وتووێژی مه‌جازی عوسمان عه‌بباسی به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی لقی سه‌رده‌شت، شه‌وی دووشه‌ممه‌ ١ی خه‌رمانانی ١٤٠٠ سه‌باره‌ت به‌ «پابه‌ندی و یه‌كگرتوویی ڕێكخراوه‌یی» له‌ گووگڵ‌میت به‌ڕێوه‌ چوو.

به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی جه‌ماعه‌ت له‌و دانیشتنه‌ مه‌جازییه‌دا به‌ باسكردن له‌ چوار ته‌وه‌ری: «متمانه‌سازی، پابه‌ندی ڕێكخراوه‌یی، په‌یمانی ڕێكخراوه‌یی و یه‌كانگری ڕێكخراوه‌یی» شێوازێكی گونجاوی ڕێكخراوه‌یی كه مه‌به‌ستی بوو وێنا كرد و له‌ پێناسه‌ی ئه‌و چوار واتایه‌دا‌، ئاماژه‌ی به‌ خاڵه‌كانی ژێره‌وه‌ كرد: ‌

متمانه‌ی ڕێكخراوه‌یی: له‌ ساكارترین شێوه‌دا، متمانه‌ی ڕێكخراوه‌یی، متمانه‌ی ئه‌ندامانی‌ ڕێكخراوه‌ به‌ كاره‌كانی ڕێكخراوه‌یه‌.

پابه‌ندی و هۆگریی‌ ڕێكخراوه‌: جۆرێك پێوه‌ندیی سۆزداری و ده‌روونی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌یه‌ كه له‌وه‌دا تاك، ڕێكخراوه‌ و پاژه‌كانی به‌ ئی خۆی ده‌زانێ و كات بۆ چالاكییه‌كانی ته‌رخان ده‌كا. شانازی به‌ ئه‌ندامه‌تی خۆی له‌و ڕێكخراوه‌یه‌ ده‌كا. ئه‌و له‌گه‌ڵ ئامانج و به‌هاكانی ڕێكخراوه‌ هه‌ست به‌ هاوبیری ده‌كا و بۆ‌ به‌دیهاتنیان له‌ هیچ هه‌وڵ و تێكۆشانێك خۆی نابوێریت.

په‌یمانی ڕێكخراوه‌یی: په‌یمانی ڕێكخراوه‌یی وه‌ك په‌یوه‌ندی ده‌روونی كه تاك سه‌باره‌ت به‌ ڕێكخراوه‌یه‌ك هه‌ستی پێ ده‌كا، پێناسه‌ كراوه‌. ئه‌ویش هێزێكی بزوێنه‌ری ڕه‌وشتبه‌رزی له‌ جێبه‌جێكردنی كاره‌كانه‌. په‌یمان سه‌باره‌ت به‌ ڕێكخراوه‌ ده‌توانێ به‌ شێوه‌گه‌لی جیاواز بێت، وه‌ك گیرۆده‌یی ده‌روونی كه‌سێك به‌ ڕێكخراوه‌یه‌ك كه نیشانه‌ی حه‌زی كه‌سه‌كه‌یه‌ بۆ كار له‌ ڕێكخراوه‌یه‌كدا. په‌یمانی ڕێكخراوه‌یی ده‌كرێ شوناسی لێپرسینه‌وه‌یی هه‌بێ، به‌و واتایه‌ كه ئێوه‌ بڕیار ده‌ده‌ن كه له‌ ڕێكخراوه‌دا بمێننه‌وه‌، چونكه ساڵانێك تێیدا ماونه‌ته‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی جۆراوجۆرتان به‌ شێوه‌گه‌لی جیاواز تێدا به‌ده‌ست هێناوه‌.

یه‌كگرتوویی ڕێكخراوه‌: وه‌ك پڕۆسه‌ی به‌دیهێنانی یه‌كڕێزی، یه‌كپارچه‌یی و هاواهه‌نگی له‌ ڕێكخراوه‌دا و هۆكارێكی گرینگ و ڕێكاریی بۆ به‌دیهاتنی ئامانجه‌كانی ڕێكخراوه‌ دێته‌ ئاراوه‌.

عه‌بباسی چالاكی میدیا و چالاكوانی مه‌ده‌نی له‌ درێژه‌دا سه‌باره‌ت به‌ گرینگی و پێویستیی خۆشویستنی ڕێكخراوه‌ وتی: گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی ڕێكخراوه‌، هێزی مرۆیی كارامه‌یه‌ و گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحیش وه‌ك ڕێكخراوه‌یه‌كی سه‌رتاسه‌ری، سه‌رمایه‌ی مرۆیی ئه‌وه‌. گه‌وره‌ترین هه‌وێنی هۆگریی و یه‌كگرتوویی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ناو ڕێكخراوه‌ی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح، بوونی سه‌رمایه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ هێزێكی ئه‌خلاقی، پابه‌ند و بڕواداره‌.

یه‌كێك له‌ ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی جه‌ماعه‌ت له‌و خوله‌شدا به‌هێزكردنی ئه‌و هۆگریی و پابه‌ندییه‌ به‌ ڕێكخراوه‌یه‌ و ته‌واوی یاریده‌ران و جێگرانیش پێویسته له‌و بواره‌وه به‌شێوازێكی هاواهه‌نگ و به‌كۆمه‌ڵ به‌رنامه‌ڕێژی بكه‌ن.‌

به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی جه‌ماعه‌ت له‌ درێژه‌ی وته‌كانیدا باسی له‌وه‌ كرد كه: ئێمه له‌ دۆخێك دایین كه به‌هۆی نه‌خۆشی كۆڕۆنا زیاتر له‌ هه‌ر كاتێكی تر پێویستیمان به‌ به‌هێزكردنی پابه‌ندی و هۆگری ڕێكخراوه‌یی و پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌. كه‌واته‌ ڕێكخراوه‌كان له‌و دۆخه‌دا پێویستیان به‌ كه‌سانێكه كه بۆ‌ قازانجی ئامانج و به‌رنامه‌كانی ڕێكخراوه‌كان بانتر له‌ ئه‌ركه دابینكراوه‌كان كار بكه‌ن. لێهاتووان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه گه‌وره‌ترین هه‌وڵ و تێكۆشان بۆ به‌ڕێوبه‌ران له‌ دۆخی ئێستادا، یه‌كده‌ستكردنی پێداویستی و خواسته‌كانی ڕێكخراوه‌كان له‌گه‌ڵ پێوداویستی و ویسته‌كانی تاكیی ئه‌ندامانیه‌تی.

ئه‌و هه‌روه‌ها وتی: ئه‌و ڕێكخراوانه‌ی كه له‌ بواری په‌یمان و پابه‌ندی ڕێكخراوه‌ییدا به‌هێزن، چوار بناغه‌ له‌واندا به‌هێزه‌:

١- خێر و ئاسووده‌یی: هه‌ستێكی خۆش سه‌باره‌ت به‌ ڕێكخراوه‌ هه‌بێ و بوونی ئه‌و هه‌سته‌ی كه ڕێكخراوه‌ ئاگادارییان لێ ده‌كا، به‌شێكی بنه‌ڕه‌تی له‌ په‌یمان و پابه‌ندی ڕێكخراوه‌ییه‌.

٢- زانیاری: بوونی دوورنمایه‌كی ڕوون له‌وه‌یكه ڕێكخراوه‌ به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوا و ده‌یهه‌وێ به‌چی بگات و ڕاگه‌یاندنی كاریگه‌ری ئه‌و شتانه، بنه‌مایه‌كی ئه‌ساسییه‌ بۆ پێوه‌ندی ئه‌ندامان له‌گه‌ڵ یه‌كتر.

٣- دادپه‌روه‌ری و وێژدان: ڕوونبوون له‌و بواره‌وه‌ كه چ چاوه‌ڕوانییه‌ك له‌ تاكه‌كان ده‌كرێ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیان. له‌ ته‌واوی لێكۆڵینه‌وه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ په‌یمان و پابه‌ندی، سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌كان وه‌ك هۆكارێكی ئه‌ساسی نیشان دراون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یكه بۆ ئه‌ندامانی ڕێكخراوه‌ سه‌لمێنراوه كه به‌رنامه‌ی پێشكه‌وتنی تاكه‌كه‌سیان هه‌بێ. ڕێكاری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی تواناییه‌كان و سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌كان له‌و بواره‌وه‌ گرینگی زۆری هه‌یه‌.

٤- هاوكاری و به‌شداری: ڕێكخراوه‌كانی ئاستی باڵای په‌یمان و پابه‌ندیی ئه‌ندامه‌كانی، به‌وه‌ گه‌یشتوون كه پڕۆسه‌ی پێوه‌ندی، ڕێگایه‌كی دوو لایه‌نه‌یه‌. ئه‌وان به‌شێوازێكی چالاكانه له‌ڕێی قسه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی و پێوه‌ندی زۆرتر، هانده‌ری پابه‌ندی زیاتر‌ن.

به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی جه‌ماعه‌ت له‌ كۆتاییدا وتی: ئه‌گه‌ر بتوانین له‌ كارو‌باره‌كانماندا به‌ هاندان و به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی دڵۆڤانی، مرۆڤدۆستی و پابه‌ندی ده‌روونی زیاتر، ببینه‌ هۆی پاڵنه‌ری و هۆگری له‌ ئه‌نداماندا و له‌ لایه‌كی تر، ئه‌ندامانیش وه‌ڵامی ئه‌رێنی به‌و هانده‌رییانه‌ بده‌نه‌وه‌، ئه‌وكات شوناسێكی ڕێكخراوه‌یی جیاواز پێك دێ كه ئاكامه‌كه‌ی هه‌ستی پابه‌ندی و شانازی ئه‌وان به‌ ڕێكخراوه‌وه‌ ده‌بێ.

كاتێك هه‌ستی پابه‌ندی و ئه‌مه‌گناسی ڕێكخراوه‌یی هه‌بێ، دۆخێكی یه‌كدڵی و هاودڵی له‌ ڕێكخراوه‌دا دێته دی. له‌ وه‌ها دۆخێكدا كه‌سانێك كه ورده‌ورده‌ به‌پێی كات یه‌كتر ده‌ناسن و به‌ هه‌ستێكی خۆشه‌ویستی و ئه‌مه‌گناسی به‌ پێكه‌وه‌ ژیانێكی ئاشتێخوازانه له‌ گرووپێكدا گه‌یشتوون، جێبه‌جێكردنی كاره‌كان زۆر ئاسانتر ده‌بێ و چالاكییه‌كانی گرووپی و به‌كۆمه‌ڵ به‌ خێرایی و به‌ باشی ده‌چنه پێش.