ئاماژه‌: به‌ڕێز عوسمان ئیزه‌دپه‌ناه‌ موفه‌سیری قورئان، وه‌رگێرو هه‌روه‌ها چالاکوانی بواری ئایینی‌یه‌. ناوبراو که‌سایه‌تیکی ناسراوی ناوچه‌ی کوردستان و ئه‌هلی سوننه‌تی ئـێرانه‌. ماوه‌یه‌کی زۆره‌ خه‌ریه‌کی ته‌فسیری قورئان‌و گووته‌نه‌وه‌ی وانه‌ی ئایینی‌یه‌ له‌ شاری سه‌رده‌شت و شاره‌کانی ده‌ورووبه‌ریه‌تی. بۆ ناساندی زۆرتری ئه‌و به‌رێزه‌ ماڵپه‌ڕی ئیسلاح وێب دیمانه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ سازداوه‌ که‌ به‌وشێوه‌ی خواره‌وه‌ پێشکه‌شی خوێنه‌رانی خۆشه‌ویست ئه‌کرێت:

پ: بەڕێز ئیزه‌دپەناە سەرەتا پێمان خۆشە له‌رێگای ماڵپه‌ره‌که‌مانه‌و زۆرتر خۆتان بناسێنن.

لە دایک بووی ساڵی 1343ی هەتاویم لە گوندی "بێوران" سەر بە شاری "سەردەشت". قۆناغی سەرەتاییم لە ئاوایی خۆمان تەواو کرد و قۆناغی ناوەندیش لە شاری سەردەشت درێژەم بە دەرس خوێندن دا. لە ساڵی 1367ی هەتاوی لە ڕشتەی زمانی عەرەبی له‌ زانکۆی تاران وه‌رگیرام ودوای چوار ساڵ لیسانسم وه‌رگرت وتاسالی 1377هه‌تاوی له‌قوتابخانه‌کانی ناوەندی شاری سەردەشت وانەی عەرەبیم گوتۆتەوە. لەپاشان دوو ساڵ چووم بۆ زانکۆی کوردوستان لە شاری سنەو ماجیسته‌رم هەر لە ڕشتەی عەرەبی دا وەرگرت و تائێستاش هەر خەریکی وتنەوەی وانەی عەرەبی و ئایینیم. چەند وەرگێراوەیەکم لە زمانی عەرەبی بۆ فارسی بەو ناوانە بە چاپ گەیاندووە:

1- بحران فکری معاصرتالیف طە جابر العلوانی

2- بن لادن یک نفر از یک میلیاردعماد نداف

3- تفسیر سورەی حجرات، سید قطب

هەروەها کتێبێکیشم لە زمانی فارسی وەرگیراوەتەوە سەرزمانی عەرەبی، ئەویش ڕۆمانێکی بەڕێز مەحموود حەکیمیە، به‌ ناوی «نحو کوکب الحریة» کە لە کێبەرکێی ئەنجومەنی جیهانی ئەدەبی ئیسلامی، پلەی سێهەمی بەدەست هێنا.

هەروەها لە ئەنجومەنی قورئان و ئەنجومەنی فەرهەنگ و ئەدەبی شاری سەردەشت چالاکیم هەبوە.

پ:چ كەسانێك هاندەرت بوون بۆ فێربوونی قورئان و كار لە سەركردنی؟

و: هۆگری من بە قورئانی پیرۆز دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی منداڵی، کاتێک کە پۆلی سێهەمی سەرەتاییم دەخوێند. لەم ساڵەدا دەنگی دڵ بلاوێنی مامۆستا عبدالباسط محمد عبدالصمد، بەجۆرێک کاریگەری خست بۆ سەر دڵ و دەروونم کە داوام لە باوکم کرد مامۆستایەکم بۆ پەیدابکات. ئەوکاتە نیوەی جزووی "عم"م خوێند، بەڵام بەهۆی ڕۆیشتنی مامۆستاکەم بۆ شوێنێکی تر پەکم کەوتوو کەس نەبوو جێگای ئەوم بۆ پڕ بکاتەوە. ئەوە بوو کە هەتا پۆڵی دووهەمی ناوەندی (راهنمایی) لە قورئان دابڕام.

هاوکات دەگەڵ شۆڕشی گەلانی ئێران دژی شا، لە ساڵی 1357ی هەتاوی، بەهۆی داخرانی قوتابخانەکان، ئەو هەلەم بۆ ڕەخسا کە سەر لەنوێ بچمەوە سەر قورئان و بە تەعبیری خۆمان، خەتمم کرد و نزیکەی سی چل کەسی تریشم بۆ فێربوونی قورئان بەرەو مزگەوت ڕاکێشا. بەڵام چونکا تێی نەدەگەیشتم، دابڕانێکی دیکە دەستی پێ کرد و تا ساڵەکانی دوایی دەبیرستانم خەیاندی. لەبەر ئەوەی زۆر حەزم لە فێربوونی مانای قورئانی پیرۆز دەکرد، لە ساڵی 1363ی هەتاوی ملم لە فێربوونی زمانی عەرەبی ناو بە لوتفی خوا، لەماوەیەکی کەم دا فێری زمانی عەرەبی بووم و تا ڕادەیەکی زۆر دەم توانی لە قورئان تێبگەم و بەم هۆیەوە هۆگریم بۆ ئەم کتێبە پیرۆزە سەدان بەرابەر زۆرتربوو.

شەوقی تێگەیشتن لە قورئانی پیرۆز، وای لێ کردم کە لە تاقیکاری زانکۆش دا ڕشتەیەک هەڵبژێرم کە بۆ تێگەیشتن لە قورئان یارمەتیم بدات و بەم هۆیەوە چووم بۆ ڕشتەی زمانی عەرەبی لە زانکۆی تاران.

 ئەگەر بڵێم دەنگی دڵڕفێنی مامۆستا عبدالباسط لەپێش هەمووکەسدا هاندەری من بووە، درۆم نەکردووە. باوەڕیشم وایە هەر کەسێکی تر گوێی دڵ بۆ قورئان ڕاگرێ بە بێ دەسەڵاتی بە پیر ئەم کتێبەوە دەچێت. دیارە دایک و باوکیشم زۆریان هاندام. کاتێکیش وردەوردە لە قورئان تێگەیشتم و توانیم تەفسیرەکان بە زمانی کوردی یان عەرەبی وەخوێنم چەند شت زۆر هانیان دام کە لەم گۆڕەپانەدا دابەزم: 1- تەفسیری خاڵ، نووسراوی مامۆستا خاڵ 2- فی ظلال القرآن نووسراوی شەهید سەید قوتب 3- گوێ ڕاگرتن لە بابەتە تەفسیریەکانی مامۆستا ناسری سوبحانی و زۆرکتێبی تریش. 4- بەڕێز دکتۆر محمود وه‌یسیش لەم بوارەدا هاندەرێکی زۆر باشم بوە.

لەم نێوانەدا کە هەستم بەگۆڕانکاریەکی زۆر لە بیر و باوەر و ژیانم دەکرد دەگەڵ چەند بەیت شێعری ئیقباڵی لاهوری، شاعێری پایەبەرزی پاکستانی ڕووبەڕوو بووم کە دەت گوت قسەی دڵی منی گوتوە و ئەم شێعرانەی بۆ من وتوون. ئەمەش دەقی شێعرەکانی:

فاش گویم آن‌چه  در دل مضمر است          این کتابی نیست، چیزی دیگر است

چون که در جان رفت، جان دیگر شود        جان چون دیگر شد، جهان دیگر شود.

بەڕاستی واش بوو، چون کاتێ قورئانی پیروزی هەموو بیروو بۆ چوونەکانی منی تووشی گۆڕانکاری کرد و ئاسۆیێکی زۆر ڕووناک و بەرز و بڵندی هێنایە بەرچاوم. 

پ:چەند ساڵە كاری تەفسیری قورئانتان دەست پێ كردووە؟

و : خوێندنەوەی تەفسیرم لە ساڵی 1363ی هەتاوی دەست پێکردوە، بەڵام بەشێوەیەکی ڕەسمی ماوەی دەساڵە، یانی لەساڵی 1380ی هەتاوی وتنەوەی تەفسیری قورئانم لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری سەردەشت بەناوی مزگەوتی دارالسلام دەست پێ کردوە و ئێستاش هەر درێژەی هەیە.

پ: لەم ماوەیەی كە جەنابتان تەفسیری قورئان بۆ خەڵك لە مزگەوتەكاندا ئەكەن پێشوازی خەڵك و ئاسەواری ئەم وانە قورئانیانە چۆن دەبینن؟

و : ڕۆژانی سەرەتایی کەلاسەکەمان دووسێ نەفەر دەهاتن. بەڵام ڕۆژ بۆ ڕۆژ ژمارەیان زیاتر بووە. جاری واشە ژمارەیان دەگاتە سەد کەس. لە وەڵامی ئەوەشدا کە چ ئاسەوارێکی داناوە، پێم خۆشبوو لە حازربوانی کەلاسەکە بپرسن. ئەوشتەی کە حازر بوانی ئەم کەلاسە لای منی باس دەکەن ئەوەیە کە ئێمە دوای هاتنی ئەم کەلاسە، بۆمان دەرکەوتوە کە ئەم کتێبە پیرۆزە بەرنامەی ژیانی ئینسانەو هەموو پرسیارەکانی مرۆڤ سەبارەت بە مەبەست لە بوونی مرۆڤ و پەیوەندی ئینسان دەگەڵ خواو و خۆی و خەڵک و بوونەوەر وەڵام دەداتەوە و ئینسان بەقەناعەت دەگەیێنیت کە ڕێگای بەختەوەری چییە و ئەبێ چۆن ملی ئەم ڕێگایە بگرێ. زۆربەی حازربوانیش، قوتابی و مامۆستای قوتابخانەکان و خوێنکارانی زانکۆن.

پ:ئایا كەلاسەكەی جەنابتان لە لایەن بنكە و ئورگانێكی حوكمی یا ناحوكمی پشتیوانی لێ دەكرێت؟

و: لەسەرتا ئەم کەلاسە لەلایه‌ن هیچ لایەنێک پشتیوانی لێ نەدەکرا و شتێک بوو کە لەسەر داخوازی هه‌ندێک لە دۆستان و ویستی خۆم دانابوو. دوای چەند ساڵێک کە ئەنجوومەنی قورئانی سەردەشت پێکهات و منیش ئەندامێکی ئەم ئەنجوومەنەم، پشتیوانی زۆریان لێ کردووم و دەست خۆشیان پێ دەڵێم.

پ:بەڕای ئێو‌ە تەفسیركردنی قورئان تا چ ڕادەیەك ئەتوانێ مانای «نص»ی قورئان وەك خۆی بگەینێت؟

و: قورئانی پیرۆز، کتێبێکە زۆر ڕوون و ئاشکرایە و بەزمانی پاراوی عەرەبی بە دیاری بۆ مرۆڤ هاتووە. هەروەکوو خوای گەورەش دەفەرمێت بە زمانی عەرەبی "مبین" هاتووە. مبین: یانی ماناکان دەردەخات و پەردەیان لەسەر هەڵ دەگرێت. بەڵام دەگەڵ ئەوەش دا پێویستە بە تەفسیر و لێکدانەوەی قورئان، پەیامەکانی بە خەڵک ڕابگەیێندرێت. حەتتا ئەو کەسانە کە زمانەکەشیان عەرەبیە، پێویستیان بە تەفسیر هەیە. چوونکه‌ زۆر لە عەسروو زەمانەی هاتنە خواری قورئان دوور بوونەوەو زاراوە جۆراوجۆرەکانی عەرەبی کە ئەمرۆ عەرەبەکان قسەی پێ دەکەن، جیاوازیێکی یەکجار زۆری دەگەڵ زمانی عەرەبی قورئانی هەیە.

ئەوانەش کە عەرەب نین هیچ ڕێگایکی تریان غەیری تەفسیر، بۆ تێگەیشتن لە قورئان نیە. خوای گەورە لە سوورەتی "القمر" ئەم ئایەتە چەندین جار دووپات دەکاتەوە کە: "سوێند بە خودا، ئەم قورئانەمان ئاسانکرد، بۆ ئامۆژگاری لێ وەرگرتن، ئایا پەندلێوەرگرێک هەیە؟!" ئەمەش بەرپەرچی قسەی ئەو کەسانە دەداتەوە کە تێگەیشتن لە قورئان شتێکی دژوار ئه‌زانن و ئه‌ڵین کەم کەس لێی تێدەگات. بەڵام ئەو شتەیە کە ئەم تەفسیرە دەقی مانای "نص"ەکەیە، ئەوە شتێکی ترە. بە نۆبەی خۆم دەگەڵ بۆچوونی ئەوزانایانەم کە هیچ وەرگێڕان و تەفسیرێک بە تەواوی ناتوانێ دەقی مانای قورئان بە ڕێک و پێکی بگەیێنێت. ناڵێم پەیامە قورئانیەکە ناگات، بەڵام ئەو ئیعجازەی لە ئایەتەکان داهەیە، بۆ زمانەکانی تر ناگوێزرێتەوە. بەڕێز، محمد مهدی فولادوند، وەرگێڕی قورئان بە زمانی فارسی، لەم بارەیە دا کە ئایا قورئان بۆ زمانی تر وەرده‌گێڕدرێتەوە یا نە، وە ئێوە ئەگەر ئێستا قورئانتان وەرگێڕابایە، چتان دەکرد. لەوڵامدا فەرمووی: بۆ وەرگێڕانی "بسم الله الرحمن الرحیم" بە جێگای "بەناوی خوای بەخشندەو مێهرەبان" دەم گوت "بەناوی ((الله))ی ڕەحمان و ڕەحیم" چوونکه‌ هیچ وشەیەک لە زمانی فارسیدا شک نابەم کە بەتەواوی مانای ئەم وشانە: "الله و رحمان و رەحیم" بگەیێنێت. ئەمن دەگەڵ ئەوکەسانە نیم کە قورئان بەشتێکی وادادەنێن کە کەم کەس تێی دەگات. هەروەکوو ئیمام حسن البنا دەفەرمێت: باشترین "مفسر" و لێکدەرەوەی قورئانی پیرۆز، دڵی ئینسانی خاوەن باوەرە" یانی هەر کەس ئەو باوەرەی لە دڵ دا جێگيربێت، ئەوە لە پەیامەکانی تێ دەگات و دەیکات بە بەرنامەی ژیانی خۆی. تا خواش حەز بکات، تەفسیری قورئان بەزمانە جۆراوجۆرەکان نووسراون و ئەوەندە دەمێنێتەوە کە کێ قۆڵ هەڵ دەماڵیت و بە پیر ئەم پەیامەوە دێت و وەڵامی ئەم پرسیارەی خودای مەزن دەداتەوە کە دەفەرموێت: "ئایا پەند لێوەرگرێک هەیە"؟

پ:شێوازی ئێوە لە تەفسیری ئایەتەكانی قورئان چۆنە؟

و : دیارە کە بە درێژایی مێژووی ئیسلام، شێوازی جۆراوجۆر لە تەفسیری قورئانی پیرۆز داهەبووە و هەر موفەسیرێک تەفسیرەکەی شێوازێکی تایبەتی هەیە. ئیوا هەیە کە بابەتە فیقهی یەکان یا بەلاغیەکان یا ئیعجازی قورئان یا ئەدەبیەکانی بەلایه‌وە گرینگ بووە، لەسەر ئەم بنەمایەش تەفسیرەکەی خۆی نوسیوە. ئیواش هەیە کە تێکەڵاوێک لەم شێوازانەی گرتۆتەبەر. ئینشا الله هەموویان لای خوا، پاداشیان پارێزراوە، چوونکه‌ پەیامی ڕوونی خوایان بەخەڵکی ڕاگەیاندوە.

لەبەرئەوە کە قورئانی پیرۆز، بابەتەکەی "ئینسانە"و مەبەستیشی "ڕێنمونی"ئەم ئینسانەیە، یانی "هدى للمتقین"ە، ئەمن زۆرتر دەگەڵ ئەو کەسانە و شێوازە تەفسیریەکانیانم کە بە چاوی ڕێنیشاندەرێک سەیری قورئانی پیرۆز دەکەن و تەواوی قورئانی پیرۆز بە بەرنامەی ژیانی مرۆڤ دەناسێنن. قورئانی پیرۆز بابەتی جۆراوجۆری تێدایە، بەڵام هەموویان بەدوای یەک مەبەست دان ئەویش "ڕێنموونی ئینسان"ە. لە تەفسیری قورئان دا ئەم شێوازە بەلای منەوە باشترین شێوازە. چوونکه‌ پەیامە ڕوونەکانی خودای گەورە بە خەڵکی ڕادەگەیێندرێت و لە ناو قسەوباسی دیکەدا ون نابن و خوێنەران و گوێگرانی ئەم شێوازە لە تەفسیردا، لاواز و وەڕەزنابن. لەلایەکی تریشەوە، لێک گرێدان و دیتنەوەی پەیوەندی ئایەت و سوورەتەکان زۆر گرینگە بەلامەوە. ئاخر قورئانی پیرۆز لە سەرەتاوە هەتا دوایین ئایاتی، هەرهەمووی وەکوو ئاڵقەکانی زنجیرێک پێکەوە بەستراونەوە و لێک جیانابنەوە. ئەگەرچی زۆرێک وادەزانن ئەم بابەتانە لێک پچراون و پەیوەندیان پێکەوە نیە!

بێجگەلەمانە، پێم وایە دەبێ قورئان بەزمانی ئەم ڕۆیی مانا بکرێتەوە و تیشک بخاتە سەر ژیانی ئینسان لەم عەسر و زەمانەدا. خۆ زیندانی کردن لە ناو هێندێک ڕیوایەت و بۆ چوونی زانایایی پێشوو، بە باش نازانم. بەدڵنیاییەوە دەڵێم: دەبێ کەڵک لە هەموو بۆچوونێکی دروست و نزیک لە واقیع وەربگرین، بەڵام بێجگەلە ڕوونکردنەوەکانی پێغەمبەری ئازیز، بۆ چونی هیچ کەسێک "مەعصوم" و دوور لە هەڵە نیە. خودای مەزن داوا لە هەموو ئینسانێک دەکات هەتا بیرو فکر و هۆشی خۆی بۆ تێگەیشتن لەم کتێبەوەکار خات، بەڵام دیارە ئەم کارەش چوارچێوەی خۆی هەیە و دەرچوون لەم چوارچێوەیە تووشی هەڵەی گەورەمان دەکات. 

شتێکی تر کە لە تەفسیری قورئانی پیرۆزدا زۆر جەختی لەسەر دەکەم ئەوەیە کە ئەم کتێبە سەبارەت بە هیدایەت و ڕێنموونی ئینسان، هەر هەموو شتێکی تێدایەو لەم بوارەدا وەڵامی هەموو پرسیارەکانی مروڤ دەداتەوە. وەکوو خودای گەورەش لە ئایەتی 89ی سووڕەتی "نحل"دا دەفەرموێت: وَنَزَّلْنَا عَلَيْكَ الْكِتَابَ تِبْيَاناً لِّكُلِّ شَيْءٍ وَهُدًى وَرَحْمَةً وَبُشْرَى لِلْمُسْلِمِينَ" واتە: "ئێمە ئەم کتێبەمان بۆ ناردییە خوارەوە، کە ڕوونکەرەوەیە بۆ هەموو شتێک و، ڕێنوێنیکەر و ڕەحمەت و موژدەیە بۆ موسوڵمانان." هێندێک پێیان وایە کە قورئان دەبێ لە هەموو بوارەکانی زانستی وەکو فیزیا و کیمیا و ... بدوێت و قسەی هەبێت، کە ئەمەش هەڵەیەکی زۆر گەورەیە و ئەو کەسەی ئەو قسەیەی دەکات، دیارە هیچ ئاگاداریەکی بەسەر قورئان دا نیە! 

پ: لە تەفسیركردندا زۆرتر لە كامە سەرچاوە یا سەرچاوەكان كەڵك وەردەگرن؟

و: دیارە کە لەسەر چاوەی جۆراوجۆر کەڵک وەردەگرم و خۆم نەبەستۆتەوە بە یەک یان دوو سێ تەفسیر. شوکر بۆ خوا ئەمرۆ تەفاسیرێکی یەگجار زۆر لەبەر دەستی زۆربەی ئێمەدان و زۆر بە ئاسانی دەسمان دەکەون. بەڵام ئەمن لەو سەرچاوانەی خوارەوە کەڵکێکی زۆرم وەرگرتووە:

1- تەفسیری نور، مصطفى خرم دڵ 2- تەفسیري خاڵ، شێخ محمد خاڵ 3- فی ظلال القرآن، سید قطب 4- الأساس فی التفسیر، سعید حوى 5- التفسیر الواضح، محمد محمود حجازی 6- نوسراوەکانی دکتۆر زغلول نجار 7- وەرگێراوەی قورئانی پیرۆز، مامۆستا هەژار 8- تفهیم القرآن، ابوالأعلی مودودی 9- صفوە التفاسیر، محمد علی صابونی، 10- اهداف و مقاصد سوره هاى قرآن کریم، عبدالله شحاته 11- CDیەکانی دکتور محمد راتب نابلسی 12- برداشت های قرآنی، دکتر عه‌مر خالد 

پ: لە ئەم تەفسیرانی كە بەزمانی فارسی یان كوردی لە ئێران لە چاپ دراون كامیان بۆ خوێنەران بەكەڵك دەزانی و بە چ هۆیەك؟

و : بە زمانی فارسی: 1- تەفسیری نور، نوسراوی دکتۆر مصطفى خرم دڵ، شتێکی زۆر پوخت و لەبارە و داوا لە خوێنەرانی تازەکار دەکەم پێشەکی ئەم تەفسیرە وەخوێنن. 2- وەرگێراوەی صفوە التفاسیر 3- ته‌فسیری ڕاستین، لە چوار جڵددا. 4- وەرگێڕاوەی فی ظلال القرآن، مصطفى خرم دڵ 5- برداشت های قرآنى، عه‌مر خالد

بەزمانی کوردی: 1- تەفسیری ئاسان، برهان محمدامین 2- وەرگێڕاوەی قورئانی پیرۆز، مامۆستا هەژار 3- تەفسیری گوڵشەن، نظام الدین عبدالحمید 4- تیشکێ لە قورئانی پیرۆز، ئیبراهیم مەردووخی. هۆی سەرەکی بە باش زانینی ئەم سەرچاوانە ئەوەیە کە بە زمانێکی سادە و ئاسان ده‌ستت دەگرن و بەرەو قورئانی پیرۆزت دەبەن. دیارە تەفسیری تریش زۆرن، بەڵام بە زمانی کوردی و فارسی، هەست دەکەم پێویستە زۆرتر کاربکرێت.

پ: ئایا لە داهاتوودا نیازی  بەچاپ گەیاندنی تەفسیرەكەتان هەیە ؟ ئەگەرهەتانه‌ بەچە تایبەتمەندیەكەوە؟ 

و: زۆر تامەزرۆی نوسینی تەفسیرێکم و ئاواتی دڵمە و نازانم خوای میری مەزن کەنگێ بۆ ئەم ئیشە، تەوفیقی خۆی دەنێرێت! ئێستا زۆر سەرقاڵم و دەبێ لەو سەرقاڵیەوە بپچرێم و کاتێکی باشی بۆ تەرخان بکەم. ئەگەر خوای گەورە یارمەتیم بدات رۆژێک تەفسیر بنووسم، بێجگە لە کەڵک وەرگرتن لەبەرهەمی هەموو ئەوکەسانەی لەم بوارە داهەنگاویان هەڵێناوەتەوە، دەم هەوێ تایبەتمەندیەک لە تەفسیرەکەم داهەبێ کە پەیامی خوای گەورە باشتر بە خەڵک ڕاگەیێنێت، بۆ ئەوەی ببێت بە بەرنامەی ژیانیان. بیرۆکەی سەرەتاییم ئەوەیە کە دەبێ لە سێ قۆناغدا، پەیام و ئامانجەکانی قورئان لە تەفسیرەکەدا بگونجێنم.

قۆناغی یەکەم، ئامانجەکانی زانستی یە، کە بریتیە لە لێ حاڵی بوون و تێگەیشتن.

قۆناغی دووهەم، ئامانجەکانی پەیوەندی دار بە هەست و سۆزەوە کە دەبێ خۆشەویستی و باوەر لە دەروونی مرۆڤ دا دروست کەن.

قۆناغی سێهەم، ئامانجەکانی ئاکارە کە دەبێ لە هەوڵ و تەقەللا و تێکۆشان، لە ژیانی مرۆڤ دا ڕەنگ بدەنەوە.

 خوێنەری قۆرئان دەبێ ئەم سێ قۆناغانە ببرێت هەتا بە ئامانجە کانی قورئانی بگات. ئەگینا ئەگەر خوێندنەوەی تەفسیری قورئان، هەر بۆ زیادبوونی باری زانستی بێت، ئەوە بەتەنیا هیچ دەردێک دەرمان ناکات. لەم دواییانەدا تەفسیرێکم دەست کەوتوە بە ناوی "التفسیر التربوی للقرآن الکریم" نووسراوی: انور الباز، کە پێم وایە تا ڕادەیەک ئەم کارەی کردووە، بەڵام زۆر شتی تر ماوە کە هەرباسی لێ نەکردووە. بەو هیوایەی بتوانم ئەوکارە گەورەیە دەست پێ بکەم.

پ: دواین قسە و پێشنیارتان بۆ ئێمەو خوێنەران چییە؟

و : دوایین پێشنیارم بۆ هەموو خوێنەران ئەوەیە کە قورئان وەخوێنن و دەگەڵ خوای تاقانە قسە بکەن! سفرەی قورئان زۆر گەورەو پان و بەرینە و هەموو کەس دەتوانێت لەسەری دابەزێت و تووشەی خۆی لێ هەڵگرێت. زۆر جێی داخە کە یەکەم وشەی ئەم کتێبە "إقرأ" واتە: "وەخوێنە" بێت، بەڵام موسڵمانان نە ئەم کتێبە و نە کتێبی تر نەخویننەوە! خوێندنەوەی قورئان بەبێ وەکارخستنی بیرو هۆش و تێگەیشتن زۆر کەڵکی نیە. ئەگەر کەسێک لاپەرەیەک بە بیر و هۆش وەخوێنیت و تێی بگات لە خەتمی قورئان زۆر باشترە. زۆربەی زۆرمان خوومان گرتوە قورئان بەپەلە وە خوێنین، بێ ئەوەی تێی بگەین! هەر کەسێک بڵێت شتێکم خوێندۆتەوە، یانی تێشی گەیشتووم، بەڵام نازانم موسڵمانان ئەم کتێبە پیرۆزە دەخویننەوە و تێشی ناگەن و پێشیان وایە خوێندویانەتەوە!

ئەوانەی دەیان هەوێ دەست بە خوێندنی قورئان بکەن لە کەمی ڕا دەست پێ بکن و وردە وردە بەرەوپێش برۆن. تێ گەیشتن لە هەرئایەتێک، پاڵ پشتێکی زۆر باش و پیرۆزە بۆ ئایەتەکانی تر. دەبێ ئێمە بۆ تێگەیشتن لە قورئان کاتێک تەرخان کەین کە لە سەرقاڵی ڕۆژانە بەدوور بێت. خوێندنەوەی قورئان لە نوێژەکاندا و لەجەرگەی شەودا زۆر پیرۆزە و ئینسان لەکاکڵی قورئان تێدەگەیێنیت. پێم وایە قورئانی پیرۆز وەک دارووخانەیەکە کە هەموو دەردە دەروونیەکانی مرۆڤ دەرمان دەکات. کاتێک خوێنەری قورئان هەست بەم ڕاستیە دەکات کە چەند ئایەتێک وەخوێنیت و لێیان تێ بگات و لەگەڵیان بژیت و لە ژیانیدا ڕەنگ بدەنەوە. ئەودەم تامەزرۆیی ئەوکەسە زۆرتر دەبێت و بە عیشقەوە بەرەو قورئان هەنگاو هەڵدێنیت. زۆر کەس هیچ شتێک لە قورئان تێ نەگەیشتوون بەڵام لە خۆڕاو بێ ئەوەی هۆیەکەشی بزانن، ڕوو لە قورئان وەردەگێڕن وەدوای قسەی ئەم و ئەو دەکەون و لەو سەرچاوە پڕ خێر و بێرە خۆیان بێ بەش دەکەن. قورئانی پیرۆز بۆ هەموو ئەوشتانەی دەیڵێت بەڵگەی هەیە و لە بێ بڕواکان و ئەوانەی خۆیان بەشوێن کەوتووی پێغەمبەرانیتر دەزانن، داوادەکات کە بەڵگە و دەلیل بێنن لەسەر ڕاستی ڕێبازەکە یان و بیروباوڕیان.

دوایین قسەم ئەوەی لە دوونیای ئەمڕودا ئەو هەموو نێعمەتانە کە لەدەستی ئنیسانەکان دان و هەموو کەس دەتوانێت کەڵکیان لێ وەرگرێت، تێ گەیشتن و گەیاندنی پەیامی خواییان بۆ ئێمە ئاسان کردۆتەوە. بوونی موبایل، CD، DVD، بەرنامە کۆمپیۆتێریەکان و قورئانی قەڵەمی و دەیان شتی تر، هەرهەموو جێگای کەڵکن و هیوادارم قەدری ئەو نیعمەتانە بزانین و کەڵکی زۆریان لێ وەرگرین.

پ: زۆر سوپاس بۆ هاوكاریتان.

و: منیش سوپاسی ئێوەی بەڕێز دەکەم کە ئەم کاتەتان لە ئیختیار من ناوە.