمارەی تاكەكانی لەپێنج كەس تێنەپەڕێت شتێكی پێویست بوو، ئەویش لەپێناو فێركردنی كاروفرمانی دینەكەیانو، ڕونكردنەوەی ئامانجی بانگەوازەكەیان... دیارە ئەم كارەش چەند لایەنێكی باشی خۆی هەیە، لەوانە: 1. ئاسانی یەكتر بینینو كۆبەنەوە. 2. ئاسانی دابینكردنی بنكە یان بارەگا. 3. ژمارەیەكی لەو جۆرە جێگەی سەرنج نییەو گومان دروستناكات ئەگەر لە ماڵێكیشدا پێكەوە كۆببنەوە. بێ گومان ڕێكخستنی كاری هاتوچۆ یان دەروماڵكردن لەو هۆكارە گرنگەكانەیە كەدەبێتە یارمەتیدەر بۆ پاراستنی نهێنی شوێنەكە، وەهەروەها كەمی ژمارەی كۆبونەوەكان، وە ئەنجامدانییان لەشوێنە جیاوازەكانو لەگەڵ بونی ماوەو زەمەن لەنێوانیاندا زامنی بەردەوامبونی كارو، هۆكاری پەرتكردنو بەفیڕۆدانی هەوڵەكانی بەدواداچونی دوژمنانە، ئەم كۆبونەوە بچوكانە دەشێ بەناوكەپێكهێنەرەكانی كارگەیەكی بچوككراوە دابنرێت بۆ ڕاهێنانو پاكژكردنی دەرونەكانو سازاندنیان لەپێناو خۆراِگریو هەڵگرتنی كۆڵی قورسی بانگەوازەكە، ئەویش لەڕێی: 1. فێركردنو تێگەیاندنی ئەندامان لەژیانی هاوەڵان (خوا لێیان رازی بێ) بۆ تێگەیشتن لەكارو فرمانی دینەكەیان بەتایبەت لەقورئانی پیرۆز. 2. ئەنجامدانی نوێژەكان بەكۆمەڵ (جماعە) ت. 3. دەستەبەركردنی دادپەروەری كۆمەڵایەتیو نەهێشتنی جیاوازی لەنیو موسوڵماناندا. هەستی ئەمنی لای هاوەڵان (خوالێیان رازی بێ). هەستی ئەمنی پێویستییەكی هەنوكەییە بۆ هەموو تاكێكی ئەم ئوممەتە لەهەموو كاروربارێك لەكاروبارەكانی ژیانی تایبەتیو گشتیدا، پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم)دەفەرموێت: (إستعینوا علی إنجاح الحوائج بالكتمان فإن كل ژی نعمە محسود) واتە: بۆ سەرگرتنی كارەكانتان رێگەی پەنهانكاری بگرنەبەر، چونكە هەموو خاوەن نیعمەتێك ئیرەیی پێبەری هەیە. ئاشكرایە ئەكەر نهێنی پارێزی بۆ كاروباری شەخسی پێویست بێتو، فرمانی پێكرابێت، بێگومان بۆ كاروباری گشتیو پەیوەست بەدواڕۆژو سەرەنجامی ئوممەتێك پێویستییەكەی زیاترو لەپێشترە. هەستی ئەمنی و پارێزكاری لای دایكی جەمیل (ام جمیل) (خوالێی رازی بێ) كاتێك ئەبوبەكری صدیق (رەزای خوای لێبێ) دەیویست زانیاری تایبەتی لەبارەی شوینی پێغەمبەری خواوە(صلی اللە علیە وسلم) دەستكەوێت لەو كاتەی كەدوچاری ئەزیەتێكی زۆرو سەخت بوبو لەلایەن دوژمنانی بانگەوازەوە، داوای لە دایكی كرد - دایكی خەیر - (كە ئەو كات موسوڵمان نەبو) بڕوات بۆلای دایكی جەمیل (كە بە نهێنی موسوڵمان بوبوو)، بۆ زانینی شوێنی پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) لەو كاتەدا گفتوگۆیەك لە نێوانیان رویدا، كە ئاماژەیە بەهەستكردن بەلایەنەكانی ئەمنی لەو بەسەر هاتەدا لەوانە: 1. شاردنەوەی كەسایەتیو زانیاری لەڕێگەی نكوڵی لێكردن. كاتێك كەدایكی خێر پرسیاری لەدایكی جەمیل كرد لەبارەی شوێنی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) نكوڵی كرد لەوەی كە ئەبوبەكرو موحەمەدی كوڕی عەبدوڵا بناسێت. 2. قۆستنەوەی هەلومەرجەكە بۆ گەیاندنی زانیاریەكە. دایكی جەمیل ویستی خۆی هەستێت بەكاری گەیاندنی زانیاریەكە بەئەبوبەكر، بۆیەوتی بەدایكی ئەبو بەكر؛ گەر پێتخۆشە لەگەڵت بێم بۆلای كوڕەكەت ئەوە باشە، ئیدی دایكی ئەبوبەكریش بەبەڵێ وەڵامی دایەوە. 3. قۆستەنەوەی هەلومەرجەكە بۆ دەسخستنی سۆزی دوژمن. كاتێك دایكی جەمیل بینی چیان بەسەر ئەبوبەكر هێناوە، هاواریكردوو بەدەنگی بەرز كەوتە جنێودان بەوانەی وایان بەسەرهێناوە وەوتی: (ئەی ئەبو بەكر ئەوخەڵكانەی دەستدرێژیان كردۆتە سەرت بەراستی ئەهلی كوفرو خراپەكارین). وەبەمەش هەندێك لەسۆزو خۆشەویستی دایكی خەیری كەم كردەوە بەرامبەر بە بێباوەڕان، وە جنێودان بەوانەی وایان لەكوڕەكەی كردبوو سوكنای بەدڵی بەخشی. 4. قایمكاری و لەسەرخۆیی بەرلە دركاندنی زانیاریەكە. كاتێك ئەبوبەكر پرسیاری لەبارەی حاڵی پێغەمبەرەوە (صلی اللە علیە وسلم) لێكرد دایكی خێر دودڵ بوو وتی: ئەوە دایكتە گوێی لێیە؟ ئەبو بەكر پێی ووت: بێ خەمبە لێی؛ ئیدی ئەو كات هەواڵەكەی دایە كەپێغەمبەری خوا(صلی اللە علیە وسلم) سەلامەتەو حاڵی باشە، وەبۆ زیاتر قایمكاریو پارێزكاری نهێنی پارێزی هەواڵی پێنەدا لەكوێیە تا ئەبوبەكر پرسیاری لێكرد: ئەو لەكوێیە؟ وتی: لەماڵی ئەڕقەمە. 5. هەڵبژاردنی كاتی گونجاو لەبار بۆ بەجێهێنانی كارەكەی. كاتێك دەرونی ئەبوبەكر هێور بویەوە، وەخەڵكی بەگشتی چونەوە ماڵی خۆیان، لەگەڵ دایكی ئەبوبەكر رەزای خوای لێبێ كەچوبوە بندەستی بردنی بۆماڵی ئەڕقەم. هەستی ئەمنیو پارێزكاری لای خەببابو فاتیمە (خوالێیان رازی بێت): كاتێك عومەر رەزای خوای لێ بێ بۆماڵی سەعیدی ئامۆزای دەڕۆیشت، ئەو كات خەببابی كوڕی ئەرەتو فاتیمەی كچی خەتتاب خێزانی سەعید لەژورەوەبوون، كەگوێیان لەدەنگی عومەربوو خەبباب لەجێیەك وەك حەشارگە لەژورەكەدا خۆی شاردەوە، فاتیمەیش خێرا پارچەنوسراوەكەی هەڵگرتو خستیە ژێر رانەكانی، بەڵام كاتێك كەعومەر نزیك بویەوە گوێی ل دەنگی خەباب بوو كەقورئانی بۆ دەخوێندنەوە، بۆیە كاتێك هاتەژورەوە وتی: ئەو ژاوە ژاوەتان چی بوو؟ وتیان تەنها قسەی ئاسای نێوان خۆمانا بوو؛ تا كۆتای ئەم روداوە، لێرەداو لەم بەسەرهاتەدا ئەم هەستە ئەمنیانە دەخوێنینەوە: 6. خێراییو دروستی هەڵسوكەوتەكان لەساتە چاوەڕوان نەكراوەكاندا. 7. شاردنەوەی شوێنەوارەكان لەدوژمن. 8. نزمكردنەوەی دەنگ لەكاتی كۆبونەوەدا. 9. قۆستنەوەی هەل بۆ راكێشانی دوژمن بەلای خۆتدا. ئەمەش لەوە بەدیار دەكەوێت كاتێك كەعومەر داوای لەفاتیمەی خوشكی كرد كەپەڕاوەكەی پێبدات فاتیمە ئەو هەلەی قۆستەوەو داوای لێكرد كە: 1. خۆی بشوات تا پەڕاوە قورئانیەكەی پێبدات ئەویش داواكەی جێبەجێكرد. 2. پاشان پەڕاوەكەی خوێندەوەو بەویستی خوا بەوهۆیەوە دڵی نەرم بوو. 3. لەوكاتەی خەبباب گوێی لێبوو كەعومەر مەدحی قورئان دەكات خۆی ئاشكراكرد. 4. خەبباب هەلەكەی قۆستەوەو وتی: مژدەت لێبێت ئەی عومەر وەڵڵاهیی هیوام وایە خوای گەورە تۆی تایبەت كردبێت بەدوعاكەی پێغەمبەر(صلی اللە علیە وسلم) كەدەیفەرموو: (اللهم أید الإسلام بعمر بن الخطاب أو بأبی الحكم بن هشام) واتە: خوایە ئەم ئیسلامە پشت ئەستوركە بەعومەری كوڕی خەتتاب یان ئەبوو حەكەمی كوڕی هیشام( ئەبوجەهل). هەستی ئەمنیو پارێزكاری( الحذر) لای عەلیو ئەبو زەڕ (خوالێیان رازی بێ): ئەبو زەڕی غەفاری بەمەبەستی گەڕان بەدوای دینی نوێو پێغەمبەردا (صلی اللە علیە وسلم)هاتە مەككە، لەكاتێكدا كەئەو پێغەمبەریشی نەدەناسی وە حەزی نەدەكرد داوای میوانداری لەكەسیش بكات، بەڵام ئیمامی عەلی رەزای خوای لێبێ بۆ ماوەی سێ شەو میوانداری كرد، پاشان پرسیاریلێكرد تۆ ئیشو كارت لەمەككە چییە؟ ئەبو زەر لەوەڵامدا پێی وت: كەر نهێنیم بپارێزیت هەواڵت پێدەدەم (لە گێڕانەوەیەكی تردا: گەر سوێندم بۆ بخۆیتو پەیمانم پێبدەی كەڕێنمونیم دەكەی پێتدەڵێم....) تا دواتر عەلی وتی باشە، من ئێستە بۆ لای ئەو دەچم، بۆ هەركوێ چوم بەدوامدا وەرە، هەركات كەسێكم بینی ترسام ئاشكراببیت رودەكەمە دیوارەكە وەك بڵێی نەعلەكانم چاك دەكەم یان وەك ئەوەی ئاو دەڕژێنم، تۆ رامەوەستەو بڕۆ، بەم شێوە عەلی دەڕۆشتو ئەبو زەڕ بەدوایدا تا گەیشتنە لای پێغەمبەری (صلی اللە علیە وسلم) لەم بەسەرهاتە ئەم سودانە وەردەگرین: 1. لە سەر خۆییو وردەكاری بۆ بەدەستهێنانی زانیاری، چونكە ئەگەر راستەوخۆ پرسیاری پێغەمبەری (صلی اللە علیە وسلم) بكردایە هەموو قوڕەیش پێیان دەزانی. 2. قایمكاریو پارێزكاری بەرلەدركاندنی زانیارییەكە، كاتێك عەلی لەمەبەستی هاتن بۆ مەككەی ئەبوزە پرسیاركرد ، هەرچەندە عەلی سێ رۆژی میوانداری لێكردبوو بەڵام راستەو خۆ وەڵامەكەی نەدایەوە؛ ئەویش بەهۆی ڕەچاوكردنی پارێزكاری تەواوییەوە، وەدیسان دانانی مەرج لەسەری بەرلە دركاندنی نیازەكەی، بەوەی كە: أ - نهێنیەكەی بپارێزێت ب - رێنمونی بكات وەهەروەها ڕوپۆشی ئەمنی( ساتر أمنی) بۆ جوڵەكردن، عەلیو ئەبوزەڕ پێشتر رێككەوتبوون لەسەر جوڵەیەكی تایبەت ئەگەر هەستیان بەچاودێریو بەدواداچونكرد لەلایەن كەسانێكەوە، لەگەڵ ڕێكردنی ئەبو زەڕ ب ئەندازەیەكی دور لەعەلی. شەڕی دەرونیو بەرهەڵستكاری موسوڵمانان بۆ ئەو شەڕە: شەڕی دەرونی بەمەترسیترین جۆری شەڕەكان دادەنرێت، كە لەهەموو سەردەمو جێگایەكدا ڕوبەڕوی بیروباوەڕەكانو بزوتنەوە چاكسازیەكان دەبێتەوە، ئەم شێوە لەشەڕ بیروبۆچونە جیاوازەكانو ئاڕاستەكان دەكاتە ئامانج، وە كۆسپو لەمپەر لەڕێگەی گەیشتنیان بەعەقڵەكانو جێگیربونیان لەدڵەكاندا دروستدەكاتو، تۆوی دوبەرەكیو پەرتەوازەیی دەچێنێتو، دیوارە بەردینەكان لەبەردەم پێشكەوتنو پەرەپێداندا دروستدەكات، وەكاردەكات بۆ: 1. گومڕاكردنو تاریكاندن. 2. لێدانی گورزی كاریگەر لەپشتەوە. 3. پەنادەباتە بەر شێواندنو تێكدانی بیروبۆچونو باوەڕەكان. 4. قسەڵۆكو ورەوور لەنێو خەڵكیدا دروستدەكات. 5. ترسو تۆ قاندن بڵاودەكاتەوە. 6. ڕێگەكانی هاندانو ترساندن (الترغیب و الترهیب) دەگرێتبەر. وەهەر ئەم هۆكارانەشە كەبونەتە هۆی ئەوەی ئەم شێوەیە لەشەڕ مەترسیدارتربێ لەڕوبەڕو بونەوەی سەربازی لەگۆرەپانەكانی جەنگدا، هەربۆیە شەڕی دەرونی بەتایبەت بڵاو كردنەوەی پاگەندەو ورەورنانەوە (إشاعە) یەكەم شێوازی كاری قوڕەیش بوو بۆ ڕوبەڕو بونەوەی بانگەواز لەقۆناغی ئاشكرابونیدا كەدەیان وت: 1. موحەممەد جادووگەرە . شێتە. 2. موحەممەد دوبەرەكی لەنێوان كوڕوباوكدا وەلەنێوانی ژنو پیاودا، وەلەنێوانی براكان، وە لەنێوان هۆزو نەوەكانیدا دەنێتەوە، 3. شێوازی سوكایەتیو گاڵتە جاڕیو لاقرتێكردن بەموسوڵمانان. بۆیە پێویستە موسوڵمانان بایەخی تەواو بەهەستی ئەمنی بدەن، وە پێویستە لەمەترسی پشتگوێ خستنو كەمتەرخەمی لەم لایەنە ئاگادار بكرێنەوە، وە هۆشیاربكرێنەوە لەوەی بۆیان دروستو رەوا نییە باسو خواسی هەندێك بابەت لەنێوخەڵكی بكەن تانەزانن كە: 1. ئەوكەسەی لەگەڵی دەدوێن كێیە. 2. وەكەی. 3. وە لەكوێ. 4. وە چۆن. 5. وە هۆشیارو چاوكراوەبن لەبەرامبەر شێوازو ڕێگەكانی دوژمن بۆ دەسخستنو گەڕان بەدوای زانیارییەكاندا. 6. وەخستنەڕوی ئەو بەڵگە شەرعییانەی كەفرمان بەپابەندبون بەم لایەنەوە دەكەن، بەتایبەت ئەو بەڵگانەی هەڕەشە لەدركاندنو ئاشكراكردنی نهێنیەكانی ئوممەت دەكەن، وە سزای ئەوكارە لەدونیاو دواڕۆژدا. سەرانی قورەیش هەڵدەستن بەئەشكەنجەدانی سەركردەی بانگەوازەكە (صلی اللە علیە وسلم) : بێ گومان ئەم سەرانی قوڕیش سەرجم شێوازو ڕێگەكانیان بەكارهێنا بۆئازاردانی كەسایەتی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) لەوانە: 1. ورگو ڕیخۆڵەی وشتر دەخرایە سەر پشتی لەكاتی سوجدەبردنیدا (صلی اللە علیە وسلم). 2. عوقبەی كوڕی ئەبوموعیت تفی كردە ناوچاوانی موبارەكی (صلی اللە علیە وسلم). 3. عەباكەی سەرشانیان دەخستەملیو ڕایاندەكێشا هەتا دەكەوتە سەرزەوی (صلی اللە علیە وسلم). 4. پیساییو دڕكو داڵیان دەخستە بەرپێكانی (صلی اللە علیە وسلم). بەڕاستی ئارامگری پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم)، لەسەر جۆرەكانی ئەشكەنجەو ئازار، شوێنەواری گەورەی لەسەر دەرونی موسوڵمانان بەجێهێشت، بۆیە ئەوانیش وەك شوێن پێهەڵگرێكی ئەو پێغەمبەرە (صلی اللە علیە وسلم)، بەئارامگریو بەدەرونی پۆڵاینیان ڕوبەڕوی ئەشكەنجەكانی ڕێگا دەبونەوە وەك: - ئەشكەنجەدان بە گەرمای خۆر: هاوەڵی پایەبڵد بیلالی كوڕی ڕبباح (رەزای خوای لێبێ) بەگەرمای خۆر ئەشكەنجەدەدرا، وە بەرد دەخرایە سەر سنگی ئارامی دەگرتو ئەو وتە بەناوبانگەی دەوتەوە كەبەردەوام موسوڵمانان وەك نمونەی ئارامگری دەیڵێنەوە: (أحــدٌ أحــدٌ). - ئەشكەنجەدان بە ئاگر: هاوەڵانی بەرێز: بنەماڵی یاسر، خەبابی كوڕی ئەرەت، عوسمانی كوڕی عەففان (رەزای خوایان لێبێ) بەئاگر ئەشكەنجەدەدران، یاسر لەژێر ئەشكەنجەدا شەهید بوو، پاشان خێزانەكەی سومییە بەڕم شەهیدكرا، عەممار ئەوەندە ئەشكەنجەدرا تا بەزۆر كوفری بەزاردا هاتو ئەم ئایەتەی لەبارەوە هاتەخوارەوە:[ مَن كَفَرَ بِاللّهِ مِن بَعْدِ إیمَانِهِ إِلاَّ مَنْ أُكْرِهَ وَقَلْبُهُ مُطْمَئِنٌّ بِالإِیمَانِ ] النحل / 106 لایەنەكانی پارێزكاری ( الحذر) لەهیجرەت بۆ حەبەشە: كاتێك كە پیغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم)بینی هاوەڵانی چییان بەسەر دەهێنرێتو، ئەو هەموو بەڵاو ئازارەی دەخرێتە سەر ڕێگەی موسوڵمان بونیانو، ئەویش توانای بەرگریلێكردنیانی نییە بۆیە پێی فەرموون: (لو خرجتم إلى أرض الحبشة، فإن بها ملكا لا یظلم عنده أحد، وهی أرض صدق، وحتى یجعل الله لكم مخرجا مما أنتم فیه): ئەگەر بڕۆن بۆ خاكی حەبەشە، لەوێ پاشایەكی لێیە هیچ كەس لەسایەیدا زۆلمی لێناكرێت، وە ئەوێ زەوی راستییە، تا ئەوكاتە خوای پەروەردگار لەوحاڵەی تێیدان دەربازگەیەكتان بەڕودا دەكاتەوە. ئیدی ئەوكات موسوڵمانان بەنهێنی ڕویانكردەحەبەشەو خاكی مەككەیان بەجێهێشت. ئەمە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات كەپێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم)ئاگای لەحاڵو ڕەوشی دەوروبەرەكەی خۆی هەبووە لەو دەوڵەتو پاشانشینانەی كە هەببون، وەباشو خراپیانی ناسیوەو، دادپەروەریانی لەستەمكاریان جیاكردۆتەوە، بە بەڵگەی ئەوە كە فەرموی: 1. پاشایەكی دادپەروەری لێیە. 2. ئەوێ زەوی راستییە واتە: دینی ئاسمانی (ئەوان نزیكترن لەموسوڵمانان چونكە سەرچاوەو بنچینەیان یەكێكە). لایەنەكانی پارێزكاریو ئەمنی لەدووعاو پاڕانەوە: دووعاو پاڕانەوە گەورەترین بەندایەتییە كەبەندە بۆ پەروەردگاری خۆی ئەنجامیبدات، وەچەكێكی كارایە بۆ پارێزگاری لەئینسانو دابینكردنی ئەمنیەتی، ئادەمیزاد چەندە ژیری باڵاترو زیرەكی زیاتربێت ئەگەری پێهەڵخلیسكانو بەهەڵدا چونی هەرهەیە، وەهیچ دەربازگەیەك نییە بۆ ڕزگاربونی لەو نەهامەتیانەی ڕوی لێدەكەن تەنها بەگەڕانەوەی نەبێ بەنزاو پاڕانەوە بۆ لای پەروەردگاری هەتا دەرگای بەڕودابكاتەوە . بۆیە تێبینی دەكەین كاتێك كەپێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم)دوچاری هەموو ئەو ئازارو لاقرتیو سوكایەتی پَكردنو دەركردنەیهات لەلایەن ئەهلی تائیفەوە تائەو ئاستەی بەسەر ڕوی پیرۆزیدا كەوتبوو وەبەم پاڕانەوەی هانای بۆ خوا دەهێناو دەیوت : [ [ اللهم إنی أشكو إلیك ضعف قوتی، وقلة حیلتی، وهوانی على الناس، یا أرحم الراحمین، أنت ربی و رب المستضعفین...] بۆیە دەبینین لەپاڕانەوەكەی نەبویەوە تاخواوندی بەدەستەڵات لەگەڵ ڕاسپاردنی جبریلو فریشتەی شاخەكاندا وەڵامی نزاكەی دایەوە (صلی اللە علیە وسلم) . لایەنەكانی پارێزكاریو قایمكاری لەخۆڕێكخستن بۆ هیجرەت: 1. هەڵبژاردنی كاتی شیاو بۆ گەیاندنی زانیاری، وەشاردنەوەی كەسایەتی لەكاتی جێبەجێكردنی ئەركو فرماندا. 2. كاتێك پیغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) فەرمانی بەكۆچكردنپێكرا، وەدەیویست هاوەڵە بەوەفاكەی كەئەبوبەكربوو رەزای خوای لێبێ ئاگاداربكات كەهاوەڵایەتی لەوسەفەرەدابكات، بۆ ئەم كارەی كاتی نیوەڕۆی هەڵبژارد لەو كاتەی جموجوڵەكان كەمدەبێتەوە، وە پێشتر وەك عادەتی خۆی لەوكاتەدا سەردانی ماڵی ئەبوبەكری نەكردبوو، وە سەروچاوی خۆی هەڵپێچابوو بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە. 3. دڵنیابوونو قایمكاری بەرلە دركاندنی زانیاریاری. 4. كاتێك پێغەمبەری (صلی اللە علیە وسلم)چوە ماڵی ئەبو بەكر (رەزای خوای لێبێ) بەرلەوەی هەواڵەكەی پێڕاگەیەنێ داوایلێكرد ئەوەی لەماڵدایە بابچێتە دەرەوە، پاشان هەواڵی فرمانپێكردنی بەهیجرەت پێگەیاند، ئەبوبەكر بەزاری پڕلەگریانی خۆشییەوە وتی: بەهاوەڵی خۆت، فەرموی: بەڵێ. 5. بەكارهێنانی چەواشەكاری بەخەواندنی عەلی رەزای خوای لێبێ لەجیگەكەی خۆی (صلی اللە علیە وسلم). لەڕاستیدا سەرجەم هەڵسوكەوتەكانی پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم)لەڕاسپاردنی عەلی بەنوستن لەجێگەكەی، وە داپۆشینی بەعەبایەكی سەوز، وە گێرانەوەی سپاردەكان بۆ خاوەنەكانیان هەڵوسوكەوتێكی دروستو پڕدانایی بوون، وەچەواشەكارییەكی خوازراو بوو كەڕەوشەكە داخوازی دەكرد، بەجۆرێكی وا توانی هەلی دۆزینەوەی بەوخێراییە لەكیسی قوڕەیشبدات، ئەمەش دەڕواتە بابی گرتنەبەری ڕێگەكانی قایمكاریو پارێزكای لەلایەن ئادەمیزادەوە بۆ هەرمەترسییەك كەڕوی لێدەكات. 6. دیاریكردنی چاوساغو رێنیشاندەر (دلیل). پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم)كەسێكی چاوساغی شارەزاو زانای بەئەمینترین ڕێگەی نێوان مەككەو مەدینە هەڵبژارد بۆ كۆچكردن كەئەویش (عەبدوڵای كوڕی ئەریقت) بوو كە لەسەر ئاینی قوڕەیش بوو، (ئەمەش بواری هەڵسوكەوت كردنمان لەگەڵ كافران پێدەدات بەپێی ئاستی دژایەتی ئەوان بۆ دینەكەمان)، وەكەسێكی ڕاستگۆو متمانەداربوو كەئەو نهێنیەی بۆ قوڕەیش ئاشكرانەكرد لەگەڵ ئەو ئارەزوخستنەبەرە ماڵیەی كەدیاریكرابوو بۆ هەركەسێك زانیارییان لەبارەی پێغەمبەرەوە (صلی اللە علیە وسلم) پێبگەیەنێ. 7. شاردنەوەی هەواڵی هجرەت. كەس هەواڵی هیجرەتی نەدەزانی تەنها عەلیو بنەماڵەی ئەبوبەكر نەبێت (رەزای خوایان لێبێت) ئەویش بەهۆی ئەركی دیاریكراویان كەهەریەكەیان پێیهەڵدەستان. 8. ئامادەكردنی هۆكاری هجرەت. لەو كاتەدا وشتر باشترینو شیاوترین هۆكاری سەفەركردنبوو لەبیاباندا، لەلایەن ئەبوبەكرەوە دوو وشتر ئامادەكرابوو، وە بەگەڵای درەختی سەمر خزمەتی دەكردن كەوزەبەخشترین خواردنە بۆ وشتر، وە وتی: ئەی پێغەمبەری (صلی اللە علیە وسلم) خوا یەكێك لەو دوو سوارییە بۆتۆ بێت، پێغەمبەریش (صلی اللە علیە وسلم) فەرموی: بەڵام بەقیمەت. 9. دابین كردنی پێداویستیەكانی هیجرەت: دیارەسەفەرێكی بەوجۆرە پێویستی بەچاوساغو یارمەتیدەر دەبێت، بۆیە ئەندامانی خێزانەكەی ئەبوبەكر (ڕەزای خوای لێبێ) هەڵبژێردران بۆ ئەوكارە لەئامادەكردنی خواردنو، شاردنەوەی شوێنەوارەكانو، گواستنەوەی وردەی گۆڕاناریو هەواڵەكانی دوژمن. 10. دیاریكردنی كاتی گونجاو بۆدەرچون: پێغەمبەرو (صلی اللە علیە وسلم) هاوەڵەكەی لەدەرگای پشتەوەی ماڵەكەیان دەرچونو پێشهەڵهاتنی بەیان مەككەیان بەجێهێشت، بۆیە بەرلەوەی كارەكەیان ئاشكرابێت،وە بێ روبەڕوبونەوەی هیچ گرفتێك گەیشتنە ئەشكەوتەكە. 11. رۆشتن بۆ ئەشكەوتەكە بە نهێنیو بەپیادە: پێغەمبەرو(صلی اللە علیە وسلم) ئەبوبەكری هاوەڵی بەپیادە بەڕێكەوتن بەرەو ئەشكەوتەكە، ئەمەش بۆ ئەوەی دەنگە دەنگ دروستنەبێت، بەتایبەت ئەگەر ڕێكردنەكە لەسەر پەنجەكانی پێ بێت، وە ئەبوبەكر هەندێ جار لەڕێدا پێغەمبەری خوای هەڵدەگرت. 12. بەكارهێنانی چەواشەكاری لەچونیان بەرەو ئەشكەوتەكە. ئەو ڕێگەیەی كەچاوی خەڵكی راستەوخۆ بۆیان دەڕوانی رێگەی سەرەكی مەدینەبوو بەئاراستەی باشور، بۆیە پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم)ڕێگەیەكی پێچەوانەی تەواوی ئەو ڕێگەی گرتەبەر كەدەكەوێتە باكوری مەككەوە. 13. سیخوڕیو نیشانكردنی جموجوڵی سەرانی قوڕەیش. ئەبوبەكر عەبدوڵای كوڕی راسپاد بەوەی كاری هەواڵگیریان بۆ ئەنجامبداتو بەڕۆژ گوێ بگرێت بزانێت چی لەبارەیانەوە دەوترێتو كەئێوارەداهات هەواڵەكەیان پێبگەیەنێت، وە عەبدوڵا كوڕێكی ژیرو بیر تیژ بوو وەشیاوبوو بۆ ئەمكارەی پێسپێردرابوو. 14. شاردنەوەی شوێنەوار. عامری كوڕی فوهەیرە كەغوڵامی ئەبوبەكربوو بەمەڕو ماڵاتەكەی شوێنپێكانی دەسڕینەوە، وەجێپێی مەڕوماڵات لەو ناوچەیەدا شتێكی ئاسایی بوو بەلای قوڕەیشەوە بۆیە كارەكەی نەبویە جێگەی گومانو پرسیاری قورەیش. 15. هاوكاریكرن لەگەیاندنی خواردن بۆ ئەشكەوتەكە. مانەوە لەناو ئەشكەوتێكدا بۆماوەی سێ ڕۆژ پێویستی بەئامادەكردنی توێشویەكی پێشوەخت هەیە، ئەمەش لەلایەن ئەبوبەكرەوە كاری بۆكرابوو بۆیە ئەسمای كچی ئەبوبەكر هەڵدەستا بەئامادەكاریو گەیاندنی خواردن پێیان. 16. مانەوەی سێ رۆژ لەئەشكەوتەكە. ئەوەش هەڵسوكەوتێكی ئەمنی پێویستبوو كە ئەوكاتو رەوشە دەیخواست، چونكە دەرچون بۆ هەرشوێنێك لەڕۆژەكانی سەرەتادا مەترسی زۆری كەوتنە بەردەستی دوژمنی لێدەكرا. 17. ترسو دڵتەنگی ئەبوبەكر بۆ پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) كاتێك لەنێو ئەشكەوتەكەدا بوون. ترسو دڵتەنگی ئەبوبەركر لەخەمخۆری بوو بۆ پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) چونكە گوێبیستی قسەی كافران دەبوو كەنزیكدەبونەوە لەئەشكەوتەكە، بۆیە وتی: ئەی پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) ئەگەر یەكێكیان سەیری بەرپێی خۆی بكات چاوی پێمان دەكەوێت، پێغەمبەری خواش (صلی اللە علیە وسلم) فەرموی: دڵتەنگ مەبە ئەی ئەبوبەكر چی دەڵێیت لە بارەی دوو كەس كە زاتی الله سێیەمیان بێت؟ وە ئەمەش مەزنی متمانەی پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) بەپەروەردگاری خۆی دەردەخات كەدڵنیابووە خوای گەورە دەسبەرداریان نابێت، وەئەمەش بە ڵگەیە لەسەر پشتیوانیو لەگەڵبوونی خوای گەوەرە بۆبەندەكانی لەكاتی ناهەمواریو موسیبەتاكاندا، بۆیەپێویستە لەسەرمان دەستبەم سوننەتەی پێشەوامانەوە بگرینو گومانی باش بەپەروەردگارمان بەرین، خوای پەروەردگار لەچەند ئایەتێكی قورئاندا باسی لەم بەسەرهاتو گفتوگۆ یەی نێوان پێغەمبەرو (صلی اللە علیە وسلم) هاوەڵەكەی كردوو وەك دەفەرموێ:[ إِلاَّ تَنصُرُوهُ فَقَدْ نَصَرَهُ اللَّهُ إِذْ أَخْرَجَهُ الَّذِینَ كَفَرُوا ثَانِیَ اثْنَیْنِ إِذْ هُمَا فِی الْغَارِ إِذْ یَقُولُ لِصَاحِبِهِ لا تَحْزَنْ إِنَّ اللَّهَ مَعَنَا فَأَنزَلَ اللَّهُ سَكِینَتَهُ عَلَیْهِ وَأَیَّدَهُ بِجُنُودٍ لَمْ تَرَوْهَا وَجَعَلَ كَلِمَةَ الَّذِینَ كَفَرُوا السُّفْلَى وَكَلِمَةُ اللَّهِ هِیَ الْعُلْیَا وَاللَّهُ عَزِیزٌ حَكِیمٌ ] التوبە/40 18. شكستی هەوڵی قوڕەیش بۆ بەرگیری لەهیجرەت. بێ گومان سەرانی قوڕەیش چەندین هەوڵیاندا بۆ شكستپێهێنانو بەرگیری لە هیجرەت، لەوانە: أ- بەكارهێنانی شێوازی ئەشكەنجەدان لەپێناو دەسخستنی زانیاری، ئەمەش لەگەڵ عەلی كوڕی ئەبوتالیبو ئەسمای كچی ئەبو بەكر (رەزای خوایان لێبێت). ب- جێپێ هەڵگرتنی شوێنەوارەكانی كاروانی هیجرەت تا گەیشتنە ئەشكەوتەكە. ت- بەكارهێنانی شێوازی تەماع خستنەبەر كەدیاری لەبەرامبەر دەسگیركردنی هەریەك لەكارواچییانی هیجرەت سەد وشتربوو. پ- بیێگومان ئیمامی عەلیو ئەسما (رەزای خوایان لێبێت) لەنێوانی ئەشكەنجەو دركاندنی نهێنی ئاڕاستەی هیجرەتی پێغەمبەرو هاوەڵەكەیدا ئەشكەنجەیان هەڵبژارد، وەلەمەیشدا چەندین پەندو وانەی ئەمنی بەدی دەكرێت. 19. پارێزكاری لەكاتی ڕێكردن لەڕێگەی هیجرەتدا. عەبدوڵای كوڕی ئەریقتی چاوساغ پاش دەرچونیان لەئەشكەوتەكە ڕێگەیەكی پێچەوانەی گرتەبەر لەوڕێیانەی كەپێشتر خەڵك بەكاریان نەهێنابوو، ئەویش بەمەبەستی چەواشەكاری دوژمنو قایمكاریو پارێزكاری زیاتر. 20. بەخێرایی رۆیشتن پاش دەرچون لەئەشكەوتەكە. پێغەمبەر خوا (صلی اللە علیە وسلم) پاش ئەوەی لەئەشكەوتەكە هاتنە دەرەوە رۆیشتنی خێراكردوو وشترەكانی زیاتر هاندەدا بۆ ئەوەی لەكەمترین ماوەدا زۆرترین ڕێگە ببڕن، بۆیە شەوو ڕۆژێك بەردەوامو بێوچان ڕێیانكرد، ئەمەش لەگەڵ لایەنە باشەكانی ڕێكردن بەشەو لەبیاباندا. 21. هەستی ئەمنی لای ئەبوبەكر (رەزای خوای لێبێ). ئەبو بەكر لەپاش پێغەمبەرەوە (صلی اللە علیە وسلم) ڕێیدەكردوو، وە كاتێكیش بەلای خەڵكیدا تێدەپەڕینو پرسیاریان لەئەبوبەكر دەكرد ئەوەكێە لەپێشتەوە دەڕوات؟ ئەویش دەیوت ئەوە رێپیشاندەرمە، بەمەش ئەبوبەكر شێوازی تەورییەی بەكاردەهێنا، بەجۆرێك بێ ئەوەی گومانیان لەبارەی سەفەرەكەیانەوە بۆدروستببێ وەڵامی دروستی پرسیارەكەی ئەدانەوە. 22. هەڵبژاردنی ڕێگەی هیجرەت. پێغمەمبەرو (صلی اللە علیە وسلم) هاوەڵەكەی نزیكترین ڕێگەیان هەڵبژارد بۆ گەیشتن بەمەدینە، جیاواز لەو ڕێیانەی كەلەلایەن خەڵكەوە دەگیرانەبەر. 23. ژمارەی كەسەكانی كاروانەكە. قوڕەیش چاوی دەخستە سەر هەر كاروانێك كە لەدووكەس پێكهاتبێت، بەڵام پێغەمبەر(صلی اللە علیە وسلم) بە داناییو بیرتیژی خۆی ژمارەكەیكرد بەچوار كەس ئەویش بەزدیادكردنی چاوساغەكەیان عبدوڵلای كوری ئەریقتو عامری كوڕی فوهەیرە كەدواتر پێیانگەیشتنو پێكەوەدەڕۆشتن. وصلی الله علی نبینا محمد و علی اله و صحبه أجمعین .
بۆچوونهکان